فەڕۆخ نێعمەتپوور

وەک دراکولا تێگەیشت، سەرۆک و پیاوەکانی ئەم ژوورە بە تەمای رووخانی سەرۆک و پیاوەکانی ژوورەکەی تر بوون. پێشیان وابوو کە تا ئەم رووخانە، تەنیا راڕەوێکی باریکیان لە نێواندابوو و بەس. بۆیە جاری وابوو وەها حیماسەتێک دەیگرتن کە لەوانەبوو ژوورەکە بەسەریاندا بڕوخێ و فەرماندە سەربازییەکان سەرۆکەکانی خۆیانیان لێ تێک بچێ و نەیانبیننەوە. 

 

دراکولا و سەفەر بۆ رۆژهەڵات (٧)

شەوێکیان کاتێک بە سەر گەڕەکەکانی باشوردا دەفڕی، لە کۆڵانەکانەوە گوێی لە دەنگە دەنگە و هەراوزەنایەکی سەیر بوو. کەمێک نەوی بووەوەو جوانتر رووانی،... گوێی باشتر هەڵخست. دەنگی شین و شەپۆڕ و گریانێکی بەهێز دەهات. شین و شەپۆڕێکی بە کۆمەڵ کە تێیدا دەنگی ژنان یەکجار دیار و سەرنجڕاکێش بوو. باشە چ خەبەر بوو؟ بەم شەوە ئەم گریانە بەکۆیە بۆ؟ لە سەر یەکێک لە بانەکان نیشتەوە و لە قوژبنێکدا بە دزییەوە لە حەوشە و ناو ژوورەکانی رووانی. خەڵکیکی زۆر کە بەرە بەرە لێیان دەڕۆیشت و بە گەرمی ماڵئاواییان دەکرد، دەبینران. دراکولا سەرئەنجام تێگەیشت کە سەرەخۆشییە. باشە ئەم هەموو سەرەخۆشییە لەم شارە بۆ؟ ئەو کە لە مێژبوو لە ئەورووپا بەم شێوەیە نە گوێی لە گریانی بەکۆمەڵ بوو و نە بەکۆمەڵ سەرەخۆشیی بینیبوو، بەم دیمەنە سەری سوڕماو، بیری تەرمەکانی ناو بیابانەکە کەوتەوە. بێگومان تەرمەکان بوون گەڕابوونەوەو بە بێ گیان لێرە و لەوێ روویان لە ماڵەکانیان کردبووەوە. ئەو سەردانەی کە دووا سەردان بوو و بۆیە لە بێدەنگی خۆیاندا تا دەیانتوانی گوێیان بۆ شین و شەپۆڕی کەسو کاریان هەڵدەخست. ئەو دووادەنگانەی کە بەڵێن بوو هەتا هەتایە لە گەڵ خۆیان هەڵیانگرن.

کتوپڕ دراکولا ترسێکی سەیر دایگرت. گەر بەڵێن بوو کەس و کاری قوربانییەکانی ئەویش ئاوا بە شوێن تەرمی ئازیزەکانیاندا بگرین، چ ترسناک دەبوو خوێن مژینیان! لە ئەورووپا چەند بە ئەسپایی و ئارامی خاوەنەکانیان بە سەر تەرمەکاندا دەگریان و چەند بە کاوەخۆیش دەگەڕانەوە ناو ماڵەکانیان و دوواتر لە تەنیایی خۆیاندا لە ژوورەخەوەکان چەند فیلسوفانە بیریان لە کۆچی دووایی ئازیزەکانیان دەکردەوە.

دراکولا کە قەت خۆی خاوەنی هیچ ئازیزێک نەبوو تا بزانێ لەدەستدانیان یانی چی، بۆ یەکەم جار هەستی بە هاودەردییەکی سەیرکرد. قیژەی ژنەکان کە ئەو پەڕی سنووری داماوی و دەستەوەستانیان دەبەزاند، تەواو لە خۆی بێ خۆی کردبوو. بیری کردەوە ئەورووپا کارێکی چاکی کردبوو کە مردنی لە ئایین و لە هەست جوداکردبووەوە و وەک دیاردەیەکی سروشتی دەیبینی. ئەگەرچی ئەم دیاردە سروشتییە زۆر جار ئەوەندە نیگای چاوی تاکی ئەورووپایی سارد دەکرد کە پێت وابوو هیچ هەستێکی هاودەردی و هاوسۆزی تێدا نەماوە. ئەوان لە رێگای ئەم نیگا ساردانەوە هەوڵیاندەدا ژیانی ئەوانەی وا بەڵێن بوو دووای مردووەکان هەر بژین، بپارێزن و رۆحیان زۆر ئازارنەدەن.

چاوی لە حەوشەکە هەڵگرت و گوێی بۆ دوور هەڵخست. دەنگەکان لە هەموو شوێنێکەوە دەهاتن. چ دەبوو تا ئەم لێرە لەم شارە دەبوو تەرمەکان نەگەڕابانەوە؟ بەڵام لە لایەکی ترەوە خۆشحاڵ بوو. هەستی کرد ئەمە بەشێکی گرنگی ژیانی رۆژهەڵاتە و، دەبا بینیبای. چلۆن دەکرێ پیاو بێتە ئێرە و گرینگترین لایەنی کەسایەتی خەڵک نەبینێ! مەگەر دەکرا؟ وەک ئەوە وایە بچی بۆ پاریس و سەردانی بورجی ئیفیل نەکەی! ئەو تاوەرەی لە هەر شوێنێکی پاریسەوە گەر سەرهەڵبێنی، دەتوانی بە جۆرێک لە جۆرەکان بیبینی. بیری کردەوە گەر قەرارە رۆژێک لێرە ئیفلێک چێبکرێ، بێگومان لە لاشەکانی دەشتە کاکی بە کانی و شاخە هەڵکشاوەکان چێدەکرێ.

ئەو شەوە بە بێ مژینی خوێنی هیچ منداڵێک بەرەو هوتێلەکەی گەڕایەوە.

***

 بێزار لە گەڕەکەکانی باشور، شەو کە لە خەو خەبەری بووەوە، پەرداخێک خوێنی بە حەبی وشک دروست کرد و دووای هەڵقوڕانی بەرەو بەشی باکور هەڵفڕی. هێشتا سەرەتای شەو بوو و کات بە بەرییەوە مابوو. لە یەکێک لە جادە گشتییەکاندا خانوویەکی گەورە سەرنجی راکێشا. لە ناو خانووەکەدا کە زۆرتر لە باڵاخانەیەکی گچکەی دەکرد لە قاتی دووهەمیدا دوو ژووری چراخانی نیگای قۆستەوە. نزیک کەوتەوە. لە هەر دووکیاندا دوو مێزی گەورە دەبینرا. بە دەوری مێزەکاندا پیاوە سمێڵ زل و سەر پان و روخسار درشتەکان دانیشتبوون و لە کەسێکیان دەڕوانی کە وەک سەرۆک لە بەشی لاسەرووی مێزەکەدا دانیشتبوو. بیری کردەوە کە باشترە سەرەتا تەنیا سەرنجی یەکیان بدا. بۆ ئەم مەبەستە لە ژووری یەکەم نزیک کەوتەوە. لە پەنجەرە کراوەکانەوە هەستی بە بۆنی خەستی رەنگ دەکرد. بۆنی بۆیە و قەترانی کردنەوەی رەنگی سپیی قژ بە رەشی واکسی. ئەوانەی بە دەوری مێزەکەدا دانیشتبوون لە بەردەمیاندا خاوەنی ناوێک بوون بە سەر کاغەزێکی چوارگۆشەوەو بەس. بەردەوامیش چاویان لە سەرۆک بوو کە زۆر چاودادڕانە و بیرتیژانە لە هەموویانی دەڕوانی. سەرۆک کە قرقێنەی دەدا بۆنی نەوتی لێدەهات و کە دەجوڵا قونی ئەوانەی دەوری مێزەکە نیوە بەرز بە حەواوە چەقیان دەبەست. لە نیگاکانی و لە قسەکانی سەرۆکدا وەها باوەڕبەخۆبوون و حەقیقەت ئاژۆیی دەبینرا کە تەنانەت مێشی هاوینەی سەر دیوارەکانیش نەیاندەوێرا ویزەویز بکەن.

سەرۆک جاری وابوو پەنجەی سیحرئاسای هەڵدێنا و قسەکانی ئەمیانی لە سکی دەهێنا دەرەوە و رایدەگواست بەرەو زاری یەکی تریان. جاری وابوو رەنگی رەشی قەترانی سمێڵی یەکیانی بە پەنجە دەسڕییەوە و ئەوسا لەو رەنگە زەردەی لێدەدا کە بە پاشەڵی یەکی تریانەوە هەر لە سەرەتای کۆبوونەوەکەوە لە ترسانا لکابوو و وشک هەڵاتبوو! ژوورەکە بۆنی گووی دەگرت. ئەوسا سەرۆک بە تاوانی بێ ئەدەبی فرمانی دەدا قەراوڵە عەینەک رەشە لە چاوە مل پانەکان بە شەق بیبەنە دەرەوە و ئەو شەوە تا بەیانی توالیتەکانی سەرۆکی بە زمان پێ پاک بکەنەوە. قەراوڵەکان کە ئاراستەی نیگایان قەت بە هۆی چاویلکە رەشەکانەوە نەدەخوێندرانەوە، لە نیگای هەر کەسێکەوە دەڵێی چاوی لەودەکرد. هەموو کەس لە شوێنی خۆیەوە دەیتوانی لە سەر شووشە رەشەکان وێنەی خۆی ببینێ، ئەو وێنەیەی لە بەستێنی رەشی شووشە و لە قوڵایی بیلبیلەکانی پشتی شووشە بەرەبەرە دەکاڵایەوە و ئەویش دەبوو بە رەش،... رەشێکی تەواو. دراکولا کە ئاشقی رەنگی رەش بوو، ئیستا لەو رەنگە دەترسا. ئەم کە سەردەمانێک (رەنگە پێش سەفەرەکەی بۆ رۆژهەڵات)، حەزی کڕینی چاویلکەیەکی رەش گرتبووی، هەنووکە پەشیمان لەم خولیایەی خۆی، بەڵێنی بە خۆی دا کە ئیتر قەت بیری لێنەکاتەوە. بەستەزمان ئەو کچە خرپن و جوانەی وا تەنیا چەند هەفتەیەک لەوە پێش لە شەوێکی درەنگی یەکێک لە شەوەکانی ئەورووپادا لە قەراغ دەریادا خوێنی شێتانە مژیبوو.

دراکولا ئارام بۆ پەنجەرەکەی تر خزا. لەوێش وەک گوترا مێزێک بە سەرۆکێک لە سەرییەوە و بەو پیاوانەوە (کە چەند دانە ژنیشیان تیا دەبینرا)، بە دەروری مێزەکەدا دانیشتبوون. ئەمان تەنیا خاوەنی ناو نەبوون، بەڵکوو لە تەنیشت هەر ناوێکدا موبایلێک و وێنەی رووتی ژنێکیش دەبینرا. هەروەها لە پشت هەر کامیانەوە فەرماندەیەکی سەربازی کە بەردەوام بە درێژایی کۆبوونەوەکە مۆڕەکەیان لەیەکتردەکرد.  

وەک دراکولا تێگەیشت، سەرۆک و پیاوەکانی ئەم ژوورە بە تەمای رووخانی سەرۆک و پیاوەکانی ژوورەکەی تر بوون. پێشیان وابوو کە تا ئەم رووخانە، تەنیا راڕەوێکی باریکیان لە نێواندابوو و بەس. بۆیە جاری وابوو وەها حیماسەتێک دەیگرتن کە لەوانەبوو ژوورەکە بەسەریاندا بڕوخێ و فەرماندە سەربازییەکان سەرۆکەکانی خۆیانیان لێ تێک بچێ و نەیانبیننەوە. لە نێوان قسەکانی سەرۆکی سەرەکیدا جاری وابوو تەلەفۆنی یەکیان زەنگی لێدەدا و خاوەنەکەی لە کاتێکدا گووشییەکەی هەڵدەگرت، دەچووە گۆشەیەکی ژوورەکە و بە دەنگی بەرز دەکەوتە دووان. جاری وایش بوو یەکی تریان رێک لە ناوەڕاستی قسە و باسە گەرم و گوڕەکانی رووخاندا، حەزی دەستپەڕ دەیگرت و لە کاتێکدا بە چاوە زەقەکانی لە وێنەی ژنەکەی بەردەمی زیت دەبووەوە، شەڵواڕەکەی دادەکەند و بە سەر خۆیدا گەرم گەرم شۆڕدەبووەوە. لەم کاتەدا فەرماندە سەربازییەکەیشی گیرفانی خۆی بۆ دەکردەوە تا ئاوە سپیە یەکجار خەستەکەی بۆ تێبکا. وەک دەیانگوت دوواتر دەیانکرد بە ماجومی بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بە زاری شیرینەوە پێشوازی لە داهاتووی پڕ لە کامەرانیی خۆی بکا.

 

دراکولا ئارام لە هەر دوو ژوورەکە و لە بیناکە دوورکەوتەوە. دەیزانی کە چارەنووسی رۆژهەڵات لەمێژبووە و قەرارە لەمێژیش بێت کە لەم دوو ژوورەوە دیاری بکرێت. ئەو دوو ژوورەی ئەوەندە روون بوون کە لەناو بینا رەش و گەورەکەدا جوان جوان دەدرەوشانەوە، بە بێ ئەوەی بتوانن کۆڵانێکی تەنیشتیان بۆ چەند ساتێکیش بێت روون بکەنەوە.

بازدید: 1559