ما 3782 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

 هاوڕێ نەهرۆ   

 گوتاری پوپولیستی رەگی لە نێو میژوودا هەیە چ لە لایەن گریکەکان یان لەلایەن رۆمانەکان، لێرەدا مەبەستی بابەتەکەی ئێمە ئەوەیە کە بۆ چی لە کوردستان دا تێکرای حزبەکان بەرەو شوناسی پوپولیستی هەنگاو هەڵدەهێنن لە کاتێکدا مێژووی حزبە سیاسیەکان لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکاو بریتانیا و نەرویج لەسەر بناغەیەکی چینایەتی دامەزراوە؟

 

 

شوناسی پوپولیزم         

 

پوپولیزم دەشێ ئایدۆلۆژیا بێ یان فەلسەفەی سیاسی یا گوتاری سیاسی، پێناسەکەی بەواتای سنور دانەنانە لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.

گوتاری پوپولیستی رەگی لە نێو میژوودا هەیە چ لە لایەن گریکەکان یان لەلایەن رۆمانەکان، لێرەدا مەبەستی بابەتەکەی ئێمە ئەوەیە کە بۆ چی لە کوردستان دا تێکرای حزبەکان بەرەو شوناسی پوپولیستی هەنگاو هەڵدەهێنن لە کاتێکدا مێژووی حزبە سیاسیەکان لە وڵاتێکی وەکو ئەمریکاو بریتانیا و نەرویج لەسەر بناغەیەکی چینایەتی دامەزراوە؟

جاران چەپەکانی ئێران و سازمانهای خەتی سێ، حزبی تودەو ئەو حزبانەی لەسەر هەمان خەت بوون بە پوپولیست ناو زەد دەکران گوایا سنور لە نێوان چینەکان دانانێن.

لەراستی دا حزبی ناسیونالیستی و حزبی ئیسلامی سیاسی حزب گەلێکی پوپولیستین، دەم گوتاریان روو لە هەموو چین و توێژەکانە، پێیان وایە گوزارشت لە شوناسی هەمووان دەکەن گەرچی لە واقیع دا نوێنەرایەتی هەمووان ناکەن.

سەرەتا با نمونەیەکی وڵاتی نەرویج بهێنینەوەو بزانین حزبەکانی چۆن دابەشکراون بەسەر چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا دا و چ حزبێکیان شوناسی پوپولیستی هەڵدەگرێ. ئەو حزبانەی کورسیان هەیە لە پەرەلەمان هەشت حزبن کە بریتی ین لە یەکەم پارتی کرێکاران کە حزبێکی سوشیال دیموکراتەو گرایشی چەپی هەیە، دووەم حزبی ڕاسترەوە کە شوناسێکی کۆنسەرڤاتیڤ هەڵدەگرێ، سێ یەم حزبی پێشکەوتنە کە شوناسێکی پوپولیستی یی هەیە و دژی پەنابەرانە! چوارەم دیموکراتی مەسیحی یە وەک هەڵگری شوناسێکی ئاینی و کۆمەڵایەتی، پێنجەم حزبی سەنتەرە کە شوناسێکی جووتیاریی هەیە و خوازیاری دابەشکردنی یەکسانی زەوی یە. شەشەم حزبی چەپی نەرویجی یە کە شوناسێکی سوشیال لێبراڵی هەیە، حەوتەم حزبی سوسیالیستی چەپی نەرویجی یە کە هەڵگری شوناسی سوسیالیستی زانستی یە، هەشتەم حزبی سەوزی نەرویجی یە کە لایەنگری ژینگەن.

سەرەرای ئەوەش حزبی شیوعی نەرویجی و سورەکانیش هەن بەڵام نەگەیشتونەتە پەرلەمان لە حاڵی حازر.

ئەو کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریانە چی ین کە رووبەرووی حزبەکانی نەرویج دەبنەوە، سەرەتا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە وڵاتی نەرویج لە ساڵی ١٨١٤ لە دانیمارک جیابۆتەوە و لە ساڵی١٩٠٥یش یەکێتی لەگەڵ سوئید هەڵوەشاندەوە کەواتە پتر لە سەد ساڵە سەقامگیری خۆیان هەیە وەک وڵات، کێشەی ئەتنیکیان چارەسەر کراوە، مەترسی جینۆسایدیان لەسەر نییە وەک میللەتی کورد.

هەر بۆیە وەک دەبینین شوناسی حزبی ناسیونالیستی بوونی نییە. ئەو کێشانەی کە حزبەکان رۆژانە مشت و مڕی لەسەر دەکەن زۆر جیاوازە، بۆ نموونە کێشەی بەکارهێنەرانی دەرمانی هوشبەریان هەیە وەک توێژێک حیسابی بۆ دەکەن و گرەو لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکرێ. پەنابەری وڵاتانی جۆراوجۆری لێ یە، هەر بۆیە پەنابەر بۆتە کارتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی حزبەکان دژ بە یەکتر بەکاری دەهێنن. هاورەگەزبازان هەیە وەک گروپ هەر حزبەو قسەی خۆی هەیە لەسەر مافەکانیان لە چوارچێوەی یاسا و دەسەڵاتی کڵێسا  دواتریش مەسەلەی خوێندن و خزمەتگوزاری تەندروستی و خانەی بەساڵاچووان و رێگاوبان و داهاتی نەوت و ماسی لەو کێشانەن کە بەردەوام حزبەکان لێ دەدوێن!

ئەگەر باسی ئەمریکاش بکەین کە دوو حزبی سەرەکی تیایە بە پێ شوناسی چینایەتی و پەیگەی کۆمەڵایەتیان دامەزراون، یەکەم حزبی کۆماری یە کە شوناسێکی راسترەو کۆنسەرڤاتیڤی هەیە، دووەم حزبی دیموکراتە کە شوناسێکی چەپ و لیبراڵی هەیە. سەبارەت بە بریتانیاش هەمان دیاردەیە هەردوو حزبی سەرەکی شوناسەکەیان لە ناوەکانیان بەرجەستە بووە، حزبی کرێکاران و حزبی کۆنەپارێزان.

کەچی ئەگەر ئاوەرێک لە مێژووی حزبەکانی کوردستان بدەینەوە ئەوە هەتا هەفتاکان تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی  هەبوون، ئەم دووش هەڵگری شوناسی پوپولیستی بوون بە دوو دیدی جیاواز، یەکەمیان ئیشی لەسەر رزگاری یەکەی نەتەوەی دەکرد! دووەمیشیان ئیش لەسەر یەکەی چینایەتی دەکرد بەڵام بە چەمکێکی پوپولیستی، دواتر لە هەفتاکان رێکخراوی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان دروست بوو وەک رێکخراوێکی توندڕەوی، ماوی، خوردەبورژوازی کە ئیش لەسەر ئاراستەی پێشکەوتنخوازی دەکرد لە نێو کۆمەڵگای کوردی، دواتر لە هەفتاو شەش یەکێتی دروست بوو وەک جێگرەوەی ئەو بۆشاییەی کە هەرەسی شورشی ئەیلول هینایە کایەوە.

کەواتە لە ناوەراستی هەفتاکان یەکێتی تاقە جۆڵانەوە بوو کە بەشێوەیەکی رواڵەتی ئیش لەسەر دروستکردنی شوناسی چین و توێژەکانی  کۆمەڵگای کوردی دەکرد، پێکهێنانی کۆمەڵەو بزوتنەوەو شورشگیران و خەتی گشتی ئەمانە تێکرایان میکانیزمی ئیش کردن بوون لەسەر شوناسە جیاوازەکان بەڵام دواتر لەساڵی ١٩٨٥ زۆربەیان لە نێو یەکێتی توانەوە، کەواتە ئیش کردنی یەکێتی میکافیلیانە بوو! ئەنجام دەیویست ببێتە هێزێکی گەورەو کاریگەر بۆیە تاقە رێگای ئەوە بوو شوناسی پوپولیستی خۆی ڕابگەیەنێ.

تەنانەت پێکهێنانی بەرەی جودو جوقد لە نێوان لایەنەکانی ئەو سەردەمە، بەرەی سەربازی و هێز بوون، دابەشبوونی بەرژەوەندی سیاسی بوو بەسەر ئەو بەرانەدا.ئەگینا شیوعی و پارتی یا سوسیالیست و پارتی یا پاسوک  چ خاڵێکی هاوبەشیان هەبوو لە بەرنامە. تەنیا دەتوانین ئەوە بڵێین تێکرایان هەڵگری شوناسی پوپولیستی بوون، تەنیا ناوەکانیان جیاواز بوو. لەسەر ماشینی شەری ئەو سەردەمە ئیشیان دەکرد، بەتایبەتی جەنگی ئێران/ئێراق کە زۆر کاریگەریان لەسەر بوو. هەر حزب و لایەنێک بەشێوەیەک سودیان لەشەرەکە وەردەگرت یان هەڵویستیان دەنواند لە ژێر بیانووی تێئوری.

دواتر کە لە ژێر گوشاری رۆژگاردا بەرەی کوردستانی پێکهات دیسان بەرەیەکی پوپولیستی بوو، کۆمەڵی ئامانجی دەسەڵات خوازیان هەبوو، ئەوە بوو هەڵبژاردن کرا، یادەوەری جەماوەر دابەش بوو یا دابەش کرا! بەسەر پارتی و یەکێتی دا وەک دوو حزبی ناسیوناڵیستی پوپولیستی، ئەوە بوو چەند ساڵێک شەری ناوخۆیان راگەیاند لەسەر دەسەڵات و دەستکەوت.

کە پێکهاتن و هاوپەیمانیەتی ستراتیژیان مۆر کرد، لەبەر ئەوە بوو گەیشتنە ئەو باوەرەی کە جیاوازی شوناسیان نییە، هەردوو لا حزبی ناسیوناڵیستی پوپولیستی کونسەرڤاتیڤن بە پلەی زۆر پارتی بە پلەیەکی کەمتر یەکێتی!

کاتێکیش لە سایەی دەسەڵاتی هاوپەیمانیەتی ستراتیژی، دیاردەی گەندەڵی بەبەرفراوانی سەری هەڵداو دەلاقە کەوتە نێوان دەسەڵاتی حکومەت و حزبەکان، رێژەیەکی بەرچاوی جەماوەر نارازی بوون بە تایبەتی جەماوەری یەکێتی کە هوشیارترن.بیرکرایەو لە شوناسێکی دیکەی پوپولیستی و میکافیلی لە چەشنی بزوتنەوەی گۆران، گۆڕان ئیش کردنێکی دیکە لەسەر یادەوەریە زیزبووەکانی یەکێتی. شوناسی گۆڕان هەم پوپولیستە، هەم کۆنسەرڤاتیڤە، هەم میکافیلی یە. دەتوانین بە بەڵگە ئەم سێ شوناسە بسەڵمێنین لەسەر بنەمای لێکدانەوەی لێکۆڵەرەوەیەکی فەرەنسی بە نێوی (بییر ئەندریە تاغییف) کە دەڵێ گوتاری پوپولیستی شورشێکە دژی نوخبەو هەڵبژاردە، هەروا پێ وایە سیاسەت کارێکی ئاسانە لە توانای هەموو کەس دا هەیە پێ هەڵبسێ. هەر وەک ئاخنێنی بێ باکگراوندەکانی گۆران لە نێو کایە سیاسیەکان دا! ئەندریە دەڵی جەماوەری پوپولیستەکان هەژارو نەخوێندەوارن کە مارکس ناوی لێناون (پرولیتاریا الرثة) جیاوازی نێوان دیماگۆگی و پوپولیستی ئەوەیە، دیماگۆگی مەبەستی چەواشە کردنی خەڵکانی دیکەیە بەڵام بزوتنەوەی پوپولیستی خۆدی خۆی چەواشە دەکا. لە راستی دا گوتاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاڵوزو سۆزدارە، سیستەمی بیرکردنەوەو روانینی رۆشن و ئاشکرای تیا نییە، تەنیا مەبەستی جووشدانی هەستی ساکاری خەڵکە، زیاتر پێداگری لەسەر وەنەوشەیی خەونەکان دەکا، بە شێوەیەک کاروبارەکان ئاسان دەکا لە شێوەی کەرنەڤاڵی شانۆیی، بێگۆمان ئەوەی چاودێری سیاسەتی گۆران بێ دەزانێ کە پڕە لەو جۆرە شانۆگەریانە، پێویست ناکا ئاماژە بە ناو بەروار بکەین لەبەر ئەوەی میژوویەکی نزیکیان هەیە.

دووەم کۆنسەرڤاتیڤی بزوتنەوەی گۆران لەوە دایە چووە بەرەیەکەوە لەگەڵ یەکگرتوو کۆمەڵ کە دوو بزوتنەوەی کۆنەپەرستی ئاینی و غەیبین. تەنانەت دەم راستی بزوتنەوەکە دەڵێ ئێمە دژی هەر هەنگاوێکین کە لە گەڵ بنەما نەگۆرەکانی ئیسلام یەک نەگرێتەوە، کۆنسەرڤاتیڤی گۆڕان ئەوەیە لە شوناسی ئیسلامیەکان ئیسلامی ترە. بە بیانووی ئەوەی ئینتمای زۆربەی هاوڵاتیان کوردستان وەک ئاین ئینتمایەکی ئیسلامی یە.

هەروا میکافیلیەتی بزوتنەوەی گۆران لەوە دایە کاتێ ئەم بزوتنەوەیە لەبەرەی ئۆپۆزسیون دا بوو زیاتر ئیشی لەسەر کێشەکانی گەندەڵی دەکرد، زیاتر هەوڵی ئەوەی ئەدا ئەگرەسیڤی جەماوەر بەرزبکاتەوە دژ بە حزبەکانی دەسەڵات کە پارتی و یەکێتی بوون. بەڵام کە بەشداربوو لە دەسەڵاتی سیاسی و بەشێک لە کێکی دەسەڵاتی بەرکەوت ئیدی وەک جاران باس لە گەندەڵی و نا دادپەروەری ناکا. ئەمەش شوناسی میکافیکی گۆڕانە کە ئەمیش وەک یەکێتی دەیەوێ بە هەر ئامرازێک بێ ببێتە هێزی کاریگەر لەسەر گۆرەپانی کوردستان.

ئێستاش هەر لەبەر شوناسی پوپولیستی حزبەکانی کوردستانە کە زیاتر پشت بە سازان دەبەستن، لەبەر ئەوەی سوڕ دەزانن لە پروژەیەکی سیاسی هاوبەش دا بەشدارن! بۆیە ناراستەوخۆ رای جەماوەر پشت گوێ دەخەن.

کە ئێمە باسی شوناسی پوپولیستی دەکەین، حزبی شیوعی کوردستان لەم شوناسە بەدەر نییە، هەر بۆ نموونە ئاماژە بە دوو تیروانێن دەکەین، یەکەم گەشەی مرویی بەردەوام (التنمیة البشریة المستدامة) کە زۆر جار پێداگری لەسەر دەکرێ! دووەم چەمکی حکومەتی باش (الحکومة الرشیدة ) بەرای من ئەم دوو تێروانینە ناوەرۆکی چینایەتی کلاسیکی جارانی نییە، ئەگەر نە لەبری یەکەم دەبوایە بڵین گەشاندنەوەی چینی کریکارو هەژار، لەوەی دووەم بڵێن قوڵکردنەوەی چەمکی چینایەتی لە حکومەت دا. بەڵام کاتێ کە هەڵگری شوناسی پوپولیستین هەمیشە هەوڵ ئەدەن خاڵی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دەسەڵات بدۆزنەوەو تاوەکو ببن بە بەشێک لە کایەکە.

                                                     

 

                                                        ٥ / ٧ / ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت