ما 8533 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

یەکەی سروشت ـ مرۆڤ

کیشەی گەورەی مرۆڤ لەوکاتەوە دەستیپێکرد فێری کشت و کاڵ بوو! پێش ئەوە نە بایەخی بۆ خاک دادەنا و نە بیری لە پاشەکەوت و کۆکردنەوە و خاوەندارێتی دەکردەوە. وەک باقی ئاژەڵانی تر تەنیا بیری لە تێرکردنی سکی دەکردوە و، ئەگەر تێکهەڵچونێکیشی تووش بواێت، کورت خایەن و کەم زەرەر و بۆ تێرکردنی سکی بوو.

 

 بەڵام لەوکاتەوە فێربووین کشت و کاڵ بکەین، فێری خاوەندارییەتیش بووین و گەرای چەپەڵی تەمەح و تێرنەخواردن و زێدەخوازیمان گەشەیکرد و وردەوردە بووە گەورەترین رەهەندی ژیانمان. هەر ئەم چاوچنۆکییە و زێدەخوازییە ئاگری شەڕی دایسان. لەوکاتەوە هەرچەند پێمانوایە لەبواری کۆمەڵایەتی و ئابوری و تەکنیکەوە گەشەی زۆرمان کردوە، بەڵام هاوکات دڕندەیی و بێرەحمی و دڵرەقیمان زۆرتر لە هەموو رەهەندەکانی تری کەسایەتی و پرینسیپەکانمان گەشەی کردوە و زاڵ بووە بەسەر رەهەندەکانی دیکەیشماندا.

پێش ئەوەی رەهەندی بەناو مرۆڤایەتیمان گەشە بکات و خۆمان لە بوونەوەرەکانی تر دوور و جودا بکەینەوە، ئێمەیش وەک ئەوان تەنیا تا تێربوونی سکمان و رزگاربوون لە برسییەتی دەستمان دەدایە راو یان  رنینەوەی بەر و باری دارەکان، بەڵام ئەمڕۆ بووینەتە ئەو بوونەوەرە دڕندە و مەترسیدارە کە نە تێرخواردنی هەیە و نە سکی تەماحی قەت تێردەبێت. ئەمرۆ ئێمەی مرۆڤ جیا لە کوشتن و بنبڕکردنی هەموو جڕوجانەوەرەکانی رووی گۆی زەوی تەنانەت هەوڵمان بنبڕکردن و لەناوبردنی هەموو مرۆڤەکانی هاوشکل و هاوجنسی خۆمانە بۆ ئەوەی بتوانین بەشەکانی ئەوانیش بکەینە هی خۆمان.

سەرەڕای ئەو خووە مەترسیدارەی کە تەنیا تایبەتە بە ئینسانەوە، ئێمەی مرۆڤ خۆمان لە ئاژەڵ بە بەرزتر و چاکتر دەزانین و ئامادەش نین کە بە هاوشانی ئەوان بێینە ئەژمار. حەیوان وەک پلەی نزم سەیر دەکەین (بە تایبەت لە نیو کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی نێوەراستدا)، بەڵام لەراستیدا بە هۆی ئاستی دڕندەیی و زیانگەیاندنمان بە گۆی زەوی و هەموو بوونەوەرەکانی، بەتایبەتی دونیای سروشت کە بۆ پڕکردنی گیرفانی تەمەحمان بەشێکی زۆریان تووشی بنبڕی و قڕ هاتوون، هەڵسەنگاندن و هاوتاکردنی ئینسان لەگەڵ ئاژەڵ جۆرێک لە بێ ئینسافی و زوڵم لەوانەو بیڕێزیە بەو بوونەوەرە بێگوناهانەی رووی ئەم گۆی زەویە کە نەبوونی هەرکامەیان خەسارێکی گەورەیە بۆ بوون و رەنگێک لە گوڵەکانی باخچەی ژیان نوقسان دەبێت.  

چاک وایە ئێمەی مرۆڤ چیدی بۆ سەلماندنی ئاستی بەمرۆڤبوونی خۆمان واز لە پێوەری ئاژەڵ بێنین و رووبکەینە پێوەرەکانی تر. لە دونیایەکدا کە بێڕەحمانە سروشت و مرۆڤ کەوتوونەتە بەر زەبری مرۆڤ، واچاکە خۆمان و سروشت لە یەک لایەندا دابنێین و لە هەر هەنگاوێکماندا ئەوانیش لە ریزی خۆماندا بێنینە ئەژمار. یەکەی سروشت ـ مرۆڤ و نەک بیری دووانەی "سروشت و مرۆڤ"، ئەمە ئەو بیر و خاڵە بنەڕەتییەیە کە رەنگە بتوانێ یارمەتی ئێمە بدا بۆ دۆزینەوەی سەرلەنوێی ئەو بە مرۆڤبوونەی کە لە مێژە عەوداڵیین.

سایتی قەڵەم

٧ یولی ٢٠١٥

 

 

گەڕان بۆ بابەت