لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

ئەمن زۆر رقم هەستا. ئەمجا درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: " دوایین قسەی من ئەوەیە، تۆ نابێ بچی بۆ قوتابخانەی ناوەندی. ئەزانم تۆ هەمیشە لە پۆلەکەتدا یەکەم بووی و لە تاقیکردنەوەکانت دەرچووی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەتۆ کچی تا کۆتایی تەمەنت لەگەڵ ئەم خانەوادە نامێنیتەوە، رۆژێک پیاوێک ئەدۆزیتەوە و لەگەڵیدا زەماوەند دەکەی و دەڕۆی. بۆیە بەفیڕۆدانی پارەیە تۆ بچی بخوێنی. 

 

 

 

بووکی سەربازێک

 

هەورە سپییەکان لەم سەر بۆ ئەوسەری ئاسمان دەتلانەوە. باڵداران بەسەربانانەوە دەفڕین. دوانیوەڕۆیەکی رووناک بوو، وەرزی وشکی و بێبارانی بوو. قەتاری رۆژ لە ـ ئاباوە ـ گەیشتبوە بازار و راوەستابوو. ژنان بە زەمبیل و تەشتەوە لە کەپری میوەکانیان دەردەپەڕین و بەرەو ئەو شوێنەی بارەمیوەیان لێ دائەگرت رایان دەکرد.

لەوێ دەگەڕام. لەناکاو ناوی خۆمم هاتە گوێ. ئۆبی کوڕە هاوڕێکەم بوو، بەرەولام دەهات.

 "چەند باش بوو لێرە تووشت بووم!" ئەو وتی.

دەموچاوی گەشابۆوە، رۆژنامەیەکی بەدەستەوە بوو. گوتی: "مژدەیەکی خۆشم هەیە بۆت." رۆژنامەکەی کردەوە، زوو چاوم کەوت بە ئاکامی تاقیکرنەوەکان!  ژمارەی ١٣ ناوی من بوو. خۆشی هەمو گیانمی داگر..

بەپەلە رامکرد بۆ ماڵەوە رۆژنامەکە بە دایک و باوکم پیشان بدەم. باوکم لە بازار گەڕابۆوە، ئەو لەوێ دووکانێکی چکۆلەی هەبوو. ئێستا لە ماڵەوە لە گەرماو خەریکی خۆ شتن بوو. دایکیشم لە چێشتخانەکە بە سازکردنی نانی شەوەوە خەریک بووو. لە داڵانەکە راوەستام  تا باوکم هاتە دەر..

وتم: "بابە مژدەیەکی خۆشم پێیە بۆت." وتی: "چییە رۆڵە بلیتی بەختت بردۆتەوە؟" و چوو بەلای رادیۆ ترانسیستۆرەکەوە، بیکاتەوە. وتم بابە دەرچووم بۆ مەدرەسەی ناوەندی ـ هۆلی روساری ـ و رۆژنامەکەم پیشان دا. ئەو لە بارەی تاقیکردنەوەکانەوە هیچی نەگوت، ناردمی بۆلای دایکم خواردنی بۆ بێنێ.

دوای گەڕانەوە لە چێشتخانە لێم پرسی خۆشحاڵ نییە بەوەی لە تاقیکردنەوەکان دەرچووم. وتی: سەیرکە رۆڵە، من ماندوو برسیم، ئەوشتەی کە پێویستمە

ئەوەیە کەسێک وەک مێشێکی مڵۆزم لەبەر گوێما ویزەویز بکا؟ لە ناڕەحەتیما لەماڵ چوومە دەر، لەسەر چیمەنتۆی پیادەڕێکە بە ناهومێدی دانیشتم. دوای تاوێک براکەم ئیکەننا، کە دووساڵ لە من بچووکتر بوو، هات بەدواما و گوتی: سفرە دانراوە. پێم وت، نامەوێ هیچ بخۆم. ئەویش گەڕایەوە ژوور.

 

ئەمجار دایکم هاتەدەر بزانێ لەبەرچی لە دەرەوە دانیشتووم، زۆری هەوڵدا بچمە ماڵەوە و نانەکەم بخۆم. ئەو بەڵێنیشی دا شەو لەگەڵ باوکما قسان بکا.

لەدوای نانخواردن بەیارمەتی دایکم دەفرەکانمان بردە چێشتخانەکە. باوکم براکەمی نارد بۆسیگار کڕین. ئێستا ئەو دەیتوانی بەتەنیا لەگەڵما قسە بکا و گوتی: "لەبیرم نایە داوام لێ کردبێتی بچی دانیشی بۆ تاقیکردنەوە، ئەی بۆچی ئەنجامی تاقیکردنەوەکم پێ رائەگەیەنی؟ من نامەوێ تۆ بچی بۆ قوتابخانەی ناوەندی، مەگەر تۆ داهاتێکی باشت هەیە؟"

ئەمن زۆر رقم هەستا. ئەمجا درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: " دوایین قسەی من ئەوەیە، تۆ نابێ بچی بۆ قوتابخانەی ناوەندی. ئەزانم تۆ هەمیشە لە پۆلەکەتدا یەکەم بووی و لە تاقیکردنەوەکانت دەرچووی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەتۆ کچی تا کۆتایی تەمەنت لەگەڵ ئەم خانەوادە نامێنیتەوە، رۆژێک پیاوێک ئەدۆزیتەوە و لەگەڵیدا زەماوەند دەکەی و دەڕۆی. بۆیە بەفیڕۆدانی پارەیە تۆ بچی بخوێنی. ئێمە دەبێ ئەو پارەیە کۆ بکەینەوە بۆ ئەوەی براکەت بنێرین بۆ کالێج."

بە بیری باوکم هێنایەوە کە ئیکەننا هێشتا لە پۆلی چوارەم دایە، دووساڵی تەواوی ماوە بۆ ئەوەی تاقیکاری چوونە ژوورەوەی ناوەندی بدا. تازە گومانیشم هەیە ئەو بتوانێ لەم تاقیکردنەوە دەرچێ. لەم قسانەدا باوکم وتی: " هیچ قسە و باسکردنێک بڕیارم پێ ناگۆڕێ. راستییەکەش ئەوەیە ئەتۆ ژنی و جێگای تۆ لە ماڵە مێردەکەتدایە."

پرسیارم لێکرد ئەی من ئێستا دەبێ چی بکەم؟ وەڵامی دایەوە، من دەبێ لە بازاڕ یاریدەی دایکم بدەم و کارەکەی فێر بم. بە تووڕەیی وتم، من لە بازاڕ شت نافرۆشم. بەدەم گریانەوە ڕامکردە ژوورەکەی خۆم.

ئەو شەوە دایکم کە هەمیشە لە کاتی تەنگانەدا لایەنی منی دەگرت، دوای قسەکردن لەگەڵ باوکم، هاتە ژوورەکەم. دایکم وتی ئەو هیچ دەسەڵاتێکی نیە، بە باسکردنی ئەمەیش کە پیاوێک لێی نزیک بۆتەوە، بۆ ئەوەی مارەم بکا، دۆخەکەی لێ خراپتر کردم. بە دایکمم گوت: من ئۆبیم خۆش دەوێ. بەڵام ئەو هەوڵی دا رازیم بکا پیاوێک بدۆزمەوە کە بتوانێ بەخێوم بکا. چونکە ئۆبی هێشتا زۆر منداڵە.

رۆژی دوایی دەترسام لەوەی کاتێک بێتە پێش ئەم هەواڵە ناخۆشەی بە ئۆبی بدەم.

کەچی ئەو کاتە هەر هاتە پێش. لە خیابانەکەی پشت حەوشەی کلیسا دەگەڕاین، لەژێر سێبەری دارخورماکان دانیشتین، لەوێ هەواڵەکەم بۆ گێڕایەوە. چاوەکانی ئۆبی خەمیان لێ نیشت. ئۆبی تەمەنی شانزە ساڵ بوو ساڵێک لە من گەورەتر. لە پۆلی دووهەمی کالێجی ستیللا ماریس دەیخوێند.

 "کەوایە باوکت بەراستی دەیهەوێ ببیتە کچێکی دەستفرۆش؟ " بە تووڕەییەوە ئەم پرسیارەی کرد.

بەڵێ ئەو وای دەوێ. کەوابێ تۆ چۆن دەتوانی بەردەوام بی لە خۆشەویستی کچێکی بازاڕی ـ، کە من دەمەوێ ببم ـ زیاتر لە کچێکی خوێندەوار لە ئاست و هاوتای خۆتا؟

وتی: "خۆت گەوج مەکە، ئەمە بۆ من گرینگ نییە." پێمگوت:

"ئێستا  دەتوانی وا بڵێی، بەڵام بێستە بزانە ئەو کاتەی باسی کچەهاوڕێکانتان دەکەن، هاوەڵەکانت بەتۆ پێناکەنن."

ئەوشەوە لە دایکم پاڕامەوە یارمەتیم بدا. هەموو ئەو شتەیش کە من دەمویست، دە پۆند بوو کەدەبوو وەک پێشەکی بە مەدرەسەکەی بدەم.                                دایکم وتی ئەو پارەیەی نییە، ئەگەر هەشیبوایە ئامادە نەبوو بمداتێ چونکە هیچ رێگایەک نابینێ باوکم مەجبوور بکا مانگانەکانی دواییم بدا.

پێنج رۆژ دواتر لە حاڵێکدا لە بازاڕ خەریکی پرتەقاڵ فرۆشتن بووم، ئۆبی و ئۆدیکای هاوڕێی هاتنە لام. ئەوان بردیانمە شوێنێکی ئارام، لەوێ راوەستاین و قسەمان کرد. ئۆدیکا کاغەزێکی لە گیرفان دەرهێنا کە تێیدا نووسرابوو پارەی پێشەکی مەدرەسەکەم دراوە. بەخۆشحاڵییەوە پرسیم باوکم پارەکەی داوە. وتیان نا، ئەوە پارەی گیرفانی ئۆبییە کە لە وەرزی پێشووەوە کۆی کردۆتەوە. نابێ کەسیش بزانێ کێ  ئەو پارەیەی داوە.

دێمانە و چاوپێکەوتنیش رۆژی دووشەممەی داهاتووە، چاکترە لەوێ بی. هەر کە بۆ جارێکیش هەڵبژێردرایت، مافی ئەوەت دەبێ بگوێزیتەوە بۆ میوانخانەکەی. باوکیشت ناچار دەکرێ رێگا بدا لەوێ بمێنیتەوە، یان ڕووبەڕووی ئابڕووچوون و شەرمەزاری بێتەوە. خەڵکی دەبێ لەو بیرکردنەوە دڵسارد بکرێنەوە کە هێشتا لایان وایە ناردنی کچان بۆ زانستگە بەفیڕۆدانی پارە و کاتە و خوێندن هەر بە تەنیا بۆ پیاوانە. کاتێکیش خوێندنت دەستپێکرد دەتوانی یارمەتی خوێندن وەرگری، ئیتر دایک و باوکت بە دانی مانگانەی زانستگەش ناچار نابن.

هەموو شتێک باش چوو بەڕێوە. هەرکە باوکم و دایکم ملیان دا بە چوونم ، مانگی جانیوێری چوومە خوێندن. بەڵام شەڕی ناوخۆ دەستیپێکرد. لە ماوەی چەند حەوتوودا هەموو خوێندنگەکان داخران. دایک و باوکم ناردمیانەوە بۆ گوندەکەمان. گوندەکەمان نەوەد مایڵ لە شار دوور بوو. ئۆبی و خوشک و براکانیشی هەر گەڕانەوە بۆ گوند. دوور لە چاوی باوکم و دایکم من و ئۆبی بۆ یەکەمجار ئەو هەلەمان بۆ هەڵکەوت رۆژانی یەکشەممە یەکتر ببینین. ریگایەکی دوور بەو دۆڵەدا دەچووینە خوار. ئۆبی دەیگوت کە چەند منی خۆشدەوێ، منیش هەر بەو شێوە. دوانیوەڕۆیەکیان تا دوور بە نێو ئەو جەنگەڵەدا رۆیشتین، کەوتین بەسەر دارێکی رووخاودا. لەسەر ئەو دارە دانیشتین و سەیری باڵندانمان دەکرد. دوو دارگوێزی هیندی لەدوورمانەوە دەبینران. هەستاین بچین گوێزە کەوتووەکان هەڵگرینەوە. ئۆبی دوو گوێزی شکاند و شیرەکەیمان خواردەوە. ئۆبی لەناکاو مات و بێدەنگ بوو. من لێم پرسی چی بووە وا بێدەنگ و مات بووی. ئەو وەڵامی نەدایەوە.

بە شڵەژاوی لێم پرسی: "بیر لە چوونە سەربازی ناکەیتەوە؟"                            "بیر لە تۆ تەنیا شتێکە کە منی دواخستووە. بەڵام ئێستە ئەزانم تۆ ئەمە تێدەگەی، ئەمەوێ بچم بۆ سەربازی، رەنگە وەک قارەمانێک بگەڕێمەوە."

فرمێسکی گەرم بەسەر گۆناکانما رژانە خوار. بەڵام ئۆبی پتەو و قایم بوو. چەند رۆژێک دوای ئەمە، براکەی بە پەیامێکەوە هاتە ماڵمان: "وەک پیاوێکی پێگەیشتوو بە خۆشەویستییەکی پێگەیشتووەوە دەگەڕێمەوە."

 یەکساڵی تەواو من ئۆبیم نەدی. شەڕ نزیک بە دووساڵ بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا باوک و دایکم لە گوند لەگەڵمان بوون. باری ژیانمان کەوتە دەستکورتی و نەبوونی. باوکم لە داماوی و بێ پووڵیدادەیهەویست بە کەسێکی ترم بەشوو بدا. ئەو بە هیوای دەستکەوتنی پارەی مارەییم بوو. بۆ چەند مانگان شەڕ و دەمەقاڵەمان بوو،  چونکە من نەمدەویست شوو بکەم، لەبەر ئەوەی چاوەڕێی ئۆبی بووم. هێشتاش داواکار و خوازبێنیکەرم زۆر دەبوون و گوشاری باوکیشم هەر زیادی دەکرد.

سەرئەنجام ناچار بووم شوو بکەم بە بازرگانێکی نێو دێکەمان. هەستی خۆشەویستیم بۆ مێردەکەم نەبوو. ئەو دووئەوەندەی من تەمەنی هەبوو، بەڵام پارەیەکی زۆری بۆ مارەیی بە باوکم پێشنیار کردبوو. من بەم شووکردنە تراژیدیایە شیوەنم دەکرد و قژەکانی خۆم دەڕنی، ئەمکارەش تەنیا مێردەکەم و ماڵە بابمی تووڕە دەکرد.

 بۆ دوو مانگان لە دۆزەخدا دەژیام. هەموو ئێوارەیەک لە ماڵە مێردەکەم هەڵدەهاتم. تەنیا بۆ ئەوەی باوکم بەدواما بێت. بەڵام ئەو دەترسا مارەییەکەم بگەڕێنێتەوە. لەو کاتەدا حەزم دەکرد خۆم بکوژم، بەڵام بوێری ئەمکارەم نەبوو. نەشمدەوێرا مێردەکەم دەرمانخوارد بکەم و رزگارم بێت. خۆم نەدەدا بەدەستەوە چونکە خۆم راگرتبوو بۆ ئۆبی. هەمیشە پێمدەگوت ئەگەر لەبەر شەڕ نەبوایە قەت شووم پێنەدەکرد. کێشەی شووکردنەکەم ببوە بابەتی باسێکی گشتی. لەم گێرە و کێشانەدا لاناکاو باوکم مرد. دایکێشم هەڕەشەی مردنی لەسەر بوو ئەگەر لەگەڵ مێردەکەم دانەمەزرامایە، چونکە ئێستا ئەو دایکمی بەخێو دەکرد. هیوا و ئارەزووم بۆ ژیان کەم ببۆوە، سەئەنجام ملم دانەواند. بەخۆشییەوە دوانزە مانگ دواتر هێشتا زکم پر نەببوو.

لەو کاتەدا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئۆبی بۆ حەوتوویەک پشوو گەڕایەوە ماڵ. هەرکە بیستم گەڕاوەتەوە ئەمزانی ئەگەر حەز و خۆشەویستی مابێ، خەمبار و ناهومێد دەبێ. دەترسام بچمە دەر و تووشی ببم. سەرەڕای ئەو شتانەی کە بیستبووی زانیم هێشتا هەر پێێ خۆشە. لە هەوڵەکانیدا بۆ بینینی من، ئیبێلی هاوڕێمی سازکردبوو یارمەتی بدا من ببینێ.

بە گەیشتنیان بۆ بەر ماڵە مێردەکەم، ئۆبی لە قەراخ جادەکە دەگەڕا و ئیبێلیش هاتە ماڵەوە هەواڵی ئۆبیم بداتێ. مێردەکەم ئیبێلی باش دەناسی بۆیە هیچ شکی نەبرد. ئیبێل پێی گوت دەیهەوێ تا جێگایەک من لە گەڵیا بچم.

تا چووینە ئەو جێگایەی ئۆبی لێی چاوەڕوان بوو، ترسێکی زۆر دایگرتبووم. لەم چاوپێکەوتنە هەستم زۆر بەبێبایەخی خۆم دەکرد. کە ئۆبیم لێ دەرکەوت لە یونیفۆڕمە سەربازییەکەیدا زۆر قۆز وپیاوانە دەینواند.

ئیبێل بەجێی هێشتین. کە ئەو بەسەرهاتە تراژیکەم بۆ ئۆبی گێڕایەوە چاوەکانی پڕ بوون لە ئاو. بە تووڕەیی وتی: "لەم شەڕە خوێناوییەدا گەورەترین زیانم بەرکەوت."

کاتێ گەڕایەوە بۆ بەتالیۆنەکەی حەزم دەکرد لە تەنشتییەوە بم. بەڵام بەداخەوە ئەو نەیهێشت، چونکە من مارەکراو بووم.

شەڕ دوایی هات ئۆبی گەڕایەوە بۆ کالێج. لەم کاتەدا هێشتا من سکم نەبوو. مێردەکەم ژنێکی تری هێنا. ئەم ژنە خێرا کچێکی بوو. ساڵێک دوای ئەمە من لە مێردەکەم جیا بوومەوە و گەڕامەوە نێو خانەوادەکەم. ئیتر قەت کەس نەهاتە خوازبێنیم، چونکە بە نەزۆکیان دەزانیم. ئۆبی پلەی A ی بڕی و چووە زانستگە. لە پشووی یەکەم ساڵیدا کاتێکی زۆر پێکەوە بووین. راتەکانێکی سەرسووڕهێنەری ژیانم لەم کاتەدا بۆ هاتە پێش. ئۆبی داوای لێکردم شووی پێبکەم.

"ئۆی، نا! کەلێنی نێوان ئێمە زۆر بەرینە." من پێم وت. ئەوێش گوتی ئەمە گرینگ نیە. ساڵی دواتر لە نێو هاوار و رق و تووڕەیی پوورەکانی و هاوڕێکانیا بووینە ژن و مێرد. ئەوان لە هۆکاری هەڵگرتنەوەی کالایەکی فڕێدراویان دەپرسی.

تەنیا پشتیوانی ئێمە دایک و برا و خوشکەکانی بوون. ئەوان زۆر بڕوایان پێێ بوو. منیش چوومەوە بۆ خوێندنگەی گەورەساڵان. لە خویندن پلەی Oئۆم بەدەست هێنا. ئێستا ئێمە کوڕێکمان هەیە، ناوی نوایفۆنانیایە، بەری خۆشەویستییەکی پاک و بێخەش.

 

 

 

 

 

.

بازدید: 1512