ما 1337 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

  سەباح ڕەنجدەر

 باڵندە لە تەمی بۆردوومانیشدا ئاسمانی بچووک نابێتەوە /  بە تاسەوەش بۆنی گەرمایی ھێلکەکانی دەکات / ھەمیشە درەنگانی شەو وێنە دەکێشم و پەڕەمووچ ھەڵدەفڕێنم / پێش ڕۆژبوونەوەش ھەستم خۆش دەبێت / شیعر و یەکەمین ھەتاو دەخەمە بەرپێی سواران  / ئیدی کارم لەناو جێدا نەماوە  / بفەرموون نان و پەنیری ماڵان بوونەتە شیعر و یەکەمین ھەتاو/ لە ژیانی تایبەتیمان دەپرسن / تیشکێک مێزی نووسینمی کردووەتە دوو بەش  / بەشی سێبەری زۆر /  بەشی ڕووناکی کەم /

باڵندە لە تەمی بۆردوومانیشدا ئاسمانی بچووک نابێتەوە

 بە تاسەوەش بۆنی گەرمایی ھێلکەکانی دەکات

 ھەمیشە درەنگانی شەو وێنە دەکێشم و پەڕەمووچ ھەڵدەفڕێنم

 پێش ڕۆژبوونەوەش ھەستم خۆش دەبێت

 شیعر و یەکەمین ھەتاو دەخەمە بەرپێی سواران

 ئیدی کارم لەناو جێدا نەماوە

 بفەرموون نان و پەنیری ماڵان بوونەتە شیعر و یەکەمین ھەتاو

 لە ژیانی تایبەتیمان دەپرسن

 تیشکێک مێزی نووسینمی کردووەتە دوو بەش

 بەشی سێبەری زۆر

 بەشی ڕووناکی کەم

 ئەستێرە بەسەر مێزەکەمدا داڕژاون

 مەلی باڵ گەرمیان و کوێستان بە دەنگ و ئاوازیان

 کۆیان کردەوە و لەناو پرچی خاوی فریشتەیەک بۆیان پاراستم

 دوای ماوەیەکی زۆر تێگەیشتم

 ھەرچی ھەمە و نیمە لەسەر مێزەکەم جێی دەھێڵم

 ئەمڕۆ تۆزێک لە ڕۆژان ماندووترم

 بەچاوی لێبووردنەوە سەیری مردن دەکەم

 نازانم بیر لەچی دەکەمەوە بەڵام

 دەستی کسپە و تاسەی پاراوی ماڵئاوایی

 بۆ ھەردوو بەشی مێزەکەم بەرز دەکەمەوە و بەدڵ داوای بووردن دەکەم

 خوێنی زەوی پڕ دەبێت لە چرا

 چاوی کەڵەبابیش لە ڕووناکی نەرم

 ھەموو شتێکی دەوروبەریش لەناودەمی مقاشی ئاگرداندا نووستوون

 پشکۆ بەتاسەی گەیشتن بەمردن دەژی

 کە کفنەکەم ھەڵدەدەنەوە

 زۆر و کەمیی سەرمێزەکە

 ھاتوونەتە سەر ھەردوو ڕوومەتم

 دەیسپێرمە قۆزاخەی پەمۆ و خوێدانی نمەک

 کێ دەتوانێ بوێریی ئەوە بکات

 ماڵی مردن بدۆزێتەوە و لەناو بەشی زۆر یان کەم بمێنێتەوە

 لەبەر پەنجەرەی بەشی خۆی دانیشێت

 ڕۆژێک ھەردێ لەم ھەموو بێدەنگییەی ماڵی مردن تێبگەم 

 دنیاکەی بپارێزم و ھیچ شتێکیشی لەبیرنەکەم

 ناقۆڵا و زەبەلاح سێبەرت لەشووشەی  پەنجەرەی ماڵەکەم دەبینم

 دێیت دەتەوێ بەدڵمەوە وەبدەیت

 ڕۆژ لە زەوی تەڕی دا

 شەونم ھەڵات و ھاتە سینە و ماڵی من

 لە بەھەشت لە ماڵی خۆم

 لە منداڵدانی کتێب و برینێکی نیشاندراودا

 بە ھەموو تەمەنم لە دایک دەبمەوە

 دوای سەرسامییەکی کورت بەرانبەر

 پارچە ھەڵوەریوەکانی دڵ و شەرمی مووچڕکێک

 تەماشای ھەموو شوێنێک دەکەم

 ھەموو شوێنێک دەبێتە

 ماڵ و

 ئاگردان و

 وجاغ و

 داستانم

 ئەمە شکۆی ڕێوڕەسمی مەدالیایەکە

 بە دڵ زاخدراوە

 ماڵ و

 ئاگردان و

 وجاغ و

 داستان

 دەیبەخشنە ئەو سوارانەی

 چلچرا لەسەر لوولەی تفەنگیان دەبریسکێتەوە و ماڵی بوونە

 ناوچەوانیشیان بە مۆری

 سرووشی پەنھان و

 خاچی شان و

 جیلوەی تاج و

 دەستنووسی سرەوتن مۆرکراوە

 دڵتم پێویستە ئەی ئەو ئاواز و دەنگەی نھێنیی دوورم بۆ دەدرکێنیت

 تا حیکمەت و حەکایەتی تەنیاییت ئاشکرا بکەم

 لەگەڵ تەماشاکردنیدا دڵم بەھێز دەبێت

 ناقۆڵا و زەبەلاحیش قەڵەمی دەست و پێی دەشکێت

 دڵتەنگی ھەزار بەھانەی ھەیە

 دڵخۆشیش یەک

 ھەواڵێکی بەپەلە

 خەندەی تاساو و ڕژاوی سەرسامەکانی شەقام

 لە ڕووناکی سووری دڵ ھەڵدەگیرێتەوە و لێکدەدرێتەوە

 سواران دڵیان لێ ناکەوێتە خوارەوە

 دڵی شکاوی ئێمەشیان لەسەر دەستیان ڕاگرتووە

 دەیبەنەوە بەر ئاوێنەی ژوورە ماتەکانمان

 ببوورە ئاوێنەی نووستوو لەخەوم کردی

 لە ڕێگای ژیاندا بارانی مردن تەڕی کردووم

 پاش کەمێکی تر باران لێ دەکاتەوە

 کیژ و کوڕەکانمان نان و پەنیر دەھێننە سەر خوان

 لەگەڵ یەکدا دەدوێن و شەوانە ئەستێرە دێنە لایان

 کەس دوانەکەوێ و وەرنە ئاھەنگمان

 لەسەر گیا دادەنیشین و دەچینە خولی فێربوونی نۆتەی مۆسیقا

 چیرۆکی ژیانی خۆمان بە گۆرانی دەڵێین

 گۆرانییەک بە بەرات و جەژنی لێدانی دڵ

 لەبەرزبوونەوە و گیان پڕبوون بە سرووش

 

 

 تشرینی دووەمی ٢٠١٤ ھەولێر

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت