ما 5838 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

  سەباح ڕەنجدەر

چیا سینگی چل حۆرییە و زەماوەند ڕادەگرین / تەرمی نوێژ بۆ نەکراوی مەسیحی بچکۆلە / لەبەر خۆر دادەنێین / تیشک لەناوی پشوودەدا و خۆی تێدا بەھێز دەکات / وزە دەداتە باڵی باڵندە و درەخت و گژوگیا /  وزەی باڵی باڵندە / فەنگ و ئەسپی سواران دەلاوێنێتەوە/ 

 مەسیحی بچکۆلە لە کتێبی چارەنووسدا

 

  سەباح ڕەنجدەر

 

چیا سینگی چل حۆرییە و زەماوەند ڕادەگرین

تەرمی نوێژ بۆ نەکراوی مەسیحی بچکۆلە

لەبەر خۆر دادەنێین

تیشک لەناوی پشوودەدا و خۆی تێدا بەھێز دەکات

وزە دەداتە باڵی باڵندە و درەخت و گژوگیا

وزەی باڵی باڵندە

تفەنگ و ئەسپی سواران دەلاوێنێتەوە   

باڵندەیەک دەنووکی لە تەڕایی درەخت و گژوگیا نا

باڵی بەسەریاندا شۆڕکردەوە و تێنەپەڕی

ھەر بەسەریاندا سووڕایەوە و بڕوای بە ھەموو شتێکی کردن

کەس لەناو نوێندا نەماوە

کێڵگە و باخ چاوەڕوانن جۆگەلەکان بکرێنەوە

تەرمەکانمان چاویان لە کێڵگە و باخ داڕێژراون

شاعیرانی شەرم لە فرمێسک کردوو

لە چاوەڕوانیی بەروبوومیدا دوا بەشی کتێبی چارەنووس دەخوێننەوە

ژیان بێزار و بێدار ناکەن

وەرن ئاوێنەی سەر ڕووی دەریا و خوداوەندی گۆزەی پڕ ڕاز وەرن

تاخوێن لە دەماری منداڵە ڕوومەت داچۆڕاوەکانمان نەبووەتە ژەھر

ڕەوڕەوەی ڕەنگ تێکچوویان ڕەنگاوڕەنگ بکەینەوە

ماچیش لە دەمیان بخۆینەوە

ببینین کە لە چیا دێنەخوارەوە

گەرد بە پێیانەوە نییە

خەونی خۆشم پێیانەوە بینیوە

ئەگەر ھەنگاوێک ھەڵێنین

ھیوایەک بۆ شاری خاڵی و خەواڵوو دێتەدی

دەرگای ماڵ ھەر بەبۆن و ھەناسەیان دەکرێنەوە

چیا کە سینگی چل حۆریت

ماڵ دەزانێت باسی جۆلانە و جەژنی خۆی بکات

پارچە گۆشتێکی گەرم و بەشەکر و شیر داپۆشراوە

لەتۆدا دەبێتە دڵ و ژیانی ئەو دەژی

 

 

                                                                         ئەیلوولی ٢٠١٤ ھەولێر

گەڕان بۆ بابەت