ما 8700 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خورافە و زانست

سەیری سەرەتای ژیانی مرۆڤ و خوێندنەوەی مێژوو وای پیشاندەدات کە بیر و باوەڕی هەڵە وەک جل و بەرگی رەش هەموو باڵای ژیانی مرۆڤی پۆشیوە و هەموو رەهەندەکانی ژیانی بەم باورانە تەنراوە. باوڕ بە بوونەوەرانەی کە کەس نەیانیبینیبوو، بەڵام وەک هۆی سەرەکی بۆ زۆر شتی ژیانی مرۆڤ دەناسران، باوڕ بە دێو و درنج و پەری و شەیتان و جن و هەزاران شتی لەم چەشنە بیر و بۆچوونەکانی کۆمەڵگای چڕ و پڕ تەنیبوو.ئەم بوونەوەرە خەیاڵیانە وەک هۆی نەخۆشینە جەستەییەکان و دەروونییەکان، شکست و سەرکەوتنەکان، تەنانەت هۆی باران بارین و نەبارین، هۆی بومەلەرزە و تۆفان و با، خۆر و مانگگیران، لافاوهەستان و وشکساڵی و ... هتد دەناسران.

 

 

هەموو ئەمانە هاوتا و یەکسان لە تەواوی کۆمەڵگاکانی مرۆڤ لە هەر چوار لای گۆی زەوی وەک یەک وابوون و لێک دەچوون، تەنیا رەنگە ناوی بوونەوەرە سەیر و سەمەرەکان جیاوازییان بووبێت، یاخود لە شکڵ و شێوازدا. لەو سەردەمەدا بەشی زانیاری و زانست وەک خاڵێکی کز و لاواز لە نێو رەشایی ئەو باوڕە نابەجێیانەدا ون بووبوو، بەڵام تیانەچووبوو. سەرەڕای نالەباری هەلومەرج بۆ گەشەی زانست، زانست هەر ما و وردەوردە بنکیکرد و گەورەتر بوو. هەتا دەهات شەوقی ئەم بەشە وەک گڵۆپێکی دیمێڕدار زیادی دەکرد و خۆی دەردەخست و روناکی دەبەخشی بە دەوروبەری خۆی و رەشاییە زاڵەکانی کەمدەکردەوە. بەڵام ئەم بەشەی مرۆڤ وەک باوڕە هەڵە و نابەجێکان نەبوو، یانی بە شێوەی یەکسان و هەمەگیر و سەرانسەری هەلی گەشەی بۆنەرەخسا.

 لە هەرکوێ زانست گەشەی دەکرد، ئاستی رەشی و هەڵەباوڕی کەمی دەکرد و هەل بۆ گەشەی زانیاری و زانست پتر دەبوو. هەر ئەمە وای کرد کە لەوشوێنانەی کە ئەم شەوقە زۆرتر دەبوو، خورافە و هەڵەباوڕی کەمی دەکرد و تەندروستی کۆمەڵگا زیادی دەکرد. ئەم پڕۆسە تا هەنوکەش هەر بەردەوامە و بە روونی جیاوازی نێوان ئەوکۆمەڵگانەی کە خاوەن گەشەی زانستین (ناسراو بە پێشکەوتوو) لەگەڵ کۆمەڵگای چەقبەستوو لە باوڕی نابەجێ و هەڵەباوڕیدا (ناسراو بە دواکەوتوو) دەبیندرێت.

لە کۆمەڵگا پیشەکەوتووەکاندا کە شەوقی زانست تەنگی بە رەشای خورافە هەڵچنیوە، ئیتر چیتر خەلک بە شێوەی جاران کات و ژیانی خۆیان گری نادەن بە مەوجودات و بوونەوەرانی خەیاڵی و بێ بنەماوە. ئیتر کەس دەرمانی نەخۆشینەکانی لەلای ساحران و مەلایان و نوشتەنووسان نابینێتەوە، ئیتر کەس وەک جاران فەقیری و هەژاری خۆی و دەوڵەمەندی و دەسرۆیشتوویی دراوسێکەی ناگەڕێنێتەوە بۆ خواستی خوا، کەس ژیانی ئەمڕٶی ناکاتە قوربانی بۆ داهاتوو و دونیای نادیار و خۆی بۆ بەهەشتێکی بێ بنەما ناتەقێنێتەوە. ئەمڕۆ ئەوان بە چرای عەقڵ، تاریکای خورافە لادەدەن و هۆ سەرەکیەکانی ئاریشە شەخسی و کۆمەڵایەتیەکان دەدۆزنەوە و چارە وعیلاجی راستەقینەی بۆ دادەنێن.

بە هیوای ئەو رۆژەی کە خەڵکی کۆمەڵگای کوردەواریش بگەنە ئەو ئاستەی لە زانست و روناکبیری کە چیتر کەس نەتوانێت نانی خوانی بەردەستیان بە وادەی بەهەشتی دوارۆژ لە چنگ دەربێنێت. ژیان چیتر لە کەس نەبێتە ژان و، مان و بەختەوەری دونیا ئامانجی ژیان بێت.

 

 

سایتی قەڵەم

٢٣ یولی ٢٠١٥

 

  

گەڕان بۆ بابەت