ما 2304 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەباح ڕەنجدەر

مرۆڤ قەرزی ناخی خۆی بداتەوە، ئەوپەڕی خۆبوونی و جوامێرییە. ئەوەی لە یاداشتنامەکەت وەک مژدەیەک پێم گەیشت و لەو چەشنەدا بینیم و تێم ڕوانی و دڵی خۆم تێیدا دایەوە. ئەو بڕگەیەیە باس لە کاریگەری (خالید دلێر) دەکەیت و جوامێرییەکی تا ئەوپەڕیت بەرانبەر نواندووە و دەڵیێت: (ئەگەر خالید دلێر نەبوایە کوردێکی عەرەبی نووس دەبووم). 

 

نامەیەکی کراوە بۆ عەبدوڵڵا سەڕاج

     سەباح ڕەنجدەر

مامۆستای بەڕێز: مامۆستا عەبدوڵڵا سەڕاج، بۆ ئاواتخواستنی ساڵی نوێ،  سۆز و تاسەم پێشکێش دەکەم. لەبری چاوت دەستت ماچ دەکەم و داوای پیت و فەڕی لێ دەخوازم. ئەو دەستانەی ئەم ڕۆمانە ژیانییەی نووسیوە و خەرمانێک ئەدەبی گێڕانەوەی کردووەتە دیاری خودایی، مرۆڤ کە دەبێتە مرۆڤێکی کامڵ و تەواو، ئەوجا دیاری خودایی دەبەخشێت، پێبەخشراویش بەرانبەر دیاری خودایی تەنیا دەتوانێت خاکی و دڵگەرم بێت، چونکە تۆ لە دروستکردنی کەسایەتی ناو نووسینەکانتدا گەلێک خاکی و دڵگەرمیت و ڕۆمانەکەت ھەموو ژیانی نقومی خۆی کردووە.                                          

دەستنووسی ڕۆمانەکەتم لە (دکتۆرە فاتمە) وەرگرت و ھەمان ڕۆژ سەردانی (بەدران ئەحمەد حەبیب) ی دەزگای ئاراسم کرد. ئەویش جوامێرانە وەری گرت و بەبەر چاوی خۆمەوە دایە کارمەندێکی کۆمپیوتەر و خستییە کاری چاپەوە، ھەروەھا ڕێکەوتێکی باشیش بوو بۆ من، ھەر لە سەرەتای خوێندنەوەمدا تا دوا پلەی چێژ، چێژم لە زمانی (شکور مستەفا) وەردەگرت و کارەکانیم بە تاسە و ئارەزوویەکی بەتینەوە دەخوێندەوە. ھێڵم بەژێر دەربڕینە زمانییەکانی دەکێشا و بۆ فێربوون و ڕاھێنانی زمان دەگەڕامەوە سەری و بیرم لە لەدایکبوونی بۆچوونەکان دەکردەوە. لەوێ بینیم و بەختی ئەوەم ھەبوو ماوەی یەک دوو کاتژمێر لەگەڵی دانیشتم و گفتوگۆمان کرد. پیاوێکی ھەتا بڵێی سادە و قووڵ و خاکی و خاوەن دنیابینییە، لەبارەی زمانی شیعری کلاسیکی کوردییەوە زۆر بە تاسەوە دوا و سەیرکرابووەوە، دەتگوت شیرە لە گوانی پڕ دەڕژێت، منیش ھەموو جەستەم ببووە گوێ و جار جاریش بۆچوونم لەبارەی قسەکانی دەبوو، بەبێ ھیچ لەخۆدەرچوونێک لێی وەردەگرتم و ئەوەی لا گەڵاڵە کردم ئەدەب بە تەنیا لەناو زماندا ناڕسکێ و خۆی بەڕێوە نابات، بەڵکو سەرەتا فیکر، ئەوجا زمان لە ڕێگای ھەستەکانەوە کاری ئەدەب بەڕێوە دەبات و واقیع و مێژوو و خەون و پێشبینی بەشداری تێدا دەکەن. دوای ئەم دانیشتن و گفتوگۆیە ھەمیشە دیوانی شاعیرانی کلاسیکی خۆمان لەسەر مێزی خوێندنەوەمن و زمانی پێوەرم تێیاندا دۆزیوەتەوە،  قوڕی حەوت گۆڕ بەسری ئەو شاعیرەی خۆی خەریکی شیعر بکات و زمانی پێوەری نەدۆزیبێتەوە، بە تاسە و دەست و نزاوەم پەیوەندیو ھاوڕێیەتیم لەگەڵ ئەدەبی کلاسیکیدا تامردنم بە شێوەی ئێستام بمێنێتەوە، ئەدەب دەرکەوتەی ڕۆح و زەوی و ژیانە، ناتوانێت لەم سێ خانە دیاریکراوە دوور بکەوێتەوە. ھەموو جووڵەیەکی مرۆڤیش لەم سێ خانەیەدا گەشە دەکات و خۆی بەوی دی دەناسێنێت و وەردەگیرێت.                                                                                           

 (دکتۆر فوئاد ڕەشید) لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی ئەزموونی تۆ و میتا ڕۆمان نووسیوە و زۆر بە ڕوون و ڕەوانی  ئاماژە بەوە دەدات میتا چیرۆک و میتا ڕۆمان لە ئەزموونی تۆوە ھاتووەتە ناو ئەدەبی کوردییەوە و بەردەوامیش لە ئەزموونی گۆڕاندن و  نوێبەخشیدای و تاماوەیەکی دوور و درێژیش ھێزی داھێنانی خۆت دەپارێزیت، لێکۆڵەری باش لووتکەیەک پێشانی نووسەر دەدات و دەڵێت: حەزدەکەم لەوێدا بتبینم. مرۆڤ کاتێک چاو دادەخا و خەیاڵ دەکات تەنیا وێنەی ئەو ئاواتانە دەبینێت.

بەلامەوە گرینگ بوو گۆڤارەکەت بۆ بنێرم، بەڵام ئەو برادەرەی لەلاتەوە ھاتبوو گوتی: جانتام پڕە و ناتوانم بیبەم، داوای بووردنی کرد. ناوونیشانی خۆتم بەدروستی بۆ بنووسە، بەڵکو بە پۆست بۆت بنێرم. لەگەڵ گۆڤارەکەدا ھەوڵ دەدەم تەواوی بەرھەمی ( کاروان عومەر کاکە سوور و جەبار جەمال غەریب و عەتا محەمەد و ئارام کاکەی فەلاح) ت بۆ بنێرم، کە خۆم بەوردی دەیانخوێنمەوە و ھەست دەکەم جیاوازییان لەگەڵ چیرۆکنووسانی وەک: ( عەبدوڵڵا سەڕاج، ڕەوف بێگەرد، محەمەد موکری، حەمە فریق حەسەن) و کەسانی دی  ھەیە، ئاستێکن لە ئاستەکانی نووسین و داھێنان. با پارەی پۆستیشم زیاد لەسەر بکەوێـت. گرفت نییە بەس بەلامەوە مەبەستە تۆ ئاگاداری ئەو داھێنەرانەی نەوەی دوای خۆت بیت و ھێڵی داھێنانیان ببینیت و بەبوونیان دڵخۆش بیت. من نەوەی دوای خۆم وردتر لە نەوەی پێشە خۆم دەخوێنمەوە. خوێندنەوەیان تەندروستیم باش دەکات، ھەروەھا لاویش دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆی بکات. چی لەو ھەموو نووسەرانەی، کە پێش ئەو ھەبوون و ھەن جیای دەکاتەوە.  بە تاسە و دەست و نزاوەم، ئیرەیی داتنەگرێت بە ئۆخەی گیانییەوە بیانخوێنیتەوە، چونکە لای ئێمەمانان پێش ئەوەی دەستخۆشی داھێنان لەنەوەی دوای خۆمان بکەین، پیلانی ئەوە دادەنێینەوە چۆن ملیان بشکێنێن و دڵساردیان بکەین بەرانبەر نووسین و بەردەوامبوون. ئەگەرچی باش تۆ دەناسم لەو جۆرە کەسانە نیت لە داھێنانی کەسانی تر سڵ بکەیتەوە، بەڵام قسەیەکە دەیکەم زەرەری مرۆڤ و مار و مێرووی تێدا نییە.

دەستنووسی یاداشتنامەکەت بۆ ناردبووم، وەرم گرت. ھەر شەش دەفتەرەکەیم خوێندەوە، وەک شێوازی نووسین ھەتا بڵێی جوانە و پڕە لە شکۆی نووسین، داوای ئەوەت لێ کردووم بیپارێزم. (دوای مردن) ت ھەوڵی چاپی بدەم. ئەگەر من پێش تۆ نەکەوتم بە دڵنیاییەوە، بێ ئەم لا و ئەولا جێبەجێ دەبێت. ئەگەرچی بەشێکی زۆری ئەو ماوەیەی تۆ باسی دەکەیت من تێیدا نەژیاوم. بەتایبەتی ماوەی پێشمەرگایەتیت لە شەستەکاندا، بەڵام وەک ھەست، ھەست دەکەم لەگەڵ دەوروبەردا زۆر توند و تیژ و تووڕەی. پێشیاز دەکەم بە چەند پەرەگرافێکدا بچیتەوە. ھەندێک بۆچوون ھەیە لای بدەیت، یان سووکی بکەیت. من پێم وایە: (ئەو قسەیەی بە ھاوار دەگوترێت، بەھێمنیش دەگوترێت). بڕوای سەتاسەتم ھەیە خودا لە ھەندێک لایەندا فریای داھێنەر دەکەوێََََـت بۆ وشیارکردنەوە و ئاگایی پێدان. لەناو ئەو دەستنووسانەی بۆ پاراستن لای منت داناون ، کۆشیعرێکی تێدایە بە ناوی (سێ ھەنگاو بەرەو خۆر)، کە لەسەرەتای حەفتاکاندا ڕەزامەندی چاپت بۆ وەرگرتووە، بەڵام چاپت نەکردووە. دیارە ڕۆحێکی شاراوە ڕێنوێنی کردووی و ئاگاداری کردوویەتیەوە دەنا دەبووی بە خاوەنی کتێبێکی خراپ. وەی بە حاڵی ئەو نووسەرەی بە کتێبی خراپ خۆی بە خوێنەران بناسێنێت.                                                                                                                  

مرۆڤ قەرزی ناخی خۆی بداتەوە، ئەوپەڕی خۆبوونی و جوامێرییە. ئەوەی لە یاداشتنامەکەت وەک مژدەیەک پێم گەیشت و لەو چەشنەدا بینیم و تێم ڕوانی و دڵی خۆم تێیدا دایەوە. ئەو بڕگەیەیە باس لە کاریگەری (خالید دلێر) دەکەیت و جوامێرییەکی تا ئەوپەڕیت بەرانبەر نواندووە و دەڵیێت: (ئەگەر خالید دلێر نەبوایە کوردێکی عەرەبی نووس دەبووم). بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەو گۆڕانەت لە ژیانی ئەدەبیتدا نەھێنابوایە گۆڕێ و پەیڕەو نەکردبوایە. نە دەبووی بەقەل. نە دەبووی بە کۆتر، وەک بڵقی بن گۆم دەمایتەوە. ھەر بۆ ئەوەی زیاتر باوەڕ بەوە بکەیت بەو گوێڕایەڵییەت ئاڵایەکی پڕ شکۆت ھەڵداوە و سێبەری پڕ ڕووداو و خەڵکی ھەوادار و پێشوازی کارە، تەماشاکە، بە ھەموو زەین و دڵتەوە تەماشاکە (یەشیار کەمال) دوای ئەم داھێنان و ناوبانگە جیھانییەی، چۆن کارتی ناخی خۆی دەردەھێنێت و چ ھاوارێکی پڕسفت و سۆ بۆ خۆلەدەستچوون دەکات. (نەکەی جگە لە زمانی دایکت. بەھیچ زمانێکی تر بنووسیت، چونکە ھەڵقووڵاوی ناخی خۆت نابێت). بزانە نەک پەیوەندیزمان و ناخ دەدۆزێتەوە، بەڵکو زمان و ناخ دەکاتە یەک ئاراستە و نھێنی بوون و نەبوونی پێ ئاشکرا دەکات.

لەبارەی جۆر و چۆنیەتی خوێنەر و خوێندنەوەت لە کوردستان پرسیوە. بزووتنەوەیەکی ئێجگار باشی وەرگێڕان لە کاردایە و بەرھەمی وەرگێڕدرا و بێ ئەژمارن. لەوانەیە ھەفتەی زیاتر لە چەند کتێبێک بێتە کتێبخانەی کوردییەوە، بەتایبەتی ڕۆمان. قسەم لەبارەی چۆنیەتی و جۆری ھەڵبژاردنیان نییە، بەڵام لە ڕووی خوێندنەوەدا پشێوییەکی ترسناک ناوەندەکەی داگیرکردووە. دەمەوێ شتێکت بۆ باس بکەم وەک بابەتی گاڵتەجاڕیی و پێکەنینھین دڵخۆشت بکات و بۆ ماوەیەکی کورتیش لەناو ئەو ئاوە  کوڵاوەی بێزاری دەرت بھێنێت. وەک بابەتی لە دەستدانی کتێب و خوێندنەوەش، ھەواڵێکی دڵسڕکەر و لاسەنگ و مەترسیدارە، قوڕێکە دەبێت ئێمەمانان جارێکی تر بەھێزی گیان بیشێلینەوە و خۆشی بکەینەوە.                           

لەم ڕۆژانەدا سەردانی ماڵی (حەمە کەریم ھەورامی)م کرد و دنەی ئەوەم دا دەقە شانۆییەکانی جارێکی تر چاپ بکاتەوە، بەڵکو نەوەی ئێستاش بیبینێت و جاری تر بخرێنە سەر شانۆوە. ئەمیش بە چاوێکی مات و بزەیەکی گلەیی ئامێزەوە گوتی: سەباح گیان دەزانم تۆ بەنیازێکی پاکی ئەدەبییەوە دەمخەیتە بارێک، کە خۆم باشتر ببینم، گوتی: لەگەڵ (نەوزاد ڕەفعت). من کتێبێکی خۆم و ئەویش کۆشیعرێکی. بردمانە کتێبخانەکانی سلێمانی. پاش ماوەیەکی زۆر چووینەوە کتێبخانەکان سۆراخی ئەوە بکەین چەند فرۆشراوە و چەندی ماوەتەوە. لە بەختی باشمان بە ھەردووکمان یەک خوێنەرمان ھەبوو. واتە لە ھەردوو کتێبەکەدا یەک دانە فرۆشرابوو، جا نازانم ئەم یەک دانەیە نە کتێبەکەی من بوو، نە کۆشیعرەکەی ئەو. لەڕێگای گەڕانەوەماندا بۆ ھەولێر (نەوزاد ڕەفعت) ھەموو کتێبەکانی خۆی  فڕێدایە ئاوی دووکانەوە. منیش بە دڵشکاویەوە ھێنامەوە ماڵەوە. ئاخۆ چاپی دووەم چیم بۆ بکات، یان تووشی چ دڵەڕاوکێ و کارەسات و ھەژانێکی دەروونیم دەکات، یان ئێمەمانان خوێنەر قبووڵمان ناکات و ھیچ کاریگەرییەکی ئەدەبیمان لە ناوەندەکەدا جێ نەھێشتووە و نییە. تەماشاکە ڕووداو لە ڕووداوی کتێب فڕێدان کارەساتبارتر دەبێ چی بێت. دەشزانم کتێبی گەندە و بێ نرخ لە کتێبخانەکاندا لە حیساب نایەن.                                   

کاکە عەبدوڵڵا سەڕاج مرۆڤ، کە ھەواڵی وا دەبیسێت لە پێستی خۆی دەردەچێت و دەمی دەبێتە قاڵبێک سابوون و کەف دەکات، کەفی فێگرتن. کتێب ڕێز و شکۆی شکاوە، لە کتێبخانەکاندا تەماشای چاوی کتێب بکەیت، چاوەکانیان سیس و سارد و سڕ و ژاکاون. لە ھەمان کاتیشدا خودی پاکیزە و دەگمەنیش ھەن. (ئەنوەر قادر محەمەد) یەک لە شاعیرە پەسندەکانی منە، ساڵی  ٢٠٠٤ سێ کۆشیعری لە بەرگێکدا چاپ کرد بە ناوی ( زریان و زایەڵە و زنار) لە کتێبخانەکانی ھەولێر دەستم نەکەوت، سەفەرێکی تایبەتی سلێمانیم کرد بۆ بە دەستھێنانی ئەم کتێبە. جا خولیاکانی مرۆڤ جیاوازن و ئاشتیش نایابترین کتێبی ئەدەبییە. مرۆڤی کورد ئێستا خولیای جیاوازتری بۆ پەیدابووە. ئەگەرچی ئەدەب ناتوانێت ھەموو بارەکانی ژیانی مرۆڤ لەخۆ بگرێت، بەڵام داھێنانی ئەدەبی پێویستە ھۆ و ئامانج بێـت بۆ نەخشاندنی ژیان و کۆمەڵگاش چالاکتر ھەنگاو ھەڵگرێ بەرەو جوانی و خاوکردنەوەی گرژی، ئاستێَکیش بھێنێتە ناوەوە، ئاستی ھونەری خوڵقاندن و دەربڕین لەبار و بوار و جموجۆڵەکانی ژیان بکات.                                                             

بۆچوونت بەرانبەر بەخوێنەری ئێستا زۆر سەیرە، بەڵکو تا ڕادەیەکیش لە جێی خۆی نییە. ئەم پەرۆشییەی تۆ ھەتە. پێی دڵخۆش نەبیت ئێستا وانەماوە. دەبێ ھەڵوێستەی ئەوەش بکەین، کە خوێنەر نەمانخوێنێتەوە، ئەو بارە جەنجاڵەی ئەمڕۆ، ئەدەبی لە ڕۆحی خوێنەردا کوشتووە و ئێمەش لە ھەوڵی ئەوەدا بین ئەدەب بگەڕێنینەوە ڕۆحی خوێنەری تەندروستەوە.                                                     

ژیانی ئەدیب بەشێکە لە ژیانی کۆ، ژیانی کۆش بەشێکە لە ژیانی ئەدیب. ھەردوو ژیانیش لە بیر و یادەوەری ئەدەبدا بەڕوون و ڕەوانی بەرجەستە دەبن و دەمێننەوە. پێش چەند ڕۆژێک بە تەلەفۆن لەگەڵ (سەلام محەمەد) زۆر ڕووداوی ئەدەبیمان ھێنایە گۆڕێ، ئەو ڕووداوەی کردە سەرباسی گفت و گۆکەمان ، کە سەرەتای حەفتایەکان (عەبدوڵڵا سەڕاج و لەتیف ھەڵمەت و سەلام محەمەد) تابلۆی یەکێتی نووسەرانی کورد - لقی کەرکووکتان ھێناوەتە خوارەوە و فڕێتان داوەتە ڕووباری خاسەوە، یان لە شوێنێک حەشارتان داوە. ھەردوای کردەکە، مانیفێستێکی ئەدەبیتان لەبارەی یاخیبوون و نوێبەخشییەوە نووسیوە و ھەر سێکتان ئیمزاتان کردووە. دوای ئەم ڕووداوە، ئەدیبە دڵڕەش و سەلەفییەکان پڕکێشی (لەتیف ھەڵمەت) یان کردووە و ویستوویانە لێی بدەن و سووکایەتی پێ بکەن. خۆزگە ئەو نامەردییەیان بکردبوایە، چونکە دڵڕەش و سەلەفی ھەر ئەو جۆرە کارانەیان لێ چاوەڕێ دەکرێت و ھەربەمەش ماونەتەوە، نەک بەھێزی نووسین. تا ئەمڕۆش ئەم نامەردییە لەناو ئەدیبە ڕەسمییەکان درێژەی ھەیە. بە ھەزار جۆری نامەردی داتدەپەڵۆسن و قۆرتی مل شکاندنت بۆ ھەڵدەکۆڵن. بە ھەرحاڵ ئەو مانیفێستەتان تاکو ئێستا شوونبزرە، ئایا ئەگەر وەک پێکھاتە و بنیاد و بیروڕا نووسیوتانە و خاڵی بینینی ئێوەی تێدا ڕوون کراوەتەوە بەرانبەر ئەو ناڕازی بوونە ئەدەبییەی ھەتانبووە و بنەماداڕێژەرن، بۆچی بڵاوی ناکەنەوە. ئەگەریش ھەستێکی کاتی و ھەڵچوونێک بووە، ئەوە تەنیا قسە و ھەڵوێست و ھەڵزەقینەوەیەک بووە بەرانبەری بەڕێوەبردنی ناوەندەکە و نەتانویستووە ئەدەب ببەنە ئاستێکی باشتری ئێستێتیکی و پاڵەپەستۆی سیاسەت لەسەر ئەدەب کەم بکەنەوە و بەرەو ونگەی ئەدەبی تێ بکۆش. نووسەر کاتێک بیەوێ بنووسێت و بیرێکی ڕوونی نەبێت، تەواوی ئەو جیھانەی بۆ نووسین وێنای کردووە دەڕووخێت و لەدەستی دەجێت.

 مرۆڤ لە پیریدا ھەڵگری خەونە سەرەتاییە کانیەتی. ئەم مانفێستە خەونی سەرەتای ئێوەیە. بڵاوکردنەوەی لە ئێستادا پێویستییەکی ھەر سێکتانە، کە کەوتوونەتە تەمەنێکی دیاریکراوەوە، ھەروەھا دەزگای ئاراس داوای ئەوەی لێ کردووی لەم سەفەرەی دێیتەوە کۆچیرۆکەکانت ئامادە بکەیت. ھەموویانت لە بەرگێکدا بۆ چاپ دەکات. ھەموو کۆچیرۆکەکانت لای من ھەن. تۆ تەنیا ئەو چیرۆکانە ئامادەبکە، کە نەکەوتوونەتە ناو کتێبەکانتەوە. سەرەتای تۆ لە ناوەڕاستی پەنجاکان دەست پێدەکات، بەڵام لە سەرەتای حەفتاکاندا لە چیرۆکەکانتدا ئاسۆ و دووری خۆی وەردەگرێـت و دەبێتە دۆخێک لە دۆخەکانی تایبەت، لە چیرۆکەکانتدا لووتی ھەستیارت لە خوێنەردا ڕسکاندووە، تا بۆن بکات، بۆنی بەھەشتی داھێنان و گوڵەکانی با.      

بە ھیوام ساڵی نوێت، ساڵێکی گەرم و گوڕی نووسین بێت و ھەموومان بەرەو ونگەی ئەدەب بڕۆین و توانامان کۆبکەینەوە لە دامەزراندنی شێوازێک بۆ نووسین، کە نھێنی سرووش وەرگرتن و داھێنانی تێدا بپارێزرێت و وزەی شاراوەی دەمار و ھەستی مرۆڤ ئاشکرا بکات.

       کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦ ھەولێر        

 

 

گەڕان بۆ بابەت