ما 5696 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کە شەو درەنگ هەڵگەڕا و بەرەبەرە دەنگەکان روویان لە کزی کرد، چووە سەر باڵکۆنەکە. لەوێ باڵەکانی کردەوە و قورس فڕی. سەرەتا بە سەر هوتێلەکدا سووڕێکی خوارد و ئەوسا دوور کەوتەوە. ئاسمانی رۆژهەڵات لەو سەرانەیش هەر گەرم و تەپ و تۆزاوی و تێکەڵ بە بۆنی نەوت و بارووت بوو. دۆزینەوەی مرۆڤی تەنیا و تەریک کەوتوو لە ناو ئەو بۆن و لێڵییەدا چەند ئەستەم دەینواند. 

 

دراکولا و سەفەر بۆ رۆژهەڵات (٢)

چەند رۆژ دوواتر بە یەکەم پاپۆڕ گەیشتە لوبنان و، لەوێوە بە سەیارە بەرەو قوڵاییەکانی ناو خاک بۆ وڵاتانی تر. لە شوێنێک لە وێستگەیەک دایانبەزاند. شوێنەکە بیابان بوو. وتیان دەبێ لێرە راوەستێ تا ماشینێکی تر دێت و دەیبا بۆ ناو شار کە تەنیا چارەکێک دوورە. راوەستا. سەیری دەورووبەری خۆی کرد. ئەو کە فێری شاخ و هەور و باران و سەرما بوو، کتوپڕ لە ناو ئەم بیابانە بەرەهووتەدا بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا هەستی بە ترس کرد. بەڵام تازە چار نەبوو. گەرمای پڕوکێنەر و ئاسۆی یەکجار دوور کە لە ناو تۆز و سەمای تیشک دا ون دەبوو، هەستی دەکرد دیانە تیژەکانی ناو دەمی کول دەکەنەوە. جانتاکەی دانا و چاوی بۆ کورسییەک گێڕا. چاوی هیچی نەپێکا. ناچار چوارمیلکە لە سەر زەوی دانیشت. لە دووای ماوەیەکی نە چەندان درێژ دەنگێکی ترسناک رایچڵەکاند. فڕۆکەیەکی شەڕکەر نزم نزم تێپەڕی،... بە شوێنیدا فڕۆکەکانی تر. ئەوسا دەنگی تەقەی تفەنگ لە دوورەوە هاتە گوێی. پاشان ئەو سەیارانەی رایاندەکرد و تەرمەکانیان لێ بەردەبوونەوە. فیشەکەکان بێ رەحمانە هەوایان دەدڕی و ترسێکی سەیریان لە دڵدا لەو جەهەننەمە زەویینییەدا چێدەکرد. بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا و بە مەبەستی پاراستنی گیانی، خۆی بە زەویدا دا و راکشا و جانتاکەی کردە قەڵغانی سەری. تفی سووری ناو زاری وشک هەڵگەڕا. زۆری نەخایاند دەنگی تەیارەکان و فیشەکەکان ون بوون و سوپای تێکشکاویش تێپەڕی. کە دڵنیا بوو، هەستایەوە سەرپێ و لە دەورووبەری خۆی رووانی. ئەو هەموو تەرمە! ئەم کە برسی بوو و بۆنی خوێن حەزی خواردنی بزواندبوو، بە کاوەخۆ و ترسە ترس لە تەرمەکان نزیک کەوتەوە. چ دیمەنێکی ترسناک! تەرمە لەت و پەتەکان کە لێرە و لەوێ کەوتبوون و هەندێکیان هێشتا دەیانناڵاند، چ هەستێکی غەریبیان تیا دروست دەکرد. دیسان بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا  نەک تەنیا تەرم، بەڵکوو بەزەیی بە خوێندا هاتەوە کە ئاوا بێ کەڵک بێ ئەوەی کەسێک بیمژێ یان بیخواتەوە، دەڕژایە سەر خاک. بیری لە خوێن کردەوە، بیرکردنەوە لە جۆرێکی تر، لەو خوێنەی بۆنی نەوت و خۆڵی گەرمی دەدا. هەستی رشانەوە گرتی. دەستی بە دەمییەوە گرت و رایکرد. رایکرد هەتا گەیشتەوە وێستگەکە. لەوێ کەوتە سەر چۆک و شێتانە رشایەوە.زەرداوێکی سووری هێنایەوە. لە دڵی خۆیدا نەفرەتی کرد لە خۆی و لە سەفەرەکەی و لەو خاکەی چۆکی سەردابوو و لە سەری دەڕشایەوە.

***

لە سەنتەری شار دابەزی. ماندوو و تینوو و برسی، چاوی بۆ هوتێلێک گێڕا. بەڵام نا، دەبا لە پێشا بچێ بۆ رستورانێک و نان بخوا. پێکەنینی بەم بیرەی خۆی هات. دراکولا و رستوران! بەرەو دۆزینەوەی هوتێلەکە بەڕێ کەوت. یەکی دۆزییەوە. داوای کرد نهۆمی هەرە سەرەوەی بدەنێ. پارەیەکی زیاتریان لێ سەند و دایانێ. بە پلیکانەکاندا سەرکەوت و چووە سەر. کە گەیشتە ژوورەکە، ئەژنۆکانی وەها بڕستیان لێبڕابوو کە بە بێ یەک و دوو خۆی فڕێدایە سەر تەختی خەوەکە. خەوێکی قوڵ دایدەگرێ. بەڵام زۆری پێنەچوو لە بەر گەرما و ئارەقە خەبەری بووەوە. جل و بەرگەکەی خووسابوو. ژوورەکە ئەوەندە خەفەبوو کە دیسان رشایەوە. بە هەڵەداوان خۆی گەیاندە پەنجەرەکەو کردییەوە. بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا بیری لێوانێک خوێن بە سەهۆڵەوە لە گەڵ خۆی بردی و شێت و هاری کرد. وەها کە لە سەر باڵکۆنەکە دابنیشێ و لە کاتێکدا چاو لە دووری دەڕوانی، بتوانێ جار جارە بە ئاستەم قومێکی لێ بدات!

***

 کە شەو درەنگ هەڵگەڕا و بەرەبەرە دەنگەکان روویان لە کزی کرد، چووە سەر باڵکۆنەکە. لەوێ باڵەکانی کردەوە و قورس فڕی. سەرەتا بە سەر هوتێلەکدا سووڕێکی خوارد و ئەوسا دوور کەوتەوە. ئاسمانی رۆژهەڵات لەو سەرانەیش هەر گەرم و تەپ و تۆزاوی و تێکەڵ بە بۆنی نەوت و بارووت بوو. دۆزینەوەی مرۆڤی تەنیا و تەریک کەوتوو لە ناو ئەو بۆن و لێڵییەدا چەند ئەستەم دەینواند. بەرەو قەراخ شار باڵی لێدا و ئەوسا خۆی نزمتر کردەوە. لێرە باشتر بوو. وێنەکان کەمێک روونتر. کتوپڕ چاوی بە مرۆڤێکی تەنیا کەوت کە لە بەر دەرگایەکدا لە ناو چواردیوارییەکی تەنگی بە بێ سەقف بە شتێک بە دەستییەوە دانیشتبوو. لێی نزیک کەوتەوە. لەو سەری کۆڵان پەنجا شەست مەترێک نیشتەوە، باڵەکانی کۆکردەوە و ئەوسا بەرەو کەسەکە رۆیشت. کە گەیشت، بینی پیاوێکی تەمەن مامناوەندیی ریش ماش و برینجی بە تفەنگێک لە سەر کۆشی دانیشتووە. هەستی کرد ئەم پیاوەی لەوە پێش بینیوە. ئەرێ بینیبووی! یەکێک لە تەرمەکانی ئەمڕۆ کە لە بیابانەکەی دەورووبەری وێستگەکەدا بە سەریا کەوتبوو. نیگاکانی چەند پڕ لە دڕدۆنگی بوون. لە کاتێکدا بە سەر سوڕماوییەوە لێی دەڕوانی، گوتی:

ـ "شەوێکی زۆر گەرمە و منیش رێبوارێکی غەریبم لێرەوە تێدەپەڕم. کەمێک ئاوت لایە؟"

نیگابانەکە چاوی بە سەرتاپای کەسە سەیرەکەی بەرامبەریدا گێڕا، ئەوسا بە دەنگێکی گڕ گوتی:

ـ "گەر هەر ئاوا درێژە بە رێگاکەت بدەی، پاش دە خولەکێک دەگەیتە پوتێکی پڕ لە ئاو، خێرخوازێک دایناوە، گەرمە بەڵام تینوویەتیت دەشکێنێ."

دراکولا کە نەیدەتوانی چاوەکانی نیگابانەکە لە ژێر برۆ درشتەکان و ئەو شەوە تاریکەدا بە جوانی ببینێ، گوتی:

ـ "بڕوا ناکەم بتوانم بیگەمێ، ماندووم، وەک وتم من غەریبم، رەنگە رێگایش ون کەم،..."

لێرەدا نیگابانەکە وەها بە سەریدا گوڕاندی کە دراکولا لەوانە بوو باڵە شاراوەکانی سیس هەڵگەڕێن و دیانە تیژەکانی داکەون! هەنگاوێک بەرەو دووا گەڕایەوە و، پاش ماوەیەک گوتی:

ـ "دەبینم ماندووی. من دەتوانم یارمەتیت بدەم..."

هێشتا لە قسەکانی نەبووبووەوە کە پیاوە تەمەن مامناوەندییەکە میلی تفەنگەکەی لێ هێنایەوە و، راچەنیە سەر پێ و بەسەریا نەڕاندی:

ـ "یەک تۆزی تر لێرە راوەستی، ئیتر قەت بە چاوی خۆت ئاو نابینی، قەت قەت،... تێگەیشتی،... خوێڕی!"

دراکولا وەڕێکەوت و رۆیشت. لە کاتێکدا هێشتا ئەژنۆکانی دەلەرزین، لە بەر خۆیەوە گوتی:

ـ "باشتر،... دەبێ بە شوێن گەنجەکاندا بگەڕێم، بە شوێن ئەوانەی وا هێشتا، نە، مردوون و نە زیندوو بوونەتەوە و نە ئەوێرن بە تەنیا بە شەو تا بەیانی بە تفەنگێکەوە کێشکی دونیا بگرن!"

 

بەڵام بە دەم رێگاوە بیری لەوە دەکردەوە کە داخۆ خوێنی مردووی زیندوو یاخود زیندووی مردوو دەبێ چ تامێکی هەبێ.  

گەڕان بۆ بابەت