بڕوا بە تەک خودایی

بڕوا بە تاکەبوونی خودا تەنیا لە سەردەمی دینی جولەکە (زیاتر لە هەزار ساڵ پێش لە زایین)، یاخود سەردەمی دینی مەسیح و ئیسلام نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو ئەم بڕوایە لە رۆژئاوایشدا لایەنگر و بیرداڕێژەری خۆی هەبووە. بە واتایەکی تر ئەگەرچی ئەم سێ دینە گەورەیەی دونیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەریان هەڵداوە، بەڵام بنەماکانی بڕوا بە تاک خودایی لە قەدیمدا تەنیا لەم ناوچەیە و لەم سێ ئایینەدا خۆی نابینێتەوە.

 

"گزنفۆن" مێژووناس و فیلسووفی یونانی کە پێنج سەد ساڵ پێش زایین ژیاوە و کاتی خۆی لە خزمەت دەرباری ئیمپڕاتوریی ئێرانی کۆنیشدا بووە، یەکێک لەو کەسانەیە کە دەق و نووسراوەی لە سەر تاک خودایی هەیە، ئەو نووسراوانەی کە یەکجار بە تایبەت بیری ئایینی ئیسلاممان دەخەنەوە. لێرەدا هەندێک لەو نووسراوانەی دەهێنینەوە:

ـ خودا یەکە، گەورەترین لە نێوان خوداکان و مرۆڤەکاندا،

ـ بە هۆی ئەوەوەیە دەبینین، بیردەکەینەوە و دەبیستین،

ـ بە بێ ئەوەی بجوڵێ، دەتوانێ لە رێگای بیرەوە هەموو شتێک بجوڵێنێ،

ـ هەمیشە لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە، ئەو قەت ناجوڵێ،١                 

رەنگە گزنفۆن ئەم بیرەی لە رێگای کارتێکەریی دینی جولەکەوە وەرگرتبێ، یان رەنگە هۆکارەکەی لەو رەخنانەوە سەرچاوە بگرێ سەبارەت بە ئایینی چەند خودایی یۆنانییەکانی هەیبووە. بەهەرحاڵ بڵاوبوونەوەی تەک خودایی لە رۆژئاوایشدا تەنیا بنەمای زەبر و زەنگی نەبووە و بەڵکوو هەبوون کەسانێک کە ئەم بیرۆکەیەیان بە شێوەی دەق و فەلسەفە بڵاوکردووەتەوە.

سایتی قەڵەم

٣ ئۆگۆستی ٢٠١٥

 

سەرچاوە:

 

1-  Reading in ancient greek philosophy, Third Edition, Edited by: S. Mark Cohen, Patrica Curd, C.D.C. Reeve, 2005

بازدید: 1708