ما 10228 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دراکولا بۆ شوێنێک سەفەری کردبوو کە حەزی بە سەفەرنەبوو. شوێنێک کە لە سەفەردەترسا و پێی وابوو گەر دووربکەوێتەوە هەموو شتێک ئیتر لە مانا بەتاڵ دەبێتەوە. بێ هۆ نەبوو دەستکەوتنی نێچیر ئەوەندە دژواربوو بۆی. ئەوانەی لە ماڵەوە زۆر دەمێننەوە، تەنانەت تامی خوێنیشیان ناخۆش دەبێ! خوێنیان تام و بۆنی ژەنگ دەگرێ. وەها هەڵێنجی پێدەدەی. ئەو، لە دوورەوە هەست بەو بۆنە دەکا. بۆنێکی بێ باران.

 

 

دراکولا و سەفەر بۆ رۆژهەڵات (٥)

بۆ شەوی دوواتر خەبەری بووەوە. پێش ئەوەی چاوەکانی بە جوانی هەڵبێنێ، هەستی بە تاریکاییەکەی سەیر لەو دیو پێڵوەکانییەوە کرد. تاریکاییەک تاریکتر لە تاریکایی شەوان،... بە بێ سەمای شەرمنی هیچ تیشکێکی نادیار. رێک وابوو! هەست هەڵەی نەدەکرد. دەرەوە ئەنگوستەچاوتر لە پشت چاوەکانی. چ روویدابوو؟ هەرکەر ویستی رابێ، سەری بە توندی درا بە شتێکی یەکجار رەقدا. وەها، ژان گەیشتە ناو دڵی. پاش کەمێک ویستی دەست هەڵهێنێ و شتە رەقەکە تاقی بکاتەوە، بەڵام دەستی لە جەستەی واوەتر نەدەڕۆیشت. وەک بڵێی لە شتێکیان پێچابێ و دەرچوون لێی مەحاڵ بێت. جەستەی شێتانە جوڵاند. جگە لە لاشانی کە لە سەر زەوی بوو، سێ لایەکەی تری بەر دیوار و بەر شتە رەقەکە دەکەوتن. وەک بڵێی لە گۆڕدا بێت. گۆڕ؟ ئا، رێک لە ناو گۆڕدا بوو! ئەمە شێتی کرد. کێ ئەو جورئەتەی بە خۆی دابوو وەها بەڵایەکی بەسەردا بێنێ، بە سەر دراکولا،... ترسناکترین بوونەوەری ئەورووپا و رەنگە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش؟

 پاش ماوەیەک بیری ئەوەی کە وەها دۆخێک ئەبەدی نیە بۆی،  ئارامی کردەوە. هەوڵیدا تەواو لە دۆخی خۆی بگا. هاتەوە بیری کە بەیانی زوو لە ناو تابۆتی مزگەوتەکەدا خەوتبوو. بێگومان دوواتر خەڵکی پێیان زانیبوو و وەک مردوویەک ڵێرە لە قەبرستان ناشتبوویان. گەمژانە! مەگەر نازانن دراکولا هیچ یاسایەکی ئایینی نایگرێتەوە؟ مەگەر نازانن دراکولا و مەرگ دوو دیاردەی یەکجار لێک دوورن؟

یەکەمجار بوو گۆڕی موسوڵمانانی دەبینی. نەک دەیبینی، بەڵکوو راستەوخۆ تاقیشی دەکردەوە! (تا ئیستا ناو گۆڕی مەسیحییەکانی تاقی نەکردبووەوە). چ رێکەوتێک! باشە بۆ راستەوخۆ جەستە لە ناو خاک و خۆڵدا و، بۆ وەک نەریتی مەسیحییەکان لە ناو سندوقی داردا نا؟ رەنگە هی کەمی دارستان بێت (لێرەدا بیری ئەو بیابانەی کەوتەوە پێیدا هاتبوو)، یان نا، رەنگە موسوڵمانەکان باشتر لەو راستییە هەمیشەییە تێگەیشتوون کە مرۆڤ لە خۆڵەوەیە و دەبێ هەر بۆ خٶڵ بگەڕێتەوە. بۆنی خۆڵی ئەو ژێرە چەندەیش توند دەگەیشتە لوتی. نەک تەنیا خۆڵ، بەڵکوو نم و ریشە و، تام و بۆنی ئەو زیندەوەرە ژێرزەمینییانەی هێشتا خۆیان دەرنەخستبوو. ئەو زیندەوەرانەی وا ئەوانیش درەنگ مردنی جەستەیەک باوەڕدەکەن. مردن؟ پێکەنینی بەم بیرەی خۆی هات. دراکولا و مردن؟ دراکولا تەنیا کاتێک دەمرێ خەنجەر بە دڵیدا بکەن و دوواتر سەری ببڕن. ئەم رازە بێگومان هیچ مرۆڤێکی رۆژهەڵاتی نایزانێ. ئەسڵەن ئەوان بە دراکولا جارێکە نازانن، چبگا بە شێوەی کوشتنی.

هەرچۆنێک بێ دەبێ لەم گۆڕە بێتە دەرەوە. بەڵام چۆن؟ چۆن جەستەی دەتوانێ خەروار خەروار گڵ لە سەر خۆی لابدا و دیسان خۆی لە ناو جیهانی زیندەوەرە خوێن گەرم و سوور و شیرینەکاندا ببینێتەوە؟ تەح کە گەمژەیە! ئیتر یەکجار رقی لە خۆی هەستا. نازانێ بۆچی لەو رۆژەوە رووی لە رۆژهەڵات کردووە ئەوەندە زوو شتی لەبیردەچێتەوە و ئەوەندە جەو دەیگرێ و ئەوەندە خۆی دەستەوەستان دەبینێ. وەک هەمیشە هێزە ئەهریمەنییەکەی دەروونی جوڵا و بە یەک تەکانی دێوئاسا بەرد و گڵ و خۆڵی لە سەر خۆی لابرد و لە قەبر هاتە دەر و لە تەنیشتیدا وەک بوونەوەرێکی بە هەیبەت وەستا. شەوەکانی رۆژهەڵات بانگیان لێدەکردەوە. لە کاتێکدا چاوەسوورەکانی تاریکیی شەویان شەقدەکرد، جەستەی وەک شەوان نیشتە سەر ئارەق. بە دەم فڕینەوە بیری ناو گۆڕە فێنکەکەی کەوتەوە. لە بەرخۆیەوە گوتی:

ـ "بێهۆ نیە ئەوەندە بەسەر گۆڕ و سەفەری ئەو دونیای تردا هەڵدەڵێن!"  

 ***

بیری ماڵەکەی خۆی لە دەوری لەندەن کەوتەوە، بیری ئەو تابووتە مەسیحییەی تێیدا دەخەوت، بیری شەوە تاریک و دوورودرێژەکانی ئەورووپا. لە راستیدا ئەم شەوانە بوون ئەورووپایان کرد بە ئەورووپا، ئەگەرچی کەسی وەک ئەویشیان تێدا پەیدا ببوو. شەوەکانی ئەورووپا لە گەمارۆی ئاو و دارستانەکاندا، خەیاڵی هەم بەرەو قوڵاییەکان دەبرد و هەم بەرەو ئەودیوی ئاسۆ نادیارەکان. بەڵام داخۆ دراکولا یەکێک لە جوانترین خوڵقێنراوەکانی لایەنی خراپەی جیهان نەبوو؟ ئەو لایەنە خراپەی کە بە بێ ئەو هیچ چاکەیەک لە دونیادا مانای نیە؟ ئەم بیرانە لە خۆ بێ خۆی دەکرد. زیاتر بە قەدر و قیمەتی خۆی دەزانی.

ـ "لێگەڕێ با مرۆڤە گەمژەکان قەت بەمە نەزانن!"

بێگومان دونیا بە کەسانی وەک دراکولاوە مانای پەیدا دەکرد. رۆژهەڵات وەهایە چونکە تەنیا خاوەنی شەیتانێکی ئاسمانییە و هیچ شەیتانێکی راستەقینە چییە قاچی نەخستووەتە سەر خاکەکەی. بۆیە خەڵکی ناچارن خۆیان ببن بە شەیتان. وە چونکە هیچ مرۆڤێک ناتوانێ بەجوانی ببێ بە شەیتان، بە ناچار قەت ناتوانن بە جوانی نە خەون بە جیهانێکی بێ شەیتانەوە ببینن و نە بە کردەوەیش بۆیان سازدەکرێ!

شتێک لە دەروونەوە لە سەفەر بۆ رۆژهەڵات پەشیمانی دەکردەوە. ژیان چییە؟ بۆچی بێتاقەتییەکان کاری لەم شێوەیەیان پێکرد؟ بۆچی هێشتی وەک مرۆڤ بێتاقەتییەکان رووی تێبکەن؟ مەگەر خوێن هەر خوێن نیە؟ بۆ تەنیا بە قەسرەکەی رۆمانیای و خانووە پەرپوت و کۆن و دوورەکانی دەوری شارە گەورەکانی ئەورووپا رازی نەبوو؟ ئەوەی کە لێرەدا وەک مرۆڤ هەڵس و کەوتی کردبوو، رقی بزواند. هەوڵیدا بە بیرکردنەوە لە مێژووی رۆژهەڵات، کەمێک رقەکەی دامرکێنێتەوە. چی لە سەر رۆژهەڵات دەزانی؟ ئا، پێش ئەوەی رووبکاتە ئێرە چی لە سەر دەزانی؟ بەدەم فڕینەوە قوڵ قوڵ بیری کردەوە. ئا، لە سەر "سەندباد" کاتی خۆی شتی خوێندبووەوە، ئەویش بە رێکەوت. سەندباد سەرنجی راکێشابوو چونکە لە مرۆڤی ئەرووپایی دەکرد، لەوان دەچوو، تەنیا بە وڵات و زێدی خۆی رازی نەبوو و سەفەری دەکرد، خاوەن جورئەت بوو، ئەویش لە بەغداوە، بەغدای بیابان دیدەوە، کە کەس نازانێ چلۆن کەشتییە مەزنەکان لێیەوە دەستیان بە گەشتی خۆیان دەکرد. هەڵبەت ئەمە گرینگ نەبوو، گرینگ خودی فەنتازیا و خەیاڵەکەیە. بەڵام لەوەیدا کە سەرئەنجام هەموو جارێک دەگەڕایەوە زێدی خۆی، لە ئەورووپاییەکان جیای دەکردەوە. مرۆڤی رۆژهەڵاتی یەکجار بە خاکی خۆیەوە بەندە. سەیرە، ئەمەی هەر زۆر پێ سەیرە، ئەوەی کە خاک و زێد لە خولیاکانی مرۆڤ بەهێزتر بن. لەو سەرەوە چاوێکی بە خاکەکەدا گێڕا. هەوڵیدا رەمزی ئەو حەز و پەیوەندییە بدۆزێتەوە. بەڵام جگە لە تۆز و بوومەلێڵ و هاڵاوی گەرما چی تری نەدەبینییەوە. سەندباد دەچووە سەر پشتی نەهەنگ و ماسییە هەرە گەورەکان، لە کونی گۆڕهەڵکەنەکانەوە خۆی لە قەبرەکان دەربازدەکرد و دەگەڕایەوە بۆ ناو ژیان، بەڵام ئیستا چی؟ دراکولا هەستی دەکرد ئیستا نەک تەنیا لە خودی قەبرەکەوە بەڵکوو لە کونی گۆڕهەڵکەنەکانیشەوە پێشبڕکێیەکی سەیر لە نێوان رۆژهەڵاتییەکاندا هەبوو بۆ داگیرکردنی قەبرەکان! راستییەکەی ئەوە بوو رۆحی سەندباد تەنیا یەک جار ژیابوو و دوواتر مردبوو، بە بێ هیچ شوێن هەڵگرێکی تر لە دووای خۆی.

دراکولا بۆ شوێنێک سەفەری کردبوو کە حەزی بە سەفەرنەبوو. شوێنێک کە لە سەفەردەترسا و پێی وابوو گەر دووربکەوێتەوە هەموو شتێک ئیتر لە مانا بەتاڵ دەبێتەوە. بێ هۆ نەبوو دەستکەوتنی نێچیر ئەوەندە دژواربوو بۆی. ئەوانەی لە ماڵەوە زۆر دەمێننەوە، تەنانەت تامی خوێنیشیان ناخۆش دەبێ! خوێنیان تام و بۆنی ژەنگ دەگرێ. وەها هەڵێنجی پێدەدەی. ئەو، لە دوورەوە هەست بەو بۆنە دەکا. بۆنێکی بێ باران.

ئەم بیرانە وەها خەمگینی دەکا کە بڕیاردەدا بەرەو هوتێلەکە باڵ لێبدا. دەگەڕێتەوە. تاقەتی نێچیری نەماوە. دەبێ بچێتەوە ماڵەوە کەمێک بحەسێتەوە. خواردنیش زۆر گرینگ نیە. دەتوانێ بە حەبەکانی بژی. حەبەکانی خۆ زۆر لە خوێنی مرۆڤی رۆژهەڵاتی خۆشترن. پێی وایە لە خۆوە نەبوو کە هەر یەکەم رۆژ ئەو شەڕە ترسناکەی لە بیابان بینیبوو. خوێنی رۆژهەڵاتی هەر بۆ رشتن باشە. ئەم خوێنە تەنیا شیاوی خاکە، نەک شەیتانی زەوینی. ئەو خاکەی وا قەت تێرنابێ.

 

ـ "لێگەڕێ با لە خاکپەرستی خۆیاندا گێژ و نوقم بن!... ئا، لێیانگەڕێ!"

گەڕان بۆ بابەت