فرخ نعمت پور

دراکولا بە پێچەوانەی جارەکەی پێشوو نەک تەنیا لە ترسی گیانی، خۆی بە زەویدا نەدا، بەڵکوو هەروا رەپ راوەستا و سەیری دیمەنە نە زۆر ترسناکەکەی بەردەمی خۆی کرد. ئاە و ناڵەی بریندارەکان وەک گەردەلوول بە ناو بیاباندا گێژ و لولی دەخوارد، هەرچی گەند و گووی بیابان بوو راپێچی دەدا و لەو سەرانە خۆی بە ئاسماندا دەکرد. دراکولا بە دیتنی مەیتەکان نەک تەنیا دڵی بەیەکدا نەهات، نەک تەنیا حەزی خوێن نەیگرت، بەڵکوو تەنانەت زەرداوە سوورەکەیشی هەڵنەهێنایەوە. 

 

دراکولا و سەفەر بۆ رۆژهەڵات (دووابەش)

بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا زوو گەڕایەوە بۆ ماڵەوە و بۆ یەکەم جاریش لە ژیانیدا (جگە لە رۆژی سەفەرەکەی بۆ رۆژهەڵات)، بە رۆژ نەخەوت. بیری لە رۆژهەڵات کردەوە. نا، لێرە نەیدەتوانی لە خوێن تێر بێت. بە لایەوە سەیربوو. لە ناوچەیەک کە مرۆڤ خاوەنی کەمترین بایەخ بوو و تراوترین خوێنی دونیا لە دەمارەکانیدا دەستدەکەوت و زۆر بە ئاسانیش دەڕژایە سەر زەوی، کەچی دراکولا هەم بە زەحمەت خوێنی دەستدەکەوت و هەم کە دەستیشی دەکەوت، تێری پێنەدەخوارد! تازە، هەستی دەکرد لە کاتی مژینی خوێنی رۆژهەڵاتیەکان جۆرێک لە هەستی بەزەیی دایدەگرێ! لەخۆوە نەبوو ئەورووپییەکان ئەو هەموو رێکخراوە جۆربەجۆرەی یارمەتیدانیان بۆ ئەم ناوچەیە چێکردبوو. بزەیەک دەیگرێ. بیردەکاتەوە کە ئەورووپییەکانیش سەیرن، لەو شوێنانەی دەبێ دڵیان بسووتێ ناسووتێ و، لە شوێنانەی دەبێ نەسووتێ دەسووتێ! دراکولا شەرمی ئەورووپایی بوون دایگرت. کڵاوی شاپۆ لەسەر چووە بەر پەنجەرەکەو جگەرەیەکی بەرگی لەو جگەرانەی لە سەردەمی شەڕی دووی جیهانییەوە بۆ بەجێ مابوو (بۆخۆی دەیگوت لە سەر مێزی کارەکەی چرچیل هەڵیگرتبوو)، داگیرساند. دووکەڵی یەکەم مژ بوو بە دوو دیانی درێژی تیژ و، لە ناو هەوادا بەرەبەرە پووکایەوە و لەو سەرانە ون بوو.

خەنی لە شکڵ و شێوازی دووکەڵەکە، بڕیاری دا ئەمشەو دووا شەوی مانەوەی لە رۆژهەڵات بێت. کەواتە ئەمشەو دوواگەشت دەبێ. هەستی کرد ئەم بڕیارە کتوپڕییە بارێکی قورسی لە سەر شانەکانی هەڵگرت. ئەوەی کە سبەی دەگەڕایەوە، خستیە ناو پێکەنینێکی سوور و خوێناویی شێتانەوە. وەها لە خەڵوەتی خۆیدا سوکەسەمایەکی بۆ کرد. دووامژی ئەوەندە بە لەزەوە لە جگەرەکەی دا کە دووکەڵی زۆر کۆکەکۆکی پێخست. بەڵام ئەمشەو دەبێ کەمێک وشیار بێت. بە گوێرەی ئەزمون، هەمیشە پێشهاتە ناخۆشەکان لە دوواقۆناخەکاندا روویاندەدا. دراکولا کە دڵی بۆ زێد تەنگ ببوو، لە ترسی ئەوەی نەگاتەوە نیشتمان، دوو قەترە فرمێسکی سووری خوێن ئاسا لە چاوەکانییەوە رژانە خوارەوە. گریانێکی سووری بێدەنگ سەرتاپای جەستەی هێنایە لەرزین:

ـ "ئاخ نیشتمان!... ئاخ"

کە شەوهات، لە پەنجەرەکەوە بە ئەسپایی راخوشایە دەرەوە. ئەمشەو بە پێچەوانەی شەوانی تر دونیا کەمێک فێنکتر دەینواند. بە پێچەوانەی شەوانی دیکە، بەرەو رۆژهەڵاتی شار فڕی. رۆژهەڵاتی شار لە رواڵەتدا شتێک بوو لە نێوان باکور و باشوردا. وەک بڵێی بە سەر سنوردا دەفڕی. لە تەواوی بیناکاندا، ئەوانەی وا بەسەریاندا دەفڕی، خانوویەک بە چرالامپایەکەوە سەرنجی راکێشا:

ـ "باشە بۆ چرالامپا؟ بۆچی تەنیا ئەم خانووە کارەبای تیاناگیرسێ؟"

 نزیک کەوتەوە. خانووەکەیش لە قەوارەدا شتێک بوو لە نێوان خانووەکانی باشور و باکوردا. لە پەنجەرەکەوە مرۆڤێکی چاویلکە لەچاوی بینی، قەڵەمێک لە بەینی پەنجەکانی، هەر دوو دەست بە تەوێڵەوە، کاغەزێك لە بەردەمیدا، ئەنیشکی دادابووە سەر مێزێکی پەرپووتی بەردەمی و واق وڕماو نیگاکانی وەیلانی "هیچ" لەبیرکردنەوەیەکی قوڵدا بوو. سێبەرە زلەکەی لە سەر دیوارەکەی تەنیشتی بە ئاستەم لە سەمادابوو. تیشکی چرالامپاکە چەندە روخساری رووناک دەکردەوە، ئەوەندەیش جێ جێ تاریکیی قوڵی بە سیمای دەبەخشی. دراکولا تەواو مەفتونی دیمەنەکەی بەردەمی ببوو. ئەو کە یەکەمجار بوو لە سەفەرەکەیدا بە توش وەها دیمەنێکەوە دەبوو (دیتنی نووسەر هەمیشە جۆرێک لە بێ ئۆقرەیی تیا دروستدەکرد)، مەراقی ئەوە لە دڵیدا گەڕا کە داخۆ مرۆڤەکەی پشت پەنجەرەکە خەریکی چییە.

دراکولا بە درێژایی ژیانی سێسەد ساڵەی لە ئەورووپا گەلێک جار بە توش دیمەنی وەهاوە ببوو. زۆر جار بە رێکەوت بە بەر دەم خانووی بیرمەندەکاندا تێپەڕیبوو و ئەوانی لە کاتی خوڵقاندنی بەرهەمە ناودارەکاندا بەرێکەوت بینیبوو. زەمانی کۆن ئەوانیش وەک ئەمەی ئیستا لە بەردەم چراگڕسۆزەکاندا دادەنیشتن. دراکولا چرالامپاکەی وەک هێمایەک بۆ ئەوە لێکدایەوە کە ئیستاکە رۆژهەڵات رێک لە سێسەد ساڵ لەوەپێشدایە.

ژوورەکە چۆڵبوو. دەنگ چییە لە هیچ شوێنێکەوە نەدەهات. پاش ماوەیەک قەڵەمبەدەستەکە دەستی هێنایە خوارەوە و چەند رستەیەکی نووسی. دوواتر هەستایە سەرپێ و سوڕێکی بەناو ژوورەکەدا دا. ئەوسا دیسان دانیشتەوە و ئەمجارە یەکڕیز دەستی بە نووسین کردەوە و، تا ماوەیەکی چاک لە پشت مێزەکەی نەبزوت. چراگڕسۆزەکە لە دوواچرکەکانیدا بوو کتوپڕ لە دەرگایان دا. مرۆڤە چاویلکە لەچاوەکە بە پەلە دووا رستەکانی نووسی و هەستایە سەرپێ و چوو دەرگاکەی کردەوە. دوو نەفەری سەرتاپاڕەش کە نیگاساردەکانیان تاریکیی هۆدەکەی دەبڕی، بە بێ دەربڕینی تاقە وشەیەک چاوەڕوان لە پشت دەرگاکە مانەوە. چاویلکە لەچاوەکە بەپەلە هەرچی پەڕەی نووسراوی سەر مێزەکەی بوو، پێچایەوە و جوان دەستەی کردن و چوو دایە دەست دوو نەفەرەکە. دوو کەسەکەیش پاش ئەوەی چاوێکی خێرایان بە لاپەڕەکاندا گێڕا، خستیانە بن باخەڵیان و خێسەیەکیان لە چاویلکە لەچاوەکە کردو رۆیشتن. بە دەم رێگاوە یەکیان هاواری کرد:

ـ "سبەی دیسان دێینەوە!"

دراکولا بینی چاویلکە لە چاوەکە هاتەوە پشت مێزەکە و لە کاتێکدا سەری لە گەمارۆی قۆلەکانیدا ون هەڵگەڕا، دەستیکرد بە گریانێکی بە کوڵ. چرالامپاکە دووا تیشکەکانی بە ژوورەکەدا بڵاوکردەوە و ئەوسا ئەویش بە ئەسپایی وەک دوو کەسە سەرتاپاڕەشەکە خۆی ون کرد. ژوورەکە وەها تاریک هەڵگەڕا کە ترس وەک تەزووی سەرمایەکی بێ بەزەیی، مۆرخەی پشتی دراکولای هێنایە لەرزین. لەرزینێکی سوور و خوێناوی.

لە تاریکیی ژوورەکەدا دراکولا گوێی لە خشەخشی ئەو لاپەڕانەی تر بوو وا چاویلکەلەچاوەکە بۆ سبەی ئامادەی دەکردن!

***

کە گەڕایەوە بۆ هوتێل، هەوڵیدا بە جوانی رووداوەکانی سەفەرەکەی بەسەرکاتەوە. پەشیمان نەبوو لە هاتنەکەی، بەڵام پێی وانەبوو لە سەر گۆی زەوی کە لە کۆی گەردووندا لە پنتیکی یەکجار بچووکی دەکرد، ئەوەندە جیاوازی لە نێوان ناوچەکاندا هەبێ. بۆ دراکولا کە عەوداڵ و شێت و شەیدای خوێنی مرۆڤەکان بوو، دەوڵەمەندیی مرۆڤ و توانای بە تەنیاکەوتنەوەی مەرجە سەرەکییەکانی دەست خستنی نێچیربوو، دیاردەیەک کە لە رۆژهەڵات پێکەوە دەست نەدەکەوتن. گەر دەستیش کەوتبان ئەم نەیتوانیبوو بە سەریدابکەوێ و بیانبینێتەوە. لای ئەو شەڕەکان و هەژاری لە رۆژهەڵات بەردەوام بوو چونکە مرۆڤەکان نە رێزیان لە تەنیایی یەک دەگرت و نە فێربوون بە تەنیایی بژین. نووسەرەکەی گەڕەکی رۆژهەڵاتیش ئەگەرچی هەوڵی دەدا تەنیا بێت و لە سەر لاپەڕەکان شتێکی تر بنیات بنێ، بەڵام خێرا دوو مرۆڤی سەرتاپا رەشپۆش کە کەس نەیدەزانی (لانیکەم دراکولا نەیدەزانی) لە کوێوە دەهاتن، دەرگایان لێدەکوتا و هەرچی هەیبوو لێیان دەستاند و، لە گەڵ خۆیان دەیانبرد. دراکولا ئارەزووی دەکرد لانیکەم وەرەقەکان نەسووتێنن و لە شوێنێک هەڵیگرن تا رۆژێک بەڵکوو دەست کەسانێک کەوێت و ئیتر خەڵک بتوانن بیانبینن. ئەو رۆژەیش کەی دەهات، کەس نەیدەزانی. کە بیری لە ئەورووپا دەکردەوە ئیستا بە پێچەوانەی چەند رۆژ لەوەپێش خەنی بوو بە ئەورووپی بوونەکەی خۆی.

کە رۆژ بووەوە، جانتاکەی هەڵگرت و لە پلیکانەکان چووە خوار و پاشماوەی خەرجی خۆی پێشکەش بە خاوەن هۆتێلەکە کرد و رۆیشت. خاوەن هۆتێلەکە ئارەزووی سەفەرێکی تری بۆ ناوچەی رۆژهەڵات بۆ کرد، ئارەزوویەک کە تەزووی بە جەستەی دراکولادا هێنا. لە بەر خۆیەوە گوتی:

ـ "قەت،... هەڵبەتە قەت،... قەت قەت!"

کە ئاودیوی دەرگاکە بوو، بزەیەکی تاڵ لێوە سوورەکانی لەخۆگرت. لە خەیاڵی خۆیدا بۆنی هەوای نیشتمانی هەڵمژی و هەنگاوەکانی بەرەو تێرمینال خێراتر کرد. پاسەکە دیسان لە هەمان شوێن واتە لە وێستگەی تەنیشت شەڕگەکە دایبەزاند. لەوێ چاوەڕوانی ئەو ئۆتوبووسە مایەوە کە بەڵێن بوو بەرەو پاپۆڕەکە لە گەڵ خۆی هەڵیگرێ. دیسان بیابان و دیسان تەنیایی. لە بەر خۆیەوە گوتی:

ـ "لێرە تەنیا لە بیاباندا دەتوانی تەنیا بی،... لە شوێنێک کە هیچ مرۆڤێکی تری لێ نیە،... تەنیاییەکی بە ناچاری و لە راستیدا داسەپاو!"

ئەوسا کتوپڕ فڕۆکەکان دەرکەوتنەوە، بەڵام ئەمجارە بە پێچەوانەی جارەکەی پێشوو لێیاندەخوڕی. ئەمجا ئۆتۆمبیلەکان و چەکدارەکان هاتن، ئەوانیش بە پێچەوانەی جارەکەی پێشوو لەوسەرەوە بەرەو ئەمسەر. دەنگی تەقە و زرم و کوتی تەقینەوەی بۆمب و هاون گوێی دونیای کەڕدەکرد. تەرمەکان لە سەیارەکان بەردەبوونەوە و دەکەوتنە سەر زەویی داغ داغی بیابان. دراکولا بە پێچەوانەی جارەکەی پێشوو نەک تەنیا لە ترسی گیانی، خۆی بە زەویدا نەدا، بەڵکوو هەروا رەپ راوەستا و سەیری دیمەنە نە زۆر ترسناکەکەی بەردەمی خۆی کرد. ئاە و ناڵەی بریندارەکان وەک گەردەلوول بە ناو بیاباندا گێژ و لولی دەخوارد، هەرچی گەند و گووی بیابان بوو راپێچی دەدا و لەو سەرانە خۆی بە ئاسماندا دەکرد. دراکولا بە دیتنی مەیتەکان نەک تەنیا دڵی بەیەکدا نەهات، نەک تەنیا حەزی خوێن نەیگرت، بەڵکوو تەنانەت زەرداوە سوورەکەیشی هەڵنەهێنایەوە. ئەو تەنیا هەستی بە خەمێکی قورس و سارد لە دەروونی خۆیدا دەکرد. خەمێکی ئەوەندە قورس وەک ئەو لەکلەکانەی لە تەواوی ساڵدا تەنیا دوو هێلکە شک دەبەن. ئەویش داخۆ دەترووکێ یان نا.

دراکولا چوارمیلکە لە سەر زەوی دانیشت، حەبە ـ خوێنێکی دەرهێنا و کردیە پەرداخێک ئاوەوەو بە ئارامی قوم قوم هەڵیدا. ئەوسا لە دوورەوە چاوی بەو تەپ و تۆزە خەستە کەوت وا ئۆتوبووسەکە بە حەوایدا دەکرد. شەپۆلە گەرمەکانی ناو هەوا لە گەڵ تۆزەکە لە سەما و گەمەیەکی سەیر و بێکۆتاییدا بوون.

 

دراکولا هەستی کرد وەک دیمەنەکەی بەردەمی، خەمگینترین بوونەوەری ناو جیهانە.   

بازدید: 1259