ما 2876 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە خەویدا کێوەکانی ئەورووپا راکشان و راکشان، هەتا بوون بە سەحرایەکی کاکی بە کاکی، ئەوسا جەنگەڵەکان بوون بەو گیا زەرد و وشکە کورتەبنانەی کە لە باڵای دووپشکەکان کورتتر بوون. دوواتر مرۆڤی ئەورووپای بینی جانتا بە دەست خەریکی کۆچ بوو. تۆ بڵێی دیسان ئامریکایەکی تر دۆزرابێتەوە؟ یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دەبێ بە تاقە لۆژیکی جیهان؟

 

 

دراکولا و سەفەر بۆ رۆژهەڵات (٣)

دراکولا درێژەی بە رێگاکەی دایەوە. بیری کردەوە کە دەبا وەک هەمیشە نێچیرەکانی لە ژنان هەڵبژێرێ. ئەوان هەم ناسکترن، هەم شیرینتر، هەم خۆبەدەستەوەتر و هەم رەحەتتر هەڵدەخەڵەتێندرێن! بە تایبەت گەر چاوی شین و قژی زەرد و باڵای بەرز و پێستی لە رادەبەدەر سپیی دراکولا ببینن. جگە لەمە گەر بزانن لە ئەورووپاوە هاتووە، ئیتر سەرو ملی خۆیانی بۆ دەشکێنن! خەنی لەم تایبەتمەندییانەی خۆی، ئامادەی رۆیشتن بوو.

بە مەبەستی بینینەوەیان زیاتر باڵەکانی کردەوە. کۆڵان و شەقامەکانی بەسەرکردەوە. سێبەری ترسناکی نەرم نەرم بە سەر شاردا رادەخوشا. بەڵام لە هیچ شوێنێک بەتووش کچ یان ژنێکەوە نەبوو. تەنیا پیاوەکان بوون لێرە و لەوێ بە دەستە یاخود بە تەنیا بەرەو شوێنێک دەڕۆیشتن. لە پەنجەرەی خانووەکانیش نزیک کەوتەوە. لەوێ لە ژوورەکان ژنەکان لە گەڵ هەموو خێزان خەوتبوون. دراکولا قۆڕەی سکی خەریک بوو بەربەرە وەڕەزی دەکرد. لە سەر بانێک نیشتەوە و بۆ ساتێک ئۆقرەی گرت. رقی لە خۆی هەستابوو. باشە ئەوە چ سەفەرێکە!

لەم بیرانەدا بوو کتوپڕ دەنگی ژنێک هاتە گوێی. زیاتر گوێی هەڵخست. ئا، هەڵەی نەدەکرد. رابووەوە و فڕییەوە. لە کۆڵانەکەی تەنیشتی ژنێکی بەتەمەن بەو نیوەشەوە دانیشتبوو و لە کاتێکدا نەغمەیەکی حەزینی دەچڕی لە لێڵ و روونی شوێنەکەیەوە بەچاوە فرمێسکاوییەکانییەوە سەیری دەرەوەی دەکرد. قژە سپییەکانی وەک مانگ لە شەوی تاردا دەدەرەوشانەوە. ئەگەرچی پیر بوو و خوێنی خەست و پڕ لە بیرەوەری بە دەمارەکانیدا دەگەڕا، بەڵام دەکرا وەک یەکەم نێچیری دراکولا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تام و چێژی تایبەت بە خۆی هەبێ. لێی نزیک کەوتەوە. بە پێچەوانەی نێچیرەکانی تری، ئەم ژنە نەک نەترسا، بەڵکوو هەر لە جێی خۆی مایەوەو زەق زەق لەو باڵندە مرۆڤ ئاسا باڵ گەورەیەی رووانی کە لە بەر پەنجەرەکەدا لە هەوادا راوەستابوو. چەند چرکەیەک لە نێوانیاندا تێپەڕی. ئەوسا ژنەکە بە دەنگێکی نەوی و قوڵ و بێ پەلە گوتی:

ـ "ئیزرائیلی؟... هاتووی گیانم بکێشی؟"

دراکولا کە قەت بیری لەوەها شتێک نەدەکردەوە، عەبەسا، بەڵام زۆر خێرا هاتەوە سەر هۆشی خۆی و گوتی:

ـ "هاوڕێمە، هەڵبەت کەمێکیش لەیەک دەچین. ئەو لەوێ لە ئاسمانەکانەوە دێت و من هێشتا هەر لێرە دەژیم."

لێرەدا راوەستا. لە وتنی ئەم قسانەی پەشیمان بووەوە. ژنەکە هەر نەجوڵا. وەک بڵێی لە مانای قسەکان نەدەگەیشت. وەک بڵێی چاوەڕوانی ئەمە بوو، نیگاکانی تامی خۆشحاڵییەکی شاراوەیان دەدا. دراکولا کە وەک هەمیشە حەزی بە ترس و لەرز و پاڕانەوەی نێچیرەکانی بوو، هەستێکی ناخۆش رووی تێکرد.

ـ "کوڕەکەی من دوێنێ لەو بیابانە کوژرا. هاوڕێکەیشی لە گەڵی بێ سەروشوێن بوو. پێم وابێ تۆیش بە جۆرێک بێ سەروشوێنی! بەڵام کاری ئیزرائیلت بە جۆرێک هەر لە دەست دێت،... یاڵلا دەست پێ بکە!"

دراکولا کە قەت چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد ئاوەها بەم ئاسانییە نێچیری خۆی دەست کەوێت، دڕدۆنگانە لە شوێنی خۆی بە کاوەخۆ جوڵا. ژنەکە چاوەکانی قونجاند و تاکی پەنجەرەکەی تەواو خستە سەر پشت. دراکولا فڕییە ژوورەوە و لە پشت سەرییەوە نیشت. دەنگی پێی وەک دەنگی وێککەوتنی لۆکە لە گەڵ ئاسن. دیانەکانی چەقاندە گەردنییەوە. لێوەکانی هەستیان بە چرچیی پێست کرد. بۆنی ئارەقە و فرمێسک و خەمێکی قوڵ خۆی بە لوتیدا کرد. لە تەنیشت دیانەکانییەوە خوێن هەڵزنا بۆ ناو دەمی. ئەو کە زۆر جار تامی خوێنی پیرەژنەکانی کردبوو و بۆی نائاشنا نەبوو، هەستی کرد ئەم خوێنە تامەکەی لە جۆرێکی ترە. هەوڵیدا بزانێ چییە. بەڵام خەیاڵ رێی لێ هەڵەدەبوو. لە گەڵ یەکەم قوم کە هەڵیمژی، وێنەکان رژانە دەروونییەوە: منداڵێکی ناو تەپ و تۆز و کۆڵانە لماوییەکان،... مێرمنداڵێکی عەلاگەفرۆش،... گەنجێکی چەکبەدەستی چاو لە رابردوو. کتوپڕ لێرەدا تامە ونەکەی هاتەوە بیر: تامی گوڵێکی سیس کە رۆژێک بە هەڵکەوت لە کاتی سەیرکردنی نێچیرە ـ کچێک، بە بێ بیرکردنەوە، لە گوڵزارەکەی تەنیشتی هەڵیکەندبوو و خستبوویە دەمییەوە.

دراکولا، خوێنی پیرەژنە تەنیاکەی بەر پەنجەرەکەی هەڵێنایەوە. وەها رشایەوە کە لەوانە بوو جەرگ و ریخۆڵەی لە گەڵی بێنە دەرەوە. لای ئەو خوێن نابێ تامی گوڵ بدات. خوێن دەبێ تەنیا تامی خوێن بدات، بە بێ هیچ ئارەزوویەکی گەورە تێیدا.

***

 پێش ئەوەی رۆژ بێتەوە، ماندوو و برسی بەرەو هوتێلەکە گەڕایەوە. کاتێک یەکەم تیشکی زێڕینی هەتاو بە سەر شاردا کشا ئەو لە ژوورەوە بوو. باڵەکانی لە جەستەیدا ون بوون، دیانە درێژەکانی کورتتر بوونەوەو، رەنگی سیما و چاوی کەمێک ئاسایی هەڵگەڕانەوە. لە سەر تەختی خەوەکەی راکشا. جەستە دەیزریکاند. نەک لە بەر ماندوویی، بەڵکوو زۆرتر لەبەر برسیەتی. هەستا چوو جانتاکەی کردەوە. بە خۆشییەوە لە گەڵ خۆی بەستەیەکی زۆری لەو حەبانە هێنابوو کە کاتێک دەیکردە ئاوەوە، یەک پەرداخ شەربەتی خوێنی لێ دروست دەبوو. پەردەکانی جوان جوان دادایەوە. ژوورەکە تەواو تاریک هەڵگەڕا. ئەوسا حەبێکی کردە لێوانێک ئاوەوە. بە دانەیەک تێری نەخوارد. دانەیەکی تریشی دروست کرد. شەربەتەکە تامی کچێکی گەنجی بەرلینی دەدا. ئەو کچەیەی پێش مردنی ئەوەی بۆ دراکولا باس کردبوو کە بە پشت دەچێتەوە سەر هیتلەر. هیتلەر مامی باوکی بووە. دراکولا کە بە جوانی سەردەمی هیتلەری دەهاتەوە یاد، بێزێکی سەیری سەبارەت بەم چیرۆکە لادروست بوو. لە کاتی هەڵمژینی خوێنی کچەکە، پێی وابوو هیتلەر یەکێکی تر لەو پیاوە گەمژە مێژوویانە بوو کە بە هەڵە پێی وابوو یەکجار بۆ هەمیشە دەتوانێ رەوڕەوەی مێژوو بەو ئاقارەدا بگۆڕێ کە کت و مت خۆی حەزی لێبوو. لەو پیاوە گەمژانەی نرخ و قیمەتی خوێنیان لانیە و تەنیا حەزیان بە رشتنیەتی لەسەر ئەو خاکەیەی وا زۆر خێرا لە خۆیدا ونی دەکا. لە بیری دێ ئەو رۆژە بە رقێکی سەیرەوە خوێنی کچەکەی هەڵمژیبوو.

لەپاش خواردنەوەی هەردوو لێوانەکە، ئارام خزایە ژێر تەختەکە و خەوی لێکەوت. هەر کە هەموو هەستەکانی دامرکان و جەستە بوو بە تەنیا جەستە و بەس، خەوی بە ئەورووپاوە بینی. بەو کیشوەرەی بیابانی تێدا نەبوو، بەو کیشوەرەی هیچ کێوێکی پاڵی بە سەحراوە نەدابوو. لە خەویدا کێوەکانی ئەورووپا راکشان و راکشان، هەتا بوون بە سەحرایەکی کاکی بە کاکی، ئەوسا جەنگەڵەکان بوون بەو گیا زەرد و وشکە کورتەبنانەی کە لە باڵای دووپشکەکان کورتتر بوون. دوواتر مرۆڤی ئەورووپای بینی جانتا بە دەست خەریکی کۆچ بوو. تۆ بڵێی دیسان ئامریکایەکی تر دۆزرابێتەوە؟ یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دەبێ بە تاقە لۆژیکی جیهان؟

 

بەپڕتاو لە کاتێکدا جەستەی خەڵتانی ئارەقەیەکی سوورباو بوو، لەخەو راچڵەکا. ئەو کە دەبا بە رۆژ بخەوتایە و هیچ شتێک هێمنی و ئارامیی تێک نەدایە، بۆ یەکەم جار لە ژیانی چەندین سەد ساڵەیدا نەفرەتی کرد لە خۆی،... لە خۆی وەک دراکولا!

گەڕان بۆ بابەت