ما 847 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

  سەباح رەنجدەر 

کراس گومانی مارە/ ساڵی جارێک ھەموو گومانەکانی فڕێ دەدات گومان فڕێدان/  نانێکی گەرم و بۆنخۆشە/  تەنووری ناخ/ گوێی لە ئاواز و ئازاری دار ڕاگرتووە و برژاندوویەتی/ ڕاھاتووم سەرنجم لەو شەقامانەدا وردبکەمەوە/ ڕوخسارە بێ گومانەکان پێیدا تێدەپەڕن/ لەسەر نووکی پەنجەکانت دێیت/ لەپشتەوە چاوم دەگریت و مژدەیەکی لەپڕیت / تێناپەڕیت و لەگەڵمدا دەمێنیتەوە و دەبینە سڵاوی خودا/ ئەو بەختیارییە بە گومان ڕادەگەیەنین

 

 

دوا شوێن

  سەباح ڕەنجدەر

      ١

 

خۆر کە ئاوا دەبێت دوا تیشکی لە ناو لەپی شاعیرە نامرادەکە ھەڵدەگرێت

کە دەشسووڕێتەوە یەکەم تیشکی لەناو لەپی دادەنێتەوە

پەریی حەوت ئاسمان لەناو لەپی دێنە دەرێ

دەکەونە گەڕان و کۆچ  و سۆراخی دوا شوێن

خاڵخاڵۆکە کاتێک بەپشتدا وەردەگەڕێت

برینی زەوی تەماشا کردووە و دەست لە برینی ئاسمان دەدات

وەک ئاگرێکی نەرم و ئاوازی گۆرانیی خاوی مەیخۆران

بە تەنیشتی تێدەپەڕم و دەیخەمەوە سەردەست و پێ

ئەم بەخشندەیییە لە بەختیاریی مۆمێک زیاترە

لەسەر مێزی سەری ساڵ و بەخشندەیی

یەکەمین خواردنەوە و

یەکەمین پیرۆزبایی و

یەکەمین ئاواتخواستن و

یەکەمین مەیخۆشبوون

دڵ ھەرشتێک ببینێت

ئەوی لێ دەدرەوشێتەوە و دەڕژێ

ئاسمان ڕووناکە بۆ درەوشانەوە

دڵۆپ دڵۆپ دڵمی لێ دەڕژێ

فرمێسک بەسەر دڵم ماوەتەوە و نەھاتووەتە خوارەوە

چاوتان داخەن و بڕۆنە ناو زەردەخەی بادە و ئاوی خدرەوە

دڵم دەکەوێتە لەپی دەستتانەوە

شەو ڕووناکە لەناو لەپی دەستتان

ژیان دەلاوێنێتەوە و سەرنجی منداڵێک دەدا

سەرگەرمی یارییە بە گەرمایی ناوچەوانی کارمامزێکی سەمازانەوە

پیتەکانی ژیان لەناو لەپی دەستتان

عەوداڵی گەرمایی سەمان

لێوانلێوم لەشەوق و تاسەی سەما

زەردەخەنەی بادە و ئاوی خدر

دەتخەنەوە سەرتەختی ئەوەل تەمەنەوە

خودایە ئەوە چییە ڕوودەدات

            ٢ 

شاعیرە نامرادەکە مقەس لە چاوی مۆم دەدات و ماڵی خۆی گەرم دەکاتەوە

کە بەرەو گیرۆدەیی دڵ دێم

ھەنگاو ڕێگا خەبەر دەکاتەوە و نیوەگیان دەبم

زاڵم بووم بەسەر ئەرز بەرەو لات ھاتم

دەبوایە لەگەڵ ھەستە دەستەمۆکانی بادا دەستەومل بم

یان لەگەڵ ئاگری بەتین و کاتی ناسکی ھێلکە ترووکاندا پێشبڕکێ بکەم

سێبەر خاڵ و پیتی مرۆڤی چاو و دڵڕوونە

بە دوای دادێت و لەبەر خۆی چرا دەدۆزێتەوە

ئەوەی چرا لە ژیان بدۆزێتەوە

لە مردنیش دەیدۆزێتەوە

زەردەخەنە لە ڕوخساری دڵڕوون تیشک دەھاوێت

لە ڕێگای ژیان و مردن سەرگەردان نەماومەتەوە

پێم خستووەتە سەر ڕێگای بێداریی تەواو

لە ژیان ناسووتێم

لە مردنیش

لە ھەردوو جیھاندا شادمانم و مەبەستی خۆمم ناسیوە

ھەردووکیان ھەر ئەشقن

ئەشقی گەرم

خۆ یەکتر نابینن و بەرانبەر یەکیش ھەڵتروشکاون و ئامادەی ئامبازن

بۆ ھەر شوێنێک چاوم ڕابھێنم

ئارام دەچم و باڵندەی دیل ھەڵدەدەمە ئاسمان

باڵندە زەردەخەنەی زەوییە

لە ئارامیی گوێ لە خۆگرتن و گەرمایی دڵ نیشتەجێم

بە تانە و تۆمەت و سەرزەنشت و ستایش

ناکەومە ڕنینی میوەی پێنەگەیشتووی ھەڵە و لیتەی مێژووەوە

شادمانم بە ھیواکانم و پشوودانی مانگ لە ئاوی ڕووندا

            ٣              

کراس گومانی مارە

ساڵی جارێک ھەموو گومانەکانی فڕێ دەدات

گومان فڕێدان

نانێکی گەرم و بۆنخۆشە

تەنووری ناخ

گوێی لە ئاواز و ئازاری دار ڕاگرتووە و برژاندوویەتی

ڕاھاتووم سەرنجم لەو شەقامانەدا وردبکەمەوە

ڕوخسارە بێ گومانەکان پێیدا تێدەپەڕن

لەسەر نووکی پەنجەکانت دێیت

لەپشتەوە چاوم دەگریت و مژدەیەکی لەپڕیت

تێناپەڕیت و لەگەڵمدا دەمێنیتەوە و دەبینە سڵاوی خودا

ئەو بەختیارییە بە گومان ڕادەگەیەنین

ژیانمان بردەوە

ژیان وشەیەکی شەڕانی بوو

ئێمە ھێمنمان کردەوە و تێر سەرنجمان دا

لە ورەی میوەی مەیی و بای پێش پەڵە نیشتەجێ بوو

وا خەریکە ئەزەل لە شوێنێکی چاوەڕواننەکراودا دەردەکەوێت

              ٤

شەرابێکم خواردووەتەوە دەستکردی دەستی خودامە

نازانم لەترسی خودا و خۆشەویستی کێوە بچم

ھەر لەبەند و داوم و بەڕێگادا ماومەتەوە

              ٥   

سوپاس بۆ ئەو متمانەیەی بێ دەنگی بەمنی داوە ڕێگاکانم تێدا بژی

تا مەستی ئەشق و توانەوە و جام پڕبوون

ھەست بە خەیاڵم دەکات و پێم دەڵێت

تۆ لە چارەنووست دەگەڕێیت و جوامێری پەریی حەوت ئاسمانی وچانێک بدە

بێ ڕەنگ و دەنگ دەبم

تا لەبیرم بچێتەوە لەچ ڕۆژێکدام

بێ دەنگی بە ھەشتی سێبووری و کتێبخانەیەکە ھەر بەتامی سروود دەمێنێتەوە

من بەڕێوەم بەبیرکردنەوەیدا ڕەت ببم و بچمە ناوی

باڵندە لە شوێن پێیەکانم ھێلکە دادەنێن

بەگەرمی گەڕانەوەم ھێلکەکانیان دەترووکێن

ئاخ مەودای چوون و گەڕانەوەم چەند کورت بوو

چاوانی پڕ نەکردم لە خەونی خۆش

یەکەمین ھاتن و دوا ڕۆیشتن

دیواری ماڵم بەھەناسەی جوانەمەرگان گەرم بوو

سڵاوی خودا بووە میوانم

لەبەر ھەتاوێکی نیمچە گەرمیش وەنەوز دەدەم

فریشتە لەژوور سەرم باڵەفڕێیانە

             ٦

بەڵێن ناسینەوە و

دیاری یاران و

دابەستنی نوێژ و

گرشەگرشی بەردەباز

بەسەر یەکەم تیشک و دوا تیشک دابەشمان دەکەن

لەوپەڕی ئاسوودەییشدا ئاگری چێشت خۆش دەکەن

شاعیرە نامرادەکە بە ڕێگایەکی دوور دەگەڕێیتەوە بۆ ژیان

ژیان تەواوی ڕێگاکان بە تۆ دەدات و دەیکەیتە ھیوا و دەگەیتە ئەوپەڕی

دەستنوێژێک بگرە و مەچۆ بۆ ھیچ شوێنێک

پیاڵەی شکۆ و شانازی ئەشق بەرزکەرەوە و مەزانە دەمری

لەشکری کوللە زێڕیان بەتاڵان برد و ھێرشیان پەرت بوو

نانی تاڵیشیان خوارد

ئاگر لە شاخە گەورەکانەوە چاوی دەترووکێت

خۆی لە ڕەنگی مەی ھەڵدەکێشێت

پیتی نەمری دەکەوێتە دەفتەری بیرەوەری و ڕیشاڵی درەختی شێتێک

زەوی بە ئاواتەوەیە نەمر ئاگری لەسەر بکاتەوە

ئاگر بکەرەوە با زەوی دەوڵەمەند بێت و چارەنووسی بنووسێتەوە

              ٧  

ئایە بەمە دەزانیت

بەھەشت و دۆزەخ ڕکەبەرایەتی زۆری یەکدی دەکەن

شەپۆل کە خۆی بە تاشەبەرددا دەدات

گوێی لە گۆرانیی دڵتوندی سروشت بووە

لەگەڵ گۆرانیدا پیاسەیەک دەکات و خێرا بەلاماندا تێدەپەڕێت

دوای جێپێ خۆشبوون و ھەناسە وەرگرتنێک

کڵۆ بەفرێک لەئاسمان دەپشکوێت

دڵی سووتاوی سروشت فێنک دەکاتەوە

سروشت بەو ھەموو بارەیەوە

دڵی لەگەڵ خۆیدا دەگێڕێت

تا دڵگەرمی بگەیەنێت

چوومە ماڵی خودا بە بەھەشت و دۆزەخەوە

بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە ناخی خۆم

گەڕامەوە ئەشق و ژیان و مردن و ناخی خۆم وەک ناولەپم ناسی

ناسین بۆ ئەوەیە لەناو ئەلبوومدا وێنەت ھەبێت

شاعیرە نامرادەکەش دەبێتە چیا و تاھەتایە دەژی

            ٨

بە درێژایی ژیانم ئاوی بن کووپەیەکم خواردەوە

مەیلی زۆرم دایە ڕوونی ئاوەکە

بەرگەم نەگرت و ھەردوو چاوم لەدەست دا

ڕووناکی داوای لێ بووردنی نەکرد

ئای چاو لە ڕووناکیدا لە ئاوی ڕژاوی سەرجامی پڕ دەچیت

چەندیش بیر لەو دەزووە دەکەمەوە ناوکیان پێ بەستم

مردوو ئاوی ڕوونی بن کووپە دەخواتەوە و چاوەڕوانی ناشتن دەکات

مۆنالیزاش بزەیەکی بەندکردووە و ئازادی ناکات

دەکات و ناکات ھەردوو چاوە لە دەست داوەکەمە

نیشانەیەک لە کووپە و مۆنالیزا دەرکەوت

کەوتووەتە گەڕان و کۆچ و سۆراخی چاوم

چاو لەدڵدا سکاڵا و ڕووناکی دەچێنێت

ژیان لەگەڵ چێندراوەکاندا بەسەر دەبەم و ڕاسپاردەیان لەبیرناکەم

لە بیرنەکردن ڕەنگی دڵە

              ٩   

ھەموومان بەڕێگاکاندا دەڕۆین

بگەین یان نەگەین چ ڕوودەدات و شیر لەسەر چ جامێک دەڕژێت

جامی پڕ ھەر ئەوەیە کە ھەیە

شاعیرە نامرادەکە بە دیار گەرمایی دڵی دەمێنێتەوە

فاڵگرەوەکە بە ھەردوو دەستی ڕانەگەیشت

تەنیا دەستێکی خوێندەوە

تاسە و خولیای چوونەوە سەرڕێگا ڕایچڵەکاند

سێوی ئەفسانە بوو بە دووکەرت

ئای خانەکانی گەدە چەند زوو دەگۆڕێن

پەنجەمۆریان ھەریەک دوو ڕۆژ دەمێننەوە

شاعیرێکی نامراد لە قۆزاخە ھاتە دەرێ

ئاوریشمەکانی سەرتەنافی کۆکردەوە

ھەڵیدایە ناو ھەتاوێکی ھەڵنەھاتوو

پەرییە لە خەوماوەکان لەگەڵ ئەو پەپوولانەی

ھێشتان تووشی مۆمی جەللاد نەھاتوون

دێن لە کەپری ناو بێستانەکانمان دەمێننەوە

بیرلە شێوە سەرەتایییەکان دەکەنەوە  

             ١٠

شەوقی ئەوپەڕی شکۆ لەو ڕێگایەدا نیشتووە

دەمگەیەنێتە فریشتەی خۆم لەسەر زەوی و چێژی پێگەیشتنی سێوی حەوا

ڕەنجێکیش لەڕوخسارم نھێنییە و پێچ بە ڕۆحم دەدات

تەواو دڵنیام شاعیرە نامرادەکە دوای سڵاوی خودا لەڕێگاکان دەگەڕێتەوە

دەچێتە ناو نیگا ئالوودەکانی 

چێژی بووژانەوە و

ڕۆشنایی نزا و

گەرمایی بێباکی و

مشتومڕی گفتوگۆیەکی گوماناوییەوە

لەسەر کێلی ئەو شاعیرانەی بە دڵ دەیانناسێت

ئاگرێک دەکاتەوە و پێشکەکانی دەوروبەر دەکوژێت

قسەیەکی لەدەمی باپیری وەرگرتووە

ئەوینی تاریک یان ژیانی زۆردار فەرمانی ڕاگەیاندووە

تا چنینی مافوورم تەواو نەبێت

بۆت نییە بمریت

ئای خودای بانی سەر چەند خوێنی پڕ شکۆ لە ددانی دیکتاتۆر دەچۆڕێ

وای خودای بانی سەر چەند خوێنی پڕ شکۆش لەدڵی شاعیرە نامرادەکە پل دەدات

ھەروا بمێنەرەوە و ڕازت مەدرکێنە

ئێمە ئاوا دڵ و چاومان خۆشبین دەبێت و خۆشمان دەوێیت

لە پێشوازی خۆشەویستی خۆمان

بە بوتڵێک مەیەوە کە لە بەھەشت خۆشکراوە وەستاوین

تا ئەفسانە سەرسووڕھێنەرەکەی دەماندۆزێتەوە

ھەر یەک کەس ئاگری دۆزییەوە و ھەمیشەش لە کاتی پێوستیدا دەردەکەوێت

 

                                                                   کانوونی یەکەمی ٢٠١٤ ھەولێر

گەڕان بۆ بابەت