بڕوا و خۆناسین

نیچە لە کتێبی "وەهای گوت زەرتۆشت" دا دەڵێ "ئێوە دەڵێن باوەڕتان بە زەرتۆشتە؟ بەڵام زەرتۆشت چ مانایەکی هەیە؟ ئێوە دەڵێن بڕوادارانی منن؟ بەڵام بڕوادار چ مانایەکی هەیە؟"..."ئێوە بە بێ ئەوەی خۆتان دۆزیبێتەوە منتان بینیوەتەوە، هەڵبەت بڕواداران هەموویان وادەکەن. هەربۆیە بڕوا وەها خاوەن مانایەکی کەم بایەخە."

 

نیچە لەم دێڕانەدا لە بەرامبەر ئەو بڕوایەدا دەوەستێتەوە کە بە بێ ئەوەی خۆی دۆزیبێتەوە، باوەڕی بە شت یان کەسێکی تر هێناوە. پەیامی ئەو لە راستیدا ئەمەیە "پێش ئەوەی باوەڕ بێنی، خۆت ببینەوە!"

بەڵام پرسیار ئەوەیە: "خود یان خۆ چییە؟ داخۆ دەکرێ پێش جوڵە بەرەو شت یان کەسێکی تر ئەم خودە بدۆزینەوە؟ ئایا خود خۆی لە خۆیدا پەیوەندیشی بەوەوە نیە کە بۆ ناسینی دەبێ پەیوەندی بدەین بە شتەکانی تریشەوە؟"

نیچە "خود" وەک پڕۆژەیەکی دابڕاو لە بڕوا بەوی تر دەبینێ. هەڵبەت لەم نیگەرانییەی ئەویش دەکرێ بگەین، چونکە زۆربەی هەرە زۆری باوەڕداران (ئیستا باوەڕەکە بە هەر چییەک بێت)، بە بێ گوزەر لە خۆیانەوە باوەڕ دێنن. ئەوان لە پڕۆژەی بڕوادا خۆیان لەبیردەکەن، هەربۆیە نیچە گومان لە وەها باوەڕێک دەکا.

بەڵام ناسینی خود، یاخود بینینەوەی خود پرۆژەیەکی دابڕاو نیە. مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی ببینێتەوە، دەبێ پەیوەندییەکانی خۆی لە ناو گەلێک دیاردەدا پێناسە بکا و لێیان تێبگا. بۆ وێنە "بڕوای ئەو بە شت یان کەسێکی تر". ئەم بڕوایە دەتوانێ خۆم لە خۆم زیاتر تێبگەیەنێ، ئەوەی کە من کێم و چیم.

هەڵبەت لێرەدا کێشەیەک سەرهەڵدەدا: ئەویش ئەوەی کە باوەڕدار زۆر بە زەحمەت لە روانگەیەکی کەمێک نۆیتڕاڵ و بێ لایەنەوە دەڕوانێتە دۆخی خۆی. هەر بۆیە کەمتر بەو ناسینە دەگا کە دەبێ بگا.  

مرۆڤ لە رەوەڕەوی ژیانیدا پێویستیی بە باوەڕ هەیە. رەنگە ئەم پرسیارەی قوڵەی نیچە لە باوەڕی باو، ئێمە بەو ئاکامە بگەیەنێ کە باوەڕی ئێمە دەبێ لە خۆمانەوە گوزەر بکا، نەک ئێمە لە باوەڕەوە.

سایتی قەڵەم

 

٢٣ یونی ٢٠١٥

بازدید: 1725