دووریی دەق و خوێنەر

دووریی دەق و خوێنەر

بۆ ئەوەی لە گەڵ خوێندنەوەی کتێب یاخود دەق راحەت بیت و، مانا و ئاماژەکان ئاسان یاخود لە ئاستێکی شیاودا خۆیان بە دەستەوە بدەن، زۆر گرینگە کە ئەو زمانەی ئەو دەقە پێی نووسراوە، خوێنەر بە سەریدا زاڵ بێت. ئەمەیش ناکرێ ئەگەر بێتو خوێنەر بە تایبەت هەر لە منداڵییەوە بەو زمانە نەیخوێندبێ و، بە تەواوی پێی رانەهاتبێ.

 

ئەوەی ئەمڕۆکە لە کوردستانی ئێران دەبینرێ بە داخەوە نەخوێندنی زمانی کوردی هەر لە سەردەمی منداڵییەوەیە بۆ تاکی کوردزمان. راهاتن بە زمانی تر و فێربوونی زمانی زگماکی تەنیا لە رێگای حەز و دەرفەتەوە، بە راستی زیانێکی زۆری لەوە داوە کە خوێنەر هەم لە ئاستی فراواندا و هەم بە قوڵی بتوانێ بچێتە ناو دەقە جۆراوجۆرەکانی کوردییەوە. ئەمە لەمەپەرێکی گرینگ  وکوشندەی لە نێوان نووسەری کوردی نووس و خوێنەردا دروستکردووە.

لە کاتێکدا لە کوردستانی عێراق زمانی کوردی رۆژبەڕۆژ زیاتر رووبەر و قوڵایی وەردەگرێ و هەتا دێ زیاتر دەقی تێدا بەرهەم دێ، لە کوردستانی ئێران بە هۆی نەخوێندن بە زمانی کوردی هەر لە سەرەتای قوتابخانەوە، ئەو مانا و جیهانبینی و ئایدیانە بە جوانی راناگوێزرێن کە نووسەرانی کوردزمان پێیەوە سەرقاڵن.

یەکێک لە کاریگەرییە نگەتیفییەکانی ئەم دیاردەیە ئەوەیە کە دەقی کوردی تەنیا لە نێوان ئەو کەسانەدا لایەنگری هەیە کە لە رێگای حەزێکی دەروونییەوە خوازیاری ئەو دەقانەن و، لە راستیدا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تەنیا نوخبە و ئەویش نوخبەیەکی کەم ژمار خۆی بەم دەقانەوە سەرقاڵ بکا.

گەر باوەڕمان بەوە هەبێ کە دەقی نووسەران بە جۆرێک ئاوێنەی باڵانمای کۆمەڵگان، ئەوا ئەم ئاوێنەیە نەک تەنیا لە باڵانمابوونی خۆی تا رادەیەکی بەرچاو دەکەوێ، بەڵکوو کۆمەڵگا لە ویژدانی خۆی بە جۆرێک لە جۆرەکان دووردەکەوێتەوە، کە ئەمە زەبری کوشندەیە لە رۆشنگەری و بیرکردنەوە.

ئەم دەردە بە داخەوە تەنیا بە تێکۆشانی دامەزراوە مەدەنییەکان بەهاندانی خەڵک بۆ فێربوونی زمانی کوردی، چارەسەر ناکرێ. زمان، دەبێ تەنیا و تەنیا لە رێگای سیستمی پەروەردە و فێربوونەوە ئەو شوێنەی پێ ببەخشرێ کە شیاویەتی. بە بێ ئەمە غەدری گەورە لە دەقی نووسەرە کوردزمانەکان بەردەوام دەبێ.

سایتی قەڵەم

٢٩ یونی ٢٠١٥