شوناس و گۆڕان

سێ بەستێنی سەرەکی بۆ شوناس باس دەکرێ: یەکەمیان بەستێنی ترادیسیۆن، دووهەمیان بەستێنی مودێڕن و سێهەمیان بەستێنی پۆست مۆدێڕن.

لە بەستێنی ترادیسیۆن، شوناس، نەگۆڕ و دیاریکراوە و بە میرات بەجێماوە. لە کۆمەڵگای مۆدێڕن، شوناس لە گەڵ چەمکەکانی عەقڵانیەت و زانست و هومێد دەمج دەبێ و لە جڤاکی پۆست مۆدێڕنیشدا لە گەڵ بزۆکی و خۆبڕیارداندا.

 

 ئەگەر تایبەتمەندیی شوناسی یەکەم ئەوەیە کە شتە زاتییەکان لە دەرەوەی بڕیاری مرۆڤ هاندەری شوناسن، ئەگەر تایبەتمەندیی شوناسی دووهەمیش ئەوەیە کە چەمکەکانی عەقڵانیەت و زانست و هومێد شوێنێکی نەگۆڕ وەردەگرن، ئەوا لە پۆست مۆدێڕنیسمدا نەک زات و نەک نەگۆڕیی پرینسیپەکان، بەلکوو مەیل و تێڕوانینەکانی مرۆڤن دەبن بە سەرچاوەی دیاریکردنی شوناس. لە رەهەندی پۆستمۆدێڕندا جۆرێک لە بگۆڕی و فرەچەشنیی پرینسیپ بوونی هەیە.

ئێمە لە دونیایەکدا دەژین کە هەر سێکی ئەمانە پێکەوە دەژین و پێکەوە شوناسی مرۆڤی سەردەم دیاری دەکەن. بۆ وێنە زۆرینە بە جۆرێک ئاینیین و بە جۆرێک هەوڵ دەدەن لە عەقڵانییەت و زانست بەهرەمەند بن و، هاوکات داڵغە و کەڵکەڵەی گۆڕان لە دەروونیاندایە. ئەوەی کە کام شوناس لایەنی زاڵە، تەواو لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕدرێ.

بەڵام لەو کۆمەڵگایانەدا کە لە گوزار و تێپەڕیندان لە ترادیسیۆنەوە بۆ مودێڕن، کەڵکەڵەی گۆڕانی پۆستمۆدێڕنی کەڵکەڵەیەکی شاراوە و بە دزییەوەیە. ئەم داڵغەیە زۆر جار خۆی لە مەیلی کۆچ بەرەو هەندەران دەبینێتەوە. لە هەندەران هەستی بێ رەگ و ریشەیی دەبێتە هەستی ئازادی و بۆیە گۆڕان بە رواڵەت ئاسانتر خۆی بە دەستەوە دەدات.

بەڵام داخۆ بوون بە مرۆڤی پۆستمۆدێڕن ئەوەندە ئاسان خۆی بە دەستەوە دەدات؟ داخۆ تەنیا ماڵئاوایی کردن لە رابردوو دەبێتە هۆی گۆڕانی بنەڕەتی؟

رەنگە لەبەری کە مرۆڤی رۆژهەڵاتی ئەوەندەی خەریکی تێرکردنی حەزەکانیەتی، بێ ئاگایە لە بنەما ئاگاییەکانی پۆستمۆدێڕن بوون. کۆمەڵێک مەرجی تر پێویستە بۆ ئەوەی ئەم گۆڕانە رووبدات. بۆ وێنە تێگەیشتن لە بنەماکانی کۆمەڵگای خۆشگوزەرانی و رفاهـ و ئاشنابوون بە بنەما فکرییەکانی وەها کۆمەڵگایەک.

سایتی قەڵەم

١٤ یولی ٢٠١٥

 

 

 

 

 

 

بازدید: 1420