خنکاندنی گێڕانەوە

لە هەرا و فەزا قەرەباڵغ و ئانارشییەکانی سیاسەت و رووداوە تراژییەکانی وەک شەڕدا، یەکێک لەو شتانەی پێش دیاردەکانی تر دەمرێ، دەمرێ بەو مانایەی کە نیگای خوێنەر و بیروڕای گشتی بە شێوەی نۆڕماڵ ناچنە سەری، چیرۆک و رۆمانە. لەم کاتەدا دوو دیاردە روودەدەن:

 

ـ رووداوەکان ئەوەندە زۆر و سەرنجڕاکێشن کە لە خۆیاندا بە جۆرێک جێگای چیرۆک و رۆمان دەگرنەوە،

ـ دۆخەکە جۆرێکە دەبێ بە لایەکدا بکەوێ، یاخود وادێتەبەرچاو کە خەریکە بەلایەکدا بکەوێ. ئەم بەلاداکەوتنە، بیر و سەرنجەکان دەقۆزێتەوە و ئیتر بیرکردنەوە لە سەر دەقی گێڕانەوە بە تەواوی لاواز دەبێ. لە وەها دۆخێکدا دەقی سیاسی ئەویش بە مانا پرۆپاگەنداییەکەی بەرجەستە دەبێ.

کەواتە چیرۆک و رۆمان تەنیا لە لایەن سانسۆر، قەدەغەکردن و نەخوێندەواری، زوڵمیان لێناکرێ. سیاسەت (لە مانا فەوزاییەکەیدا) لە گەڵ شەڕ، دوو رکەبەری سەرەکیی گێڕانەوەن، ئەگەرچی بۆخۆیان هەوێنی گێڕانەوەیان تێدایە و دەکرێ دوواتر ببن بە چیرۆک و رۆمان.

بەڵام چیرۆک و رۆمان بە پێچەوانەی رووداوە سیاسییەکان و شەڕ، تەنیا گێڕانەوە نین، بەڵکوو بیرکردنەوە، دۆزینەوەی بنەماکان و هێمنایەتی ئەندێشەن،... گێڕانەوەن بۆ قوڵبوونەوە لەو رووداوانەی تێپەڕین و بینیمانن و کەچی دەرفەت نەبوو بۆ لێڕامانیان. ئەرەستو گوتەنی ئەدەب ئەوەیە دەبێ رووبدات، نەک ئەوەی روویدا!

سایتی قەڵەم

 

١٥ ئۆگۆستی ٢٠١٥

بازدید: 1543