ئایدیا و قازانج

وەرگرتنی ئایدیاکان پەیوەندی بەو قازانجانەوە هەیە کە بۆ ژیانی ئێمەیان هەیە. مرۆڤ، تەنیا لەو روانگەیەوە بۆ وەرگرتنی هیچ ئایدیایەک ناجوڵێ کە گوایا بۆیە هەلێدەبژێرێ چونکە هەڵگری راستیە. زۆر جار راستی بریتییە لە قازانج و بەس.

 

هەڵبەت ئەمە بەو مانایە نیە قازانج هەمیشە خراپە. قازانج بەشێکی گرنگی شێوازی ژیانی مرۆڤە. بەڵام هاوکات کێشە لەوەدایە کاتێک راستی و قازانج (تەنانەت گەر قازانجەکەیش گشتی بێت) دەبنە یەک، خۆی لە خۆیدا هەستێکی ناخۆشمان تیا پێک دێنێ. مرۆڤ هاوکات حەز دەکا کە راستی تەنیا وەک راستی ببینێت، بە بێ گرێدانی بە قازانجەوە.

وەها نیە کە پێمان وابێ قازانج شتێکە زۆر خێرا دەتوانین پێی بگەین. دەستکەوتەکانی قازانج جاری وایە خێرایە و جاری وایە کاتی زۆری دەوێ. هەتا دەستکەوتنی قازانج لە وەرگرتنی ئایدیایەک خێڕاتر بێت، ئەوا پێمان وایە کە ئاستی دروستی و راستیی ئەو ئایدیایە لە سەرترە و بە پێچەوانەوە هەتا دوورتر بێت پێمان وایە ئاستی راستی و دروست بوونی کەمترە.

بەڵام هەندێ جار مرۆڤ بە بێ ئەوەی قازانجێکی خێرا یاخود درێژخایەن لە ئایدیایەک وەربگرێ، هێشتا هەر پێیەوە دەلکێ و بەری نادا. لەم کاتانەدا هەست دەکرێ بە ئایدیایەکەوە چەسپیوە چونکە راستە نەک ئەوەی قازانجی هەیە. هەڵبەت رادەی ئەم مرۆڤانە یەکجار کەمن، وە ئەگەرچی کەمن، بەڵام دیارترن. رەنگە هەر ئەم دیار بوونەیش قازانجی هەڵگرتنی ئایدیاکە بێت! یان رەنگە ئەوەی راستی پەرەستی هەستی ئینسانیمان تیا پەرەدەدا و قوڵی دەکاتەوە و، هەر لەم سۆنگەوە هەستێکی خۆشمان تیا پێکدێنێ.

تۆ بڵێی ئەمەیش دیسان پەیوەندی بە قازانجەوە نەبێ؟ ئەوەی کە هەست بە خۆشی کردن جۆرێکە لە قازانج؟

سایتی قەڵەم

 

١٢ یونی ٢٠١٥

بازدید: 1643