چیرۆک

ساڵێک بێ شەرمەزاربوون

رزگارلوتفی 

لای کەسێک گەر بە درێژایی تەمەنی، شوێنێک ناوەند بووبێ و ئەوێی‌ دی پەڕاوێز، ئەستەمە بتوانێت لە ئانێکدا جێ‌ گۆڕکێیان پێ ‌بکات و جۆرێکی‌ تر بڕوانێت. قەڵا، پارکە گچکەکەی ئێستای قەڵا، لە زەینمدا، نەقشی هەمان ناوەند دەگێڕێ‌ و شاریش، بە هەموو نەگریسیەکانیەوە رۆڵی پەڕاوێز. بۆیە تا دەگەینە بیستی رەشەمە، ئەوەی لە هەموو شتێکی‌ دیکە زەینم هەڵاوگیر دەکا جووڵان بەرە و هەمان شوێنە.

 

ساڵێک بێ شەرمەزاربوون

 

لە مێژە دەمەوێ ئەمساڵم وەک پار نەچێ‌ و واهەست بکەم ئەوەی پێی گووتم "ساڵی نوێت پیرۆز" ئەم دەستەواژەی خەسار نەکردووە و لە گەڵ دۆخی من یەک بێتەوە؛ بەڵام نازانم بۆ تا هەنووکە نەمتوانیوە دۆزێکی وەها بخوڵقێنم پڕاوپڕی پەرداخی ئەم دەستەواژە بێ‌ و چیدی لەوە زیاتر شەرمەزاری بێژەرەکانی نەبم.

 

ئەغڵەبی ساڵ، رۆژی بیستی رەشەمە ئەو رۆژەیە وا هەست دەکەم ئەو ساڵەش خەریکە دووایین چرکەکانی تەمەنی کورتی خۆی خەرج دەکا و تا چەند رۆژی داهاتووی، سیک و چرووک دەکەوێت. هەر لەو کاتانەدایە کە تینی کەم‌هێزی هەتاو مژدەی دڕانی بەرگی هەژارت پێ ئەدا و، لە بەڕۆچکێک دەگەڕێی لەشت ‌هەڵبخەی و لە بەر تیڕێژی زێڕینی خۆردا خاو بیتەوە و، بتڵیسێیتەوە؛ رێک وەک قوڵەمارێکی سڕ کاتێک لە سەر تاشە بەردێکی تەخت خۆی هەڵدەخا و ئارام ‌ئارام دەژیێتەوە. هەر لەو کاتەشدایە کە زەینە ــ وشیار یان گێلەکەت ــ یەک ‌ئان ئەو کورسییە چیمەنتۆیەی پارکی قەڵای شارەکەتت دێنێتەوە یاد کە ساڵانی رابوردوویش چەند کاتژمێرێکت ڕەگەڵیا بردۆتە سەر و لەوێوە، لەو بەرزاییە دڵڕفێنەوە، شکۆمەندی گمۆ، بەرزترین چیای ئەو دەڤەرەت بۆ نوێندراوەتەوە و لێت هەڵڕوانیوە؛ گەرچی دەکرا ئەو نشینگەیە رووپەڕی گابەردێک بێ لە ناو دڵی پێنج گوێزەکەی چیای بابۆس، یان تەختایی نەرمانکێک بێ لە سەر سینەی چیای دووزینی پاڵکەوتوو.

 

لای کەسێک گەر بە درێژایی تەمەنی، شوێنێک ناوەند بووبێ و ئەوێی‌ دی پەڕاوێز، ئەستەمە بتوانێت لە ئانێکدا جێ‌ گۆڕکێیان پێ ‌بکات و جۆرێکی‌ تر بڕوانێت. قەڵا، پارکە گچکەکەی ئێستای قەڵا، لە زەینمدا، نەقشی هەمان ناوەند دەگێڕێ‌ و شاریش، بە هەموو نەگریسیەکانیەوە رۆڵی پەڕاوێز. بۆیە تا دەگەینە بیستی رەشەمە، ئەوەی لە هەموو شتێکی‌ دیکە زەینم هەڵاوگیر دەکا جووڵان بەرە و هەمان شوێنەو، تا نەچمەوە ئەوێ و لەسەر ئەو کورسییە چیمەنتۆ رەنگپەڕیوە دانەنیشمەوەو لەو بەرزاییەوە سووڕێک لە هەموو شار نەڕوانم ئارام نابمەوە و ئۆقرە ناگرم. کاتێکیش هێشتا جێ ‌سمتم گەرم نەبووە و لە سەروبەندی رامووسینی شەختەی چیمەنتۆکەدایە، بیرۆکەکان لە بەر چاومدا رێژە دەڕۆن و تەمایانە سەرنجم لێ بقۆزنەوە.

 

یەکەم بیرۆکە کە کراس‌سووری بەر تیپە و لە پێش هەمووان دەگاتێ، بیرۆکەی "کات"ە؛ ئەو "کات"ەی ساتێک لێی دەڕوانم و دەیبینم کە چەند هەنگاو پێش یەکەی بیرۆکەکان کەوتووە و زوڕنایەکی درێژی بە دمەوەیە و تێی دەتووڕێنێ‌ و، جگە لە دیمانەکەی، دەنگی ناگات یان هەر دەنگی لێوە نایات. ئەو "کات"ەی، تا ئێستا نەمتوانیوە بە روونی پێناسەی بکەم کە ئاخۆ: بوونەوەرە، دیاردەیە، پێکهاتەیە یاخود هەر شتێکی‌ دیکەی لەو بابەتە! تەنها هێندە دەزانم کە بە درێژایی تەمەنم هەمیشە پێشقەراوڵی یەکەی بیرۆکەکان بووەو، هەموو ساڵێک لەم کاتەدا بە جلێکی فەرمی رەنگ سووری تۆخترەوە خۆی نواندۆتەوەو، تا تەمەنیشم هەڵدەکشێت لە جیهانی زەینمدا فەزایەکی فرەترو بەربڵاوتر داگیر دەکات.

 

ئەوەی بیرۆکەی دووهەم چوون تاکێک لە ریزی پێشەوەی رێژەی بیرۆکەکاندا دەگونجێنێت پێداویست بوونی پێویستپێویستبوونی نییە بۆ سەری ساڵ‌ و بە کار هێنانی لەو دەمەدا، بەڵکوو نیازێکی دەروونیە کە بە پێی مێژوو لە قوڵترین و نامۆترین هەرێمەکانی ناخمدا رەگاژۆبووە و ‌پێگەی خۆی قایم کردووە. ساڵ بە ساڵ و ڕەگەڵ هەڵدانیشی، دەبێ باشتر لە پار و پێرار و، ساڵەکانی‌ تریش پاراو بکرێ‌ و، بەو جۆرە تینووێتیەکەی بشکێت؛ ئەویش دیاردەیەک نییە جگە لە دەستەبەرکردنی سووتمانی ئاگرێکی مەزنی ئابڕوومەند بۆ ئێوارەوەختی نەورۆز و، چرکەساتی دەستپێکی ساڵێکی نوێ.

 

هێشتا بیرۆکەی سێیەم لە جەغزی هەڵبژاردنی قاتێک قووماشی نوێی پیاوانەدا دەخولێتەوە کە لە ناکاو دەکەوێتە بەر تیری تیژی ئاماژەی سەرنجم و بە پەڕاوێزی بازنەکەدا دادەکوترێت.

 

ناگەم بیرۆکەکانی ‌تر هەڵپەردێوم بایەکی بە تەوژم رشتەکانیان دەپسێنێ‌ و وەک هەوداکانی تاقمێ کۆلارەی یەکدەست، لە مستیان دەئاڵێنێ‌ و، بەرە و بەرزاییەکان رایاندەپێچێت. خاڵ‌ و بەڵەکیان بەو بەرزاییەوە لە پۆلێک پنتکی رەش دەکەن تفەنگچییەک بە خەشابێکی حەفتاوپێنجی دایبێژتبێت و ئاسەواری گوللـەکانی، بەو قووماشە بێ‌ خەوشە شینەی ئاسمانەوە جێ‌ مابن.

 

"هەر بیرۆکەیەک و پنتکێکی رەش بە بەرۆکی ئاسمانی ساماڵەوە!"

 

هێشتا لە هەژماردنی خاڵەکان نەبوومەتەوە نووکی زمانی بڵێسەکانی ئاگرێکی مەزن سەر لەو پنتکانە دەسوێت. تینی ئاگرەکە پشتم دەبرژێنێت. رەگەڵ ئاوڕدانەوەکەمدا مانای ئەو 'جل الخالق'ەی بە تەوژم لە زارمەوە هەڵڕژا تا دواسنوورەکان دەمواقێنێت!

 

 

ئاگرێکی نەورۆزانەی وا و، لێ ‌ئانی مێژووێکی کۆن تەشقی سەرمای دەم ‌شێوی بیستەمین رۆژی رەشەمەی شکاندووە و بوولێڵی درەنگوەختی ئێوارەیەکی، بە جەنگ خواستووە. رمبەی دەهۆڵ لەرەی ناوەتە هەیکەڵی چیاکانی دەورووبەر، خوشکە زوڕناش زێدەتر. چۆپی‌کێشی دوانزەسوارە، چەند گەز، گەڕی هاوەڵەکانی جێ ‌هێشتووە و، هەر تەقە و قرچەی دەسماڵیەتی. پووزلەخ، رانک و چۆغە، پشتوێنی حەوت قەف، فەرەنجی، جامەدانە و گەلێک بەرگی‌تر کڵاشەیانە. فیشکەی چوپوغەکەی خانیش لەو بەرەوە بە ناو گڕ و هەڵڵادا مەودابڕە. گورگئاسان بریسکەی چاوی چەکدارەکانی خان. ناتوێنەوە پرووشەکان‌ و ناگەنە سەر زمانی بڵێسەکان؛ دەبنە هەڵم. تەمتۆمانی گڕ و گەڕ و پرووشە و دەنگە. گێژەنێکی فرە ڕەنگ و فرە رەهەندی وا، رەنگە بە بیری سڵێمانبەگی باپیریدا بێت. ئەوەی راماندوویەتی ‌و گەلێک لای سەیر هاتووە دەرکەوتنی لە ناکاوی ئەو شایلۆغان و گەڕە مەزنە نییە، بەڵکوو قەبارەی هەڵچوونی ئەو هەموو هەست و سۆزەیەتی کە پەرێزی ساڵەکان هیچ، سنووری چاخەکانیشی بڕیوە و، خۆی بە غەریبیش نازانێت. دەڵێی رەگەڵ یەکە بە یەکەی ئەو حەشیمەتەی ئێستا لەوێدا خڕن و بەزم دەگێڕن هەر لە خان، کەیخودا، تفەنگچی، کۆڕی هەڵپەڕکێوە بگرە هەتا رەشایی، گزیر، گاوان و نزمترین پلەکانی ئەو ئاوەدانیە‌، بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی رۆحی هەبووە و، لە گەڵیاندا ژیاوە. بێ‌خەبەر لەوەی هەنووکە لە سەدەی بیست‌ویەکەمدا رێ دەکا و، وا دە رۆژی‌ دیکە سەری ساڵە و، دەبێ دیسانەوە بیر لە وەڵامێکی پڕ بە پێست بۆ ئەو دەستەواژە بکاتەوە کە "ساڵێکی نوێ"ی دیکەی لێ پیرۆز دەکات! کەچی ئەم هەر هاتۆتەوە سەر ئەو کورسییە چیمەنتۆ رەنگ پەڕیوەی پارکی قەڵای شار و، تازە، بیر لە دابین کردنی تەقەمەنیش دەکاتەوە بۆ ئێوارەدەمی نەورۆز.

 

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ