عادڵ قادری

بەرئەنجام و خاڵێکی دووفاقییانە و دژوازی ئەم باسە ئەوەیە کە میدیا ئانوسات دوو دەرکەوتە و ئەرکی لێکدژ و پێچەوانەی لێ دەوەشێتەوە، میدیایەک پیرۆزی دەشکێنێت، میدیایەک پیرۆزی رۆ دەنێت و دەیپارێزێت؛ میدیا بە واسازیی و شکاندنی پیرۆزایی ئەویدی، قودسییەت و پیرۆزایی خۆی رۆ دەنێت! بە واسازیی پیرۆزایی خودی ئەویدی، پیرۆزایی خودی خۆی رۆدەنێت.

 

 

چەند پـاژێکی گشـتی١ لە رەھەندە ئۆنتۆلۆژییەکانی میدیا

"پزیسک و پرشەیەکـیـش٢ لـە میدیای کـوردیـی"

عادڵ قادری

ئەم وتارە پێشکەشە بە دوو رۆژنامەنووسی کورد واتە برایان "حـوزنی و گیوی

موکریانی" کە لە رێگەی ماشینی چاپە کۆنە و سواوەکەیان و قاترەکەیانەوە

لـە سـاڵانـی ١٩٢٦ تـا١٩٣٠ گـۆڤـاری "زاری کـورمـانـجی"یـان بـڵـاو کردەوە.

-----------------------

کلیل وشەکان: میدیا٣، ھاوکێشەی دیسپۆتیزم(سەردار و کۆیلە)٤، ھەستەوەری٥، ئەفسوونی(Aura) پیرۆز، "مەودا"، راھیبە دیجیتاڵییەکان، سۆبێکت، ئۆبێکت

پوختە: ئەم وتارە ھەوڵدەدات کە دەلالەت و ئاماژە کۆنکرێت و بەرھەستەکانی "میدیا"(media) لە چەند قۆناغێکی بوون و ئافراندنی مرۆڤ بگێڕێتەوە، بۆیە پنت و جەمسەری گێڕانەوەکەی لە "سیفری ڤەداھاتن" لە کتێبی پیرۆزی تەوراتەوە دەست پێ دەکات و بە تیشک خستنە سەری گێڕانەوەگەلی جۆراوجۆری مێژوویی و میتافیزیکی لە چەشنەکانی پێوەندی نێوان مرۆڤ و بوون و ئەو خاڵە ناوکۆ و نێونجەی کە رایەڵی ھاوپێوەندی سازاندووە و بەتێپەڕین بە ناو پێوەندی و ھاوکێشەی میدیاییانە لە ئاسمانەوە بۆ زەمین و لە زەمینیشەوە دیسان بەرەو ئاسمان( لەرێگەی شەپۆلە رادیۆ و بڵاڤینەکانی تی ڤی و سەتەلایتەوە) مانا و واتایەکی دیکە و جیاواز لە چاو ئەوەی کە ھەنووکە لە زمانی گوتار و ئاخافتنی زارەکی و میدیایی! وگشتی دا دەکار دەکرێ. میدیا لێرە و لەم رووەوەی گێڕانەوەکەوە "نێونج" و "ناکۆ" و "نێونجڤان"ێک بووە کە لە زۆر شوێندا بکەر و چالاک بووە و لە شوێنان و قۆناغانێکی بوونی مرۆییش بەرکار و ئامراز بووە و بە نموونە ھێناوەی گێڕانەوەیەکی میتۆلۆژیکاڵ- مێژوویی بابەتی بەرباس پشت ئەستوور دەکەم بە چەند فاکت و نموونەیەکی ناباو و دژەباو! لە راستیشدا یەکێک لە زەقترین خاڵی وەگێڕاو(روایت شدە)ی ناو ئەم نڤیسارە پێوەندی نێوان "میدیا"، مەودا، بابەتی قودسی و مرۆڤ لە پێگەی بوونەوەر دایە و ھاوکێشەی "میدیا"، پیرۆزایی(قودسی) و بوونی ئازاد، باسی زۆری لەسەر کراوە. شایانی باسە ئەم وتارە لە سۆنگەی نیگای واڵتەر بنیامین و ئەو گۆشەنیگایەی ئەو بۆ "پیرۆزیی" و ئەفسوون(Aura) و پیرۆزاندن و شەبەنگی قودسی ھەیەتی، نووسراوە و بەشی کۆتایی نووسینەکە لە ژێر کاریگەری کتێبی"دنیای شتە بچووکەکان"ی رێبوار سیوەیلی ھاتۆتە نڤیساندن.

 

-------------------------------------------------------

 

 

ماشینانێکی بزرۆک(میدیاکان) بەشی ھەرە زۆری ژیانی ئێمەیان دا گـرتووە، مەزراگەلـێک ھـەن نـیئۆ!

مەزراگەلێکی زۆر و زەبەنـد کە تیایـاندا "مـرۆڤ" ئیـدی لـەدایــک نابێت و نـازێ، بەڵـکوو دەکـێڵرێت!

من باوەڕم نەدەکرد تاکوو ئەم مەزرایانەم بـە چـاوی خـۆم نەدیت نیئۆ! ھەموو ھەوڵی میدیاکان ئەوەیە

 کە مـرۆڤ لـە جـەوھــەری مــرۆڤ بـوون داتـەکیـَنن و بـیـگوازنەوە سـەر ئـەمە!(باترییەکی بچووک)!٦

 

"لە دیالۆگەکانی نێوان مۆرفیۆس و نیئۆ لە فیلمە سێیانەییەکانی ماتریکس"

-----------------------------------

لە ئێستاکە دا کوشتنی مرۆڤێک لە "وێنەیەک" دا زۆر کاریگەرترە

 لـە کوشـتنی راسـتەقـیـنەی نـەتـەوەیەک لـە جـیھانی واقیعی دا٧

                                                                                     "...؟؟؟"

 

 

میدیای ئاسمانی وەکوو پرد و ناوکۆی مەعریفە

(ھەوڵێک بۆ پێناسەی چییەتی بوونی میدیا)

میدیا(media) لە رووی وشەناسییەوە واتای ناوکۆ و نێونجی دەگەیەنێت، واتە ئەو پرد و گەیەنەرەی کە لەگەڵی دا دەکەوینە پێوەندی یان لەگەڵمان دا دەکەوێتە پێوەندی! لە ھەموو سەردەم و مێژووی بوونی مرۆڤایەتی و گەشە و نەشە و ھەروەھا داڕووخان و نابوودی شارستانییەت و دەسەڵاتە گەورەکان و تەنانەت لە شەڕە گچکە و مەزنەکانی مێژووش دا، ھەمیشە "میدیا" بەشێکی سەرەکی لەو ھاوکێشانە بووە کە ھۆکاری بەدیھاتن و ڤەدانەرینی٨ ئەم دیاردانە بووگن. بەم واتایە کە میدیا تەنھا ئامێرێکی ئەمڕۆیی جیھانی دیجیتاڵ و ئەلەکترۆنی و تەکنۆلۆژیک نییە، بەڵکوو رۆڵ و دەورێکە کە کەس یان دیاردە و تەنانەت شتێک لە فۆرمێکی پێگەیییانە دا وەریدەگرێت یان بەسەریدا دەسەپێت، بۆ ئەوەی ئەرکێکی ناوکۆیی و "نێڤنج"ڤانانە٩ بەمەبەستی گەیاندن و گەیەنەریی لە ھاوکێشەیەک دا بگێڕێت. ئەگەرچی ئەم روانگەیە کە ئێستا بۆ میدیا وەکوو بڵاوکراوە و ئامێری پێوەندی خەریکە ئەم باسە دەگێڕێتەوە خۆی بەرھەمی رۆژگار و شەوگاری١٠! دەسەڵات و گوتاری میدیاییە، بەڵام ھاوکات پاش ڤەدیتنێکیشە بۆ رووداوەکانی پێش شۆڕشە پیشەیی و میدیاییەکان، واتە ئەم روانگە شیکارییانەیە رەنگە تەنھا و تەنھا بەرھەمی جیھانی مودێڕن و ئاڵۆزیی و پرسیار و یەقین و گومانەکانی و لەسەرووی ھەمووشیانەوە خۆئاگایی مرۆڤ وەکوو سووژە بێت، بەڵام ئەو رووداو و جیھانانەی کە مرۆڤیان بوون پێ بەخشیوە و ھەبوونیان کردۆتە ملی! و بە گشتی مێژوەکەیان بیچم داوە، بەھۆ و ھۆکاری میدیایی و نێونجڤانانە رسکاون. لە گێڕانەوەی تەورات١١ لە بەشی "ڤەداھاتن" دا کاتێک ڤەداندەر لە دائانینی ئاسمان، زەمین، رووناکی، تاریکی، فەلەکەکان و گیا و گۆڵ و ئاژەڵ و دڕندەکان و... دەبێتەوە، "ئادەم" بەشێوە و تەشکی خۆی و لە خاک دەخولقێنێت و لە باغی عەدەن دا نیشتەجێی دەکات، پاش ماوەیەکی کورت ڤەداندەر بەو ئاکامە دەگات کە"باش نینە ئادەم تەنھا بێتن، چاتر ڤایە ھاڤدەم و ھەڤیارێک ژ بۆ ڤی بھێنمە ڤەدیتن١٢ " بۆیەش "حەوا"ی بۆ داھانی. دواتر رۆڵی حەوا لە شکاندنی بڤە و کەوشەنێکی سامناک کە گێڕانەوەی جۆراوجۆر و دژوازی لێ کراوە و من ناپەرژێمە سەری١٣، بەڵکوو دەمەوێت لە ژێرییەوە١٤! باسی ھۆکارێکی نێونجی و میدیایی کە ھاندەر و بزوێنەری حەوا بۆ کردە(گوناە-مەعریفە) کەی بوو، زەق کەمەوە. وەکوو تێڕوانینێکی مێتولۆژیکاڵ ئەو "مار" ەی کە پێوەندی حەوا و بەگوێرەی ئەوەش ئادەمی لە گەڵ داری مەعریفەت(گوناە) دا ھەڵبەست، دەشێت لەپێگەی میدیا و ناوکۆیەکی ئاڵۆز و فرەرەھەند راڤە و شرۆڤە بکرێت. ھاوکێشەیەکی میدیایی دەبێت بە ئامادەبوونی لانیکەم دوولایەن کە ئەم(میدیا) لە نێوانیان دا دەبێتە نێونج و رایەڵ، بێتە ڤەدیھاتن. روون و ئاشکرایە گەر ڤەداندەر حەوای دانەھێنابایە، ئەوا دەستنیشانکردنی فۆرمێکی میدیایی خوازەئامێز واتە(مار) نەکردە دەبوو، یان ئەگەر نەکردەش نەبایە پێکھاتێکی ناباوتر و چەندقات میتۆلۆژیکانەتری وەردەگرت، ھەر بۆیە من لێرەدا میدیا وەکوو ئاڵقەی شەتەکدەری نێوان دوو بوونەوەری بە ئاوەز بە بوونەوە پێناسە دەکەم. واتە بە زمانێکی تر ھاوکێشەیەکی دیالیکتیکی رایەڵکەی میدیایی پێکدێنێت کە بریتییە لە سۆبێکت، ئۆبێکت١٥ و ئەوەی کە لە نێوان ئەم دوو بووگە١٦ دا پێگەی ناوەڕاست و نێونج و گەیەنەری ھەیە و نێوی میدیایە. سوبێکت و ئۆبێکت لەم ھاوکێشەیەدا ئاوا رەنگڕێژ دەبێت:

١-سوبێکتێک بە ناوی ئادەم کە ئوبێکتەکەی دەبێتە حەوا و دەوروبەری

٢- سوبێکتێک بە نێوی حەوا کە ئوبێکتەکەی دەبێتە ئادەم و دەوروپشتی

٣- سو/ئوبێکتێک١٧ بە ناوی "مار" کە ھەم ئوبێکتە بۆ گێڕانەوە و فامڕێژی ئەو دوو سووبێکتە لە خۆی و ھەمیش سووبێکتە لە ھەمبەر ناسینی ھەوەس و حەزەکانی ئۆبێکتێکی تاقانەی جووت کە ئادەم و حەوا بن، تاکوو بە ناسینی ئەم حەزە حەوا فریو بدات و ئادەم بھێنێتە بوون.

کەواتە ئێمە لەم ھاوکێشە میتۆلۆژیکە کە دەیچەمکێنین لەگەڵ سێ ئوبێکت و سێ سووبێکت دەستەوە یەخەین کە بە کۆ دەبنە شەش گۆشە بۆ ئەستێرەیەکی شەیتانی١٨ لەم چەشنەی خوارەوە کە لە رۆژگاری ئەمڕۆ و شەوگاری! سەدەی بیست و یەک دا بە جاروبار  بینیومانە، ھەر لە تی شێرتگەلێکەوە کە ھەناردەی ئەفریقای رەش دەکرێت و ھەم لەو زنجیرە درامایە سەرنج دز و ھەست جۆشە دا کە ھاوردە یان ھەناردەی خۆرھەڵاتی سەوزە١٩ دەکرێت:

 

 

گریمانە پێشوەختەکانی پشت "بوون"ی میدیا، مەعریفە و واتا بە ھەموو ماناکانێتی. مەعریفە دەشێت لەم فۆرمە دا خاوەنی ھیچ لایەنێکی ئایدۆلۆژیکی خاس یان خراپ نەبێت، دەشێت بە پێچەوانەشەوە بێت و ھەڵگری مانا و فامی چاکە و خراپەیی و ریسالەتی ئەخلاقی- سیاسی بێت. ھەر چەندە ھەنووکە باسکردنی نکووڵی و حاشا لە ئایدۆلۆژی شتێکی زۆر دەرھەستانە و لەشوێنانێکیشدا دژ بە عەقڵ و ھزر دەوەستێت و بەرگری و پێداگری لە بۆچوونی نائایدۆلۆژیک بوونی ھەر تێز، کەش و ھەوا و دیاردەیەک خۆی لە دژوازی ناو ھەرێمی ئایدۆلۆژی دا دەبینێتەوە، بۆیە لە دواجار ئایدۆلۆژیا وەکوو بابەتێکی ژیانەکی٢٠ و قەدەرییانەی لێدێت، ئەگەرچی بەدڵنییاییەوە مەرج نییە پێمل و ملکەچی بین. لە ھەر فۆرمێک دا کە مەعریفە پێناسە بکرێت، پێوەندی ئۆنتۆلۆژییانەی بە مرۆڤ و کردە و بەرھەمەکانیەوە ھەیە. ھەر وەکوو تیشکم خستە سەری گەر لە رۆچنەی گێڕانەوەی تەورات بۆ "ڤەداھاتن" بڕوانین، دەشێت چەند پزیسک و دەرکەوتەیەک وەکوو وێنە و تەشکی شیمانەی میدیایی بۆ "میدیا" ھەڵبھێنجین. گەر ئێمە وەکوو سوبێکتێک ھێشتا لە قۆناغی ئاوێنەیی٢١ دا بژین و بوونێکی خۆگرتوو و سەربەخۆمان تێدا نەگوورا بێت، ئەو کات رووداوێکی نێونجی لەپێگە و بەناوی میدیا دەتوانێت ئێمە لە چوارچێوەی واقیعی خەیاڵیی ئاوێنە راپسکێنێت و بەرەو خەیاڵکردنی ناکۆتای رووبەری ھێمایین٢٢ پەلکێشمان کات. واتە سوبێکت و ئۆبێکتێک لە فیردەوس دا بەوپەڕی فانتازیا و رەھابوونەوە٢٣ دەژین، ئەوەی کە لە پێگەی میدیا پێوەندی بە حەواوە دەکات، ناوی مار بێت و لە جلکی شەیتان یان بە پێچەوانەوە ھاتبێتە نێو کایەی وجوودەوە، دەبێتە ھۆکاری ئەوەی کە وا سوبێکتی سەرەکی و بکەری رەسەنی مەعریفی ناو گێڕانەوەکە "حەوا" بێت، ھەر چەندە لە پێگە و فۆرمێکی تر دا ئادەم سوبێکتە لە ھەمبەر حەوا و حەواش سوبێکتە لە ھەمبەر ئادەم و بەم پێیە ھەر دووکیشیان ئۆبێکتن بۆ یەکدی! تا ئێرە، مادام رەشەبا نییە ژیان باشە٢٤! کە حەوا دەکەوێتە گەڕان و پشکنین، رەشەبا و رەشە"حەوا" کە ھات، حەوا شوێن پێی ھەواکانی خۆی بە چاوساغی و میدیایی ناوکۆ یان بە ناوکۆیی میدیایەک دەگرێت، سەری لە "مار" دەتەقێت و ئەو میدیایە ھەندێک ھەواڵی تازە و ھەوەس بزوێن و چڵێس ئامێزی پێ رادەگەیەنێت و دەکیفێنێت٢٥: "لەو دارە بخۆ کە لێی لۆمە کراوی، لەو بەرە بچێژە کە خوداییە نیگاری"، حەوا لە رێگەی ئەم میدیایەوە بەر و میوەی دارێک دەخوات کە ئایدۆلۆژییە جۆراوجۆرە دینی و غەیرە دینییەکان ئاکامەکەی بە مەعریفە، گوناە، تاوان، کارەسات و... ناودێر دەکەن. میدیای نوێ(مار) بەم ھەوڵە تازە و کوشندە و ژیاندەرانەیەی!جاڕی دا و بانگەوازی ئەوەی کرد کە من ھەواڵ و ئامۆژگاری میدیایەکی کەونینەتر و لەمێژینەتر و تۆتالیتاری لە پێگەی "ڤەداندەر" بەدرۆ دەخەمەوە و رەتی دەکەمەوە. واتە ئێمە پێشتر لە پێوەندی وجوودییانەی ئادەم دا میدیایەکمان ھەبووە بە ناوی ڤەداندەر کە کۆمەڵێک ھەواڵ و ئامۆژگاری لە فۆرمی "دەبێت و نەبێت"ی پێ راگەیاندوون. بەڵام ئەوەی کە لێرەدا داکۆکی دەکەم لەسەر میدیای "مار" واتە میدیایەک کە شاکلیل و نەخشەرێگای بوون بوو، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەرکەوتنی ئەو، ھۆکاری تەواوکەری بوونی راستەقینە و رەسەنی مرۆڤ بوو، ھەر پاش ئەوەش بوو کە ململانێ و حانەحەپەشەی میدیایی لە "سەر" زەمین و "ژێر"زەمین بەرێکەوت و تا ھەنووکەش درێژەی ھەیە. ئەگەرچی تەنانەت ھەنووکەش ئێمە لە خوێندنەوەی لایەن و لاجانگە٢٦ جۆربەجۆرەکانی ئەم گێڕانەوەیە دا ھێشتا بۆمان روون نەبێت کە ئایا "مار" یان "میدیا" خەیاڵ و وەھمێکی ھەناوی سوبێکتێک(حەوا) بوو یان واقیعێکی ھێمایین کە سوبێکت(حەوا) و ئوبێکت(ئادەم)ی لە قۆناغی ئاوێنەیی دەربازکرد و ئاوێنەیەکی لەت لەت کراوی لەھەمبەر حەقیقەتێکی ھەلاھەلا کراو دا بۆ داناین، بەڵام ئەوەی کە روونە نێونجڤان و تەتەرێک بە ناوی میدیا و لەفۆرمێکی خوازەیی(مار، ڤەداندەر، شەیتان، وەھمی سوبێکتانەی حەوا، پەرچەکرداری ئۆبێکتانەی حەوا و...) بووەتە ھۆی خستنە بن گۆمی بەردێکەوە لە ئاسمانەوە بەرەو زەریای وجوود، کە ھەنووکەش لێی رادەمێنین کە لەبن گۆم رابمینێت یان دەری بھێنین؟ لەوەش گرینگتر ئایا ھیچ کام لەوانەشمان پێ دەکرێ کە خەریکین پرسیاری پێھەستانی بۆ دەکەین؟!

تا ئەم چرکەساتەی گێڕانەوەکە بوون و بووگەکان و داھاتنیان لە ئاسمانی عەدەمەوە بەرەو زەمین، بۆ ئێمە پێدراو و ھەڵھێنجراوێکی واتایی رەھا و یەکلایی کەرەوەی نەبووە و ھەر ئەمەشە وا دەکات کە ئەو چرکەساتە لە بوون و داھاتنی مەعریفەتی گوناە و گوناھی مەعریفەت، قەت قەت لە کەشێکی ئایدۆلۆژیک و رەھابار٢٧ دا نەژی و نەمێنێتەوە، تا ھەنووکە ئێمە ئەم سیحر و رازەی بوونمان ھەم پێ باشە ھەم پێ خراپ، ھەم گوناھە ھەم مەعریفەت، ھەم مەرگە و ھەمیش ژیان و... لەم سۆنگەیەوە میدیاش ھەر وەھا واتایەک وەردەگرێت یانی نە گوناھکارە و نە گوناھباریش نییە، نەک ئەرێنی و نە نەرێنیش، بنەمای ئەم خوێندنەوە و ھەڵگۆستە لەو گێڕانەوەیەی تەورات لە سیفری ڤەداھاتن لەسەر فرەحەقیقەتی و فرەواتایی ھەڵنیشتووە و ھەوڵ دەدات خۆی لە ھەر جۆرە سێبەر و تارماییەکی ئایدۆلۆژیکی بپارێزێت و دەرباز کات یان لانیکەم لە دەست ئەو تاپۆ و تارماییە ھەڵێت و نیچەییانە ئاوارەییەکی ژیانبێزی٢٨ پڕواتا بە رێبەری و چاوساغی سێبەر و سێبەرەکانی خۆی، بکات بە ماڵ و لانکەی عەوداڵی و بێ ماڵ و حاڵیی خۆی. تا ئێرە میدیا "پێویستی و دەبێت"٢٩ێکی ئانتۆلۆژیکاڵ بووە بۆ ڤەداھاتنی مرۆڤ وەکوو سوبێکت، وەکوو لەوێندەرێ بوون(دازاین)، وەکوو سووژەی ماشینیی عازەویانەی دیلوزی-گاتاری٣٠ و...

میدیا تا لە ئاسمانی یەکەمەوە بوو بەشێک بوو لە بوون و وجوودی "من"ێکی گشتی لە قەوارەی باوا ئادەم و داوا حەوا! دا، لەو بەرزانەی ئاسمانەوە کە دابەزی میدیا بەناو مێژوویەکی بەردەڵان و کاروانسەرای ترس و بیم، بەناو مردنێکی چڕ دا و بە ناو زنجیرە دۆزەخ و گەلیی خوێن دا تێپەڕی بەڵام لەو سەرەوە وەک ھەتاوێکی کاکۆڵ سوور نەھاتە دەرێ بەڵکوو لە چەشنی چوارگۆشەیەکی فرەرەنگ و فرەدەنگ بە ھەندێک تیشکی ھەتاو و سێ تەڵ لە قژی ئازادی بەرەو روومان تەقییەوە و بەرۆکمانی گرت٣١...و بوو بە چوارگۆشەیەکی شووشەیی پڕتیشک کە پڕە لە بازنەی خۆرەتاویی!ئەوە چڵ و ترۆپکی میدیا واتە تەلەڤیزیۆن(Television) بوو.

بەرئەنجام و خاڵێکی دووفاقییانە و دژوازی ئەم باسە ئەوەیە کە میدیا ئانوسات دوو دەرکەوتە و ئەرکی لێکدژ و پێچەوانەی لێ دەوەشێتەوە، میدیایەک پیرۆزی دەشکێنێت، میدیایەک پیرۆزی رۆ دەنێت و دەیپارێزێت؛ میدیا بە واسازیی و شکاندنی پیرۆزایی ئەویدی، قودسییەت و پیرۆزایی خۆی رۆ دەنێت!بە واسازیی پیرۆزایی خودی ئەویدی، پیرۆزایی خودی خۆی رۆدەنێت! ھەموو ئەمەش لە رێگە پاراستن یان شکاندنی رووبەرێک کە سایەوان و پارێزەری قودسییەتە دەکات واتە"مەودا" و فاسیلە. مەودا واتە دوور و نێزیکی ئێمە لە چەقی پیرۆز و کابە(کعبە)ی قودسی دیاریکەی وێنا و تێڕوانینی ئێمەشە بۆ قودسییەت و پیرۆزایی. مەودا و حەریمی من کە لەگەڵ شتێک دەشکێ ئیدی ئەو شتە بۆ من دێـتە ئاستی پێناسە و مەعریفە و تیۆراندن و واتا و ئەمە لە خەرمانە و شەبەنگی سەری بابەتی قودسی کەم دەکاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ھەر چەندە "مەودا" و "حەریم" و ئەرزی حەراماوی فرە بێت، تیشک و شەوق و پرشەی چەقی پیرۆز ئەفسوون و سیحرمان دەکات و ئیماندار و بێ ئیمانمان بۆ لەیەکدی جوێ دەکاتەوە! میدیا ئەو ھێزەیە کە ھەر دووی ئەم حاڵەتانە بەپێی ھێز و توانست و ئارەزووی خۆی دێنێت و دەبات! درووستی دەکات و دەیڕووخێنێت! قودسییەت گرێژەنە و جومگەی سووڕانی میدیایە. کە من لە درێژەدا لە ژێر تێڕوانینی ڤاڵتەر بنیامین، فەیلەسووفی ئاڵمانی ئەم ھاوپرسەکی و ھەڤ پێوەندییە، دەگێڕمەوە.

داکەوتن لە ئاسمانەوە و ھەستانەوەی پێغەمبەرە٣٢ ئاسمانییەکان لە زەمین و روخساری نوێی میدیا

"١٢٤ھەزار ھەوڵ و ھەواڵی میدیایی بۆ پاراستنی پیرۆزیی ڤەداندەر لە ئاسمان و لە زەمین"

ئەو ساتەی کە میدیایەکی مارشێوە و درێژکۆڵ  و رایەڵ شکڵ٣٣ پێوەندیی ئادەمی لە گەڵ ڤەداندەر و سەرچاوەی پیرۆز رووشاند و ھاوکێشەیەکی دژەباوی لە پێوەندیان بە بوونەوە ھێنایە ئاراوە، بەھۆی شکانی حەریم و میحرابی ئەو قودسییەتەوە دەبوایە سزا و کەیفەرێک جێ بەجێ بکرایە تاکوو بە شێوازێک شکۆ و شان و حورمەتی ئەو چەقە پیرۆزە بگەڕێتەوە یان ئەوەش نا، بەڵکوو بە ئاراستەیەکی دیکەی پیرۆزاندن دا، تاکوو چەقی پیرۆز بەم سزادانەی تێمانگەیەنێت و پەیغام و ھەواڵی ئەوەمان پێ راگەیەنێت کە: من پیرۆزترینم، من ڤەداندەری تۆم و ھەموو کائینات و.... واتە ھەر ھەمان وانە کە لە بوولێڵ و سپێدەی خەلیقەت دا ھەوڵی دابوو بە ئادەم رابگەیەنێت و لەھەناوی دا رۆی بنێت، بەڵام رووداوەکان و ئەو ژیانەی ئادەم بە ئاراستەیەکی تر دا رۆشتن، ئەگەرچی وا داھات و وەھاش داکەوت! بەڵام ڤەداندەر دوای ئەوەش ھەر ئادەمی بەتەھا نەھێشتەوە و لە رێگە و شێوەگەلی زۆر و لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوو دا ھەناردە و گەیەنەری جۆراوجۆری بە ھەواڵ و پێغامگەلێکی زۆرەوە ئاراستەی دەکرد. پێوەندی خودا لەگەڵ ئادەمی سەرزەوی ھەر ھەمان شکڵ و ئاستی پێوەندی نەبوو کە لە ئاسمان. ئەو پێوەندی بە ئادەم ئان ئادەمەکانی سەر زەوی لە رێگەی گەیەنەر و میدیایەک بە ناوی جوبرەئیل یان گابرییەل بوو. ئەو کە ھەواڵەکانی خوای دەگوازتەوە بۆ زەمین و مرۆڤ، لە قەوارە و تەشکێکی رووناک و خەمڵێندراو بە خەرمانەیەکی زیوینی مانگ دەردەکەوت و ھەردەم ھەواڵێکی ناوازە و پەرجوویەکی تایبەتی پێ بوو، زۆربەی کات دەنگدانەوەی دەنگی بیرەوەری قودسییەت و چەقی پیرۆزی بە یادەوەریمان دا دەدا. جوبرەئیلی موقەڕەب بەتایبەتی لە ساتانێک دا بەدیار دەکەوت کە ھەواڵێکی زۆر گرینگ و چارەنوسساز و یەکلایی کەرەوەی پێ بایە. ئەوەمان لە بیر بێت کە مەودایەک کە میدیا لە نێوان دوو جەمسەر دا پڕی دەکاتەوە و ئەو پلەی نێونجی و ناوکۆیەی کە میدیا وەری دەگرێت بۆ پاراستنی ئەفسوون و پیرۆزیی جەمسەر و لایەنی پشت میدیایە واتە لە ھیچ کام لە گێڕانەوە و بەسەرھات و کتێب(میدیا) ئایینییەکان دا ڤەداندەر ھیچ کات بەشێوەیەکی راستەوخۆ خۆی دەرنەخستووە و ھەمیشە فریشتەی وەحی یان جوبرەئیل ئەو ئەرکەی جێ بەجێ کردووە و بەم حاڵەتەش ئەمەی گەیاندۆتە مرۆڤ کە ھەمیشە سنوورێک و کەوشەنێکی قودسی و نەبەزاوە ھەیە کە تایبەتە بە زاتی پیرۆز و جەوھەری ڤەداندەرانەی. دەرکەوتنی جوبرەئیل خۆی لە خۆیدا ھێمای توانای پەرجووییانەی ئەو بووە، و تەنھا لە رێگەی بەدیار کەوتنی ئەم مەلەکەی وەحییەوە مرۆڤ کەوتۆتە بەر تیشکی پرشنگدار و تیژی ئەفسوون و مەحووبوونەوە. ئەم حاڵەتە لەو ساتانەی کە پێویست بووە فریشتەی وەحی ھەواڵی موعجیزەیەک رابگەیەنێت چەندقات و چەندپات بۆتەوە. لەم فۆرمە دا ئێمە چاوەدێری گوازتنەوەی پاژێک لە ئامێر و جەوھەری میدیایی لە ئاسمانەوە بۆ زەمین ھەین. کاتێک جوبرەئیل بە موسا دەڵێت: گۆچانەکەت دانە و فرمانی پێ بکە کە چیت بۆ بکات، لەخۆیدا گۆچانەکە ھەڵگری پەیامێکی زۆر راستەقینە و خەیاڵئامێز دەبێت بۆ مرۆڤانی چاوەدێر و شایەتحاڵی ئەو سات وکات و رووداوانە، یان کاتێک میدیایەک لە چەشنی کتێبێکی ناوازە و تاقانە بە ناوی "قورئان" دادێتە خوارەوە ئیدی ئەرکە میدیاییەکەی ئاسمان لە ئاست ئادەمی سەر زەوی دا دەگاتە چڵەپۆپ و ئەوپەڕی خۆی و بەتەواو بوونی چڕوپڕی ئەو کتێبە و داکۆکی لەسەر ئەوەی کە "حەزرەتی" موحەمد (واتە ئەو کەسەی یەکەمجار تیشکی میدیاکەی بەرکەوت)، دوا پێغەمبەر و ھەواڵدەری خودا و ئاسمانە لەسەر زەوی و ئێدی دوای ئەو پێغەمبەریتر نایەت و دانابەزێت! لەقەوارەی میدیایەکی ئاوەھا بەھێز ئێدی رۆڵی جوبرەییل و ئەو ناوکۆییەی نێوان ئاسمان و زەمین دەسپێردرێتە کتێبی قورئان و خۆینەران و پەیامھەڵگران و پەیامنێرانی! ئالێرە دایە ئێمە بە زەقی ئەرکی پیرۆزاندن و قودسیئاوی کردن میدیامان بۆ جەمسەرە داھێنەرەکەی بۆ دەردەکەوێت و لە ھەمان حاڵیشدا بۆمان دەردەکەوێت کە پێوەندی ئاسمان و زەمین دوای دابەزاندنی ئادەم لە ئاسمان بۆ زەمین، ھەر ھەڵپێکراو و ئامادە بووە. لە فیلمێک دا کە لە کۆمەڵگای ئێرانی بە ناوی (موحەمەد رەسول اللە) ناودار بووە، بەڵام لە بنەما دا ناوی فیلمەکە پەیام یان (The message) ە و دەرھێنەر و بەرھەمھێنەرەکەی موستەفا ئاکادە، ھەر رۆڵی ھەواڵدەری و پەیامھێنی ئاسمان بۆ زەمینمان بە باشی بۆ دەردەکەوێت، تەنانەت ناوی فیلمەکەش ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەم تێڕوانینە. لەو فیلمەدا کە زۆرێک لە رێکخراو و رەوت و کۆمەڵە دینییەکانی دنیا لەوانەش زانکۆی ئەلئەزھەری میسر، توێژەرانی مێژووی ئیسلام و ئەنجوومەنی شیعەکانی لوبنانیش لە سەر درووستی و واقیع خوازی دا کۆک و ھاودەنگن، بەشێوەیەکی کۆییش قبووڵی ئەم خاڵەیان کردووە کە نومایش دان و پیشاندانی وێنەیەک لە پێغەمبەر بەلاوە بنرێ، چوونکوو ئەمە دەبێتە ھۆی دابەزاندنی ئاستی مەعنەوییەت و ئاسمانی بوونی پەیامەکەی، بۆیە لەو فیلمە دا وێنەیەک لە حەزرەتی موحەمەد پیشان نادرێت، بەڵکوو لە ھەندێک شوێندا ئێمە گۆچانێک دەبینین کە دەجووڵَێتەوە، بەتایبەتی لەو شوێنەی کە موسوڵمانان مەککە دەگرن و دێنە ناوی کابە(کعبە)، لەوێدا ئێمە گۆچانێک دەبینین کە لە پێشەوەی کامێراکە دەجووڵیتەوە و بە ھۆی پاراستنی پیرۆزییەکەیەوە ھیچ وێنا و وێنەیەک دەکار نەکراوە، کاتێک ئەم گۆچانە دوای گرتنی مەککە و موسوڵمان بوونیان دەجووڵێتەوە و بەرەو پێشەوەی کامێرا دەچێت و کامێراکە بەدوای خۆی دا راکێش دەکات، دەچێتە ناوی ماڵی خودا یان خانەی کابەوە و لەوێندەرێ یەک بە یەکی بوتەکان(لات، عیزە و...) دەتلێنێتەوە و وردوخاشیان دەکات و پیرۆزاییان پووچەڵ دەکاتەوە. لێرەدا لایەنی دووفاق و دژوازی میدیایی دەردەکەوێت واتە پیرۆزاندنی لایەن و جەمسەرێک لە سەر بنەمای شکاندن و دافرەقانی٣٤ جەمسەر و رووگەیەکیتر و ئەمەش ھەم لە ھەڵس و کەوت و کرداری ئەکتەران دا بەدیار دەکەوێت و ھەمیش لە نێوی فیلمەکە دا ئاماژە روون و ئاشکراکەی دەبینرێت، پیرۆزی پەیامێک لە سەر کۆڵەکەی ناپیرۆزی و دژەپیرۆزی پەیامێکی تر!لەسەر بنەمای ئەم گێڕانەوەیە بۆمان روون دەبێتەوە کە میدیاکان ھەمیشە رۆڵی پیرۆزاندن و تەقدیس کردنی لایەن یان جەمسەر و رووگەیەکیان ھەبووە، بەڵام دوای کۆتایی ھاتنی پێوەندی ئاسمان و زەمین لەم چەشنە میدیایی و جوبرەئیلییە دۆخەکە بەرەو کەش و ھەواو و ئاراستەیەکی دیکە رۆشت و ئەو رۆڵە جەوھەرییەی میدیا  کە لە پێگەی یەکەم بکەری میدیایی ئەرکەکەی پیرۆزاندن و بڤەئافرێنی بوو ھێورھێور بەراوەژوو و پێچەوانە بۆوە و میدیا لە زەمین دا رۆڵێکی دژە قودسی و پیرۆزشکێنی وەرگرت بەڵام لە دواجاریشدا قەت نەیتوانی لە پێگە و دەوری پیرۆزاندن بەتەواوەتی خۆی قوتار بکات، تەنانەت ئەگەر تاقە جەمسەر و دوارووگەی پیرۆزیشی بۆخۆی و جەوھەری میدیایانەی خۆی پێناسە کردبێت. ئەم دەورە دژئامێز و دژوازەی میدیا رەنگە بشێت لە قەوارەی لێکدانەوەی چەمکێکی بنەڕەتی (ژاک)دریدایی کە پەیوەست و ھەڵپێکراو بەم دۆخە دووفاقە لێکدژە و ھەروەھا جەوھەری پراکتیک و جێ بەجێکردنی ئەم ئەرک و رۆڵە دژوازەشە واتە چەمکی (deconstruction) لێک بدەمەوە. یەکەمجار لە زمانی فارسی دا وەرگێڕی دەقە فەلسەفییەکان واتای "ساختارشکنی" یان بۆ دانا دوای ماوەیەک لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ کارکرد و دانیشتنەنێوان دەقی و پێکھاتی و فۆرمییە جۆراوجۆرەکانی ئەم چەمکە لە دەقە جیاوازەکان دا بۆیان دەرکەوت کە ئەو ساختار شکنی یان پێکھات شکێنییە تەنھا لایەنێکی وشە و چەمکەکەی گواستۆتەوە و لە بنەما و واقیعی کارکردەکانی ئەم چەمکە دەردەکەوێت کە لە ھەر پێکھات شکێنییەک کە لە سۆنگەی ئەم تێڕوانینەوە دێتە ئاراوە، پێکھات دانەری و پێکھات رۆنەرییەکیش ھاوکات ئامادەیە و درووست دەبێت، واتە ھەر پێکھات شکێنییەک کە روو دەدات ھەر لە ئانوسات و ھاوکاتی روودانیدا پێکھاتێکی دیکە دادەھێننێت و دەیسازێنێت، بۆیە لە زمانی فارسی دا "بنیادفکنی"یان بۆ دانا واتە پاشگری "فکن" ھەم بە واتای شکاندن دێت و ھەم بە مانای "رۆناندن" و ئەمە رۆڵی لێکدژ و دووفاقییانەی ئەم چەمکەی پێکا، ھەر چەند دواتر "واسازی"یشیان بۆ دانا کە ھەر بە واتای "بونیادفکنی" دێت. میدیاش لە ئاوەھا تایبەتمەندییەک پێڕەوی دەکات واتە لە گەڵ ھەر شکاندنێکی پیرۆزیی و بڤەسڕینەوە و قودسی کوژییەک دا پیرۆزسازی و موقەدەس ئافرێنییەک دێنێتە کایەوە، ئەگەرچی خوازراو و حەزلێکراوی خۆیشی نەبێت. ئەم حاڵەتە لە قۆناغ و ساتە جیاوازەکان دا ھەمیشە بەم شێوەیە نابێت و رەنگە فۆرمگەل و ئەرکگەلێک لە ئیش و سووڕانی خۆی دا ببینێتەوە کە بەم گێڕانەوە و چەمکانە نەھێتە راڤە و شرۆڤە و ھەڵسەنگاندن. لەم قۆناغەی کارکردنی میدیاوە ھەمیشە چەقێک بەدی دەکەین و دەیبینینەوە ئەگەر تەنانەت ئەو چەقەش خودی سیستەم و فۆرمی کارکردن و سووڕانی خۆی بێت واتە بەرگری لەو پلان و نەخشەیەی کە لە رووبەریدا ھەواڵ و زانیاری دەبەشێتەوە و بیچم و قەوارە کەلتووری و مرۆییەکان پێک دەنێت.

ئـاسـمان وەکـوو بـەرینترین ھـەواڵنێر و پەیامـھـێنی وجـوودی

"تاقانە مەودا و میدیای نێوان ئاسمان و زەمین جوبرەئیلە، ئەگەر مۆدێڕنیتە ئەوی کوشتبێت رووبەری قودسی چارەنووسی چۆن دەبێت؟"

"ھەر وەکوو دەزانین و بەجارەھاش بیستوومانە و درکاندووشمانە ١٢٤ھەزار پێغەمبەر بۆ مرۆڤ ھاتوون کە ھار کامەیەن لە سەردەم و قۆناغی تایبەت بە خۆیەوە و ھەر کامەشیان بە پەرجووی تایبەت بە خۆیەوە و بۆ کۆمەڵگای تایبەت بە خۆیشییەوە. ئەم ژمارەیە لە ھەواڵھێنان دیسان سەلمێنەری ھاوکێشەی میدیا، بڤاندن و بڤەشکاندنە. ھێز و توانستی مەزنی جەمسەری پیرۆزی میدیا لە پاراستن و رۆنانی ئەو مەودا و سنوورەیە لە نێوان ھەواڵنێر و ھەواڵگر دا دەیپارێزێت. لە ژێر تیشکی روانینی واڵتەر بنیامین بۆ چەمکی ئەفسوون٣٥(Aura) ھەر چەندە مەودا و کەوشەنی نێوان ئەم دوو لایەنە زۆرتر بێت، شەبەنگ و خەرمانەی قودسی و پیرۆزیش خەست تر و تۆختر دەردەکەوێت. لە ھەموو ئەو ھاوکێشە میدیایی و ژمارە زۆر و زەبەندەی ھەواڵ و پێغەم (پەیغام/پێغەم بەر)ە دا یەک شت بە ناوی "مەودا"، "حەریم٣٦" و... ئامادە بووە بەمەبەستی پیرۆزاندنێک کە ھەر لە ئان و ساتی لەکیس دان و پووچەڵبوونەوەی ئەو مەودا و حەریمە پیرۆزی دەپڕووزێت و وەبەر بابردەڵەیی ھێزی "با" دەکەوێت. تا ئێرە کە ئاسمان و زەمین لە ھەڵپێکراوی و گرێدراوییە ئەزەلییەکەیان نەبوونەتەوە میدیا بەو پاراستنەی مەودا، مەبەست و ئامانجە پێکراو و سەرەکییەکەی پیرۆزاندن بووە، بەڵام دوای ئاخەرین پەیام و پێغەمبەر ھاوکێشە میدیاییەکان و ئامانجە میدیاییەکان ئاراستەیەکی تریان وەرگرت، مەودا تاقانە شتێک بووە کە دەکەوتە بەر ھێرشە یەک لە دوای یەکەکانی تەکنەلۆژیا و میدیا تەکنۆلۆژیی و دیجیتاڵییەکان کە لە درێژە دا بەقەبارە و باڵای ئەم نووسینە دەپەرژێمە سەری.

 

درێژەی ئەفسوون(Aura) ە ئاسمانییەکان لە مـیـدیـای زەمـیـنـی و چـەنـد چـیـرۆکـێـک

لە ڤەداندەرەوە بۆ میر، پاشا، سەرۆک، رێبەر، تۆتالیتەر، دیکتاتۆر!

پاش دوا پەیامی ئاسمان، "مەودا"میدیاییەکان لە زەمین چۆن دەپارێزرێن و بەرئەنجامەکەی کامەیە؟ پاش ڤەداھاتنی لەئاسمان لەسەردەمێک  دا کە مرۆڤ، لە رەوەندیی و کۆچەریی کەوت و بەھۆی ئاوە زۆر و زەبەندەکان و زەوینە پڕ پیت و ھەراوەکان لە رۆخی رووبارەکان لای دا و ھەواری ژیان و مانەوەی ھەڵدا یەکەم کۆڵەکەی پێکھاتی دەسەڵاتیش ھاوشانی ئەو خۆگری و جێگرییە چێندرا! لە رۆژھەڵاتی منەوە٣٧ دوای ئەوەی کە باپیرانم لە گوێی ئەو ئاوانە بەیداخی ژیانی یەکجێ نشینییان ھەڵکرد، و تافەی ئەو ئاوە ژیاندەر و شەھوەت بزوێنەیان بینی و پیت و فەڕی ئەو ھەموو زەوییە ھەراوەیان دیتەوە، سوورتر بوون لەو ژیانەیان و بگرە سەوزیش و زەردیش!٣٨ ماوەیەک بە سەر تەمەنی ژین و ژیان لەگەڵ ئاو و خاکی پیرۆز تێدەپەڕێت، باخان وەبەر دێن و گوڵان دەڕوێن، زاوزێ گەشە دەکات، ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتەجێ بووگ بەرەو زۆریی دەکشێن، ھەر دەکشێن و دەکشێن تاکوو بەسەر پانتا و رووبەری ئەستوونی و ئاسۆیی زەوی و ھەروەھا ئاو دا زاڵ دەبن! کەوای لێھات ئامیانی ژیان واتە "ئاو"، مایەی زاوزێی باخان و زەماوەندی گوڵان لەکەمی دەگەڕێت و ئەندامانی کۆمەڵەکە لەسەر ئاو بەشەڕ دا دێن، "ئاو" ھەڵیان ناکات بۆیە بڕیار نەدرا بە کۆی دەنگ چارەنووسی ئاو بۆ خۆیان و باخان و گوڵانیان دیاری بکەن، بەڵکوو بڕیاریان دا یەکێک لە ئەندامانی کۆمەڵ بکرێت بە "میری ئاو" یان "میرئاو"! پاش ئەم ھەڵبژاردنە ئازادەی! سەردەمی کۆنی رۆژھەڵاتی من" میرئاو" وەکوو دەسەڵات، کە ھێزی خۆی لە وزە و توانستی ژیاندەر و مەرگدەریی ئاوێک دەگرێت کە سەرۆک و سەردارێتی، بوونی دەگوورێت و بەرە بەرە بیچم دەبەستێت، تاکوو بەشێنەیی و لە باوەشی زەمان دا کەڵەگەت و زەبەلاح دەبێت و ئیدی بۆ میرێک جێگەی خواری و بچووکییە کە راستەوخۆ و بێناوکۆ و میدیا، پێوەندی بە ئاوخوازان و ئاوخۆرانەوە بگرێت بۆیە جێگر یان دەمڕاستێکی تایبەت و بەھەیبەتی دەوێت تاکوو ھەر جار ئاوخۆران سنوور و حەریمی پیرۆزی میر نەڕووشێنن! جێگر و نوێنەری میر خۆی یەکێک لە ئاوخۆرانە، ھەر بەو شێوەیە ھەڵبژێردراوە کە میر خۆی، ئایا جێگر و دەمڕاستی میر لە پێگەی میدیا دا ئەگەری مرۆڤکوژی و مافخۆری و ئاوھەڵلووشی زۆرترە یان مارێک کە میدیای دوو سوبێکتێک بوو کە باسمان کرد؟! ئایا مار و نوێنەری میر لەو رووەوە ھاوکردە و ھاومەبەست نین؟

لێرەوە میدیا(جێگر و نوێنەر یان ناوکۆی پێوەندی) بەرەو ھێز و دەسەڵات دەکشێت و تامی ھێزی ئاوی زۆر چووەتە بن ددانییەوە و دەشێت و دەتوانێت وەکوو نێونجی میرئاو و ئاوخوازان ھەر ھەواڵ و بابەت و تێبینییەک کە لە بەرژەوەندی و خواستێتی بیبەشێنێتەوە، دەتوانێت پڕفێڵترین سیاسەت و کایەیان لەگەڵ دا بکات! لێرەوەیە میدیا لە پێگەی "خوازەرێکی چڵێسی دەسەڵات(ئاو)" بنەما ئایدۆلۆژییەکانی خۆی رۆ دەنێت و رەنگە وەکوو ماکیاویلییەکی نەنووسراو و زارەکی و ھێزەکی کە لە کتێبی میر یان پاشا دا دێتە گۆ، لە گەڵ خۆی بڵی: خۆ گەر من جارێک بۆ بەرژەوەندی باخاتی ئاغا و "میری خۆم" درۆ و فریوێکم سازاند درووست بێت. میدیا تا ئێرە بوون و فۆرمێکی ئینسانی تر و بەرھەست تری ھەیە! ئەگەرچی بێ بەری نییە لە سیستەمی ئەفسوونسازی و تەقدیس لە رێگەی دانان و پێشمەرج کردنی "مەودا" و "حەریم"!

حەقیقەتی میدیایی لە رۆژگاری گوندی جیھانیی

(گۆڕانی واقیعی مەوداوە بۆ سێبەرێکی ناسک و نەرمۆڵ! "مەودا" کان تەنھا تارماییەکن کە بە تیشکی کامێرایەکی داشقە مەحو دەبن و دەتوێنەوە!)

پاش بەردەوامییەکی سیستەمی میرئاو/ کۆیلەئاو واتە نوسخە و فۆرمی سەرەتایی سیستەم و پێکھاتی دیسپۆتیزم (Despotism)واتە ئەو سیستەمەی کە لە سەر بنەمای پێوەندی دوو جەمسەر سەردار و کۆیلە، ئاغا و رایەت(رەعیەت)، فەرماندەر و فەرمانبەر و...و ھەروەھا چەشنێک لە ئەریستۆکراتییەت و پێکھاتی ئاستمەند و پلەپلەیی راوەستاو و رۆنراوە، کۆمەڵگە ھەڵچوون و داچوون و گۆڕانی تایبەت و زۆری بەسەر دا ھات، بەڵام لە ھەندێک وڵات و کۆمەڵگە ھێشتا جەوھەری ئەو سیستەمە ئیش دەکات بەڵام بەو جیاوازییەوە کە فۆرم و سیپاڵی تازەی پۆشیوە، بۆ نموونە بەجل و بەرگی رزگاری نەتەوەییەوە دێتە جڤین و ئاخافتن، یان بە روخساری رزگارکەرێکی ئاسمانییەوە دێتە وەعز و ھەڤدیتن، یان بە سیپاڵی مارکسیزم و دروشم و ھوتافی نەھێشتنی دیسپۆتیزم و پێکھاتی ئاستەوەر و پلەپلەییانە! ئەوەی لێرەدا مەبەستمە ئامادەگی و قەدو قەڵافەتی ئەو فۆرمە لە دەسەڵات و ھێز واتە دیسپۆتیزمییانە لە ناوەند و چەقی میدیا دیجیتاڵی و ئەوڕوییەکانە. پاش ئەوەی کە بە ھۆی شۆڕشە پیشەییەکان و لە رێگەی پێشکەوتنە تەکنۆلۆژی و دیجیتاڵییەکان سنووری جیھانی کۆن و داخراوی وڵاتان و گوندەکان بێ رەنگ و لاواز بووە و دواتر لە رێگەی جیھانی بوون(Globalization) ێکەوە کە پێشتر مەک لۆمان لە فۆرمی خوازەی گوندی جیھانیی دا لەسەری دوا بوو گەیشتە چڵ و تەشقی خۆی، ھاوکێشەی ئۆنتۆلۆژیکاڵ و بوون ناسانەی سەرتاپای بوونی مرۆڤ گۆڕانی بەسەر دا ھات. ئەگەر ئێمە میدیا لەو قەوارەوەی سەرەوە بگەڕێنینەوە بۆ کۆنترین کتێب و دەسنووسەکان و ئەو ھێڵە بزماریی٣٩ و خواروخێچانەی کە لەسەر دیواری ئەشکەوت و زەرد وماکان٤٠ ھەڵکەندرابوو، بە میدیا و پردی پێوەندی دوو جەمسەر ئەژماردەی بکەین، جا چ ئەم پێوەندییە بگەڕێتەوە بو چەند سەدساڵ یان ھەزارەیەک لەمەو پێش، لەم پێناسەیەدا و بە ئەزموون و پێناسەکانی جیھانی مۆدێڕنیشەوە لە میدیا، دەشێت میدیا لەم دەرکەوت و فۆرمانە دا تەتڵە و پۆلێن بەندی بکرێن: کتێب، ھێما(ئاگر لە کاتی شەڕ)دەستنووس، نیگار، وێنە، پەیک، دەمڕاست، تەتەر، رادیۆ، کامێرای کۆداکی فەوری، کامێرای ڤیدیۆ، رۆژنامە، بڵاڤۆک، تەلەڤیزیۆن، سەتەلایت، ئەنتەرنێت و...

لەھەر قۆناغێکی پێشکەوتن و گەشەی شارستانییەت و کۆمەڵگا دا یەکێک لەو دەرکەوت و ئامێرانە زاڵ بووە و ھاوکێشەکانی ناو کۆمەڵ و ئاراستەی مێژووی ئاژواندووە. ئاژواندنی مێژووی بە ئەستۆ بووە چوونکوو پێکھێنەری بنەمای بوون و ژیانی مرۆڤەکانی کۆمەڵ بووە، واتە لە رێگەی کۆنترۆل و دەسەڵات بە سەر ھاوکێشەی پێوەندییەکانی "بوون"ی مرۆڤەوە دەستی بە فەرمان٤١ و ھەوساری مێژوو راگەیشتووە. ھاوکێشەکانی "بوون" لە رۆژگاری کۆن دا بە ناو کۆمەڵێک شەڕوشۆڕ و ئاگر و بەرگری بۆ مانەوە و نەبوون تێپەڕیوە، ھەر بۆیەش ھەر میدیایەک فرە بۆی ئەستەم نەبوو گووران و بیچماندنی ئەم فۆرمانەی بوون و بەدەست گرتنی رایەڵی مێژوو بقۆزێتەوە. جاری وا ھەبووە ھەموو بوون و نەبوونی کۆمەڵگایەک لە سەر لەوحێکی پیرۆز کە ھێمای پێوەندی دوو جەمسەر بووە بەنێو ساڵان و سەدەکان دا تێپەڕیوە و سالاربوونی خۆی پاراستووە. بەڵام گەشە و دۆزینەوە و داھێنانەکانی مرۆڤ ھەموو ھاوکێشەکانی جیھانی کۆنی خستە بەر و ژێر پرسیارانی گەورە و رووبەرووی نەبوونی کردەوە و شەڕ و مشت و مڕ و دیالیکتیکێکی بە ناوی و لەنێوان دوو جیھان و جەمسەر "سوونەت و مۆدێڕنیتە" ھێنایە کایەوە، لەو رۆژگارەش بەم لاوە ئێمە لە جیھانێکی ئاڵوِزتری میدیایی و پێوەندی دا دەژین و میدیاکان بەشێکی ھەر گەورەی بوونی ئێمەیان گەمارۆ داوە و نەبوونیش لە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵ دایە!ھەر چەندە جیھان و ھاوکێشەکانی بەرەو پێش و گەشەوە چوون تێگەیشتن و فامی ئێمەش لەوان ئاڵۆزتر و دوورەدەست تر بوون. دیالیکتیکی بوون و نەبوونی مرۆڤ کەوتە داوی "مەودا" و خێرایی پێکھاتی میدیا جۆراوجۆرەکانەوە، بۆیەش تا ئەو کاتەی کە ھێڵە میدیاییە ئاسمانییەکان٤٢ نەھاتبوونە کایەوە، دۆخ و پێگەی میدیا لە ھەر وڵاتێکدا پەیوەستی و گرێدراوییەکی راستەوخۆ و حاشاھەڵنەگری بە ھەڵکەوتەی جوغرافی، کەلتوور، زمان و بە گشتی ئەو فۆرمە زارەکییەی "بوونی" ئەو مرۆڤانە و ئەو میتافیزیکە سەرەتایی و خورافی و دەڵەمەیەوە ھەبوو کە لەو وڵاتە دا لە ئارا دابوون. دواتر بە نیسیەتی ئەم خاڵەوە دێمە سەر ئەو فۆرمە میتافیزیکی و جوغرافی و ئیکۆلۆژیکییانەی میدیا، کە پەیوەستی دۆخی ئۆنتۆلۆژیکانەی کورد بوون و بە پێچەوانەوەش واتە دۆخی بوون و نەبوونی مرۆڤی کورد لە کردە و کارکردی ئەوان دا ھاتووچۆی دەکرد. لەو رۆژگارانەی کە ھەواڵ و زانیاری لە سەر واقیع لە رێگەی مرۆڤێک بەناوی پەیک(ھەڵبەت لە زۆر کات بە ھاوکاری چوارپێیەک بەناوی ئەسپ، قاتر، کەر یان وشتر بوو) یان لە رێگەی ھەڵو کەوی و زمان فام و ماڵی کراوە بەرزەفڕەکانەوە یان ئەوپەڕەکەی لە سۆنگەی ئاپۆرەی ناو قاوەخانەکان و رادیۆ شکاو و داشقەکەیەوە دەگەیشتنە خەڵک، واتای رووداوەکان و مانای واقیعی شتەکان دیار و روون بوون. رووداوی رەش لە سپی بە چەند خولەک ھەڵاوێرد دەکرا، حاکمی چاک لە خراپ ھەر بەم شێوەیە و ... ھەواڵی شووم و دێزیش لە ھەواڵی چاورۆشن کەرانە و مژدەبەخشانە جوداواز بوو... لە ھەموو ئەم پەیوەستییە میدیاییە دا واقیع یان راستترە بڵێم حەقیقەت روون و دیار بوو، تەنانەت لەوەش بەولاوەتر بوو واتە حەقیقەت بریسکەی دەھات و دەدرەوشایەوە. بەشێکی سەرەکی لە بنەما و ماھییەتی ئەم پێوەندییە گرێدراوی ئەو تایبەتمەندییە ئۆنتۆلۆژییەی ناخی خودی کۆمەڵگاکە بوو کە تێیدا حەقیقەت بە واقیعێکی بەرھەست و روون چاوی لێدەکرا و ھەر بەوەشەوە دەژیان. ھیچ میدیایەکی زەمینی نەیدەتوانی ئەو پێودانگ و پێوانە تۆکمە و ئاسمانییە کە لە درێژایی زەمان دا بە باوەڕ بە ئەزموونە داکۆکیکارانەکان چەسپاندن و سەپاندنی وەکوو باوەڕێکی ھەتاھەتایی و نەگۆڕ جێی خۆش کردبوو، بلەقێنێت. ئەوە دواتر میدیا ئاسمانییەکان بوون کە ئەم ھاوکێشە و فۆرمە تەکووز و رێک و پێکەیان لە خشتە برد و حەقیقەتیان لە واقیعەوە بەرەو سێبەرە ناکۆتا و زۆروزەبەند و تێکەڵ پێکەڵەکانی واقیع برد! و پیشانی دا کە تارمایی حەقیقەت ئەو خواستە وجوودییە بووە کە کەم کەسێک دەیوێرا ئاوارە و عەوداڵی ناسین و کەشفی بێت! ئەگەر میدیا لەو وڵاتانە دا کە ئاخێزگە و سەرچاوەی داھاتنی بوون بە شۆڕشێک لەقەڵەم دەدرا، ئاخۆ میدیا لەم وڵاتانە دا کە لەسەرەتا دا تەنھا و تەنھا شەپۆل و سیگناڵەکانی میدیایان بەردەکەوت و ئاخێزگەی خۆیان نەبوو چەند شێواز و فۆرمی لە شۆڕش و رابوون بەرەو روو دەکرایەوە؟ ئەو سیگناڵانەی میدیا بۆ ئەم وڵاتانە سەرەڕای شکاندنی باوەڕی باوی شێوازەکانی پێوەندی و کۆمینیکاشێن(communication)، بەرەبەرە دژوازی و لێکدژی خۆیان و ئەکتەرانی بوێژ یان بکەری ناوی میدیاشیان بۆ دەرکەوت، لەھەمبەر تەوژمێک لە باوەڕی دژ بە باوەڕەکانیان دانیشتن و چاوفڕاو و زەین دۆڕاو بوون. ئەمانە باس و بابەتانێکن کە ھەم لە رووی گشتییەتەوە و ھەم لە باری وردبینانە بینی و پاژخوازییەوە جێگەی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی گەلێک بەرفرەن و من تا ئەوەی بشێت مەبەستم ھەوڵ بۆ دەرخستنی خاڵە گشتییە پاژتەوەرەکانی میدیایە.

گێڕانەوەیەکی دراماتیکی بۆ ململانێ ئۆنتۆلۆژییەکان لە پانتای میدیا ئاسمانی و زەمینییەکان

"ناھاوسەنگی ھەستەوەری و بیرەوەری لە فیلمی ھاوسەنگی و میدیا شاراوە و ئاشکراکانی ناوەوەی"

ناوی فیلم: ھاوسەنگی(یان "راھیبەکانی گراماتۆن")٤٣

دەرھێنەر: کێرت ڤیمەر

بە ھاوکاری برایانی وایچۆفسکی(ئەندی و لەری وایچۆفسکی)٤٤

ساڵی درووست کردن: ٢٠٠٢

ئەم فیلمە کە ھێما٤٥ و نیشانە میدیایی و بەدواداھات و کاریگەرییە میدیاییەکانی دەگێڕمەوە، لە سەر بنەمای گێڕانەوەیەکی ئایندەبینانە(Futurology)  و پێشبینی تەوەرانە درووست کراوە، مەبەستێتی بەدواداھات و کاریگەرییە نەرێنی و کوشندەکانی زاڵێتی و سالاریی میدیا و بەتایبەتی تەلەڤیزیۆن لە داھاتووی مرۆڤ دا بگێڕێتەوە. پێم وایە مەبەست لە ھەڵبژاردنی تی ڤی وەکوو چەق و ناوەندی ئەم زاڵێتییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاریگەرییە بەھێزەی تی ڤی کە وەکوو میدیایەکی بینراوی-بیسراوی لە چاو فۆرم و شێوازەکانی تری میدیاوە. لێکۆڵەران و زانستمەندان پێیان وایە کە ٨٠لە١٠٠ی مەعریفە و زانیاری مرۆڤ لە رێگەی چاو و گوێچکەوەیەتی٤٦، بۆیەش سالاران و ئەکتەرانی پشت تی ڤی، تی ڤییان بۆ ئەو پێوەندییە ھەڵبژاردووە. سەرەڕای ئەوەی میدیا وەکوو بنەمای بەڕێوەبردن و بەرێکخراوەکردنی کۆمەڵگا و ھەروەھا جیھانبینی بوون ناسانە و مرۆڤ تەوەرانە لە ناو فیلمەکە پیشان دەدرێت بەڵکوو میدیا لێرەدا تەلەڤیزیۆن ئەو تریبۆنە خیتابی و ئامێرەی کۆنترۆل و مێشک زاخاو دانەیشە کە راستەوخۆ و لەئاستێکی ژمارەیی واڵا و بەرین ناو شەقام و کۆڵان و پەناو پەسیوەکانی شاری داگیر کردووە و ھەموو سات و کات(جگە لە ساتگەلێکی کورتی نیوەشەوان نەبێت!) مانیفیست و خیتابی خۆی لە رێگەی روخسارێکی پڕھەیبەت و تووڕە و باوەڕدار دەچڕێت و خەڵکی پێ رادەھێنن. ئەمە زەقترین ئامێری میدیایی نێو فیلمەکەیە، بەڵام کۆیەکی بەرین لە ئامرازی میدیایی و ھەروەھا میکانیزمە میدیاییەکان لەم "شاری خەون"ە دا رۆڵ دەگێڕن کە لە درێژە دا دەپەرژێمە سەری.

خوێندنەوەی فیلمەکە

بارودۆخ و شوێنگە(Location) ی فیلمەکە ئاماژە بۆ رۆژگار و سەردەمێکە کە مرۆڤ گەیشتۆتە ئەوپەڕی پێشکەوتوویی و یەکسانی کۆمەڵایەتی و حەقیقەتێکی رەھا و راستەقینە، کە بکەرانی ناو ئەو وڵاتە لە رێگەیەوە کۆمەڵگەیەکی ئایدیال و یۆتۆپییایەکیان پێ سازاندووە؛ شاری خەونەکان ھەر ئەو شوێنەیە کە ئەم وڵاتە(وەکوو ھێمایەک بۆ کۆی وڵاتان و ھەموو مرۆڤایەتی) تێیدا مسۆگەر بووە و نیشتەجێیە، ھەڵبەت خاڵی ھەرە گرینگ لێرەدایە کە ئەم یۆتۆپیایە پاش روودانی جەنگی جیھانیی سێھەم ھاتۆتە ئاراوە و دەژی. ئەمە وێنە و وێنا یەکەمەکانی دەسپێکی فیلمەکەیە، ھەر ئانوسات پاش دەسپێکی فیلمەکە ئەو بە ناو تیرۆریستانە! پیشان دەدرێن کە بە چەکە کلاسیکییەکانیان واتە کلاشینگکۆفەوە ھێرچەکانیان دەست پێ کردووە، بەڵام دواتر دەردەکەوێت بەرگری بووە! وێنەیەکی دژواز و پارادۆکسییانەی تایبەتە ئەو ھەموو پێک دادان و تەقە و شەڕوشۆڕە لە تەنیشت تابلۆی مۆنالیزا و بەرھەمەکانی موتزارت و بێتۆڤێن دا سەلمێنەری ئامادەگی دۆخێکی بوون ناسانەیە کە جەمسەرەکان ھەر کام بە گوتار و چەمک و چەکی خۆیەوە ھاتۆتە گۆڕەپانەکەوە. ئەم تیرۆریستانە! گرووپ و دەستەگەلێکی ژێر زەمینی بوون کە دواتر دەردەکەوێت کە ئەوان شەڕیان بۆ "خود"ێکی جەستەیی و ئامانجگەلێکی کۆنکرێت و مەبەست دار و بەرچاو نییە بەڵکوو ئەوان بۆ ئایدیا و وێنایەک دەجەنگن، نا بەرگری لە وێنایەک دەکەن وەکوو ئازادی، عەشقی زەوینی، سیکسێک "کە ھەر وەکوو لە درێژەدا بۆمان دەردەکەوێت دوا نیشانەی واڵای مرۆڤ بوون و بەئینسان مانەوەیە"، ئەمە ماھییەتی ئەو گرووپانە بوون کە ئامادەگییان بوو بۆ بوونی خۆیان بچنە گەرووی نەبوونەوە. لەملاشەوە پاسەوانان و بکەرانی بنکەی ئاسایشی وڵات خەمڵێنرا و پۆشراو بە عەباگەلێکی دینی دیجیتاڵین٤٧، و ھەڵس و کەوت و دانوستانیان حیکایەت لەوە دەکات کە زۆربە و زۆرینەی میتافیزیکەکانی جیھانیان لەیەک داوە و بەبەری خۆیان دا کردووە، ئەمەش لەسەرتاوە بۆ ئێمەی بینەر یان خوێنەر مەزەندە و شیمانەبوونی ئەوەی کە بەراستی ئەمە شاری خەونەکانی مرۆڤ و بەھەشتی سەرزەوییە زەق و زۆپ دەکاتەوە. تەنانەت ھێشتاش بۆ پاراستنی ئەم یۆتۆپیایە شەڕ و ململانێگەلێک لە ئارا دا ھەیە و راھیبە دیجیتاڵییەکان٤٨ لەگەڵ ئەو گرووپە ژێرزەمینی و نھێنییانەدا دەجەنگن کە ھەوڵیان رووشاندن و تێکدانی یاسا و رێساکانی ئەم شاری خەونەیە! ئەم دۆخە خەونئامێز و ئایدیالییە لەرێگەی چەند کەڵەئامێرەوە ھاتۆتە ڤەدیھاتن و ھەر لەرێگەی ئەوانەشەوە کۆنترۆڵ دەکرێت، گرینگترینیان بریتین لە:١- میکانیزمێکی پزیشکی:دەرمانێک بەناوی "پرۆزیم" کە لە رێگەی دەرزییەوە مرۆڤەکان لە خۆیانی دەدەن، تایبەتمەندی ئەم دەرمانە کوشتن و پووچەڵ کردنەوەی ھەست و ھەستەوەری مرۆڤ و خستنەگەڕی وزەی عەقڵانی و ئاوەز تا شوێنێک کە ئیدی مرۆڤەکان لە بچووکترین ھەستیش بێبەری دەبن و وەکوو رۆبۆت یان ماشینێکی ھۆشمەندیان لێدێت. بەڕێوەبەرانی ئەم کۆمەڵگا یۆتۆپیاییە پێیان وایە ئەوەی کە دەبیێتە ھۆی دواکەوتوویی، نابوودی و قڕکردنی مرۆڤ ھەست و سۆزەکانێتی و ئێمە بە لەناو بردنی ئەم تایبەتمەندییانە لە ھەناو و جەوھەری مرۆڤ دا ئێدی تووشی شەڕ و ئاژاوە و گێرمە و کێشەگەلێک نابین کە مرۆڤ خۆی بەدی ھێنەرێتی. ئەم تێڕوانینەی بەڕێوەبەران و رێبەرانی وڵات تا شوێنێکە کە خوێندنی کتێبی مۆسیقایی و ئەدەبیش بە تاوان و تابۆ دەزانن و ھەموو دیاردە و ئامێرێک کە پەیوەست و گرێدراوی ھەست و سۆزی مرۆییە لەوانە مۆسیقا، ھونەرەجۆراوجۆرەکان (نیگارکێشی، شانۆ، سینەما و...) و ئەدەب بەگشتی وھتد دەبێ لەناو بچن و ھەرکەسێک ببینرێتەوە کە لەو ئامێرانە کەڵکی وەرگرتبێت تاوانبارە و سزای ئیعدامی بەسەر دا دەسەپێت، واتە ئەوەی کە ھەست بکات لەناو دەچێت!بۆیە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە ئەو عەقڵ و ھزر و دژەھەستەی کە لەم سیستەمە دا بانگەشەی بۆ دەکرێت عەقڵێکی کۆنزەرڤاتیز و لەوەش دواکەوتووتر واتە عەقڵێکی فەندەمێنتاڵ و پاشکەوتووە. عەقڵ لێرەدا بێ بەرییە لە بچووکترن توانست و وزەی ھێزەکی رەخنەگرانە و ئەوەی ھەیە ئایدۆلۆژییەکی ئارایشت کراو بە کۆمەڵێک چەمک و ھوتاف و دروشمە نەک عەقڵێکی رزگارکەر و ھیگل واتەنی رۆحی رەھا!٢ - میدیا: ھەموو ئەو یاسا و رێسا و مانیفێستانەی کە وڵاتی پێوە بەڕێوە دەبرێت لە رێگەی تەلەڤیزیۆن و رادیۆگەلێکی زۆر و زەبەندەوە کە لە ھەموو جێگایەکی ناو شار و کۆڵان و شەقام و تەنانەت لەناو ماڵ و ژوورەکانیش دانراون، جاڕ دەدرێت و رۆژانە و شەوانە دەوترێت و دەچڕدرێتەوە و بەگوێی ئەم ھەموو ماشێنە ھۆشمەندەی شاری دا دەدەن. ئەم دوو ئامێرە کاریگەری و پێگەی یەکتری لەوکۆمەڵگایە و بۆ رۆبۆتە ھۆشمەندە بێ ھەستەکان تەواو دەکەن. پریزۆم لە رێگەی کوشتنی ھەست و سۆزەوە سیستەمێکی وەرگری و فێربوونی رەق و وشکی ھزری و لەھەمان کاتدا ئایدۆلۆژیکی بۆ مرۆڤانی وڵات مسۆگەر دەکات. لێرەش دا وەکوو ھەر وڵاتێک دەسەڵات شێوازێکی ئیریستۆکراتانە و پلەپلەییانەی ھەیە. بەشی بەھێز و ژیانەکی دەسەڵات ئەو گرووپە راھیبانە دەوڵەتییەن کە عەوداڵی دۆزینەوە و لەناوبردنی ھەستەوەران٤٩ و ئەو ئامێرە سەرکی و ئامیانانە (ھەنەر، ئەدەب، فەلسەفە، "خەیاڵ"...)ن  کە ئاخێزگەکەیان ھەست و سۆزە لەوانەش تابلۆی مۆنالیزا! پاڵەوانی چیرۆکی فیلمەکە کەسایەتییەکی بەرواڵەت تەواو و پێگەیشتوو بە ناوی پریستۆنە. پریستۆن وەکوو راھیبی گەورە و سەرۆکی راھیبەکان لە پێشەوەی راپەڕاندن و جێ بەجێکردنی ئەم ئەرکەیە و وەکوو کاراکتەر لە درێژە و چەقی گرێچنیی٥٠ فیلمەکە دا رۆل و پێگەیەکی دژواز بە خۆ دەگرێت.پریستۆن لێرەدا ھەم وەکوو پاڵەوان و ھەمیش دژەپاڵەوان رۆڵ دەگێڕێت، ئەو پێشتر ھاوسەرەکەی خۆی بە ھۆی بەھادان بە ھەست و سۆزەوە لەسێ دارە دابوو و ئێستە لەگەڵ کوڕێکی گچکەی خۆی و لە ماڵێکی گەورە دا ژیان دەباتە سەر. جێگەی ئاماژەیە کە ھەر ئەندامێک لەم کۆمەڵگایە کە لە تەنگژە و دووفاقیی ئەو دوو کەڵەئامێرەدا واتە پریزۆم و میدیا، کە لەسەرەوە باسم کرد گیری خوارد بێت، بە شێوەیەکی پراکتیکی فەرمانبەر و جێ بەجێکاری سیستەمی بەڕێوەبەری کۆمەڵگایە. واتە ئەگەر پریستۆن شتێک بەکوڕەکەی بڵێت کە ھەڵگری سۆز و خۆشەویستی و ھەست بێت کوڕەکەی راپۆرتی دەدات بە لێژنەی ئەمنیی وڵات! بەم شێوازە ھەر ئەندامێک دەتوانێت رۆڵ و پێگەی پەیک، تەتەر، سیخوڕ، گەیەنەر و ئانتێن و بەدەربڕینێکی ئایدۆمییانە "کۆلەَکەی پێنجەم"٥١ واتە میدیایەکی ھۆشمەند بەڵام بێ ھەست و ئاوەز و ھاوکات سامناک و مرۆڤ کوژ، بگێڕێت، لێرەدا بۆمان دەردەکوێت کە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی تاسەر ئێسقان میدیازەدەی تۆتالیتەر دا بەرەوڕووین. کە بیرۆکە و ئایدیای ئایدۆلۆژیکی تۆتالتاریسم وەکوو دوا بەری پێشکەوتوو و گەشەکردووی سیستەمی کۆنی دیسپۆتیزم لە لایەک و وزە و توانستی ئەفسوونکارانە و تەقدیسکەری میدیاش لە لایەکی دیکە ئەم سەر و ئەوسەری پێکھاتەی داخراوی کۆمەڵگا دەستەبەر دەکەن! لەم کۆمەڵگایە دا میدیا بەتەواوەتی دەوروخولی ھاووڵاتیانی داوە و لە گێژەن و گەرداوی ئایدۆلۆژی دا کۆیلەی کردوون. ھەموو ئەم میدیا ھۆشمەندانە لە تایبەتمەندییە مرۆییەکانیان داتەکاون و رۆڵی راگەیەنەر و سیخوڕ وەردەگرن، پێکھاتی ئەم کۆمەڵگایە وەھایە کە تاق بە تاقی تاکەکان ئەرکیان پاسەوانی و چاوەدێری لە کەسی بەرامبەر یا تەنیشتی خۆی بێت تاوەکوو کۆمەڵ لە خشتەی خۆی نەترازێت و بەرەو لێواری داڕمان نەچێت، کۆی ئەم کۆمەڵگایە بە ئەرکە میدیایی و تەتەرییەکان، تان و پۆکەی چنراوە! ھەر تاکێک لەم پێکھاتەیە دا ھەموو بەیانی و بێداربوونەوەیەک پێش لەوەی رۆژ و زەمانی کاریی خۆی دەست پێ بکات، دەبێت لە دوو ژەم لەو دەرمانەی کە بەدەرزی پێیان دەدرێت، ژەمی یەکەمی پریزیۆم لە خۆی بدات، رۆژێک لە رۆژان کە پریستۆن  لەگەڵ سپێدە بێدار دەبێت! واتە لە خەو دەڵدەستێت و دەیەوێت بڕوات بۆ سەر ئیش، ژەمی سبەینێی لەسەر مێزەکە دەکەوێت و شووشەکەی دەشکێت، بەزوویی کۆی دەکاتەوە و فڕێی دەداتە زبڵدانەکەوە، چەند چرکەیەک تێناپەڕێت کە کوڕە تاقانەکەی دێت و دەڵێت ژەمی دەرمانەکەت لە خۆت دا؟ ئەویش بە ھەر کڵۆجێک بووە لەوە تێی دەگەیەنێت کە دەرمانەکەی دەکار کردووە و کێشەیەک نییە. ئەو رۆژە ئیدی لە رۆژانی باو و ھەمیشەی پریستۆن نییە بەڵکوو رۆژێکە کە "ھەست دەکات" و دەتوانێت ھەست بکات! ھەست دەکات کە ھەست دەکات! دەنگ و زایەڵەی میدیا و تەلەڤزیۆنەکانی ناو شەقام بە گوێی دا دەپەستێت کە پریزیۆم تان لە بیر نەچێت، ئەم دەرمانە رزگاریکەری ئێمەیە لە دڕندەیی و شەڕ و تاریکاییەک کە لەناخی مرۆڤ و ھەستەوەری دا خەوتووە! ئەو بەکەنار مرۆڤگەلێکی بێ ھەست و ماشێنی دا دەبوورێت و لە یەک ساتدا دڵی بۆ مرۆڤایەتی و لەسەرووشەوە بۆ خۆی بەلەرزە دەکەوێت، زۆربەی رۆژ و ئەو رۆژەی ئیشەکەی ئەو یەکێک لەو رۆژانەیە کە تاقمێکیان لەو گرووپە ھەست و سۆزدارەی کە داکۆکی لە عەشق، سۆز، پێکەنین، بۆن و بەرامە(جا چ بۆنی خۆش و عەتراوی بێت یان ناخۆش و گواوی!بێت، لەوێندەرێ نەفس و کرۆکی بۆن گرینگە، لەوانەیە لە ئاوەھا دۆخ و حاڵەتانێک دا بۆنی گوو خۆشترین و رزگارکەرترین ئەزموون بێت لە ژیان و بۆ بوون! لەچاو نەبوون و بوونێکی نەبووگ کراو دا!) گریان، کتێب، ھونەر، مۆسیقا، مۆنالیزا و... دەکەن، گرتووە کە زۆربەیان کوژراون و ھەندێکیان ھەڵاتوون و ژنێک، "نەک خاتوونێکی لێوسووری شەھوەت بزوێن!" گیراوە و دەست بەسەر ماڵ و حاڵ و کەلوپەلەکەیشی دا دەگیرێت و دەست بەسەر(وژێر!یشی دا دەگیرێت، چوونکوو تایبەتمەندی جەوھەری ئەو سیستەمە دەست گرتن بە سەر "سەر و ژێر و عەرد و ئاسمان" دایە) ژنەکە!بەزیندوویی ماوەتەوە، ئەو رۆژە پریستۆن بە ھاوکارەکەی خۆی دەڵێت: باشتر نییە پێش لەوەی بیکوژین، بیخەینە ژێر ڤەپرسینەوە٥٢ بۆ ئەوەی شوێنی ھاوڕێیانیمان پێ بڵێت؟ ورتە و سرتەی تەلەڤیزیۆن بەردەوامە کە: سامناکترین و مەترسی دارترین شت بۆ ئێمە و کۆمەڵمان ئەوەیە کە ھەست پێ بکەین، ئەوەیە کە بە ھەست کردن دەسەڵاتی لەرادەبەدەر و تاقانە و خودائاسایانەی عەقڵ شل و شۆڵ و فشۆک٥٣ بکەین! پریستۆن ژنە دەباتە ژووری ڤەپرسین، ئەگەرچی دەسەڵاتی میدیاش لەوێدا ھەر ئامادەیە و زاڵە بەڵام پریستۆن وا دەنوێنێت کە ئەو ھەر ھەمان بوونەوەرە کە پێشتر بووە واتە بە بێ ھەست و سۆز و پڕچەک بەعەقڵ و باوەڕ! ژنە ناوی مارییە. بە سیما و روخسارێکی ئارایشت کراو و مەکیاجێکی تۆخەوە لە سەر کورسی ژووری ڤەپرسین دانیشتووە و نیگاکانی پڕلەھەست و سۆز و واتا بە ھەموو لایەک دەگەڕێنێت. پریستۆن نایەتەوە یادی کە روخساری وەھا بزوێنەر و ختووکەدەری دیبێت، ختووکەیەک کە شەھوەت و حەزە ژێرەوانکێ و سیکسی و سۆزاوییەکانی دەڕاسێنێت و قیت و قۆتیان دەکات، بەڵام پریستۆن ھێشتا ھەر خۆڕاگرە، چوونکوو زایەڵەی میدیاکەی لە گوێ دایە کە دەڵی: بەپارێز بین لە عەشق و بەزەیی و سۆز، دوژمنی شارستانییەت و مرۆڤن! ماری لە سەرەتاوە پێی دەڵێ: بوارم بدە پرسیارێکت لێ بکەم، بۆچی دەژیت؟ پریستۆن دەڵێ: دەژیم بۆ ئەوەی کە بژیم ...خودی ئەم رستەیە ھەڵگری لایەنی رەق و وشکی دژە ھەست و عەقڵ تەوەری پریستۆنە، واتە لە راستیدا پریستۆن وەڵامی پرسیارەکە ناداتەوە، نەک لە بەر ئەوەی کە وەڵامەکەی نەزانێت بەڵکوو ھەر لە بنەوەڕا لە پرسیارەکە تێ نەگەیشتووە واتە ناتوانێت تێ بگات چوونکوو سەرەتاییترین و بنەمایی ترین ئامێری فامکردن و تێگەیشتن(واتە ھەست و سۆز بە واتا یۆنگییەکەی٥٤)ی لەیاد چۆتەوە و نازانێت گرینگی ئەو پرسیارە بۆ بوون و ژیانی چەندەیە، ئەمەش ھۆکارەکەی روونە، ئەو لە ناو گێژەنی میدیا دا نغرۆ بووە و خەرکی وەکوو گرێگوار سامسا بتوێتەوە و شێوەی بگۆڕێتە سەر دەعجانی و سەیروسەمەرەیەکی مۆدێڕنیزم و شۆڕشە میدیاییەکانی بەڵام گوت و بێژی ئەم دووە دەچێتە پێش تاکوو شوێنێک کە ماری پێی دەڵێ: دەستەکانت بدەمن، و بەھێواشی دەستە ناسکەکەی بەو نینۆکە سوورە حەزبزوێنەی لە دەستی پریستۆن نێزیک دەخاتەوە و لە پڕێکدا و لەچرکەساتێک دا بە ھێواشی دەستەکانی دەگرێت و دەڵێت: تۆ تا ئێستە عاشق بوویت؟ دەزانی خۆشەویستی چییە؟ تەنھا ئەم پرسیارە کە ھاوڕێیە لە گەڵ چەند وێنەی سۆزئامێز و ھاوکاتیشە لەگەڵ دەسپێکی گەڕانەوەی ھەستەوەری بۆ وجوودی پریستۆن بە ھۆی بەرخۆری٥٥ نەکردنی دەرمانی پریزیۆم، بەس بوو بۆ ئەوەی پریستۆن شۆڕشە دژە میدیاییەکەی خۆی دەست پێ بکات، پریستۆن بە ھەست کردنەکانییەوە مەعریفەیەک لەو کۆمەڵگا و دیاردە و جیھانەوە وەردەگرێت کە زۆربەی ئەو کۆمەڵە نییانە و رەنگە ھەر لە بیریشیان نەما بێت کە رۆژگارێک شادی و پێکەنین یان خەم و گریان ھەبووە و مرۆڤ پێیان واڵا بووە و گەشاوەتەوە. پریستۆن لەگەڵ "ژن"ەکە دا دەگاتە مەعریفە و ئاگاییەکی تایبەت، و خواستی ناسینی زۆرتری ئەو چەشنە مرۆڤانەی وەکوو ("مار")ی عاشق و ھونەر دۆست و ئەدیب و شاعیر لە لایا دەتەقێتەوە،پریستۆن زۆر زیرەکانە بە بەڕێوەبەران و ھەندێک لە فەرمانبەرانی سەرەوە دەگەیەنێت کە من مەبەستمە ھەوو گرووپە ژێرزەمینییەکان لە ناو بەرم، ئەوەش بەم پیلانەوە کە من لە رۆڵی ھەڵاتوویەک دەچمە ناویانەوە و رۆڵی سیخوڕێک بۆ سیستەمەکەی خۆمان دەگێڕم، بەڵام مەبەستی راستەقینەی پریستۆن ھەڵوەشانەوەی ئەم سیستەمە لە کۆت و پێوەند کردنی میدیایی و دۆزینەوەی ئەو بێژەرەیە کە لە سپێدەوە تاکوو درەنگانی شەو یاسا و رێسای نامرۆیی و دژەمرۆڤی و مانیفێستی جیھانێکی بێ ھەست لە تەلەڤیزیۆنە زۆر و زەبەندەکانی ناو شار و کۆڵان، دەچڕێتەوە، پریستۆن دوای ماوەیەک ژیان لەو ژێرزەمینانەی کە پڕن لە ھەست و سۆز و مەعریفەی ھەستەوەرانە و شھوودی، پڕن لە بێتۆڤێن و داڤینچی و موتزارت و مونالیزا و... و گەیشتن بەو راستییەی کە ئەو سیستەمە دیسپۆتیزمە میدیاییەی وڵاتەکەی مرۆڤی تا چ کەوشەن و تخووبێک بردووە و لەبوون خستوویەتی و ھاوکات پاش تێکەڵ بوون و ھاوسەنگ بوون لە گەڵ ئەو ھەستەوەرە ژێرزەمینییانە و شیکردنەوەی پیلانەکەی واتە تەشەنە و دزەکردن بۆ "ژوور"ی کۆنترۆڵ و سەرچاوەی"بڵاڤین" و دواجار رووخاندنیان، پێوەندی بە سیستەمەوە دەگرێت و پێیان دەڵێت: من دەمەوێت پیاوەی ناو میدیا یان باشتر وایە بڵێم: "پیاوەی میدیا" ببینم تاکوو ھەموو ئەم دیل و یەخسیرانەی کە کۆت و زەنجیرم کردوون بەشێوەی راستەوخۆ رادەست و تەسلیمی سەرۆکە میدیاییەکەمان بکەم، ئەگەر بواری ئەوە بەمن بدەن ھەموو ئەو کەسانەی کە لەو گرووپە ژێرزەمینییەکان دا دەژین بە رادەست بوون و کوشتنیان پووچەڵ دەبنەوە و لەناو دەچن، ئەوانیش بە پیلانێکی پێشوەخت دەیبەن تا بارەگای پیاوەی میدیا و لەوێندەری، کاتێک ھێشتا نەچوونەتە ژوورە سەرەکییەکانی ئەو بینا سامناک و پڕتوێیەی دەنگ و رەنگ و میدیاوە، ھێرشیان دەکرێتە سەر و بەھۆی وزە و ھێز و پسپۆڕییەک کە پریستۆن لە زۆرانبازی و کێبڕکێی کاتایی دا(کە وەرزشێکی کاراتەیی وڵاتانی باشووری رۆژھەڵاتی ئاسیایە)، ھەیەتی ھەموویان دەبەزێنێت و ھاوڕێ ھەستەوەرە یەخسیر نواندراوەکانی وە پێش خۆی دەدات و دەچن و دەچن تاکوو دەرگای ژووری کۆنترۆڵی تەلەڤیزیۆنی گشتی و پیاوێکی ریشووی میدیایی دەبیننەوە، بە ژوورێ دا دەچن و لەوێندەرێ تاقە پیاوێک نالەبار و ناحەز دەبینن، روخسارێک کە زۆرترین مەزەندەی گەندەڵی و پۆخڵەواتی لەسەر دەچێت، پریستۆن و ھاوڕێ ھەستدارەکانی تێدەگەن کە کابرای میدیا دەمێکە مردووە، وئەم تەلەڤزیۆنانە تەنھا دۆخێک بەرھەم دەھێننەوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکەر و بەڕێوەبەری میدیا کە حەزێکی کالیگۆلیایانە٥٦ و وشکەنیھیلیزمێک پاڵنەری کردەکانێتی، لە تەشقی حەز و خواست و شەھوەتەکانی خۆی دا بژی کە لە چەق و ناوەکی ھەموو ئەمانەش دا "ھەست" ئامادەگی ھەیە، ھەستێک کە ریشەکەی لە زەوێنێکی رزاو و پیس دا رۆ چووە و بەرێکی گەنیو و بۆگەنی گرتووە. پریستۆن و  ھاوڕێکانی بە کەشفی ئەم حەقیقەتەی کە: میدیا و پیاوەکەی ناوی شتێک جگە لە بەرھەمێکی عەقڵئامێریی مرۆڤ نەبوون، لە داوی عەقڵئامێری مرۆڤی پاش مۆدێڕن یان سەردەمی دەسەڵاتی دیجیتاڵی و ماشینە ھۆشمەندەکان قوتار دەبن، ئەگەرچی بە قوربانی کردنی گیانی خۆیان و چوونە مەیدانی شەڕێکەوە کە لە دواجار دا دەرچوونی بۆ نییە، چوونکوو ھەڵبژاردن بۆ وەھا قوربانی بوونێک لەسەر کۆڵوکەی ھەست و سۆز و خواست راوەستاوە کە بەرامبەرەکەی ئامانجی لەناوبردن و نابوود کردنی بوو! ئەوان بەم ھەڵبژاردنەش واتە قوربانی بوون لە شەڕێک دا کە ھاوسەنگی مرۆڤ واتە ھاوسەنگی نێوان عەقڵ و ھەست بپارێزێت، ھیچ "بوون"ێک لە کیس نادەن، بەڵکوو بەڵگە و پاساوێکی ئۆنتۆلۆژیک بەرھەم دەھێنن بۆ ئەو ئاراستە و کۆڵەکەیەی کە ناوی ھەستەوەری و ھەستە. لێرەدا شەھید بوون لە سەر بنەمایەکی عەقڵی و ھزریی بۆ چەسپاندن و پاراستنی "ھەست" دێتە کایەوە واتە شەھادەت بۆ ھاوسەنگی!

ھەر وەکوو لە ناوەرۆکی ئەم فیلمە دا بۆمان دەردەکەوێت، میدیا یەکێک لەو کەڵەئامێرە کوشندە و لەباربەرانە٥٧ بوو کە مرۆڤی لە چییەتی و تایبەتمەندییە سرووشتی و جەوھەرییەکانی دادەتەکاند و بەرەو ماشینیزم و رۆباتمەندیی دەیبردن، لەوێشەوە پێگەیەکی ھەواڵدەرانە و چاودێرانەی بەسەر تاکەکان دا لە گچکەوە بۆ گەورە، دادەسەپاند و "میدیایی" زەدەی دەکردن، بەچەشنێک کە ھەر کام لەو تاکانە رۆڵی میدیا واتە کامێرایەکی زیندوو و ھۆشمەندیان دەگێڕا، کوڕەکەی پریستۆن چاوەدێری باوکی خۆی دەکرد، باوکێک کە گەورەی راھیبەکانە و سەرۆکی بەشی پاراستن و ئەمنی وڵاتە! لەم رەوتە دا ماتۆڕ و بکەری پشت ھەموو ئەم دەرکەوتانە، کە بەرەو یەکانگیریی و یەکگرتوویی دەجمێن، ھێز و وزە و باوەڕێکی تەواوخواز و تۆتالیتەرە. ھێزێک کە گەیشتۆتە ئەو باوەڕەی کە حەقیقەتێکی رەھا و تەواوی ھەیە و ھیچ شتێک بۆ دوودڵی و گومان نەماوەتەوە، حەقیقەتێکی تاقانە و یەکە ھەیە کە دەشێت کۆمەڵگا بەھەر شێوەیەک بووە، لەوانەش بە میدیای دیجیتاڵ، بەرەو یەکگرتن و یەکیەتییەکی رەھا و موتڵەق ببات. وەکوو نیشانەکانی ئەم باوەڕە موتڵەق و رەھایەش دەشێت نیشانەناسی ئەو مۆرک و ھێمایە بکەین کە بەسەر عەبای راھیبەکانی گراماتۆن دا واتە ئەو راھیبانەی کە یەکەیەکی فیداییان بە رێبەرایەتی پریستۆن پێک دەھێنا، نەخش کرابوو و ھاوسەنگ و یەک ڕەنگ ھەڵکۆڵرا بوون. ئەو مۆرک و نیشانەیە خاچێکی رێک و ھاوسەنگە، واتە ھەر ھەمان خاچی عیسا مەسیح نییە کە بەشی خواروو و داوێنی خاچ درێژکۆلە بێت و بەشی سەرەوەش کورت و کەم بە ئەندازەی جێگای سەری عیسا بێت، بەڵکوو خاچێکە کە ھەموو ھێڵەکانی رێک و یەک ئەندازە و ھاوسەنگن واتە وەکوو نیشانەی زێدەکردنی ماتماتیکی لێ دێت: + . لە روانینی یۆنگەوە خاچ لە رووبەر و دنیای مرۆڤ واتە لە خەیاڵدانی دەروونی مرۆڤ دا ھێما و نیشانەی تەواوەتی و کامڵ بوون و کەماڵی ھەیە. پێکھاتی خاچ لە چوار جەمسەری بنەڕەتی پێکھاتووە، ھەر کام لەم گۆشە و جەمسەرانە بەشێوەی جیاجیا نیشانەن بۆ ھێزە لێکدژ و دژوازەکانی ناخی مرۆڤ کە کاتێک لەقەوارەی خاچێکی ئەوتۆ دا یەک دەگرن ھاوسەنگی و ھاوتەریبییەک پێک دێت کە ھێمایە بۆ کەماڵ و تەشق و لووتکەی ئەو رەوتەی کە بە بەرزەڕۆ یان ترانسێندێنتاڵ (transcendental)ناوزەد کراوە. خودی ئەم نیشانەیەش دەرخەری باوەڕی٥٨ ئەو ھێزە تۆتالیتەر و بکەرە رەھاخوازەی بەڕێوەبەری ئەم کۆمەڵگایەیە کە بە میدیا دەورە دراوە. باوەڕێک کە لە یەقین و ئیمانی لەبن نەھاتوو بەعەقڵی مۆدێڕن و دەرکەوتەکانی پێک ھاتووە. لە گۆشەنیگایەکەوە ئەم فیلمە بەگشتی رەخنەیەکی توند ئاراستەی ئەو عەقڵ و ھزرەی دەکات کە لەرێگەی کانت و رۆشەنگەری و فرانسیس بیکەن و... و لە ژێرناوی شۆڕشی کۆپەرنیکی گەشەی کردووە و مرۆڤی دابەزاندۆتە سەر ئامێرێکی تکنۆلۆژیکیانە و ماشینی و دیجیتاڵئامێزی کردووە. ئەوەی کە عەقڵانییەتی مۆدێڕن لە تەشقی خۆیدا دەگاتە بەرھەمھێنانی مرۆڤێکی ماشینی ھۆشمەند و دیجیتاڵ کە لە راپەڕاندنی ئیش و کارەکاندا وردبینییەکی لەرادەبەدەر دەخاتە روو، بەڵام ناتوانێت عاشق بێت، ناشێت بگریەت، نابێ دڵتەنگی تریفەی زیوینی مانگەشەو بێت و ناتوانێت خەم بۆ نیشتمانەکەی بخوات و ھەروەھا نابێت شەوانی خەمۆکی بیریاری و چێژی حیکمەتی شادان٥٩ فام بکات! ببوورن!ھەست پێ بکات! ھەستێک کە ئەم سیستەمە تۆتالیتارەی عەقڵی مۆدێڕن دەیکووژێت، ھەستێک کە لە روانینی یۆنگەوە بە دەربیجە و کڵاورۆژنەی مەعریفە و ناسین دانراوە، ھەموو ئەم کۆنەکراوەیی و لێکدژییە خۆی نیشانەیەکە بۆ گەیشتن بە ئاکامێکی واتایی و ھزری لە دژی ناوی فیلمەکە(ھاوسەنگی) کە ئامانجی ناوەرۆکەکەیشێتی واتە ناھاوسەنگی. ئەو دۆخەی ناکۆکی و پێک ھەڵنەپێکرانی ماشین و عەشق نیشانەی ناھاوسەنگی و ناکۆکییەکی جەوھەریە کە لە تاقانەچێتی عەقڵی ئامێرییانەی مۆدێڕنیتە و پاشەکانی دا ھەیە. کۆی ئەم دۆخەش بە بەرھەمی عەقڵی رەھاخواز و ماشینی مۆدێڕن واتە میدیا و جێگر و پاشبەندەکانی٦٠ دێنەئاراوە و کایەکە دەگەڕێنن. ھاوسەنگی ئەو قۆناغە بەرزەڕۆ و واڵافڕە نییە کە بە دەسەڵاتی جەبارییانە و چەوسێنەرانەی جەمسەرێک(عەقڵی ئامرازییانە) بەسەر جەمسەرێکی دیکە(ھەست) بسەپێنرێت و سیستەمێکی دیجیتاڵی و میدیاییانە و ھاوکات واقیعێکی دیسپۆتیزمانەش بھێنێتە کایەوە. ھاوسەنگی و ناھاوسەنگی

کۆمەڵگای کوردیی و ھاوکێشە میدییاییەکان

ئەو ھەموو رووداو و گۆڕانکاریی و ھەڵچوون و داچوونەی کە بە سەر میدیا دا داھات، بە ھۆکارانێکی زۆر و زەبەندی مێژوویی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و میتافیزیکی لە کۆمەڵگای کوردیی٦١ دا دەرکەوتە و روخسارێکی زەق و زۆپی نەبووە یان لانیکەم وزە و توانستی بەڵگاندنی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و دەقێتیمان لە ئاستێکی نادیار و نائازاد دایە. ھەر چەندە بەشێکی ئەو گێڕانەوەیەی سەرەوە لە گشتەکی بوون و ئەزموونێکی کۆییی مرۆییەوە دەدوێت کە بە دڵنییاییەوە مانا و مەدلوولەکانی کۆمەڵگای کوردیی و بوونەوەری کوردیش لە خۆ دەگرێت، بەڵام کۆمەڵگای کوردی بە ھۆی لێڵایی و نادیارییەک کە بە سەر مێژووی گەشە و پێشڤەچوونی دا ھەبووە و ھەیە لە بەدەستەوە دانی گێڕانەوەیەکی ورد و پاژتەوەر تووشی نسکۆ و سەرەنگرێمان دەکات. ھەر چەندە ئەوەی لە لای من مەبەستە وەکوو گێڕانەوەیەکی کەونینە لە سۆنگەی بوونناسانەوە و لەژێرتیشکی ھاوکێشە میدیاییەکان بناسرێت، دەشێت "مەودا" و رووبەرێکی بڵاو و بەرین و واڵا لەخۆ بگرێ و دەبێت ئیشی چەندەھا پرۆژە و لێکۆڵینەوەی زانستی بێت و ھەروەھا تۆژینەوە ئارکیۆلۆژییەکان و تەنانەت جێنۆلۆژی و کەونینەناسی بوونی مرۆڤی کوردیش لە خۆ بگرێت، بۆیە لێرەدا من ھەوڵم ئەوەیە کە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە بەم لاوە و لەسۆنگەی ئەو بڵاڤۆکانەی کە زۆرتر لە قەوارەی رۆژنامە، حەوتەنامە، رادیۆ، کامێرای کۆداکی فەوری، کامێرای ڤیدیۆ و لەدواجار دا تەلەڤیزیۆن و ئەنتەرنێت دەرکەوتن، تیشکێک بخەمە سەر خۆگرتن و پێکھاتنیان و ھەروەھا رۆڵیان لە گۆڕاندنی فۆرم و ھاوکێشە کۆمەڵایەتییەکان و شکاندنی بڤە و ئەرزی پیرۆز و حەرام بگێڕمەوە. کۆی ئەو ئامرازانە کە ناوم بردن لەرەوتێکی ھێڵییانەی مێژوویی بەرەو گەشەسەندن و گەشەدرووست کردن و گۆڕاندن رۆشتن. دوو کاریگەری ھەرە گرینگ کە میدیا کۆیی و مۆدێڕنەکان لە سەر رووبەری بوونی "کوردیی" دا بەجێیان ھێشتووە:١- پیرۆزاندنی لایەنێک و شکاندنی لایەن و جەمسەرێکی دیکە، و ئەم رووداوە کە دەرکەوتن و کارکردی لە دوو دیوی دراوێک دەچێت کە کاریگەری لە سەر کۆمەڵگای کوردی و بەتایبەتی تاکی کورد بەخەستی داناوە و ئەم کاریگەرییەی دۆخی یەکەم رێگە خۆشکەر بووە بۆ کاریگەری دووھەم:٢- لە گوندەکی و خێڵەکی دەرکردنی ناوماڵ و کەش و ھەوای کوردیی کە خۆی دوو بەرھەم و بەری دژبەیەکی لێ بۆتەوە: ئەلف: واڵاکردن و فڕاندنی زەینی تاکی نێو ھەناو و کۆی کوردیی بەرەو ھەرێمێکی گشتەکی و جیھانگیر کە رووبەرەکەی ھزر و ئەزموون و بوونی مرۆڤایەتی بێت و ئەو قەڵەم و بزاوتە جۆراوجۆرە ھزری و سیاسی و رۆشنبیرییەی کە لە سەدەی بیستەمەوە بەزەقی دەرکەوتن ئاماژەیەکن بەمە و ب: ئەو کۆیلەیەتییە میدیایی و دیجیتاڵییەی کە تاکان و کۆمەڵی کوردی بەرەو ئایدۆلۆگ بوون و حزبایەتی و حزبۆکەیەتی برد و وزە و توانستە ھێزەکی و کردەکییەکانی بەرھەمی "ئەلف"ی خەساند و لە باتی تاکی ئازاد کە جەوھەری ھزری ئافرێنەری میدیایە، تاکێکی نغرۆ لە بەرخۆری حیزبی و دەستەکی درووست کرد و جەمسەرێکی چارەنووسساز لە پێشکەوتنێکی ھاوئاھەنگ و ھاوسەنگی بە ناوی ھێزی مرۆیی تووشی کۆیلەیەتی و خەسان و داڕزان کرد، کە لێرەش دیسان کارکرد و کاریگەری دووفاقانە و دژوازی میدیامان لە ناو کورد دا بۆ دەردەکەوێت. میدیا لەسەرەتا دا ھات و ھەوڵی ئەوە بوو مرۆڤ ئازاد بکات کە مرۆڤی کورد بەشێک لەو ئازادییەی ئەزموو، بەھۆی گچکاندن و بەکۆیلەبووگییەک کە لە ژێر چنگی داگیرکەر پێی گۆش کرا بوو حەز و تاسووقی دەسەڵاتی گچکەکەر و کۆیلەکەری تێدا بزوا بەڵام لە قەوارەیەکیتر و بە ئاراستەی کۆیلاندن و خەساندنی خۆی! ھەم وەکوو ھێزێکی پڕ لەشیمانە و ئەگەری واڵایی، "خود"ی لە باوەڕ بەو کۆیلاندنە خەساند و ھەم "خود"ی کۆیی دەکاتە دەستمایە و بەردەستی ئەو خەساندن و داڕزانە و بەکۆیلەکردنە و لێرەدا دوو جار "کۆیلەباریی٦٢" دەپێکێت!و پێک دێـت.جارێکیان باوەڕ و قەناعەتی خۆی بۆ سیستەمی کۆیلەیەتی کە "خود"ێکی تێدا سەردار و ئاغا بێت، و جاریتر قەناعەت و چێژی بۆ "خود"ێکی کە تێیدا کۆیلە و رەعییەت بێت لە ھەمبەر ئەویدی دا، کە بە کۆ و گشتی ھەمان سیستەمی دیسپۆتیزم واتە سەردار و کۆیلەیە کە پێش لە ھەبوونی تیۆریزەکراو و نوێباوی میدیا، دەسەڵات دار و حاکم بووە و میدیا ھات و لایەنانێکی لێ رووشاند و پاش گەشەی میدیایی دیسان ھێز و وزەی گرتەوە.  ھەر بەم فۆرم و ئاراستەیەش دەشێت باسی پیرۆزاندن و شکاندن بکەین! کە لە درێژە دا ئەم دۆخ و کردە دژوازە شی دەکەمەوە.

یەکەمین رۆژنامەی کوردی و یەکەمین پەیام(Message) ی ھەناسەسوار

وشەی(press)لە زمانی ئینگلیزی دا بەواتای بڵاڤۆک و ئەو ھەوڵە بڵاڤۆکانە و میدیاییەیە کە "زەخت" و "گوشار" دەخاتە سەر دەسەڵات و پێمل و ملکەچی خواستە ئازادەکانی تاک و کۆمەڵی دەکات، ئەمە سەرەڕای ئەوەشە کە بە شێوەی سەربەخۆ ئەم وشەیە واتای زەخت و گوشار دەدات و ئەمەش پێناسەکەری ئەرکێکی رەخنەگرانەی پیرۆزسڕاندن و قودسی شکێنییە کە بە سەر فۆرم و لاختی وشەکە دووراو و بڕاوە. بڵاڤۆک و "رۆژنامەی" کوردی ئەوەندە نییە ئەم واتایەی لە خۆ گرتووە. ئەگەر لە رۆژان و شەوانی! شاخ و ژیانی پێشمەرگایەتی رۆژنامە، شەونامە، ئیزگەی رادیۆیی و... بە خەستی لە ئیش و سووڕ دا بوون، ئەوا بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی سیستەمێکی دیکتاتۆر بووە کە "خود"یی نەبووە و لە پێش ھەر ئاوەڵناوێک دا وشەی "داگیرکەر"ی بەسەر دا ساغ دەبۆوە، بۆیە ئەو قۆناغ و سەردەمە لای من واتای "زەخت" و گوشارێک بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی تاک و رۆنانی کۆڵەکەی چوارەمی دیمۆکراسی کە ئامانجی بڵاڤۆکەکانە لێک نادرێتەوە، بەڵکوو تەنھا و تەنھا بۆ مانەوە و فەنانەبوون دەبزووتن. ئەوە دوای درووست بوونی سیستەمێکی نیوەخۆبژێو و ئۆتۆنۆم بوو کە بڵاڤۆک و میدیای کوردی چەقی کایە ھزری و سیاسی و تەنانەت ئەدەبییەکەی گۆڕدراو و ھەڵگری "خود" و فاق و لقە جۆربەجۆرەکانی بوو. بەڵام واتای راستەقینەی میدیا وەکوو ئەوەی رۆژگاری ھاوچەرخ و لە فەلسەفەی لیبراڵ- دیموکراسی دا پێناسەی دەکرێت و وەکوو ھێما و نیشانەیەکی جەوھەری ئازاد و دەرەوازیی٦٣ مرۆڤ رۆدەنرێت و بەکۆڵەکەی چوارەمی دیمۆکراسیش ناوەزەد کراوە بە دوای زەمەنێک لە گەشە و نەشە و ھەڵکەوت و داکەوتی ئەم سیستەمە داڵۆسکە٦٤ یەی کوردیی واتە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەک واتە ساڵی ٢٠٠٠بەم لاوە بوو. واتە ئەو قۆناغەی کە میدیا و رۆژنامەی کوردی لەھەمبەر سیستەم و چەقی دەسەڵاتێکی خۆیی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی تاک و کۆ زەخت و گوشار درووست دەکەن. چارەنووسی رۆژنامەی کوردی تا گەیشتن بەم قۆناغە وەکوو زۆر رەھەندی مێژوویی کورد لە چیرۆکێک دەچێت کە سەرەتا و کۆتایی دیارە و ئەوەیش وا بە زەقی دەردەکەوێت، ھەوڵ و ھومێد بۆ مانەوە و بەردەوامبوونێکە کە لێوانلێوە لە تراژیدی و خەون نامە و شکست و حەماسەت و ململانێی بوون و نەبوون. لە راستیدا ئامادەگی و بوونی بڵاڤۆک و لەسەرووی ھەمووشیانەوە رۆژنامە بەندە بە دۆخێکەوە کە "نەتەوە" وەکوو چەمک و واتایەکی ئینسانی و فۆرمێک لە بوونی مرۆیی لە قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا خاوەن سیستەم و پێکھات بێت. واتە ئێمە بۆ خوێندنەوەی سەرھەڵدان و بەردەوامیی رۆژنامەی کوردی پێویستمان بە خوێندنەوە و گێڕانەوەی شکڵ گرتن و بیچم وەرگری "نەتەوە" وەکوو فۆرمی ئینسانی و پێکھاتی کۆمەڵایەتی- سیاسی دەبێت، بەڵام چوونکوو ئێرە جێگایەکی تەسک و تەنک بۆ ئەو ھەوڵە وەگێڕییانە(روایتی) یە و توانست و ئارەزووی وەگێڕیش ھێشتا لەگەڵ واقیعی مێژووی خۆی لە ئاستێکی پڕ و کامڵ بەرەوڕووونەبۆتەوە، تێدەکۆشم تەنھا سەرھێل و سەرەداوی٦٥ ھەندێک لەو گەشە و بیچم وەرگرییە رەنگڕێژی بکەم. بەڵام بەم حاڵەشەوە بۆ پیشان دانی ئەو ناھاوسەنەگییە نێوان گەشەی مێژوو و میدیای کوردی واتە ئەو لارەسەنگییەی(ناموزون) کە لە نێوان ئەم دوو واقیع و وتەزایە دا ھەیە، گێڕانەوەی میدیایەکی فارسی واتەر رۆژنامەی "شرق" پاش دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی سەرتاسەری لە ئێران دا دەخەمە روو، کە ھەم ھەڵگری گێڕانەوەیەک لەو دۆخە ناھاوسەنگەیە و ھەمیش دەرخەری گێڕانەوەی ئەویدییەکی باڵادەست و لووتبەرزە لە ئاست نەتەوەیەکی ژێردەست و بێ"بڵاڤۆک"، دەربڕی زمانی و رێزمانی ئەو ریپۆرتاژە شیکارانەیە چەشنێک لە تێ خوڕین و بچووکاندنی تێدایە کە من ھەوڵدەدەم لە وەرگێڕانەکەم دا بیپارێزم. لە رۆژنامەی "شرق"، ساڵی یەکەم، ژمارە١٤٥، یەک شەممە ١٧ی رەشەمەی ١٣٨٢ (واتە ٤ ساڵ لە سەدەی بیستویەک تێپەڕیوە!) لە ژێر ناونیشانی"رۆژنامەیەک بۆ ھەموو کوردەکان" ئاوا ھاتووە:

یەکەمین رۆژنامەی کوردی-فارسی لە تاران بڵاو کرایەوە. ژمارەی سیفری ئەم رۆژنامەیە کە ناوی "ئاشتی"یە، چوارشەممەی حەوتەی پێشوو بە بەڕێوەبەرێتی بورھان لەھونی دەستی بە وەشان کرد. لەھونی بەڕێوەبەری ئۆفیسی دارایی و ئابووریی کوردوستانە کە کەوتۆتە بیری بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی کوردی و سەرنووسەرییەکەی داوەتە دەست بارام وەڵەد بەیگی. ...رۆژنامەی ئاشتی لەخۆگری دووبەشی فارسی و کوردییە و ھەر کامەیان ھەشت لاپەڕەیان بەرکەوتووە و بابەتە فارسی و کوردییەکان لەگەڵ یەک دا جیاوازن و بەشی ھەر زۆری بابەتەکانی ھەر دوو بەش تەرخان کراوە بە پرس و کێشەکانی کوردوستان و کێشەکانی "قەوم"ی کورد لە ئێران و دەرەوەی ئێران دا،(واتە رۆژنامەکە بەم باسانە "پڕ کراوەتەوە"). ... رەنگە ئاشتی بە باسکردن و پەرژانە سەر کێشەکانی کوردوستان بەردەنگی فارسی زمان لە دەست بدات، ئەدی بۆچی دەستی داوەتە بڵاو کردن لە سەرتاسەری ئێران. ... لەمانەش گرینگتر ناسنامە و شێوازی ئیش کردنی رۆژنامەکەیە: رۆژنامەی ئاشتی ھەنووکە بە شێوازی حەوتانە و لە رۆژانی سێ شەمە دەردەچێت. مەگەر رۆژنامە رۆژانە نییە؟ سەرنووسەری ئاشتی روونی دەکاتەوە: کێشە مادییەکان دەبنە ھۆی ئەوەی کە ھەنووکە نەتوانین رۆژنامە بە شێوەی رۆژانەیی بڵاو بکەینەوە بەڵام خەریکین ھەوڵی خۆمان دەدەین. وەکوو ئاخرین پرسیار لە سەرنووسەر دەپرسین بۆچی "ئاشتی"؟ ئەو دەڵێت: بەشی زۆرینەی مێژووی کوردوستان لەگەڵ شەڕ دا گرێی خواردووە و بەرەی سێھەم دەیانەوێ بە ئاشتی ژیانیان دەست پێ بکەن و لە گەڵ واقیعییەتەکان دا، ئین شا ْاللە.

مێژووی کورد و ھاوکێشەی نێوان ئاغا و کۆیلە

(بەردەوامیی ھاوکێشەکە و ئەزموونی ئازادییەکی بەرتەسک و نیوەچڵ و دواداکەوتوو٦٦ و میدیا وەکوو کۆگای "دەنگ"دانەوە و "رەنگ" دانەوە"ی)

سەردەمی فیۆدالیزم و پێکھاتی ئەریستۆکراتییانەی کۆمەڵگا و خنکاندنی تاکی کورد، لەمێژەی مێژووی کورد دا بەشێوەی خەست و تاقانە و رەگئاژۆبووگ ئامادە بووە. سەرەڕای رەھەندە ئۆنتۆلۆژییەکانی پێکھاتنی کۆمەڵگا و کۆمۆنە سەرەتاییەکان کە تایبەتمەندییەکی گشتی و سەرتاسەرییان ھەیە، ھۆکار و بەستێنەکانی سەرھەڵدان و بەدیارکەوتنی وەھا پێکھاتێک لە نێو کۆمەڵگای کوردیی دا گرێدراویی لە گەڵ مێژوو و کەلتوور دا ھەیە، بەڵام بەر لە ھەر شتێک تۆم و شکۆفەی وەھا پێکھاتێک رەھەند و بنەمایەکی فەلسەفی و بوون ناسانەی ھەیە و بابەت و پرسێکی گشتەکی چەشنی مرۆڤە و بە ململانێیەکی بوون ناسانە ئەژمار دەکرێت. ئەم بابەتە وەکوو کێشەیەکی فەلسەفی سەربووردە و پێشینەی کۆنی ھەیە، بەڵام دەرکەوتنی وەکوو پرسێک لە رووبەری خودئاگایی و ھزری فەلسەفی مرۆڤ دا ھاوکات بووە لەگەڵ تێڕامان و ھزرینی مرۆڤ لە بوون و خەلیقەتی خۆی لە جیھان دا، بەڵام فۆرمی زەق و بەرجەستەی دەرکەوتنی لای ویلھیلۆم فریدریش ھیگل و لە کتێبی "فینۆمینۆلۆژیای رۆح" دا بووە. ئەو لە بەشی دیالیکتیکی خودا و بەندە دا لاپەڕی٥٢-٥١لە گێڕانەوەی خەلیقەت و داھاتن وەکوو بابەت و پرسگرێک کە ھەڵگری رووبەرووبوونەوەی مرۆڤ و پەرچەکردارێکی فەلسەفی ئەوە بۆ ھەڵبژاردنی "بوون" یان "نەبوون(عەدەم)"، ئاوەھا دەڵێت:

بەندە، کێ بڕکێ کارێکی شکـست خواردووە کە لە گیانبازی دا تـا دواوێستگە نەڕۆشتووە

و ئایینی خودێ واتە سەرکەوتن یان مەرگی قبووڵ نەکردووە-... ئەو ژیانی بەسەر مەرگ

دا سـەپاندووە و بەرتری داوەتە ژیـان و ھـەر بەم ھـۆیەش ھـاوشانی لەژیـان دا بـوون و

ھەڵبژاردنی، کۆیلەیەتیشی پەسند کردووە.٦٧

 

لەم گێڕانەوەیە دا بۆمان دەردەکەوێت کە بەندە ھاوکاتی وەرگرتنی بوون و ژیان(کە ھاوکات رەتکردنی نەبوون و عەدەمیش بووە) کۆیلەیەتی قبووڵ کردووە. واتە ڤەداندەر "ھەڵبژاردنێکی جەبریی"٦٨خستۆتە بەردەمی "بەندە(مرۆڤ)"، ئەو لە نێوان "ژیان و کۆیلایەتی" و "نەژیان و ئازادەگی"(لەعەدەم دا!) ژیان و کۆیلایەتی لە بوون دا ھەڵبژارد، ئەو دەبایە لە نێوان ئەم دووە یەکیانی ھەڵبژاردایە. و لێکدانەوەی شیمانە و ئەگەرە وجوودییەکانی ھەر کام لەم ھەڵبژاردنانە باسێکی زۆر ھەڵدەگرێت، لێرەدا ئاماژەیەکی خێرا دەکەم. مرۆڤ واتە بەندە بە ھەڵبژاردنی ھەر کام لەو دوو ھەڵاوێردکراوە٦٩، ھاوکات و ھاوتەریب دەستی داوەتە ھەڵنەبژاردن و رەتکردنەوەیەک کە ھەر کام لەم کردە دووفاق و لقییە ھۆکار و پاڵنەری وجوودیی خۆی لە پشتە. بەندە بە ھەڵبژاردنی ژیان، بوونی دەستەبەر دەکرد و نەبوون و عەدەمی رەتدەکردەوە، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە بەندە لە عەدەم دەترسا و نەیدەوێرا رووبەڕووی بێتەوە، بەدیوێکیتریش دا عەدەمی رەتکردەوە و ژیانی ھەڵبژارد چوونکوو بوێری و وێرانی تێدا بوو، چوونکە ئەو بەھەڵبژاردنی ژیان و بوون لە رۆچنەی وێرانەوە، ترس و سامی مەرگ و جاویدنەبوونی زیندەگیشی قبووڵ کرد. ئەم ھاوکێشە بوون ناسانەیە لە سەرێکیترەوە بەندە بە ڕەتکردنەوەی عەدەم و نەبوونی ترسنۆکی و ترسەزاوریی٧٠ لە بەندە دا و ئەو ئەمەی وەدەر خست و سەلماندی لە نەمان و نابوون دەترسێت، بەڵام لەم رووەکەشەوە ژیانی بەمەرگ و رەنج و سامەکەیەوە قبووڵ کردووە و وێرانی٧١ و بوێریی خۆی سەلماندووە. لەھەر فۆرم و حاڵەتێک لەم ھەڵبژاردنانەی بەندە(مرۆڤ) ھاوکێشەیەک بە ناوی ئاغا-کۆیلە، خودێ- بەندە، باڵادەست- ژێردەست، سەرۆک- پێڕەو، سکرتێر-ھەوادارو... ٧٢ ئامادە بووە. چوونکوو خودێ و ڤەداندەر بنەما و جەوھەری پێکھاتی ھەڵبژاردنەکە و کرۆکی بەندەشی خولقاندووە. لەم حیکایەتەی خەلیقەت دا کاتێک کە "بەندە" پێملی ھەڵبژاردنێکی دژواز و دووفاق بوو، واتە ھەڵبژاردنێک کە سەرێکی بوێری و سەرێکی دیکەی ترسنۆکی بوو، ئیدی بەندە وەکوو گرێیەک لە یادەوەری، یان گرێچنییەک لە ناوشیاری دا، خودێتی و ئاغایەتی لە ھەناویدا پەپکە دەخوات، بەندە لەو رۆژەی دەسپێکی مێژووەوە لە خەون و خولیای "خودێتی٧٣ و بەبەندەکردن"ی بەندەکان! یان خودایان! بووگن. مرۆڤ قەت لەم شەڕ و ململانێی دیسپۆتیزم و خودا و بەندە یان ئاغا و کۆیلەیە نەبۆتەوە و ھەنووکەش و لە رۆژگاری پۆست مۆدێڕنیزمیش دا و بەتایبەتی لە رۆژھەڵاتی منەوە، لە رووبەری میدیا و بەتایبەتی تەلەڤیزیۆن دا بەخەست و خۆڵی دەبیندرێت. لەلای ھیگل مێژووی راستەقینە بە "رۆح"ەوە دەست پێ دەکات و تەنھا رۆحە کە لە پێگەی کۆ و خڕێک خاوەن و خودانی مێژوویەکی راستەقینەیە و لە دواجاریش دا ھەر ئەمەیە وا دەکات کە ھیگل بڵێت: مرۆڤ، زیندەوەر یان حەیوانێکی مێژووییە. بەشێک لەو ھاوکێشەیەی خودا- بەندە کە ھەنووکەش لە پانتای بوونی کوردی و بەتایبەتی لە سەر شاشە و رووبەری میدیاش دا ئامادەیە، بابەتێکی گشتەکی ناو و ناخی مێژووی بوون و نەبوونی مرۆڤن، ئەو بەشەکەیتر کە لایەن و رەھەندی پاژەکی دەگرێتەوە گرێدراوی ئەو وردەکارییە ئۆنتۆلۆژییانەیەی بوونەوەری کوردە لەناو مێژوو دا یان بە زمانێکی ھیگلییانە بەستراوەیە بەو دەرکەوت و دیاردانەی "رۆح"ی کورد لە مێژووی پاژەکی خۆی دا کە بەشێکە لە کۆی مێژوویەکی گشتەکی بەناوی مێژووی مرۆڤ یان مێژووی رۆحی مرۆڤ.

گەر بۆ مێژووە دوورەکانی کورد بڕوانین ئەوەندە بەڵگەی سەلمێندراو و چەسپاو نابینینەوە کە بیکەین بە ھەوێنی شیکاری پێکھاتی دیسپۆتیزمی کۆمەڵگا و مێژووەکەی و دواتر "رەوانبنەی"(Schema)٧٤پێ لێک بدەینەوە، تەنانەت ئەم دۆخە بۆ مێژووی نێزیکیشی تا رادەیەک ھەر راستە، بۆیە شیکاری و لێکدانەوەی ئەم پێکھاتە کەونینەییە لە سەردەم و رۆژگارانێکی پێش لە دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی دەست پێ دەکەم و بەم شێوەیەش دوو ئامانج و خاڵی سەرەکی بە یەک جار دەئەنگێوم و دەیپێکم. واتە ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتی و پێگە پێکھاتییەی پێش لە دەرچوونی ئەو رۆژنامەیە دەگێڕمەوە و دەرکەوتن و شەبەنگیشی لە کات و پاشی یەکەمین رۆژنامەی کوردیی واتە "کوردوستان" باس دەکەم.

ئەگەر ئەو چیرۆکەی "میرئاو" کە لەسەرەوە تیشکم خشتە سەری بکەینە کڵاوڕۆژنەیەک و مێژووی دامەزران و بەرێکخراوەبوون و گەشەسەندنی کۆمەڵ و گرووپی کوردیشی پێ لێک بدەینەوە، واتە ھەر لە سەرەتاوە بە شوێن خودێ، خاوەن، مالیک، زەویندار و...بگەڕێین کە ئەرکی ھاوسەنگ کەرەوە و دابەشکاریی سەرچاوە سرووشتییەکان لە نێو خەڵک دا بە ئەستۆ دەگرێت، ئەوسا تێدەگەین کە فۆرم گیری و بیچم وەرگری پێکھاتی دیسپۆتیزم و ئاغا و نۆکەری(کە گرتە و ھەڵخێزراوێکی فۆرمە گشتەکی و میتافیزیکییەکەی واتە خودا-بەندەیە)، لەو پێکھاتە ھێزەکییانە بووە کە لە ناو کۆمەڵی کورد دا کردەکی بۆتەوە و روخسار و سیمای جۆراوجۆری بە گوێرەی پارادایمە٧٥ زاڵەکانی سەردەم وەرگرتووە و دەمامکی ئەوڕۆبوون و ھەنووکەیی بوونی بەخۆوە ھەڵبەستووە!کە بەردەوام بۆ پاراستنی ئەو "مەودا" بنیامینییە و شەبەنگی پیرۆزی لایەنی خودایی، میدیا و ناوکۆیەک ئامادە و لەسەرپێ بووە. کۆمەڵگای کوردی ھەر لە دێرزەمانەوە بە ھۆی ئەو چەقی و ناوەندارێتییەی کە بۆ چەشنێک لەبەرتریی و لەسەرتریی خوێن و خێڵ وەریگرتووە، سەرھەڵدانی فۆرم و رێکخراوە سیاسییەکان و ئەو بازنانەی کە پێوەندییان بە دەسەڵاتەوە بوو، خاوەنی چەشنێک لە ئەفسوون و پیرۆزی(تەجەلا)ی خوێن و خێڵ بوون و ئەمەش یەکەمین بنەوا بوو بۆ رۆناندنی سیستەمێکی سووڕاو بە ئامێر و میکانیزمێکی دووفاقییانە کە ناوی دیسپۆتیزمە. دەرکەوتەی دیسپۆتیزم لە ناو کۆمەڵی کوردی دا لە قەوارەی دەسەڵاتە فیۆداڵی و زەویندارەکان چەکەرەی کرد، ئەگەرچی پێشتر ئەم سیستەمە لە لایەن دینێکی ئاسمانییەوە دەورە دراو و زۆرێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی سەرەنگرێ بوون و داڕزان و زۆرێکیشیان مانەوە و خۆیان تێکەڵ بە تێم و ئامیانی فیۆداڵییانەی دینە نوێکە کرد و پێکھاتێکی میتافیزیکییان بە تێکەڵ کردنی باوەڕێکی ژوورە ئاسمانی بە خوێن و ئیمانێکی دانسقە بە دینێکی ئاسمانی بەناوی ئیسلام، میتافیزیکێکی نێویان سازاند و من بە پێکھاتی ئاویتارییانەی میتافیزیک واتە میتافیزیکی ئاویتاری ناوزەدم کردووە٧٦. بەھەر حاڵ رەگ داکوتان و چەقێتی بنەما دیسپۆتیزمەکانی ئەم کۆمەڵەیە بە ھۆی دیالیکتیکێکی دانسقە! لەگەڵ ئایینی ئیسلام دا گۆڕان و داڕزانی بەسەر ھات، بەڵام لە پاشتر بەفۆرم و دەمامکی نوێوە دەرکەوت و دیوەخان و ژوور و کۆگاکانی پڕ کردەوە بە خۆی! تەنانەت ھەر لە سەردەمی پێش ھاتنی ئیسلامیش دا وڵاتی ئێرانی خاوەنی چەندەھا پێکھاتی ورد و درشتی سیاسی و دەسەڵات دار لە رۆژئاوای خۆی و کوردوستان بووە، ئەم ھێزە دەسەڵات دارانە وەکوو ئەمارەتگەلێکی سەربەخۆ بەجیا لە یەک ئامادە بووگن و تەنھا کات و ساتی شەڕەگەورە و نەھامەتییە چاوەڕوان نەکراوەکان دەبوون بەیەک و یەکیان دەگرت و پاش ئەوەش دیسان دۆخ و فۆرمی پێشیان وەردەگرت و پارێزگارییان لێ دەکرد واتە بەگشتی ئەمانە بە شێوەی "مولوکوتەوایفی" دەسەڵاتیان دەگێڕا. پاشماوەکانی ئەم پێکھاتە ھەنووکەش بە روخساری تازەوە لە سەرتاپای کوردوستان دا دەبیندرێت، لە ھەندێک شوێن لاواز بوونە و لە زۆر شوێن فۆرم و روخساری گۆڕاندووە و لە زۆر چرکەساتی مێژوویی چارەنووس سازیش دیسانەوە کاکڵ و ناوکی خۆی بە چەقی دەرخستووە و ئەگەر و شیمانەی ریفۆرم و سڕینەوەی بنەوا و باوەڕە ئاسمانی و میتافیزیکییەکانی خۆی لەناو دەبرد. پاش جیھانگیر بوونی شەپۆلی ناسیۆنالیزم و نەتەوەخوازی روخسارێکی تری لە خۆی دەرخست، روخسارێک کە ناسینەوەی زۆر ئەستەم و کەشف و دیتنەوەشی سەرسووڕھێنەر!زۆربەی ئەو رەوت و ھەڵسانە نەتەوەییەی کە لە کوردوستان دا ھاتە ئاراوە، بەرواڵەت پەرچەکردارێک بوون بۆ رزگاربوون لەو کۆیلەیەتییەی کە خودێ و داگیرکەرانی بەسەری دا سەپاندوویان، بەڵام لە جەوھەر دا ئەم ھەستان و شۆڕشە کردارێکیش بوو بۆ سەلماندن و داکۆکی دووبارە لە بنەما میتافیزیکیەکانی خۆی کە لە سەر خوێن و خێڵ رۆ نرابوون واتە تەنھا شتێک مەبەستی نەبووە و بەلای دا نەڕۆشتووە رزگاری لە بنەما گشتییەکانی کۆیلەیەتی بووە. لەم دوو فۆرمەی دەرکەوتە و دیاردە رۆحییەکانی جڤاکی کوردیی پەرچەکردار و کردارێک بە دی دەکرێت کە یەکەمیان ھەر وەک وتم توانست و ھەستانێکە بۆ رزگاری لە داگیرکەر و ئاغا و دووھەمیان ھەوڵێکی شاراوە و شێنەییە بۆ خۆئاغاکردنی "خود" بە سەر خود دا، واتە لە یەکەمینیان ئێمە لە گەڵ ئەویدییەک دا بەرەوڕووین و لەمەشیان لە گەڵ خود و توێ و لایەنە زۆرەکانی، کە بۆ ئەویدی کۆیلەین و دەمانەوێ لێی رزگار بووین و بۆ خود رزگارکەرین و دەمانەوە ببین بە ئاغای و کۆیلەی کەین! ھەر چەندە لە نیوەی دووھەمی سەدەی بیست بەم لاوە ماھییەت و چییەتی ئەو ھەستان و شۆڕشانە گۆڕانی بنەماییان بە سەر دا ھات و لە بنەمایەکی خێڵی و عەشیرەتییەوە بوو بە بنەمایەکی بزاڤییانە و جل و بەرگی مۆدێڕنی بە بەر دا کرا و لە روخساری سەرۆک خێڵیشەوە وەرگەڕایە٧٧ سەر سکرتێر یان سەرۆک حیزب یان رێبەر. بەڵام لەم رەوتە دا خاڵی ھەرە گرینگ ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە جەوھەری ئەو پێکھاتە میتافیزیکییە بە شێنەیی و لە ناوشیار و رەوانبنەی بزاڤ و سەرۆکی بزاڤەکان پارێزراو و لە چرکەساتی بۆڕەخساو و لەبار دا بەزەقی و ئارایشتکراوی و خەمڵێندراوی دەرکەوت. واتە راستە فۆرمی پێکھاتی ئاغا-رەعیەت، ئاغا-نۆکەر(پیاو)، گۆڕدرا بۆ سەرۆک- لایەنگر، رێبەر-ھەوادار و ئەم گۆڕانەش بنەمایی بوو بەڵام لە زۆر شوێنان بەھۆی ئەو رۆڵ و پێگەیەی کە ئاغا ھەبووی و سەرۆک و رێبەریش لە سەری نیشتبوون، ئاراستەی ھاوکێشەکان و تەنانەت خیتابی زمانی و مانیفیستی پێکھاتەیی رێکخراوەی سەر بە سەرۆک یان رێبەر لە گشتییەت و رەسەنایەتیەکی پێشوەخت و پشتیوانییەکی خێڵەکی بۆ بەردەوامبوون لە ھەمبەر ئاغا و خودێ(داگیرکەر)ێک کە ئەویدییە، جیاواز نەبوو لەئاراستەی ھاوکێشەیی سەر بە سەرۆک عەشیرە و خێڵ و ئاغا! ھەر چەندە بێگومان، واتە بێ سێ ودوو ھەموو بزاڤ و رێبەر و سەرۆکی پێکھاتە مۆدێڕنەکان بەناوی حیزب، وا نەبوون و گۆڕانیان لە رێگەی شەپۆلی جیھانگیری بیر و رێبازە ھزری و سیاسییەکان و لە رۆچنەی میدیا جۆراوجۆرەکانەوە(ھەر لە پەیکگەلێکی ئەورووپی بەناوی "ئەفەندییەکانەوە" بگرە تاکوو ئەو مانیفیست و کتێب و گێڕانەوە وتراوەیی و نڤیسارییانەوە تا دواتر رادوێ و کامێرای کۆداک و...) بەسەردا ھات، بەڵام بە ھەموو ئەمانەشەوە ئەو پێکھاتە ھێشتا ئامادەیە و لە شوێنانێکیش دا لە چڵەپۆپەی ئیشی خۆی دایە. بۆ فامی زیاتری ئەم گێڕانەوەیەم دەشێت دوو کتێبی ئەدەبی واتە دوو رۆمانی"جەمشید خانی مامم کە ھەمیشە "با" لە گەڵ خۆیدا دەیبرد"ی بەختیار عەلی و ھەروەھا رۆمانی "بەخێرھاتی...!" ئیبراھیم یۆنسی، بەشێک لەم گێڕانەوە مێژووییانەیان(history) لە رێگەی گێڕانەوەی چیرۆکییانەی مێژوو(story)خستبێتە روو. تەنانەت لە رۆمانی یەکەمینیان دا دزەکردن و تەشەنەی باوەڕ و پێکھاتی فیۆدالیزم و ئەریستۆکراتییانە بە ناو فەلسەفەی مارکسیستییانەی "خان زادەیەک" بەناوی جەمشید خان دا دەچێت و لە رۆژنامەی رووناکبیری و شاشە و ھێڵی ئەنتەرنێت بە سەودای ھەبوون بە "خانی خانانی ئەنتەرنێت"، خۆی دەبینێتەوە. لەم دەقە دا کاراکتەری سەرەکی یان پاڵەوانی "با بردوو" بەناوی جەمشید خان لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩ دا واتە لە جەنگەی دەسەڵاتی بەعس دا و دەسپێکی ٨ساڵ شەڕی عێراق و ئێران، بە بیانووی کۆمۆنیست بوونەوە دەگیرێت، جەمشید دەخەنە ژێر گوشار و ئەشکەنجەوە تاکوو ناوی ھاوڕێکانی بدرکێنێت بەڵام ئەو دەڵێت: ھاوڕێیەکم نەبووە و بۆ من کۆمۆنیست بوون واتای ئەوەی بووە کە ئازادانە لەگەڵ کچان و ژنان دا بم و سەربەستانەش بخۆمەوە! ئەمە تێگە و فامی کوردێکی بەرھەمھاتوو لە نێو سیستەمی فیۆداڵییە بو فەلسەفە و دەزگایەکی ھزری تایبەت بەناوی کۆمۆنیزم و ئەو خۆی خانێکە بۆ "خۆی" بەڵام ئەوەتا لە ھەمبەر ئەویدی دا کۆیلە و بەندەیەکە کە جگە لەوەی"با"٧٨ یەکی خودایی دەیباتە ژێر پرسیارگەلێکی بێ وەڵام، ھیچی تر نییە. درێژە دادڕی ناکەم و ھەوڵ دەدەم لەم رۆمانە دا ھەم باسکارییەکی پێکھاتی کۆمەڵگای کوردی لە دوا دەیەکانی سەدەی بیستەم بدەم بە دەستەوە و ھەمیش رۆڵی میدیا و ھەروەھا ھەڵس و کەوتی "جەمشید" لەگەڵ میدیا بەھەموو دەرکەوتەکانییەوە لە وڵاتی خۆی و لەو رووبەرەی کە تێیدا ئاوارە دەبێت، روون بکەمەوە. جەمشید  پاش ئەوەی کە ھێندەی گوشار دەخەنە سەری و بە ژمارە پارووی نانی دەدەنێ، کێشی لەشی دادەبەزێت و ئەم "خان"ە سەنگین و زەنگینە، سووک و بابردەڵە دەبێت. ئەو، لە شەوێکی ساردی زستان لە زیندان دا "با" ھەڵیدەگرێت و دەیبات و بەرەو ماڵی دەکاتەوە. پاش رووداوانێکی زۆر مانادار و پڕبایەخ لە داگۆڕینی٧٩ ئەم "خان"ەوە لە ئاسمان بۆ خانێکی مەجازی و زەمینی سەر ئینتەرنێت کە لە درێژە دا باسی دەکەم، جەمشید دەکەوێتە ھاوکێشەیەکەوە کە میدیا چارەنووسەکەی یەکلایی دەکاتەوە. جەمشید پاش ئەوەی کە "با" لە زیندان دەیڕفێنێت و دەچێتەوە ماڵ، لێی دەپرسن: چۆن گەڕایتەوە؟ و دەڵێ "با" بردمی و ئەوانیش دەکەونە سەرسووڕمان و تەشقەڵەوە پێی، بەھەر حاڵ پێیان دەسەلمێنێت و بڕیار دەدرێت جەمشیدی کوڕی حیسام خان لەگەڵ دوو برازای بەناوی سمایلی ئەدیب خان و سالار (کە بە جووت برای یەکدی بوون) بڕۆنە شوێنێکی چەپەک و نەدۆزراو لە بەرزایی ھەوارگەکانی ماڵی خان، تاکوو بەعس دەستی پێی رانەگات و جەمشیدیش لە بابردوویی بپارێزرێت. جەمشید پاش ماوەیەک لەو ھەوارگەیە خەونێکی سامناک لە ھەناوی دا چەکەرە دەکات و ئەو کە لە یەکەم گوروژم و شەپۆلی "با" کە بەری کەوت، تۆقی بوو ھەنووکە حەز لە فڕین دەکات و برازاکانی ملکەچ دەکات کە تەناف و گوریسی بۆ بێنن و قاچەکانی پێ ببەستن تاکوو کاتێ جەمشید دەچێتە ئاسمان ئەوان لەنگەروان و کۆڵەکەی ئاوێزانبوونی بن، پاش ماوەیەک لەمەی کە جەمشید شەھوەتی بۆ فڕین و ئەو نیگایە بەرز و باڵایەی ئاسمان بۆ زەمین خەست دەبێت، دەزگای بەعس بەم توانستەی دەزانێت و پێیان رادەگەیەنێت گەر بێتوو جەمشید خۆی بدات بەدەستەوە ئەوان لە ئەرکی سەربازی دەیبوورن و کۆمەڵێک گەرەنتی شتی باشیشی بۆ خۆی و بنەماڵەی خان بەردەکەوێت. لێرە بەم لاوەیە کە جەمشید کە سالاری برازای وەک لەنگەروانی خۆی کێش کردبوو بۆ ناو سیستەمی بەعس، دەبێتە چاوساغ و "کامێرای شاراوە و بەرزی"٨٠ ھێزی سەربازی بەعس لە سنوورەکانی خوارووی عێراق بۆ بەگژداچوونەوەی ھێزەکانی ئێران. وەکوو روونە ئەو سەردەمە شەڕی نێوان عێراق و ئێران دەستی پێ کردبوو و بەعسییەکان مەبەستیان وابوو جەمشید وەکوو کەرەستەیەکی میدیایی دەکار کەن. بۆیە بەکرە و تەنافێکی زۆر و زەبەندیان ھێنا و جەمشیدیان ھەڵخستە ئاسمانەوە و ئەرکی ئەو ئەمە بوو رۆڵی کامێرای شەو بگێڕێت بۆ دیاریکردنی بنکە و بارەگای ھێزەکانی دوژمن! جەمشید ماوەیەک ئەم ئیشەی لە ژێر زەبر و گوشاری بەعسییەکان، بە خەستترین و زۆرترین سووڕان و راپەڕاندنەوە ئەم ئیشەی رادەپەڕاند و لەو ھەموو ساتە دوورودرێژانەی کە وەک کۆلارە و فڕۆکەیەکی سیخوڕ بەردەوام لە ئاسمان لە باوەشی "با" دا بوو، جەنگ و خوێن و لاشە و رۆحانەتی ھەڵھاتووی سەربازان لە جەنگ و... دەبینی و ئەمە ھۆکاری درووست بوونی چەشنێک لە نەخۆشی و ناتەندرووستی دەروونی لە جەمشید دا بوو و جەمشید تووشی خەمۆکی بوو بوو تا شەوێک لە شەوان وپاش ماوەیەک لەم ئێشە، شەوێک بایەکی خەست و توند دێت و تەناف دەپچڕێنێت و جەمشید راپێچ و فڕاوی شوێنێکی نادیار دەکات، پاش کات و ساتانێک جەمشید لە بەردەم ھێزە ئێرانیییەکاندا "با" بە عەرزی دا دەدات و دەکەوێت، دەڵێن تۆ کێێ؟تەنھا شتێک کە لەبیری دایە ئەمەیە و ھەر ئەوەشیان پێ دەڵێت: من جەمشید خانم کە ھەمیشە "با" لەگەڵ خۆی  دا دەمبات. ئەوانیش ھەر ھەمان بەڵای بەسەر دێنن واتە وەکوو میدیا و ئامرازێکی میدیایی بۆ گەیاندنی مەبەستەکانی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن، پاش ماوەیەک کابرایەکی خەڵکی ئیسفەھان دەکەوێتە دووان و قسە لەگەڵیدا و جەمشید لە یادەوەری و زاکیرەیەکی نەخۆش دەدوێت کە لەو ئاسمانەوە بە ھۆی بینینی خوێن و شەڕ و لاشە و کارەسات ئیدی تاقەتی پڕووکاوە، ھاوڕێی ئیسفەھانی چەقۆیەکی پێ دەدات تاکوو جەمشید تەنافەکە بپچڕێنێت و بەھیوای ئەوەی لە شوێنێکی باشتر بە عەرزی دا بدات. ئەو شەوە جەمشید تەناف دەپچڕێنێت و "با"ی نادیار دەیبا و دەیبا تاکوو لەسەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردوستان واتە قەندیل دا دەینیشێنێتەوە. ئەوانیش ھەر ھەمان ئەرکی ئامرازییانەی بەسەر دا دەسەپێنن و بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆن دەیخەنە حەوا و ئاسمانەوە. پاش ماوەیەک ئەم پارتە تێدەگەن کە جەمشید لە دۆخێکی باش دا ناژی و دێننیە خوارەوە و پاش دەواودەرمان بەرەو ماڵی دەکەنەوە. بەتێپەڕینی ماوەیەک لە نەخۆشی و بێھۆشی، جەمشید ھەڵدەستێتەوە و لە رۆژانی دواتر دا دەچێتە کۆمەڵێک میوانی و رێوڕەسمەوە و ھەر لەوێشەوەیە کە سافینازی سدیق پاشا دەبینێ و عاشقی دەبێت. جەمشید پاش عاشق بوونی و خوازبێنی کردن لەو کچە بە شێوازێکی نائاسایی واتە لە ئاسمانەوە و تۆقاندنی کچە(کچێک کە خۆی خوازیاری کەسیترە) و ھاوسەرگیری کردنی و لە کیس دانی ئەو ھەموو زەوی و زار و پارەیەی کە لە کەلەپووری باوکی کۆچنەکردووی وەریگرتبوو! بەرەو ئاراستەیتر دەبردرێت! پاش ئەوەی ھەموو ئەو زەوی و موڵک و پارەیە دەخاتە ژێر دەستی سافیناز لەیەکەم دەرفەت دا سەفیناز لەگەڵ مەعشووقەکەی واتە ئیحسان بایەزید ھەڵدێ بۆ دەروە و جەمشید دەکەوێتە تاڵترین دۆخی ژیانییەوە، دوای ئەمەیە کە جەمشید تێدەگات کە شار و وڵاتەکەی ئەو و توانستەکانی فام ناکات و ھەست بە غەوارەیی و "بێگانە" بوون دەکات ھەر بۆیە روودەکاتە تاراوگە! واتە تورکیا و لەوێ رۆڵی "کامێرایەکی" سیخوڕی ئاسمانی بۆ قاچاخ و ھەناردەکردنی ئەو ھەموو مرۆڤە کوردەی کە نیشتمان!ەکەیان بە جێ دێڵن و دەیانەوێت بە پەڕینەوە لە سنووری یۆنان نیشتمانێکی تر بدۆزنەوە! دەگێڕێت. ئەم ئیشە بە پێشنیار و پێداگری و ناوکۆکاریی کوردێکی باکوور بە ناوی "قەرەبیبەر" دەکەوێتە سووڕ! شێوازی کارکردنەکەش ئاوەھایە کە لەو شوێنانەی کە مەزندە دەکرێت ھێزەکانی دەوڵەتی تورک رێگەی پەڕینەوەی کەلوپەلەکان! واتە ئەو مرۆڤانەی دەیانەوێت لە وڵات بڕۆنە دەرەوە!گرتبێت، جەمشید وەک کۆلارە دەکەنە حەواوە و ئەو بەو دووربینەی چاوی و بە سیگناڵانەی کە لە ئاسمانەوەی دەیگەنێت تێیان دەگەیەنێت کە رێگاکە ئەرخەیان و چۆڵ و ھۆڵە! یان کەمین و بۆسەیە!پاش ماوەیەکی زۆر کە جەمشید و سالاری برازای لەنگەرڤانی، پارەوپوولێکی زۆر کۆ دەکەنەوە، شەوێک لەو شەوانەی قاچاخکردنی مرۆڤەکان دەکەونە بۆسەی ھێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە و گوریسەکەی جەمشید فیشەکێکی بەردەکەوێت و با دیسانەوە بەرەو نادیار دەیبات. ئەمە رۆژگارێکە کە ماوەیەکی درێژ واتە ١٠ ساڵ جەمشید ناگەڕێتەوە و کەسیش نازانێت چی بەسەر دا ھاتوو، ئایا ماوە یان مردووە؟! ئەم قۆناغەی گێڕانەوەی رۆمانەکە سەردەمی خەون و وڕێنەکانی سالاری لەنگەرڤانە کە بەردەوام چاوی لە ئاسمانە و چاوەنۆڕی گەڕانەوەی جەمشید خانیی ماممی کە ھەمیشە "با" لەگەڵ خۆیدا دەیبات، دەکات. ئەم پیاوە پاش دەساڵێک کە وەک پەڕی جگەرەی لێھاتبوو یان بەپێی یاداشتەکانی خۆی وەکوو سیلیڤونێکی روون و ئاواوی کە لەو دیویەوە شتەکان دیارن دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان. واتە پاش ئەوەی بەسەر ئاسمانی ئاسینا دا دادەکەوێت و کەسێک دەیدۆزێتەوە و دەیباتە نەخۆشخانە و دواتر کچێک کە سەرپەرشتی تیمارکاریی جەمشیدە بەھەزار گێرمەو کێشە تێدەگات کە ئەمە کوردە و زمانە سەیرەکەی پێشتر بیستووە. کچە دەزانێت کە لە قاتی سەرەوەی بینایەک کە تێیدا دەژی دوو کوردی کرێکار ھەنە بۆیە شەوێک ئەوان دێنێت بۆ لای جەمشید و ئەوان دەمودەست دەیناسنەوە و ئەمانە لەو کەسانە بوون کە جەمشید لەئاسمانەوە یارمەتی دابوون تاکوو سنوورە زەمینییەکانی وڵات ببڕن و بگەنە دەرەوەی نیشتمان! ئەوان خۆیان زۆر بەقەرزارباری "خان" دەزانن و خانایەتی و خودێتی جەمشید تەنانەت لەو ساتەش دا کە تۆزقاڵە گیانێکی بەبەرەوە ماوە، ھەر لەگوڕ و ترۆپکی خۆیەتی. پاش بردنەوەی جەمشید بۆ ماڵیان و خزمەت کردنی بەو ئاکامە دەگەن کە لە رێگەی تابووتێکەوە و بە فۆرمی مردوویەکەوە جەمشید ھەناردەی نیشتمان بکەن."پیاوێک کە نە ئاسمان، نەزەوی ونەزەریا بە خۆیەوە نەیدەگرت٨١" تاقانە رێگە چارەی ھەر ئەوەیە! پاش ھاتنەوەی دەبینێت کە سالار و سمایل برازای ھەر کامەیان رێچکەیەکیان وەرگرتووە، سالار کە لەنگەرڤان و رایەڵگری مامی بووە ھەنووکە لە دۆخێکی ئاڵۆز و خراپی دەروونی دا دەژی، بەڵام سمایل بۆتە رۆژنامەنووسێکی بەناو بانگ و دواتر بەسەرپشکی جەمشیدخان و لەگەڵ لەیلای زەفەرخانی خاڵۆزای دا ئاژانسێکی "میدیا"یی دادەمەزرێنێت و بەڕێوەی دەبەن. ئەودەمی وڵات لە ناو تۆڕێکی سامناک و گشتگری میدیا جۆراوجۆرەکان بەتایبەتی رۆژنامە و گۆڤار و ھێڵی ئەنتەرنێت دەچووە سەر و ئاکامەکەی دیار نەبوو، وەکوو ئەوەی "با" ھەڵتگرێت و نەزانی بەرەو کوێت دەبات، بۆیە:"خان تا دەھات زیاتر و زیاتر لە سمایل نزیک دەبووەوە، ھەر لە سەرەتای گەڕانەوەیەوە سەرسامییەکی زۆری بە سمایل ھەبوو، ئەوەی کە لە رۆژنامەیک دا کاردەکات لای خان وەک ئیشێکی باڵا و نمونەیی سەیر دەکرا. من جارێک گوتم((لای ئێمە کەوچکێک لە نووسەری خراپ تێکەڵ بە کەوچکێک لەسیاسی خراپ بکە و و جوان رایانوەشێنەو چەند کەوچکێک لەگیراوەی مەلای خراپیان تێکەڵاو بکەو تۆزێک لەگەڵ ئاوا بیانخەرە سەر ئاگر و بیانکوڵێنە ئەوە رۆژنامەنووسی عەیارە بیست و چواری وڵاتی ئێمەی لێدەرئەچێت)). ئەوە جەمشیدی زۆر تووڕە کرد و گوتی من بێشەرەفم و سووکایەتی بە ئیشێکی موقەدەس دەکەم. من بۆ ئەوە پتر توڕەیبکەم گووتم((ئەو کورسییەی کە ئێمە لەسەری دادەنیشین و دارتاشێکی نەخوێندەوار دروستیکردوە، ھونەری لە ھەموو ئەو رۆژنامانا زیاتر تێدایە کە لە سەر کورسییەکە دەیخوێنینەوە))٨٢." ئەمە سەرەتای رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و بەرھەستی رەگەزێکی خانەزاد لە گەڵ میدیا دایە و ئەوە دواترە کە جەمشید رۆژ بە رۆژ لەو جیھانە(کۆمپیۆتەر)ی کە بە "ناوەندی گرینگترین شتەکانی دادەنێت" نێزیک دەکەوێتەوە و پاشتریش ھێڵی ئەنتەرنێـت دەکێشە بۆ ئەو ماڵەی حیسام خان کە وەکوو یادگارێک بڕیار بوو سالار یەکەم جار و پێش ھاتنەوەی جەمشید تێیدا بژی. ئەو پاش بڕیاردان بۆ دامەزراندنی ئاژانسەکەی"ئەو ئاژانسەی کە لە ھیچ ئاژانسێکی میدیایی باو و سرووشتی نەدەچوو" ئاوەھا تەعبیر لە مەبەست و ئامانجی ئەو پێداھەستانەی دەکات"لە ئاژانسێکی نھێنی و تایبەت دا، ھەم نھێنی جیھان دەدۆزینەوە و ھەمیش پارە پەیدا دەکەین". ماوەیەکی زۆری بەسەر دا ناچێت کە ئاکام و بەری ھەموو ئەو رۆشتنە زۆر و زەبەندانەی بەیانیان و کاتانی ناوەختی جەمشید و لەیلای زەفەرخان و سمایل روون دەبێتەوە، ئەم رۆژنامەنووس و میدیاکارانە ھەستاون بە گرتن و کۆکردنەوەی ھەموو ئەو وێنە و رووداوانەی کە ھێمان بۆ گەندەڵی سەرۆک حیزبێک، یان سۆزانی بوونی ژنێکی عاشق، یان جووت بوونی پەڕلەانتارێک لە گەڵ کچێکی زانکۆ و کڕینی سەیارەیەکی جوان بۆی، یان ... ھەموو ئەم ئیشە نەکردە و وێنە دوورەدەست و ئەفسووناوییانە لە رێگەی ئەو تواناییەی جەمشید کە "فڕین" بێت، دێنە کایەوە و تەواوی مەبەستی جەمشید کۆکردنەوەی پارە بووە رەنگە مەبەستیشی لە "نھێنییەکانی جیھان" ھەر ئەمە بێت و دیارە ئەو پارەیەش کۆی کردۆتەوە لەم رێگەی میدیاییەوە، ئاستێکی باڵا و ئەفسانەییە بۆیە لەیلا و سمایل بە بێ نقە و بۆڵە٨٣ دوای کەوتوون و ھەموو ئیش و فرمانێکی جێ بە جێ دەکەن. ئەم لایەنەی کاری میدیایی جەمشید خان دەشێت وەکوو پاشماوە بێ ھێز و بابراوەکەی فیۆداڵیزم لە رووبەری جیھانی میدیا دا وێنا بکرێت. رەھەندی زەق و شیاوی تێڕامانی کاری جەمشید ئەو رووبەرەیە کە لە رێگەی کۆمپیۆتەرەوە دەچێتە ناوی واتە ئەنتەڕنێت، تەنانەت کاتێک دوگمەی کۆمپیۆتەرەکەی ھەڵدەکات بەسالار دەڵێت: "تەواوی جیھان ئا لێرە دایە"، جەمشید، سەردانی چەندەھا ماڵپەر و ویبلاگ و چات رووم دەکات و لە ھەر شوێن و ھەر ژوورێکی چات و پێوەندییەوە بە ناوێکەوە دەردەکەوێت. لە شوێنێکدا و بەناوێکەوە نووسەرێک دەباتە ترۆپکی گەورەیی و دانسقەبوونەوە و لەشوێنێکی دیکە دا ھەمان نووسەر خوار و سووک و چرووک دەکات و ھەلاھەلای دەکات، لە شوێنێکی دیکە بەناوێکی ترەوە دەردەکەوت. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە میدیا لایەنێک لە خۆشی و پارچەپارچەبووگی شوناس و کاراکتەری جەمشیدمان بۆ رۆشن دەکات، ئەو بە سالار دەڵێت: "زۆر گرینگە لەم رۆژگارە دا مۆدێڕن دەرکەویت" و دواتر مۆبایلێََََََکیشی بۆ دێنێتەوە و دواتر لێی دەستێنێتەوە و ورد وخاشی دەکات، بەڵام لەم دۆخە مەجازی و میدیاییەش دا کە جەمشید دەیەوێت ببێت بە خانی خانانی ئەنتەڕنێت، دیسان چەندرووگەیی و بابردوویی٨٤ پێوە دیارە، ئەو "با"ی ئەو ماڵپەڕ و ویبلاگ و چاترۆمە جۆراوجۆرو ھەمەڕەنگە دەیبات کە تەنھا سالار درکی بە کوشندەیی و ھێزی خنکێنەری کردبوو، سالار کە وەگێڕ(راوی) و زانای گشتی کۆی رووداوەکە و سەرجەمی رۆمانەکەیە دەزانێت جەمشید نە لە ئاسمان و نەلەزەمین و نەک لە فەزای سایبێری و مەجازیش دا لە بابردوویی ناکەوێت، ئەو لە روانینی منەوە قارەمانی ناو تراژیدیەکەیە و ھەر ئەوە کە پێمان دەڵێت:"ھەرکات لە خوێندنەوەی رۆژنامە یان گۆڤارێک دەبوومەوە، دەبایە خێرا رابکەم و سەر بەرز بکەمەوە و سەیری قووڵایی بێسنووری ئاسمان بکەم"، ئەو ئاوەھا لە کاریگەری و داگیری کاری و سووکی و بابردەڵەیی میدیا ھەڵدەھات، بەرەو ئاسمانێک کە پێشتر ھێندەی تێڕوانی بوو کە دەمی داچەقاو و مێش گەمارۆی دەم و چاوی دابوو. ئەمە گێڕانەوەیەکی گشتی و ھێمائاسایانە لە دۆخی بەریەک کەوتنی جیھانێکی فیۆداڵ و خۆبین و ئاغا و خان( و ھاوکات کۆیلە و نۆکەر و بابردوو!) لەگەڵ جیھان و شەپۆلی مۆدێڕن و گەورەترین ئامێر و ناوکۆ و نێونجوانی ئەو جیھانە بۆ ئێمە واتە میدیا؛ کە لای ئەمان لە خۆگری رۆژنامە، گۆڤار، تەلەڤیزیۆن و ئەنتەڕنێت بوو.

لە دووھەمیشیاندا بنەماڵەیەکی کورد کە یەکێک لە کۆڵەکەکانی شۆڕشی ئیحسان نووری پاشا بووگن، بە پێکھاتێکی زەق و خەستی فیۆداڵییانە لە باکووری کوردوستانەوە بەرەو رۆژھەڵاتی کوردوستان و شاری بانە ھەڵدێن! ھەڵبەت پاش تێک شکانی شۆڕش!(ببوورن ھەندێ جار وا دەزانم پێویست نییە ئاماژە بە ئاکامی رەوت و شۆڕشە کوردییەکان بدەم، چوونکوو ھەموویان ئاکامەکەیان وشە و دۆخ و کارەساتێکە کە شەکەت بووم لە گۆکردنی، ئەگەر خەو یەخەم بەر دادت دەبێ مەراسیمێکی بەرز بۆ "فورسەتھا و چالیشھا" بگرم!٨٥) رووگەیان دەبێتە شاری بانە و فیۆداڵ و خان و زەویندارەکانی ئەو مەڵبەندە. پاڵەوان یان پاڵەوانی دۆڕاو کە ناوی رۆسەم خانە نموونەی رەھەندێکی خانخانێتی لە یەکێک لە شۆڕشە کوردییەکانی سەدەی بیستەم واتە شۆڕشی ئیحسان نووری پاشامان پیشان دەدات کە ھاوخەم و ھاوشوناسەکانی لە رۆژھەڵاتی کوردوستان ئامێزی بۆ دەکەنەوە. رۆسەم خان بە ھۆی باوەڕی بە رەسەنایەتی و خوێن پیرۆزیی و رەگەزپاکیی خۆیەوە قەت مەودا و "بڕیار"ی شوو کردنی کچەکەی لە گەڵ "بۆرە پیاو"ێک بە ناوی خەسرەو کە خەڵکی بانەیە،نادات. ھەر وەکوو لە سەروەش ئاماژەم پێدا رۆستەم بەگ(خان) خەڵکی باکووری کوردوستان و خەسرەو لاوێکی عاشق و خەڵکی بانەی رۆژھەڵاتی کوردوستانە. رۆستەم بەگ کە دوای رووخان و نسکۆی شۆڕشی ئارارات لە باکووری کوردوستان بە رێبەرایەتی ئیحسان نووری پاشا، لە دەست ھێزەکانی تورک ھەڵدێت و روو دەکاتە کوردوستانی ئێران . ئەوەی شایانی باسە چوونکوو ھەر ھەمان سیستەمی فیۆداڵی و خانخانێتی لە رۆژھەڵاتی کوردوستانیش زاڵە، لە بەر دەروازەی ھەر شارێک خانێک بە سووروسات و دەسوپێوەندی شکۆمەندانەی خانایەتیانەی خۆیەوە، راوەستاوە بۆ داوەت کردن و رێزلێنان لە ھاوخوێن و ھاورەگەوزی خۆی کە "خان" بێت. رۆسەم خان وەکوو بوونەوەرێکی ھەستەوەر واتە زۆرتر بەھەست و نیگاوە رووبەرووی دونیا دەبێتەوە و شیکاری و لێکدانەوەیەکی وای نییە، ھۆگری بە سرووشت و مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی بە تایبەت حەیران و لاوژە وقەتار ھەیە و تەنانەت سترانبێژێک بە ناوی پیرۆتی لە گەڵدایە و جارناجارێک کە لە ئەوقبوون و روانین لە کێو و ترۆپکی چیاکان وەکوو ھێمای جەنگ و حەماسەت تێر دەبێت بە پیرۆت دەڵێ: "ئادەی بخوێنە". ئەمە لایەنێکی کەسایەتی مرۆڤی ناو پێکھاتێکی تێکەڵاویانەیە کە بە میتافیزیکیکی ئاوێتاریی ناوبردەی دەکەم، بەڵام لایەنی دیکە و دژبەری لایەنی سەرەوە ئەوەیە کە دوای ئەوەی کە لە شاری بانە دا نیشتەجێ دەبن پەرچەکرداری رۆسەم خان دژی ئەو خواستە و خۆزگەیەیە کە پێی ژیاوە واتە سەرەڕای ئەو ھەموو سۆزەی رۆسەم  بۆ عەشق و حەماسەتێکی ئەڤین دارانە(کە لە خۆشەویستی بۆ مەقام وبەیتە کوردییەکاندا روونە) و ئەمەش لە ژیانی دا رەنگ و دەنگی داوەتەوە واتە تەنانەت خۆشی لە رێگەی عەشقەوە لەگەڵ دایە خانم، دایکی نەرگس، ژیانی پێکەوە ناوە، کاتێک نەرگس و خەسرەو شەیدا و عاشقی یەکدی دەبن و لە رووی تیۆریکەوە دەرفەتێک دێتە ئاراوە بۆ گومانکردن و بەرەوپرسیاربردنی سیستەم و بڕیاری فیۆداڵانە، لە گەڵ بەرگریی و پەرچدانەوەیەکی لەڕادەبەدەر لە لایەن رۆسەم خان-باوکی نەرگس-بەرەوڕوو دەبنەوە و تەنانەت بۆ خەسرەو پیلان رێژی دەکریت، خەسرەوێک کە رۆشتۆتە پێشوازی بنەماڵەی ئاوارە و ئاوارتەی خانەوە و لەسەر سنوور بە ناو چەندەھا کەندەڵان و وشکەچۆم و کوێرەڕێ، بۆ نەکەوتنە داوی سەربازانی ئاتاتورک ھێناویانیەتە ناو بانە. لەو پیلانە دا خەسرەو، گیان دەردەبات بەڵام کوڕە دراوسێیەکیان پێوە دەبێت و دوای ماوەیەک کە قسە و قسەڵۆکی زۆر دەخرێتە دووی نەرگس و خەسرە و رۆسەم خان و ھەروەھا بە ھۆی زەختێک کە سیستەمی فیۆداڵی "باوکسالارانە"ی بنەماڵەی رۆسەم خان واتە باوکی نەرگس دەیخەنە سەر نەرگس- کچی رۆسەم خان-  کچە خۆی دەرمانخوارد دەکات و تیا دەچێت و پاش ئەم رووداوە بەرەبەرە رۆسەم ودایە خان بەرەو ھەڵوەشان و داڕزانێکی دەروونی و رۆحیی دەڕۆن و رۆسەم بە تەواوی شێت دەبێت و ھەموو سامان و بوونی مادیی و مەعنەوی خۆیان لە کیس دەدەن و ھێرشگەلی جۆراوجۆر دەکرێتە سەریان و... و روو دەکەنە شوێنێک لای پارێزگای کرمان. تا ئەم وێستگەیە کە رەنگە بە جۆرێک دواوێستگەش نەبێت لە رۆمانەکەدا بوونەوەر و بکەر یان راستتر وایە(کراو- بەرکار)ی ناو سیستەمی میتافیزیکی ئاماژەپێدراو دوو تایبەتمەندی نێگەتیڤ و چارەنووس کوژ و رەش وەردەگرێت؛ شێتییەک کە سەر لە وڕێنە و تێکچوونی یادەوەری(ونکردنی زەمان) دەدات و غوربەتێک کە ئەمان تێیدا بۆ خەڵکی کرمان "ئەویدی"ن، بەڵام ئەمان خۆیان نازانن چین تا بیر لەوانی دی بکەنەوە! تاکوو دواجار کوڕە گەنجێکی بانەیی کە لە دەزگای "دادوەری" کرمان دا ئیش دەکات بە سەریاندەکاتەوە و کچەکەی نەرگس کە ئێستە سمتی پڕە و مەمکی قۆرت و دەنگی ناسک! خوازبێنی دەکات و دەبێتە دەرگایەکی تۆزێَََََََک رێزمەندانەتر لە پێشوو بۆ دەرچوونی رۆسەم بێ "خان" و"مان" واتە رۆسەم خان لە بەرزەخ و رۆشتن بەرەو نادیار یان دۆزەخێک کە لە ھەنووکەی بەرزەخیی "خانێکی" بەھەشت خوێن و ئاسمانی رەگەز باشتر و شیاوترە.٨٦

ئەم گێڕانەویە تەنھا بۆ بەڵگاندنێکی پێشینە و ئامادەبوونی ئێستاکەی ھاوکێشەی "خودا/بەندە یان ئاغا و کۆیلە(ئەعیەت)" لە رێگەی تیشک خستنە سەر ھەندێ روودا و وردە رووداو لە دوو رۆمان دا کە ھەر دووک لە سەر گێڕانەوەی ئەو ھەل و مەرج و قۆناغە کۆمەڵایەتییەکانی ئیش دەکەن، کە یەکەمینیان بەزمانی کوردی نووسراوە و دووھەمینیشیان بە زمانی فارسی.

خاڵی زۆرتر پەیوەندی دار بە بابەتی بەرباسی ئێمە واتە میدیا لە رۆمانی یەکەمینیان واتە "جەمشید خانی مامم کە..." تیشکی زۆرتر خراوەتە سەر و لەسەرەوە ھاوپێوەندی و ھاوکێشەی "خان واتە جەمشیدی مامم/ کۆیلە و رەعیەت واتە سالاری برازای جەمشید / و دانوستانیانم لە گەڵ میدیا(رۆژنامە، گۆڤار، ئەنتەرنێت و...)"روون کردەوە، شایانی باسە کە جەمشید، خۆی لە ھاوکێشەیەکی ئاغا/ کۆیلە/و میدیاییەکی تر دا دەژی و چارەنووسی بژار دەکرێت، ئەو ھاوکێشەیەی سەرەوە لە ناو رووبەر و پانتایەکی خودییانە دا بیچم دەبەستێ بەڵام لەھەمبەر و لە پانتای پێوەندی لەگەڵ ئەویدی دا ھاوکێشەکە دەبێتە "با"ی خۆش مرووری ھەواڵ(جەمشید)بەر و پڕتاو / جەمشیدی ھەواڵئامێز و کۆیلەی دەستی میدیایەک بە ناوی "با" کە لە زۆر قۆناغی مێژوویی و کۆمەڵایەتی دا"با" بە پەیک و قاسید و نامەبەر و ھەواڵبەر شوبھێنراوە و کراوەتە خوازە و میتافۆڕ، تەنانەت لای نالیش بادی خۆش مروور ئەو پەیکە بە ھێزەیە کە ھەواڵی نیشتمان بۆ نالی دێنێت/"با" وەکوو کەڵە خان و خودێ جەمشید دەکاتە بووکڵە٨٧ و کایەی دەستی خان و خودێکانی٨٨ جەنگ واتە بەعس، بەرەی ئێرانی دژە بەعس، ھێزی پارتی کرێکارانی کوردوستان و... ئەم باسە زۆر و درێژترە لەوەی کە من لێرەدا بیکەمەوە و لەسەری بچم و تەنھا سەرەداوێک لە خوێندنەوەی خۆم بۆ ھاوکێشەی (١- خان و خودێ/٢-رەعیەت  و کۆیلە/٣- بای میدیا و میدیای با) بە دوو ئاقاری خودی و ئەویدی دا خستە روو، کە ھەم بەڵگاندنێک بوو بۆ ئامادەگی و کەونینەبوونی سیستەمی دیسپۆتیزم(ئاغا و کۆیلە) و ھەمیش شیکردنەوەی ھەبوون و دەرکەوتنیان لە رووبەرە میدیاییەکان و پانتاگەلی جیھانی مۆدێڕن و تەکنۆلۆژیاوە. لێرە دا بە گێڕانەوەی حیکایەتی ھاتنی ئامێرە میدیایی و تەکنۆلۆژییەکان و ئەو رۆڵ و کاریگەرییە دوو فاقەی لە پیرۆزاندن و شکاندن دا گێڕایان، دەگێرمەوە و کۆتایی بە باسە نیوەچڵەکە دەھێنم. بۆیە دەڵێم نیوەچڵ چوونکوو ئەم باسە و پێوەندی شوناسئامێزی ئێمە بە میدیاوە و رەھەندی ئۆنتۆلۆژیانەی میدیا ئاوێکی زۆر دەبات و وتارێک ناتوانێت ھەڵگری ئەوە بێت، من ھەوڵدەدەم لە شوێنانی تر دا بپەرژێمە سەری.

 "ئامێرە میدیاییەکانی کورد و ئامێرە تەکنۆلۆژییەکانی میدیا؛ پاش کرانەوەی کۆمەڵگاکان و لەسەردەمی شۆڕش دا"٨٩

(کۆمەڵگای کوردی و ئامادەگی پەیکی شارەزا و "باد"ی خۆش مرووری نالی)

لە سەردەمانێکی زۆرەوە واتە پێش ھاتنی رادوێ٩٠، کامێرای کۆداکی فەوری، کامێرای ڤیدیۆ، لە کۆمەڵگا و تۆڕی پێوەندیی کۆمەڵی ئێمە بە کۆمەڵە جۆراوجۆرەکان و پێکھاتە جۆراوجۆرەکان لەوانەش خێڵێکی یاخی، تاقمێکی چەتەوڵ، ھێزە شۆڕشگێڕەکان و تەنانەت تاکەکەسی راوەدوونراو و یاخی و ھەڵھاتوو لەو سیستەمە ئاغاو کۆیلەیەی کە لەسەرەوە باسم کرد(ئێستا بە ھەر ھۆیەکەوە بوو بێت رکەبەرایەتی عاشقانە لە گەڵ خان و ئاغا یان کوڕەکەی یان خانزادەیەک، حاشاکردن لە دانی ماڵیات بە خان و سیستەمەکەی و...بێت) "پەیک" و قاسیدی ھەواڵھێن رۆڵێکی ئاسمانی و زێڕین دەگێڕێت. پەیک سەرەڕای ئەوەی کە تایبەتمەندی لەناکاوە دابەزین و ئان و سات ھاتنی بوو، ھیچ کاتێکیش نەدەزانرا کەی دێت و نەخشەی بوونی نەدەخوێندرایەوە، ئەمە ببووە ھۆی ئەوەی  نە تەنھا ئەو ھەواڵ و خەبەرانەی کە پەیک لە شوێنگەلی نادیار و پشت چیاکان دەیھێنێت، ئەفسوونکەر و پیرۆز و بڤەمەند بن، بەڵکوو خودی پەیکیش ھەڵگری خەرمانەیەکی زەق و زیوینی پیرۆزایەتی لە دەوری رووخساری خۆی بێت. "پەیک" زاتێک بوو کە جەمسەر و سەرچاوەکانی ھەواڵ تەنھا و تەنھا ھەواڵ و پەیامیان بۆ ئەو دەدرکاند و بە ئەویان دەسپارد، تەنھا ئەویش رێ دەدرایە ژوورەوە و بەتەنھا ھەر ئەویش شارەزای رێگە سەخت و تووشەکان و ناوبڕە نەکوتراوە و نەدۆزراوەکان بوو. پەیک ئەم رووخسارە بوو و ھەموو کەسێک چاوەڕوانی ھاتنەوەی دەکرد، ئەو وەک "با" وابوو لە زۆر کات دا کە چاوەڕوانت نەدەکرد دادەبەزی و لە تەنیشتت دا ھەڵی دەکرد. (("با"(پەیک) دەزانین کە ھەر دێت و ھەستی پێ دەکەین، بەڵام نازانین چۆن و لە کوێوە دێت"))ئەمە دەبووە ھۆی ئەوەی کە خەرمانە و شەبەنگی پیرۆز ئەم "پێغەم بەرە" کوێستانی و شاخییە، دانسقە و قودسی بکات. ئەوەتا لای نالی "باد" و پەیک یەکەیەک بووگن کە شارەزای دەشتی شارەزوور و راھی پڕخەتەر بووگن:

                     قوربانی تۆزی رێگەتم ئەی بادی خۆش مروور        ئەی پەیکی شارەزا بە ھەموو شاری شارەزوور

ئەم قودسییەتەی پەیک("باد") تا ھاتنی رادوێ بەردەوام بووە. کاتێک پیرۆزایی پەیک بە بڕینی ئەو "مەودا" و رێگە دووروودرێژ و پڕھەڵەت و زەردەدا گەرەنتی دەکرا، ئیدی بەھاتنی رادوێ و سەرچاوەیەکی بڵاڤۆکین(منبع پخش)کە شەپۆلە جیاجیا رادێوییەکانی دیاری دەکرد و ھەر شەپۆلێک تایبەت بوو بە چەقێکی بڵاوکردنەوە، ھەموو مەودا و رێگاکان یان بەشی ھەرە زۆریان دەپۆشێنێت و لە خۆ دەگرێت، لەم بارودۆخە دا مەرگی پەیکیش لێبڕاو و حەتمی بۆوە. بوونی پەیک بەند بوو بە ھەبوونی رێگا ھەڵەت و تووشەکان و مەودا سامناک و نەپێوراوەکان ، کاتێک رادوێ بە زەمەنێکی ئەفسووناوی و زۆر کەمتر لە ھی پەیک، مەودا و رێگاکانیان دەسڕییەوە و دەبڕی، ئیدی پەیک پەکی کەوت و وەکوو حەقیقەتێکی دەم "باد"خۆی (واتە پەیک!) بەرەو نادیار و نەمان رۆشت. رۆڵی پەیک لە پڕکردنەوەی ئەو مەودا دووروودرێژەیە کە دەبووە ھۆی بەرزنرخاندنی بابەتی قودسی و پیرۆز، کاتێک ئەو دەبووە میدیا و ناوکۆی نێوان ئێمە و ھێزی پشت و ئەو دیو چیاکان، ئێمە بە سیستەمێکی زەینی وێناکردن و خەیاڵاندن وێنە و جەستەکانی ئەو دیو چیامان بۆ خۆمان دەکێشا، ئێمە نیگار کێشێک بووین کە پەیک ئامیانی سەرەکی رەنگەکەی پێ دابووین، بەڵام لە شێواز و رەنگ و فۆرمی ئەو جەمسەرەی کە لێیوە دەھات، شتێکی پێ نەدەگووتین، بۆ نموونە ئەگەر باسی پێوەندی رێبەری شۆڕش و ھەواداری سیاسی بکەین و پەیک تاقە میدیا و ناوکۆی نێوانیان بێت، سەرەتایی ترین و سەرەکیترین شتێک کە روو دەدات، پیرۆزایی و قودسی بوونی رێبەری ئەو دیو چیا و "مەودا" کانە، بەڵام کاتێ رادوێ ھات و مەوداکانی سڕییەوە و ئێمە گوێبیستی قسە و قفە(کۆکە) و منجەمنج و راوەستان و تۆنی دەنگی رێبەر بووین ئێدی گومانمان جما(بزوت) و زانیمان دەشێت رێبەر لە ھەندێک شت لە گەڵ کۆی ئێمە دا ھاوبەش بێت، لەوانە قسەکردن، ھەڵەکردن لە خیتابێکی رادیۆیی و راستکردنەوەی و... دوای ئەوەی کە رادیۆ خەش و خەراشێکی لە ئەفسوون و پیرۆزایی ھاوکێشەی پێشوو و لەسەرەوەش روخساری پەیک و جەمسەرە کۆنترۆلکەر و رێبەرەکەی خست، کاریگەری بنەڕەتی و ھەڵتەکێنەر بۆ بڤەشکاندن و پیرۆزیی سڕینەوە کامێرای کۆداکی فەوری درووستی کرد. کامێرای کۆداک وێنە راستەقینەکانی پشت چیا و نیگارە حەقیقییەکانی لە سەرۆک و دەست و پێوەندەکەی پێ گەیاندین، پاش بینینەوەی ئەوەی کە رێبەر وەکوو ئێمە جل و بەرگ دەپۆشێت و کەپووی نەختێک پان و پیقی وەرگرتووە و بزەکەشی وەکوو بزەی ناو کۆڵان و بن ماڵەکانە، ئەوەندەیتر لە ئەفسوون و پیرۆزیی جەمسەرێک کە پەیک کاری بۆ دەکرد، کەم کرایەوە. پاش کۆداکی فەوری ھەنگاوێکی تر بەرەو مەرگ و نەمانی ئەفسوون و قودسییەت نێزیک بووینەوە واتە بە ھاتنی کامێرای ڤیدیۆ ئەم پێشڤەچوونە کەوتە قۆناغێکی تر لە گەشەوە. ئەو کامێرایەی کە جیاوازی بنەڕەتی لەگەڵ کۆداکی فەوری لە رەھەندی زەمان دا بوو و بە بەردەوام پیشان دانی وێنەکان و بە ریزکردنی کۆوێنەگەلێکی یەک لە دوای یەک فیلمی دەسازاند بە دەنگ و رەنگ و چۆنییەتییەکی باشتر و روونترەوە. ئەگەر لە کامێرای کۆداک دا سەرۆک قەتیسماو و گیرخواردوو لە چرکەساتێکی زەمەنی بە وێنەیەکەوە بوو، لێرەدا و لەکامێرای ڤیدیۆیی دا سەرۆک دەنگ و رەنگێکی پڕجووڵە و بزۆز لە پشت شاشە و لە خەیاڵدانی ئێمە دا بوو کە لە پیرۆزایی و نادیارییەکی خودایی دەتەکا و شووشەیەکی تەنک و تەسک(تی ڤی) جێگەی ئەو "مەودا" و دووربوونەوەیە دەگرتەوە. ھاتنی کامێرای ڤیدیۆ بەشێکیتر لەو رەوتەی شکاندنی ئەفسوون و پیرۆزایی کە بەمردنی پەیک و ھاتنی کامێرای کۆداکەوە دەستی پێکردبوو، تەواو دەکات تاکوو سەردەمێک کە تەلەڤیزیۆن و ناوەندی پەخش و بڵاڤینی تی ڤی لە شێوەی بڵاوکردنەوە و وەشانی راستەوخۆ دا دێت. تایبەتمەندی تی ڤی و کەناڵە بڵاڤینییەکانی ئەوە بوو کە ھەواڵ و ئاگاداری و بەگشتی دەنگ و رەنگەکانی ئانوسات و گەرماو گەرم بوون و ھاڵاوی لێ ھەڵدەستا!٩١ توخم و ماکەیەک کە لێرە و لەتەلەڤیزیۆن دا دەردکەوت و جیاکاری لە نێوان ئامێرە میدیاییەکانی تر و ئەمی روون دەکردەوە، نەمان و لاچوونی توخمی زەمانە، باقی ئامێرەکانیتر لەناو زەمان دا قەتیس و گیرخواردوو بوون، بەڵام تەلەڤیزیۆن بەسەر زەمان دا زاڵ بوو و یان لانیکەم ھاوکێشەیەکیتری لەگەڵ زەمان دا پێکھێنا، ئەو بریتی بوو لە تیشک و نوورێک کە خێرایی سەرسووڕھێن و لەرادەبەدەرە، ھەر وەکوو وشەناسیش وشەی(Tele) بەواتای "دوور" و وشەی  (vision)بە واتای "دید"، "ئیلھام" و "داھات" دێت، واتە مەبەست ئەوەیە ئەم ئامێرە پێش لەوەی شتێک لە نێو خۆیدا و لەرێگەی چاو و گوێوە بکات بە قووڵایی گیانی ئێمەدا، لە بنەوەڕا شتێک لە ئێمە و ھەناوی ئێمە دا دەجووڵێنێت و چالاکی دەکات و بەستێنی ئیلھام و داھاتنی شتێک لەخۆی دا بۆ ئێمە دەڕەخسێنێت. ئیلھام، ئەو رووداوەیە کە پەیوەست و پێوەندی بە ناخودئاگا یان زەینی ناوشیارەوە ھەیە و لێرەش دا پێوەندی و گرێدراوەتی میدیا و رووبەری تاریک و ناوشیاری بینەر روون دەبێتەوە و ھەروەھا سەلمێنەری ئەو پانتا سامناک و پڕتوێ و ھەڵەتەیەسە کە میدیا چالاکانە قونیوەتە٩٢ ناوی و کایەکە دەگەڕێنێت. تەلەڤیزیۆن یان تی ڤی، یانتر ئەم سەرچاوەی ئیلھامە دووردەستە، رۆڵی یەکلایی کەرەوەی لە شکاندنی ئەرزی حەرام و رووبەری قودسی دا بوو. بەڵام سەربووردە و کرۆکی روودانەکە بە ئاوەھا رەوڵێک٩٣ واتە شکاندن و لابردنی پیرۆز درێژەی بەکاری خۆی نەدا. ئەوەندەی نەخایاند کە تی ڤی کەوتە بازنەی کایەیەکی ئاڵۆزەوە ئەو لەپاڵ و ھاوشانی شکان و رووشاندنی ھەرێم و کاراکتەرێکی پیرۆز، بابەت و سیما و ھەرێمێکیتری پیرۆز رۆ دەنێت و لەجێگای ئەوی دی دا دایدەنێت واتە شیکاری ھاوکێشەکە ئەمەی لێ دەردەکەوێت: لابردنی ھێز و رووگەیەکی پیرۆز خۆی پێویستی بە ئامێر و ئەرک و ئامانجێکی پیرۆز ھەیە، بۆیە پاش ئەوەی پیرۆزاییەک دەشکێت، ئەو ھێز و وزەیەی کە مەرج نییە لە ھەرێم و ئەرزی پیرۆز دا بژی و ژیا بێت، خۆی بە ناوی پیرۆز و قودسی مانیفێست دەکا. لێرەدایە ئەو تایبەتمەندییەی پەیک دێتەوە، بەڵام بە بێ مەودایەک کە پەیک لە سەری پیرۆز کرابوو، واتە ئێمە دەکەوینە چوارگۆشەیەکی بەندکراو لە تەقدیس و پیرۆزاندن، بە مەودایەکی ناسک و تۆزئاسا لە تیشک و نوورێکی وەھا بێ مەودا و نێزیک دا کوێر دەبین! تیشک ئەوەندەی کە پێویستە بۆ بینین و بینایی ئەوەندەش حەوجەیە بۆ نەبینین و نابینایی! ئەمە ئەو ئەرکە دژوازەی میدیا کۆییەکانی جیھانی مۆدێڕن و دیجیتاڵە کە بە ناخماندا شۆڕ بۆتەوە! گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەرھاتی جیھان و میتافیزیکی کۆن لە گێژەنی تیشکی میدیاکانی ھەنووکە دا بابەتێکی زۆر دوورودرێژە و ئیشی کتێبێکی پیرۆزە کە پیرۆزایی خۆی دەشێت لە سەر بنەمای دژبەری ئەفسوون و تەجەللا و پیرۆزایی ئەوان دا رۆ بنێت!

پەراوێز و سەرچاوەکان:

١- پاژی گشتی: جز ْ کلی. ئەم لێکدان و رێکەوەندە بەرھەمھاتووی گۆشەنیگایەکی ئیستیقرایی یان پاژبینانەیە کە بە مەبەستی دیتنەوەی کۆ یان گشت ئیش دەکات و ئەوەیش کە پاژەکان خۆیان گشتەکی بن نیشانەیەکە بۆ فراوانیی رووبەر و بەربڵاویی پانتای بابەتی گێڕدراو و مژاری نووسینەکەوە

٢- پزیسک و پرشە ھەر دووک لە دەڤەری جوانڕۆ و سەلاس باوەجانی بەکار دەبرێن، پزیسک بۆ ئاگر دەکار دەکرێ و مەبەست لاپاڵ و وردەشەپۆل یان وردەئاگری ھەناوی ئاگر و شتی گڕ تێ بەربووگە و پرشەش ھەر ھەمان دۆخ و پێگەی وشەیی و پێکھاتەیی ھەیە بەڵام پرشە لە سەرچاوەیەکی دژی ئاگر واتە ئاوەوە دێت و ھەر دووکیانم بە دەرھەست کردنەوە و ئینتزاع رێسی بە واتای تیشک و تێگرتن واتە تێڕوانین و نیگائاراستە کردن. بۆ روونبوونەوەی زیاتری ئەم ھەڵسوکەوتە لەگەڵ وشەکان دا چاو لە کتێبی بنەماکانی وشەسازی و وشەروِنان لە زمانی کوردی دا، نووسراوی کامەران رەحیمی و زمان و زانیاری-کە براوەی خەڵاتی نۆبڵیشە-نووسراوی "جیراڵد ئادێلمەن"، وەرگێڕان بۆ فارسی رەزا نیلی پوور، بڵاوگەی نیلۆفەر، چاپی یەکەم ١٣٧٨، بکەن.

٣- میدیا ھەر وەکوو لە دەقەکەش دا دەخرێتە روو بەواتای ناوکۆ و پردە پێوەندییەکانی مرۆڤ بە دیاردەکانی پانتای"بوون"ەوە و لە خۆگری ئەو ناوکۆ و میدیا ئاسمانی و زەوینییانەیە کە رۆڵێکیان لە "ڤەداھاتن" و "بوون" و "ھەبوون"(Been & Become)ی مرۆڤ دا گێڕاوە.

٤- ئەم ھاوکێشەیە کە بنەوا پێکھێنەر و بەستێنە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی بۆ سەردەمانی کەونینە و کۆن دەگەڕێتەوە، ھەنووکەش و لە جیھانی ئەمڕۆ دا دەسەڵاتی ھەیە، ئەگەرچی روخسار و جل و بەرگی گۆڕیوە. وەکوو نموونەیەکی بنەڕەتی و راستەقینە، خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە "رۆژھەڵات ناسی"یەکانی ئیدوارد سەعید لە باس و خواس و مژارەکانی لەبارەی کۆلۆنیالیزمەوە ھەڵگری ئەم فۆرم و پێکھاتەیە کە لەنێوان دووجەمسەری سەردار/ کۆیلە، خودێ/بەندە، وڵاتانی پێشکەوتوو / پاشکەوتوو، وڵاتانی چەق/ پەراوێز، چەوسێنەر(کۆلۆنیالیست) / چەوساوە(کۆلۆنیالیزە کراو) و...ئیش دەکات. من پێم وایە ئیدوار سەعید خۆیشی قوربانی و گیرخواردووی ئەم فورم و سیستەمە مێژووییەیە بۆ زانیاری زۆرتر وتاری "ئیدوارد سەعید و مەسەلەی ویژدان"ی بەختیار عەلی، لە ھاووڵاتی، ژ ١٤٩چوارشەممە ١٢/١١/٢٠٠٣ بخوێننەوە.

٥- ھەستەوەری لەدژبەری بیرەوەری ھێناومە و بەواتای توانستی ھەست کردن دێت و بیرەوەریش نەک بە واتای "خاترات" بەڵکوو بەواتای توانستی بیرکردنەوە و ھزرین دێت کە لەسەر ئامیان و ماکەی "یادکردن" و خاترات شکڵ دەگرێت.

٦- بەڕای من فیلمە سێیانەکانی ماتریکس لە رووبەر و پانتایەکی زۆر کراوە و ئەمڕۆیی( پۆست مۆدێڕن، دیجیتاڵ، ترانس مۆدێڕن، دەسەڵاتی ماشینی و...) دا کاریگەری و جەوھەری میدیای بە وردییەکی کۆییەوە (یان پاژبینییەکی گشتییەوە) گێڕاوەتەوە، ئەگەر فیلمەکەمان بینیبێ بۆمان روونە کە زۆرتر لە نیوەی ئەکتەر! و کائاکتەرەکانی لە ئەتومێسفێر و کەش و ھەوایەکی مەجازی دا دەسووڕێن و دێنە کایەوە، نیئۆ و مۆرفیۆس لە نێو پرۆگرامێکی کۆمپیۆتەری دا لەگەڵ یەکتر دەکەونە ئاخافتن و دواتر مۆرفیۆس بە گرینگترین پرسیاری بوون ناسانەی نئۆ واتە "ماتریکس چییە"؟ ھەر لە نێو فەزایەکی سایبێری و مەجازی دا وەڵام دەداتەوە و پێی دەڵێ: ماتریکس وەھم و وڕێنەی تۆیە بۆ ئەوەی کە باوەڕت بە ماشین(میدیاکان ھێناوە، ھەڵبەت پێش لەوەی ئەمان بچنە نێو فەزایەکی سایبێرییەوە کە فێرکاری و وەڵامی پرسیار(ماتریکس چییە؟) و راھێنانی وەرزشی ژاپۆنی واتە جوجیتسۆ و... لە رێگەی چەند ئامێرێکی زۆر پێشکەوتوو و فرامیدیاییەوە نۆژەن و نۆزایی دەکرێن، واتە دەبنە پرۆگرامێکی کۆمپیۆتەری بۆ ئەوەی بتوانن بچنە نێو ھەر سیستەمێکی ویندەوز، مەکینتۆش و...تەنانەت دواتر بۆمان دەردەکەوێت کە دەرھێنەر و بەڕێوەبەری کۆی رووداوی فیلمەکە نەک برایانی وایچۆفسکی بەڵکوو کابرایەکە کە دواتر نیئۆ لەگەڵی دیدار دەکات و بە نیئۆ دەڵێت: من ڤەداندەری ماتریکسم و تۆ بژاردەکراوی بۆ ئەوەی دونیا رزگار کەی، تۆ بانمرۆڤی، ھەر وەکوو چۆن دەتوانیت بفڕیت دەتوانیت زۆر کاری سەیرتر بکەیت، نیئۆش وەکوو مونجی پێی دەڵێ: دۆعا بکە جارێکیتر نەتبینمەوە چوونکوو عاقیبەتت باش نابێت. ئەم فیلمە ھەڵگری باسێکی زۆر و زەبەندە لە رەھەندگەلی ئۆنتۆلۆژییانە، ئاپۆکالیپس(ئاخرزەمان)، دەسەڵاتی تۆتالیترانەی میدیا و ماشین واتە عەقڵی ئامرازیانەی جیھانی ھاوچەرخ، میتافیزیک و ئوستوورە، و...و من لە داھاتوو دا و لە قەوارەی کتێبێک دا ھەمووی دەخەمە روو.

٧-(رستەیەکی بەختیار عەلییە کە لە ئان و ساتی نووسینی ئەم وتارە دا ھاوڕێیەکم بە کورتەنامە و بەفارسی و بە ئارەزووی! بۆی ناردم!)

٨- ڤەداندەر بە واتای خالیق و خودا دێت و ڤەدانین، ئاوەڵناوی داھێنان و خەلیقەتییانەی ڤەداندەرە.

٩- نێڤنج: مام ناوەند و پنتی ناوەڕاست و ناوین. ڤان: پاشگرێک کە واتای بکەری و کارایی دەگەیەنێت.

١٠- مۆدێڕنیزم رۆژگاری رووناک و پڕتیشکی زۆرە و لەبەر ئەوەش دەشێت شەوگاری نووتەک و ئەنگوستەچاوی زۆر بێـت!

١١- کتێبی تەورات، بڵاوگەی ئەلەکترۆنیWww.zoon.ir بەشی ڤەداھاتن ل یەکەم.

١٢- وا مەزەندە دەکەم ڤەداندەر بە زمانێکی تایبەت تر و دانسقەتر لەو زمانەی "ئادەم" ئاخفیوە، بەڵام ھەر نێزیکیش بووە لە زمانی وان!

١٣و١٤- سەر و ژێر لێرەدا وەکوو دوو لایەنی سەرپەڕ و پڕکاکڵی ھەر دیاردە و بابەتێک دەکام کردووە.

١٥- سووبێکت و ئۆبێکت ھەر ھەمان سووژە و ئۆبژەیە بەڵام لە میتافیزیک و زمانی ئاڵمانی دا، و لام وایە بە ھۆی جیاوازی ئەو تێڕوانینەی کە بۆ مۆدێڕنیتە و "سووژە/سووبێکت" لە چەند لایەن و جەمسەرێکی فەلسەفی لە ئاڵمان دا-لەوانەش ھابێرماس- لەگەڵ فەلسەفەی فەرەنسی و ئینگلیسی زمان دا ھەیە، واتای بکەری ناسکار(فاعل شناسا)لە سووبێکت دا پڕوزە و خەست و خۆڵ و "پڕھەمێد" و "نەمراوە" بێت لە چاو سووژەی دیکارتی یان لاکانی و فۆکۆیی.

١٦- "بووگ" ھەر ھەمان "بوو"ە بەڵام چوونکوو "بوو"، بۆ دەکارچوون لە پێگەی بکەر(فاعل) دا لاوازە، ئەوەش بە ھۆی ھاوشێوەیەکی تەواو کە لە شکڵی نووسین و دەربڕین دا لەگەڵ "بوو" لە پێگەی کردە(فعل) دا ھەیەتی، "بووگ"م ھێناوەتە کار و لەبەر ئەوەی ئەم وشەیەش لەو وشانەیە کە بوونێکی سرووشتی لە سەر زمانی خەڵک و ئاخێوەری کوردی دا ھەیە بەتایبەتی لە بن زاراوەی ئەردەڵانی و جافی دا بەکارھێنانی رەوایە.

١٧- سو/ئوبێکتێک، واتی بوونی ھاوکاتی شتێک لە دوو پێکھاتی "بوونناسانە" دا واتە ھەم سووبێکت و ھەمیش ئۆبێکت.

١٨- ئەو ئەستێرە شەیتانییەی کە لێرە دا ھاتووە تەنھا و تەنھا ئاماژەیە بۆ بەدیارکەوتنی فرە و پڕتوێی لە بەرچاوانی ئێمە لە رێگەی جۆراوجۆەوەیە، لە زۆر فیلمی سینەمایی و زنجیرە دراما دەرکەوتووە لەوانەش فیلمی ڤی بۆ تۆڵەسەندنەوە بە دەرھێنەری جەیمز مەک تیگۆ، بانسرووشت(Super natural)بەرھەمی کۆمەڵێک دەرھێنەر، گومانلێکراوە ھەمیشەییەکان بە دەرھێنەری برایان سینگێر و...، مەبەستم درووست کردنی پرسیارێک لە دڵی ئەو ئەستێرەیەیە کە بە پێی گێڕانەوەیەک دەڵێن بو رێوڕەسمی شەیتان پەرستی (Devil worshipe)لە رێگەی نیگارکردنی کۆمەڵێک پیت و پنتی کۆن لەسەر ئەو ئەستێرەیە، کەڵک وەردەگیرێت!

١٩- بە پێی زانیارییەک کە چەند ساڵ پێش لە یاھوو مەسینجەر(Yahoo messenger)و چەت روومەوە لە رێگەی کچێکی ئەمریکاییەوە دەستم کەوت، رەنگی سەوزەی رۆژھەڵات بە تایبەتی رۆژھەڵاتی ناوین بە لایانەوە زۆر راکێشەر و سەرنجکێشە، ھەر وەکوو چۆن رەنگی رەش لە سرووشت و جەستەی ئەفریقاییەکاندا شێوازێکیتری سەرنج راکێشی بۆیان ھەیە!

٢٠- ژیانەکی: حیاتی

٢١ و٢٢- لە روانینی فەیلەسووفی دەروونشیکاری فەرانسەوییەوە سێ قۆناغ لە گەشە و باڵاکردنی منداڵ دا ھەیە، قۆناغی واقیعی، ئاوێنەیی و ھێمایین و قۆناغی واقیعی ئەو وێستگەیەیە کە منداڵ خۆی و ھیچ کەس و ھیچ شتی تر لەیەک جودا ناکاتەوە ھەر بۆیەش دەست و دەم بۆ و بەرەو مار و ئاگر و...دەبات، پاشان قۆناغی ئاوێنەییە کە مرۆڤ کۆی جەستە و بوونی خۆی وەکوو ئەوەی لە ئاوێنە دا بیبینێت، دەبینێتەوە و جوداوازی و جیاوازی خۆی کەشف دەکات، پاشان قۆناغی ھێمایینە کە مانا و ھێماکان وەردەگرێت و وردەوردە فێری بنەما و یاسا و رێساکان دەبێت و دەبێت بە بوونەوەرێکی ئاخێوەر. لەم ئاماژەیەم بو ئەم تیۆرەیەی لاکان کایەیەکی زمانیم لە نێوان واقیعی، خەیاڵی، ئاوێنەیی، ھێمایین دا سازاندووە و مەبەستیشم پێوەندی نەپساوە و زنجیرەیی ئەم قۆناغ و چەمکانەیە، ھەڵبەت سەرەڕای چەند مەبەستێکی تر!

٢٣- رەھا بوون لێرە بە دوو واتای "ئازادبوون" و "موتڵەق بوون" ھێناومە، چونکوو لە دۆخێکی ئایدیاڵ و نموونەیی فانتازی دا سەرەڕای ئەوەی ئەم دوو یەکێکن و کۆبوونەوەیان نەکردە نییە، بەڵکوو ھەر مانا و دژە مانایەکی دیش دەتوانن ھەڵ بگرن، بۆ فامی ئەم شێوازە چاو لە کتێبی"جھان متن"(گفتگو با پل ریکور) وەرگێڕانی بابەک ئەحمەدی بکەن.

٢٤- دێڕێکی مامۆستا شێرکۆ بێکەسە لە رۆمانە شیعری "کورسی".

٢٥- کیفاندن بۆ دەنگ وخشە و... مار دەکار دەکرێ، وەکوو چۆن قەسپاندن بۆ کەو و چریکاندن بۆ بولبول و سەڕاندن بۆ کەر!

٢٦- لاجانگ: نیوەیەک لە دەموچا و لەتێک لە روخسار کە جوانکیلەیی و ساف و لووسیی پێوە نووساوە!

٢٧- رەھابار: واتە سیخناخ و لێوڕێژ لە رەھابوون و موتڵەق خوازی وەکوو خەفەتبار، خەمبار.

٢٨- ئەو ئاوارەگی و ماڵ بەکۆلییەی کە نیچە لە کتێبی "ئاوارە و سێبەرەکەی" دا بەمەبەستی رەھانەبوون و ئازادبوون دەیگرێتە بەر و "ژیان"ی بە واتا چەسپاو و دەستوور و رێساکەی رەت دەکاتەوە و بێزی لێ دێتەوە.

٢٩- پێویستی: زەروورەت، دەبێت:باید، دەبێتێک: بایدی.

٣٠- سووژەی ماشینی عازەوییانەی ژیل دیلوز و فیلیکس گاتاری لە چەقی داو و کەمەندی ماشینیزم و کاراکتەرگەلی ماشینیانە و ھەست لێکدژەکانی دا شوناسی خۆی دەبینێتەوە، بۆ زانیاری زۆرتر بڕواننە گۆڤاری "نویسا"،ژمارە ٣، پاییزی ١٣٨٣ل ٢٩وتاری "ماشین عزب" رونالد بوگ، وەرگێڕانی شەھریار وەقفی پوور.

٣١- ئەمە چەن دێڕێکە لە قەسیدەیەکی شێرکۆ بێکەسە بۆ شەھید ھەڵەدنی.

٣٢- پێغەمبەر: پێغام بەر: پێغەم: ھەواڵ بەر.

٣٣- گوریس و پەت قەوارە.

٣٤-دافرەقان: ورد و خاش بوون لە دەڤەری ناوچەی دەشتی وڕ و گەرمیان بیستوومە کە سەر بە شاری سەلاسی باوەجانین.

٣٥-بڕواننە کتێبی "دنیای شتە بچوووکەکان"، زنجیرە کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، نووسینی رێبوار سیوەیلی ساڵی١٩٩٩، وتاری وردەمێژوو ل١٩١.

٣٦- حەریم یەکێک لەو وشانەیە کە بە ئەندازەی "مەودا" کە کلیل وشەیە گرینگ و تایبەتە، لە فەرھەنگە فارسییەکان دا لە بارەی واتای حەریمەوە وا ھاتووە: حەریم ئەو شوێن و خاڵەی کە سنوور و دەروازەی نێوان دوو دنیان، دنیای ئێمەی مرۆڤ و دنیای ئەوانی جنۆکە و لە خۆمان بەتر، حەریم ئەو کەوشەن و کەورگ(ئەشکەوتی تەنگ) و کونارۆچکەیە(کونایەکی بچووک بۆ تیشک و رووناکایی کە زۆرتر لە سەرو ئەو شوێن یان ژوورەی ماڵان لە دێھات دا نانیان تێدا دەکرد، دەکرا) کە حەرام و بڤە کراوە، گەر کەسی بچێتە نێو "مەودا"ی حەریمەوە بە ساغی و باویی ناگەڕێتەوە و "دەستی بە زەبری لێ دەوەشێنرێت".

٣٧- مەبەستم منێکی تاکەکەسی نییە بەڵکوو ئاماژەم بە منێکی کۆییە کە ئاست و رووبەرێک لە "من" دەگرێتەوە.

٣٨- مەبەست قۆناغی پێشکەوتووتری نیشتەجێ بوونە کە تیایدا ھێما درووست دەبێت و ئاڵای زەرد و سەوز و سووری موڵکدارێتی و خاوەندارێتی ھەڵدەدرێت و ھەڵدەکرێت!

٣٩- خەتی میخی.

٤٠- کەندەڵان و زەرد و ھەزاربەھەزار!

٤١- فرمان: فەرمانی سەیارە

٤٢- لە ھاتنی وێستگەی بڵاڤینی(ایستگاە پخش) رادیۆ بەم لاوە.

٤٣- گراماتۆنەکان، ئەرکی دۆزینەوەی سەرچاوە و چاوگەکانی دڕندەیی و وەحشی بوونیی مرۆڤیان بە ئەستۆوە بوو.

٤٤- دەرھێنەری فیلمە سێیانەییەکانی ماتریکسن بڕواننە بڕگەی٣.

٤٥- ھێما دوو واتای ھەیە،١- نیشانە و سەمبول٢- ئاماژە و ئیشارەت ومن لێرە دا ھەر دووکم لا مەبەستە!

٤٦- لە زانستنامەی سەرتاسەری ڤیکی پیدیاوە!

٤٧- واتە نیگارکراو و خەمڵێندراو بە چەندەھا ھێما و مۆرکی ورد و گچکە و درشت و قەبە!

٤٨- خوازەیەکە بۆ دژوازی مەبەستی راھیب وەکوو گۆشەنشین و تەراکەوتە و ئاوەڵناو یان دونیای دیجیتاڵ وەکوو بابەتێکی گشتەکی و ئیپیدیمیک! واتە خوازەیەکی تەوس ئامێز لەو رۆژگارەی دەسەڵاتی ئەو راھیبانە کە دواتر دادێت!

٤٩- ھەستەوەران: ھەستکەرەکان.

٥٠- ئەو قۆناغەی گێڕانەوەی چیرۆکیی کە پێش لە گرێکردنەوە دێت، واتە قۆناغێک کە زنجیرەی رووداوەکان کۆمەڵێک تەنگەنەفسی و ھەناسەسواریی دەروونی بۆ ئێمە درووست دەکنن و لە دڵمان دا وەکوو گرێیەک دەچنێت یان دەچێندرێت!

٥١- کۆڵەکە یان ستوونی پێنجەم بۆ سیخوڕەکانی جەنگ و دوژمن دەکار دەکرا، وەک روون و ئاشکرایە روانگەیەک کە بۆ رۆناندنی ئاوەھا رێکەوەندێک ئیشی کردووە روانگەیەکی میدیابینانە بووە کە لەسەر پێکھات و لاختی زمانی "رەنگ و دەنگی" داوەتەوە.

٥٢- ڤەپرس: بازپرس، ڤەپرسین: بازپرسی.

٥٣- فشۆک: لەرزۆک و دەڵەمە.

٥٤- لای یۆنگ بنەما و دەربیجەی ھزرین و تێفکرین ھەست و ھەستەوەری.

٥٥- بەرخۆر: ١- واتای لەبەری کەسانی دی خواردن دەدات واتە پێکەی ئاوەڵناوی ھەیە و زۆرتر بەم مانایە کاری پێ کراوە، بەڵام لام وایە سەرەڕای ئەمەش پێکە و واتای رێزمانی تر وەردەگریت٢- و بە مانای ئەو کەسەی کە دەخوات(جا ھەر شتێک بێت ئەوە بووتیقا و لاخت و پێکھاتی دەق دەستنیشانی دەکات).

٥٦- ئاماژەیە بە ناوی بەرھەمێکی شانۆنامەی ئالبێر کامۆ، نووسەر و فەلسەفەوانی فەرانسەوی و بە واتای "نیو چەکمە" دێت و خوازە بۆ پاشایەکە کە لە رۆژێک دا لەناکاو کە لە ئەسپ سواری دەگەڕێتەوە ھەستێکی پووچ خوازانە(ھەڵبەت زۆرتر لە ھیچ و پووچی دەچێت!) بە سەری دا زاڵ دەبێت و خەڵکانێکی زۆر قەتڵوعام دەکات!

٥٧- لەبار بەر، ئاوەڵناوێکی بکەرییانە(سفت فاعلی)ی لە وشەی "لەبارچوو"، کە بۆ منداڵێک دەکاری دەکێن کە لە کات و ساتی لە دایک بوون دا دەمرێت و وەکوو بەر و بەرھەمی رەنج و ئازاری دایک بە "لەبارچووگ" ناوبردە دەکرێت.

٥٨-باوەڕ(Believe)ئەو حاڵەت و فۆرمەی یەقین و ئیمانە بە بابەت یان بنەوایەک، کە لای فریدریش نیچە بە خەست و تۆخی رەت دەکرێتەوە! وابزان ھەر لە سەر بنەمای باوەڕ، ئەو رەتکردنەوەیەش روو دەدات!

٥٩- ناوی بەرھەمێکی زۆر جوان و گرینگی نیچەیە.

٦٠- پاشبەند: ئەو شت و دیاردانەی کە پاش داھاتن و روودانی شتێک، بەو شتەوە بەند و پەیوەست دەبن.

٦١- لە وتارێک دا بە ناوی "رەخنە و رەھەندە فەلسەفییەکانی لە جیھانی کوردیی دا" باسم لە پێکھاتی میتافیزیکی ناو کۆمەڵگای کوردیی کردووە و بە میتافیزیکی ئاویتاری(تێکەڵاویی) ناوبردەم کردووە.

٦٢- کۆیلەباریی: کۆیلە ئامێزییەکی خەست و تۆخ.

٦٣- دەرەواز: نیشتەجێ و چەسپاو لەدەرەوەی کایە ھزری، زمانی و...مرۆڤ.

٦٤- داڵۆسکە: ھەڵپەسێردراو و "معلق". ئەم وشەیەم لە وتووێژێکی کەناڵی NRT لەگەڵ گۆرانیبێژێکی گەورەی کورد(ن.ر)، کە زۆر کەڵکەڵەی زمانیی ھەیە، بیستووە!

٦٥- سەرھێڵ و سەرە داو: سەرخەت و سەرنەخ.

٦٦- دواداکەوتوو: مەبەست پاش کەوتوو و جێماو نییە، بەڵکوو مەبەست بەشوێن و پاش کەوتووی نموونەگەل و پێکھاتگەلێکیترە لە دەرەوەی خۆی و بەجیا لە بەستێنی گەشە و گەورەبوونی خۆی.

٦٧- بڕواننە گۆڤاری ئەرغەنوون، فایلی تایبەت بەمەرگ، وتاری "درامدی بە مرگ در اندیشەی غربی" نووسراوی موحەمەد سەنعەتی، بەشی فەلسەفە و مەرگ ل٩.

٦٨- مەبەست ئیختیارێکی ئیجباریی و جەبرییە کە لە کێشە و پرسی فەلسەفیی نەبڕاوەی نێوان "جەبر" و "ئیختیار" حەکایەت دەکات.

٦٩- ھەڵاوێرد کراو: گزینش شدە. ھەڵبژێردراو: انتخاب شدە. بێگومان ئەم دووە جیاوازییەکی ورد و ناسکیان لە نێوان دایە.

٧٠- ترسەزاوریی: کەسێک کە خووی ترسنۆکی ھەیە. وشەیەکە لە جوانڕۆ زۆر بە کار دەچێت و زۆریش بەکار دێت!

٧١- وێران: ١- جورئەت و بوێری،٢- رووخان و وێران کردن.

٧٢- بڕوانە دنیای شتە بچووکەکان، رێبوار سیوەیلی ل١٩٢.

٧٣- خودێ و خودان، لە زۆربەی ھەرە زۆری کارکردەکانیان لە ئەم نووسینە دا بە واتای "خودا" و "ڤەداندەر" دێن.

٧٤- "(Schema) کە بە "ترح وارە" و "روان بنە" وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، یەکەمجار لە لایەن دەروون ناسی خەڵکی ڤییەن، ئالفرێد ئادلێر لە ساڵی ١٩٢٩وە بەکار برا و ئەو پێی وابوو خەسار و ئاسوەکانی دەروون و رەوان لە ئیسکیما و رەوانبنەیەکی ناتەندرووست و خۆرەنجدەرانە دێت. ئیسکیما یان رەوانبنە کان ھەر ھەمان باوەڕە بنەڕەتی(Core belief) یەکانی ئێمەن کە روانین و گۆشەنیگای ئێمە بۆ جیھان و خۆمان بیچم دەدەن و لە زۆر رووەوە پیشاندەری شێواز و فۆرمی ژیانمانن.

٧٥- paradigm کە چەمکێکی بنەڕەتی ناو دونیای "فەلسەفەی زانستە"، لە لایەن نووسەری کتێبی "پێکھاتی شۆڕشە زانستییەکان" واتە تۆماس کۆھێن، کەڵکی زۆری لێ وەرگیراوە و لەو کتێبە دا بە واتای نموونە، سەرچەشن، ئولگوو ھاتووە.

٧٦- بڕواننە بڕگەی٦١.

٧٧- وەرگەڕان: تغییر، ترجمە.

٧٨- "با" لەم نووسینە دا چەند واتای گرتۆتە خۆی و لە دواجاریش دا ھەر ئازادە و بێ نیشتمان و واتا!

٧٩- داگۆڕین: لە پێشگری "دا" کە واتای نەرێنی ھەیە و گۆڕین کە چاوگە پێکھاتووە و واتای گۆڕان بە ئاراستەیەکی پاشکەوتوو و دواڕۆییانە دەگرێتە خۆی.

٨٠- زۆر خوازە و ئایدیۆمم لە گێڕانەوەی خوێندنەوەکەم لە رۆمانی "جەمشید خانی..." دەکار کردووە وەکوو کامێرای شاراوە کە مەبەست جەمشید خانە کاتێکی بەعسییەکان ھەڵی دەکەنە بەر با و بۆ دیار خستنی سەنگەرە ئێرانییەکان کەڵکێکی کامێراییانە(میدیایی) لێ وەردەگرن.

٨١- بڕوانە "جەمشید خانی..."، بەختیار عەلی ل١١٥.

٨٢-سەرچاوەی پێشوو ل١٢١.

٨٣- نقە و بۆڵە: ناڕەزایی دەربڕین و گلەیی کردن لە رێگەی ورتە ورت و ورینگە ورینگ کردنەوە.

٨٤- چەندرووگەیی و بابردوویی: لای من ئەم دوو لێکدانە دوو چەمکی بەیەک نووساو و گرێخواردوون، راستە من دەڵێم: "با" ھێزی دیاریکەر و ئاراستەڕەوە و ئێمە لەسەر و ژێر باڵی ئەو دەجمێین و دەڕۆین، بەڵام رەھەن و فاکتۆرێکی دیکەش، سەنگایی و قورسایی کێش(وەکوو میتافۆڕ یان خوازە)ی ئێمەیە کە لە ساتی با بردوویی دا، رووگەی خۆمان بە سواری "با" دیاری دەکەین. ئەمە باسێکی دوور و درێژی دەوێت.

٨٥- دێڕە شیعرێکی ھاوڕێی شاعیر و کۆچکردووم ئیسماعیل فەرەجی نوورە کە دەڵێت:" ئەگەر خەو بھێڵێ، کەڵکەڵەی شۆڕشێکی پۆست مۆدێڕن دامی گرتووە ... شەرتە مەراسمێکی بەرز بۆ فورسەتھا و چالیشھا بگرم". (دیوانی "ئێوارە تێرم ناکات"، چاپ نەکراوە).

٨٦- ئەم نیو لاپەڕەیە کە لە سەر رۆمانی "بەخێر ھاتی...!" کۆچکردوو ئیبراھیم یوونسی دەدوێت، لەو وتارەی کە لە بڕگەی٦١ دا ئاماژەم پێداوە، بەمەبەستی روونکردنەوەی پێکھاتی کۆمەڵگای کوردیی لێرە دا ھاتۆتەوە.

٨٧- دەربڕینی سرووشتی و کۆیی ئاخێوەرانی ناو زمان بۆ بووکە شووشە! لە دەڤەری کرماشان و شارەکانی دایە، کە من ھەر لە منداڵییەوە بیستوومە و زۆر لەو وشە ناسرووشتییە واتە بووکە شووشە لەبارتر و خۆش لاختترە و لەوەش گرینگتر بە شێوەی سرووشتی رۆنراوە و شێوەی سرووشتیش یەکێکە لە شێوازە ھاوچەرخەکانی وشەسازی لە زمان دا.

٨٨- خان و خودێ ھەر دووک یەک واتای خوازەییان ھەیە بەڵام لە ئاست و ئاراستەی تایبەت بە خۆیاندا.

٨٩- ئەم بەشەی کۆتایی لە رووی ریزبەندیی سەرھەڵدانی ئامێرە میدیاییەکان و کاریگەری کۆمەڵایەتییان لە ژێر کاریگەری کتێبی "دنیای شتە بچووکەکان" رێبوار سیوەیلی دایە. ئەگەرچی لە وتارێکی بەڕێز پرۆفیسۆر ئەمیر حەسەن پوور بەناوی"تکوین فرھنگ رسانەای کرد" بە وەرگێڕانی کمال خالق پناە و ارام کریمی بۆ فارسی، لە گۆڤاری نویسا ژ٢ ساڵی ٨٣ل١٢٣تا ١٧٠.

٩٠- رادوێک دەربڕینی سرووشتی خەڵکی کوردە بۆ رادیۆ یان Radio کە شیاوە وەک خۆی بمێنێتەوە چوونکوو بە گۆکردن و دەربڕینێکی سرووشتی بەرھەم ھاتووە، وەکوو ئەوە حاڵەتەی کە لە بڕگەی ٨٧ دا ئاماژەم پێ کرد، بەڵام ئەوەی بڕگەی پێشتر لە رووبەری وشەسازی دا بوو و ئەمەی ئێرە لە رووبەری دەربڕین و گۆکردن ناسی phonetic logy، ئەگەرچی رێبوار سیوەیلیش لە کتێبی "دنیای شتە..." ھەر ئەم تێبینییەی داوە.

٩١- مەبەست داخی و تازەبوونێتی. وەک چۆن دەڵێن: خەبەرێکی داخم ھەیە!

٩٢- قوونینەوە: پەڕینەوە.

٩٣- رەوڵ: شێوە و شێواز. لە دێھاتی "دنگی و کزێ" سەر بە کرماشان بیستوومە.

 

  

بازدید: 1439