ما 1772 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

مرۆڤبوون یان مرۆڤایەتی نواندن

جودا لە مرۆڤ گەلێک بوونەوەری تر بە کۆمەڵ دەژین، بەڵام تەنیا مرۆڤە بە حوکمی عەقڵ هەوڵی داوە ژیانی کۆمەڵایەتی گەشە پێبدات و یاسامەندی بکات. ئێمەی مرۆڤ جودا لە وزەی عەقڵ خاوەن هەستی بەزەیی و سۆزداریشین. ئەم بەشەی ئینسان دەچێتە خانەی رەوشت و مۆڕاڵەوە. ئەم هێزە لە دەرووندا وەک زەنگی خەتەر و ئالارمێک وایە کە هەرکاتێک ئینسان بیەوێت شتێکی ناموڕاڵی و بێ بەزەییانە بکات وەک دەنگێک بە ئارامی ئەپچێ بە گوێی دڵیدا و هەوڵ دەدات بەر بە ناڕەوشتی و خراپەی کەسەکە بگرێت. لە زۆر حاڵەت و لە لای زۆر کەس ئەم دەنگە بە دەنگی ویژدان ناوزەد دەکرێت.

 

 

کۆی ئەم تایبەتمەندییانە لە وشەی ئینسانییەتدا خڕدەبێتەوە و دەبنە نرخ و مەزەنەی هەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان. هەرچەند ئاستی ئینسانییەتی کەسێک لەسەرترەوە بێت ئەوە رادەی چاکی و دڵۆڤانی بەرزترە.

پێش سکۆلاریزم و قانونەکانی مافی مرۆڤ ئەم ئەرکە بە ئەستۆی ئایین و ئاینزاکانەوە بوو. تا ئەو ڕادەیەی کە خاڵەکانی ژێر چەتری ئینسانییەت وەک نرخ و بایەخی دینی هاتونەتە ئەژمار و، ئاستی بڕوامەندی ئینسانەکان بۆ ئاینەکان بەستراوەتەوە بە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەو خاڵانە. ئەڵبەت هەمووی ئەمانە لە ئایندا وەک حوکم و فەرمانی خودا ناوزەد دەکرێت و بەڕێوەبردنیشیان دەبێتە هۆی رەزامەندی خودا. واتە بەرێوە نەبردنیان دەبێتە هۆی ناڕەزامەندی و توڕەیی خودا و سزای پێوە دەبێت.

واتە ئینسانی دیندارهەمیشە لەبەرانبەر سزانەدان و پاداش وەرگرتندا هەوڵ دەدات فەرمانەکانی خوداکەی جێبەجێ بکات کە بەشێک لەو فەرمانانە کۆخاڵەکانی ئینسانییەت دەگرێتەوە. ئەمە یانی جۆرێک لە مەعامەلە و دانوستان. یانی ئینسان چاکە بکات بۆ ئەوەی شتێکی دەستکەوێت، یان لە سزایێک بپارێزرێت.

بەڵام ئەو کەسەی کە بڕوای بە ئایین و یاساکانی ئاینی نییە و خاڵەکانی ئینسانییەت رێز لێدەگرێت و جێبەجێیان دەکات ئەوکەسەیە بە بێ چاوەڕوانکردنی بەرانبەر و تەنیا وەک بڕوایێکی ئینسانی ئینسانییەت دەکات، ئەم جۆرە لە بەمرۆڤبوون ئاستێکی راستەقینەترە، بەڵام ئەوەی وا بەرانبەر پاداش ئینسانییەت دەکات تەنیا وای دەنوێنێت کە ئینسانییەت دەکات و ئینسانی چاکە، لە هەر کوێ فەرمانی خوداکەی رێگەی پێبدات بە ئاسانی نائینسانی دەکات وهەموو ئینسانییەتێک لە ژێر پێدەنێت.

سایتی قەڵەم

 

١٨ یونی ٢٠١٥ 

گەڕان بۆ بابەت