ما 2735 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

 هاوڕی نەهرۆ                

 شوێن سێ مەوداو رەهەندی سەرەکی یی هەیە، یەکەم درێژی، دووەم پانی، سێ یەم بەرزی، هەروا بە پێ تێروانینی باختین زەمەن مەودای چوارەمی شوێنە، جگە لەم مەودا چوارە ئاشکرایە، حەوت مەودای دیکەی شوێن هەیە کە بە گریمانی ماتماتێکی ئاشکرا کراوە، کەواتە گیتی (کون) یازدەی مەودای هەیە کە شیوەی ئەندازەیی کەون ئاشکرا دەکەن، هەرچەند توێژینەوەی نوێ کراوە کە ژمارەی مەوداکان زۆرترن خۆی لەقەرەی بیست و شەش مەودا ئەدا کەچی دواتر چرکراوەتەوە بۆ چواردە.

 

 شوێن و شوناس                 

دەشێ شوناسی شوێن هەبێ بۆ نموونە کیشوەرەکان هەر پێنجی لەسەر بنەمای پێناسەی شوێن دابەشکراوەوو ناو نراوە تەنانەت ناوەکانیانیش پەیوەندی بە شوناسی شوێن و یادەوەری شوێنەوە هەیە بۆ نموونە ئاسیا لە زمانی سنسکریتی بەواتای خۆر دێت و ئەوروپا ناوەکەی لەوەوە هاتووە کچی پادشای فینیقیەکان (اجینور) لەلایەن ئەمیریکی یونانی یەوە دەرفێنرێ گوایا بە ناوی ئەو کچەوە ناوی لێ نراوە، لەلایەکی ترەوە وشەی (الغرب) لەزمانی فینیقی دا بە ( ئەرب) دێت، ئۆسترالیاش بە واتای وڵاتانی باشور، ئەمریکاش ناوەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەو گەشتی وانە ئیتالی یە بە ناوی ئەمریکۆ فینویتیسی کە زۆربەی ناوچەکانی کیشوەرەکەی دۆزییەوە، هەڵمەتەکەی لە کولومبس بەرفراوانتر بوو.

دیارە ئەم دابەشبوونەی شوێن بە پێ سیستەمی (احداثیات) ی شوێن کە سیستەمێکی فیزیاوی و ماتماتێکی یە و نەخشەی لە زەمین و فەزا دا هەیە، مەوداکانی شوێن، هەندێکی دیارو ئاشکرایەو هەندێکی دیکەشی شاراوەو نادیارە. بەڵام بە گریمانی زانستی ماتماتیکی دەسەلمێندرێ و سەلمێندراوە.

بۆ نموونە شوێن سێ مەوداو رەهەندی سەرەکی یی هەیە، یەکەم درێژی، دووەم پانی، سێ یەم بەرزی، هەروا بە پێ تێروانینی باختین زەمەن مەودای چوارەمی شوێنە، جگە لەم مەودا چوارە ئاشکرایە، حەوت مەودای دیکەی شوێن هەیە کە بە گریمانی ماتماتێکی ئاشکرا کراوە، کەواتە گیتی (کون) یازدەی مەودای هەیە کە شیوەی ئەندازەیی کەون ئاشکرا دەکەن، هەرچەند توێژینەوەی نوێ کراوە کە ژمارەی مەوداکان زۆرترن خۆی لەقەرەی بیست و شەش مەودا ئەدا کەچی دواتر چرکراوەتەوە بۆ چواردە.

بەپێ تێروانینی تیئوری ژێی کەم وێنە (الاوتار الفائقة ) دەری دەخا کە مەوداکانی تر لە وێنەی ئەڵقەیی ژێی کراوەو داخراوی بچوک، بچوک پێکهاتووە کە بریتین لە ئەلکترۆن و پرۆتون و نیوترۆن گوایا ئەو ژێیانە وەک ژێی ئامێری موزیک وایە، بە پێی گرژبوون و داکشان دەنگ و سەدای جیاواز دەرئەکا کە وەک گریمان بەرەفتاری سروشت دەگوتری سیمفونیەتی کەونی.

ئێمە ناچارین لەشوناسی شوێنەوە باسی تێکرای کەون بکەین، چونکە بەپێ لێکدانەوەی زمانی عەرەبی (مکان) لە پارچە بوونی زمانەوانی ( کەون) ەوە هاتووە.

دواتر وەک یەکەی شوناسی شوێن نیشتمان دێت، دیارە هەر نیشتمانێک سیستەمی (احداثیات)ی شوێنی هەیە کە سیستەمێکی فیزیاوی و ماتماتێکی هێزی کێشی دیاریکراوی هەیە، پەیوەندیەکی جەدەلیی هەیە لەگەڵ یادەوەری ئەو کەسانەی کە لەوێ دەژێن، کەواتە هەر وڵاتێک کە سەربەخۆبوون وەردەگرێ یان جیا دەبێتەوە دەبێ لەرووی فیزیاوی و ماتماتیکی یەوە (احداثیات)ی تایبەت بە خۆی بۆ دیاری بکرێ وەک شوناسی زانستی شوێن کە بێگومان دواتر یادەوەری دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەچواچیوەی هێڵەکانی موگناتیسی ئەو فەزاو شوێنە کایەی ئۆتۆماتیکی خۆیان دەکەن، لێرەدا شوێن کاریگەری لەسەر یادەوەری کەسەکان دادەنێت چ بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ چ لەسەر ئاستی تاک یان لەسەر ئاستی کۆ بە کۆمەڵ.

کێشەی ناوچە دابراوەکانی هەرێم بە مادەی ٥٨  ناوزەد کراو دواتر کرایە ١٤٠ پەیوەندی بە یادەوەری شوینەوە هەیە وەک یەکەی شوناس لە روانگە زانستی یەکە کەواتە کێشەکە بە روڵەت سیاسی و یاسایی یە بەڵام لەگەوهەردا بە دێژایی میژوو رژیمی پێشوو دەستکاری شوناسی شوێنی کردووە.

سەبارەت بە شوناسی شوێن کورتە چیرۆکێکی نەرویجی هەیە وەک پەندی پێشینانی لێ هاتووە بە ناوی (لای دوکتۆری دان ) گوایا پێنج شوناسی شوێنی جیاواز دەچنە لای دکتۆری دان، هەر یەکەیان قسەیەک دەکا دەلالەتی رەمزی خۆی هەیە بۆ ناسینی شوناسی بەکۆمەڵی ئەو وڵاتانە بۆ نموونە ئەڵمانیەکە دەڵێ باتوندوتوڵ بێ. فەرەنسیەکە دەڵێ با جوان بێ. ئەمریکی یەکە دەڵێ بە پەلە بۆم بیکە. ئەسکوتلەندیەکە دەڵێ بەهەرزان بۆم چاک بکە. بەڵام نەرویجیەکە دەڵێ ئاخۆ دەیشێ. ئەم شێوە بیرکردنەوەو ئاخاوتنە دەرئەنجامی مێژووکردی شوناسی شوێنە.

کەواتە نیشتمان وەک یەکەی شوناسی شوێن تەنیا پانتاییەکی جوگرافی و توبوگرافی و ئەنتروبولوجی نییە، بەڵکو وەک گوتمان مەوادای فیزیاوی و ماتماتیکی خۆی هەیە.

لێرەدا پێم باشە باسی رۆمانەکەی  روبنسون کروزو بکەم کەمن بە شێوەی زنجیرە لە چەند ئەڵقەیەک دا بینیومە. لەراستی دا رووداوی فیلمەکە کایەکردنێکی قەدەری یە لەسەر شوناسی شوێن، نهێنی بڵاوبوونەوەی ناوبانگی رۆمانەکە لەمە دایە گەر چی چەند خوێندنەوەیەک هەڵدەگرێ، ئەم رۆمانە دانیال دیفۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٧١٩ بڵاوی کردەوە، باسی رووداوێک دەکا لە ساڵی ١٦٥١ کە رۆبنسۆن دوور لە رازی بوونی دایک و باوکی گەشتی دەریا دەست پێ دەکا، چەتەی دەریا دەیانرفێنن و دەبێتە کویلەی کابرایەکی مەغربی دواتر رزگاری ئەبێ، جارێکی تر لەگەڵ گروپێک دەچن کویلە لە ئەفریقا بێنن لە ناوەراستی دەریا گەشتیەکەیان تێک دەشکێ تەنیا روبنسون قورتاری ئەبێ و خۆی ئەگەیەنێتە دوورگەیەک لەوێ بەسود وەرگرتن لە پاشماوەی کەشتی یەکە کە دواتر لە کەنار لەنگەر دەگرێ، سەرەتا دەست دەکاتە دروستکردنی کە پرێک، بزن بە خێو دەکا و گەمە شامی دەچێنێ و بە تەختە دار کەلەندەرێک دروست دەکا تا رۆژێکیان کومەڵێ وەحشی مردوو خۆر روو لە دوورگەکە ئەکەن جارێکیان کەپرەکەی ئەسوتێنن جارێکی تر دوو دیل دەهێنن بەمەبەستی کوشتنیان بەڵام رۆبنسۆن بە زیرەکی خۆی دوای شەرکردن لەروژی هەینی دیلێک ئازاد دەکا ناوی لێ ئەنێ (جمعة) دەبێتە خزمەتکاری، فێری زمانی ئینگلیزی و پرنسیپەکانی ئاینی مەسیحی یی دەکا دواتر دوای کێشمەکێشی زۆر دەگەرێنەوە  بۆ ئینگلترا، لێرەدا بە مەبەستەوە باسی بەسەرهاتی ئەم رۆمانە دەکەم کە سەرەتا هێزی کێشی یادەوەری سروشت وەک یەکەی شوێن یادەوەری رۆبنسۆنی راکێشا دواتر رۆبنسۆن وەک یادەوەرییەکی ئینسانی ئیشی لەسەر شوناسی شوێن کرد بۆ نموونە کەلەندەر و زەمەنی بۆ شوێنەکە دانا و ئاژەڵی دەستەمۆ کرد و کشتوکاڵی کرد، توتی یەک فێری قسە کردن کرد، کویلەیەک رەها کرد کە دواتر بووە هاوخەم و خزمەتکاری لێرەدا تێکرای وردەکاری رۆمانەکە ناگێرینەوە، تەنیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەم کە سروشت هەڵگری شوناسی زانستی شوێنەو کار لەقەدەری ئینسان دەکا وەک یەکەیەکی یادەوەری! شوێن و مرۆڤ پەیوەندییەکی کارلێککەر لە نێوانیان دایە، لەسەر بنەمای یاسای کارو کاردانەوە بە رێوە دەچێ.

تەنانەت هەر سێ ئاینە ئاسمانیەکە لەسەر شوناسی شوێن کاریان کردووەو دەکەن، هەر ئاینێک مۆرکی پیرۆزی بەخشیوەتە ئەو شوێنەکەی کە پەیوەستە بە سەرگوزشتەی پەیامبەرەکانیەوە، بە جۆرێک ئەرکی ئاینی حەج کردن لە هەر سێ ئاینەکە هەیە بۆ نموونە جووەکان سەردانی قودس ئەکەن یان تایفەیەکی دیکەی جوو هەیە کە پێیان دەڵێن (سامریین) شوێنی حەج کردنیان چیای (خەرزیم) ە لە باشوری نابلس پێیان وایە شوێنی هەیەکەڵی تەورات لەوێ یە!

مەسیحیەکانیش سەردانی قودس دەکەن پێ یان وایە شوێنێکی پیرۆزە! لە ساڵی ٣٣٣م ئیمپراتۆر (قسطنطین) کڵێسای (قیامە) لە قودس بونیاد نا گوایە خاچە رەسەنەکە لەوێ دۆزراوەتەوە، هەروا سەردانی کڵێسای مەهد لە بەیت لەحم دەکەن هەندێ تایفەشیان رووگەی حەجیان لە شوێنی دیاریکراوی وڵاتی ئیسپانیایە وەک باوڵۆ کویلهۆ لە رۆمانێکی دا باسی گەشتێکی حەج دەکا بۆ ئیسپانیا.

ئیسلامەکانیش سەردانی مەکە ئەکەن و بەدەوری بردە رەشەکە ئەسورێنەوە گوایا ئەو بەردە پارچەیەکە لە بەهشت جبریل داویەتی بە حەزرەتی ئیبراهیم سەرەتا رەنگەکەی لە ماست سپی تر بوو بەڵام دواتر لەبەر گوناهی مرۆڤەکان رەش هەڵگەراوە، بە درێژایی مێژوو پێنج جار دزراوە، بە ناوبانگترینیان ئەوە بوو لە لایەن قەرامتەوە دزرا لەسەردەمی دەولەت فاتیمی.

لێرەدا مەبەست چی یە لە گێرانەوەی مێژووی پێرۆزی شوێن لای ئاینە ئاسمانیەکان. هەر وەک چۆن باسی نیشتمانم کرد وەک یەکەی شوێن کە سیستەمی (احداثیات) فیزیاوی و ماتماتیکی هەیە، هەموو یازدە مەوداکەی تیایە ئەوا شوێنە پیرۆزەکانی ئاینیش دەشێ هەمان (احداثیات) ی زانستی شوێنیان هەبێ کە نهێنی میژووی دەسەڵاتی ئاینی تیا پارێزراوە.

تەنانەت پیرۆزی شوناسی شوێن لای حزبە ناسیونالیستەکانی کوردستانیش، پەیرەوی لێ ئەکەن، بۆ نموونە لە دوای راپەرینەکە بارەگای مام جەلال لە قەڵاچولان بوو، هەڵبژاردنی قەڵاچولان وەک یەکەی شوێن لە لایان مام جەلالەوە پەیوەندی بە باکگراوندێکی مێژوویی دەسەڵاتی شوێنەوە هەیە، هەر بۆ نموونە قەڵاچولان پایتەختی ئامارەتی بابان بوو کە ئیبرایم پاشا  لە ساڵی ١٧٨٤ گواستیەوە بۆ سولەیمانی، کەواتە مام جەلال وەک شارەزایەک لە نهێنی یادەوەری شوێن چوو لەهەمان (احداثیات) ی فیزیکی و ماتماتیکی دەسەڵاتی پایتەختی جاران درێژە بە فەرمانرەوایەتی خۆی دا! دوایی کە کرایە سەرۆک کۆمار شوێنی گواستەوە بۆ بەغدا. بەغداش وەک یەکەی شوێن هەر لەسەردەمی هارون رەشیدەوە تایبەتمەندی شارستانی و مەودای دیارو نادیاری خۆی هەیە، تەنانەت مەسعود بارزانی شانازی دەکا کە لە بەغدا لەدایک بووە.

دواتر نەخۆش کەوتنی مام جەلال و بردنی بۆ ئەڵمانیا بۆ چارەسەر کە گەرایەوە کوردستان دیسان لە شوێنێکی میژووی و سیمبولی لەشاری سولەیمانی نێشتەجێ بوو کە ئەویش (دەباشانە) ماناکەی دەبێتە (العشرة الصالحون) ئەو گوندە کۆنەی کە جاران پپاو چاکانی تیا دەژیا، دیارە ئەم شوێنانە بە رواڵەت بایەخی مەعنەویی هەیە ئەگەر نە لێکدانەوەی زانستی بۆ شوناسی شوێن شتێکی ترمان پێ دەڵێ کە رەنگە لای زۆر کەس ئاشکرا نەبێ.

کایەکردنی یەکیتی لەسەر شوناسی شوێن تەنیا بەوەوە نەوەستاوە بەڵکو لە رۆژی دامەزراندنی یەکیتی لە ٢٠١٥ هەڵمەتێکی حەجی بە کۆمەڵیان رێکخست بۆ یاخسەمەر . بۆ شوێنی دەسەڵاتی مام جەلال بە درێژایی چەند ساڵی شورش.

کەواتە سەبارەت بە شوناسی شوێن حزبە ناسیونالیستەکان هەمان کایەی حەجی ئاینی جوو کریستیان و ئیسلام دووبارەو چەند بارە دەکەنەوە.

گەرچی ئاین پەرەستان سەردانی شوێنی دەسەڵاتی ئاینی دەکەن، ئەمانیش سەردانی شوێن و دەسەڵاتی سیاسی کەسێکی دیاریکراو دەکەن بەڵام سەیر لەوە دایە مۆرکێکی پیرۆزی و موقەدەسی پێ دەبەخشن هەر وەک لە ئاینەکان بە شوێنە پیرۆزەکان بەخشراوە.

سەبارەت بە دانیشتنی مەسعود بارزانی لەسەری رەش هەمان نهێنی شوناسی شوێنی هەیە ئەو نهێنیانەی کە پێشتر ئاماژەمان پێ کرد وەک شوناسی شوێنی دەسەڵاتی سیاسی، جیاوازی نێوان یەکیتی و پارتی لەوە دایە کە دەروێشەکانی یەکیتی سروتی حەجەکەیان بۆ یاخسەمەر بە جێ گەیاند بەڵام لێرەدا دەبێ بەشێوەیەکی لۆژیکی چاوەروان بین کەی پارتی بریاری ئەوە ئەدا مەوسمی حەجی بە کۆمەڵ دیاری بکا بۆ دەروێشەکانی بێگومان رووگەی ئەمان لە راژانە لەبەر ئەوەی راژان چەشنی یاخسەمەر شوێنی پەیرەوکردنی دەسەڵاتی سیاسی و عەسکەری کاک مەسعود بووە لە مێژوویەکی دیاریکراو.

دیارە بابەتی شوناسی شوێن قسە زۆر هەڵدەگرێ دەکرێ لە دەرفەتێکی تر باسی وردەکاری تر بکەین  لەم بارەیەوە.

                                                 

 

                                                         ٢٢ / ٦ / ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت