کەزاڵ ابراهیم خدر

 

گەر ئەمجارە دیاریت بۆ کڕیم /کراسێکی شینم بۆ بکڕە /تا لەگەڵ ئاسمان ببمە هاوڕێ /بۆ دووەم جار /کراسێکی سەوزم بۆ بکڕە /تا سنەوبەر بە گەڵاکانی دامپۆشێ و /باخەکان ببنە دەستگیران /بەڵام هەرگیز نەکەی / کراسێکی رەشم بۆ بکڕی /چونکە من نامەوێ /جەستەم ببێتە شەوێکی گریاوی /بێوەژنێکی نیشتمان.

 

وەرزی پێنجەمی خۆشەویستیی

کەزاڵ ابراهیم خدر

1

من پیرنابم

هەر بە گەنجی دەمێنمەوە

چونکە خوێنت

لە لاشەمدا قوڵپ ئەدا

تەمەنم بە ناو شیعر و

ماچی لێوت و، شنەی هەناسەت

گوزەردەکا.

٢

من تەنها چوار وەرزم هەبوو

تۆ وەرزێکی ترت دامێ

ناوم لێنا وەرزی پێنجەم

من خۆشەویستیم نەناسی بوو

عشقت کە ژیانی پێبەخشیم

بوو بە شیعر و، بوو بە ماچ و،

بوو بە هاودەم.

٣

باڵای هەموو چیاکانت بۆ دەتاشم

پەیکەرێکت لە رۆحی خۆم

 بۆ دروست دەکەم

کە جێ شوێنی، ماچی من و، گوڵی من و، لێوی من بێ

بە تریفەی مانگ ناوەکەتی

 لەسەر دەنووسم

خوێنی جەستەی لاشەی من بێ.

٤

من بە تەنها

لەناو تۆدا بینین و تەماشام هەیە

بۆیە سەر بەرەو خوار، بکەومەوە خوارێ

یا سەرکەوم

نائومێدی یەخەم بگرێ

یا پێبکەنم

هەر لەسەر لێوی ماچی تۆ

چرای عشقم دادەگیرسێ

ماچت دەکەم

لە قژتەوە هەتا بەرپێ؟

٥

من هەر ماچم نەناسی بوو

کاتێ بە رەنگێکی خۆڵەمێشیی

لێوت کردم بە باڵندە

ئیتر بۆ هەتایە

لەنێو سۆزی باوەشی تۆدا

بووم بە گوڵێکی پەناهەندە.

٦

بە رۆژ دەستمان

لەناو گوڵ و، تیشکی خۆردایە

کە شەو دادێ پەنجەکانمان

ئاوێزانی  کەمەرو باوەشی

یەکتری دەبن

بۆیە هەمیشە شیعرەکانم

لە شەودا لەدایک دەبن.

7

وەک پەپوولە ناسکیت و

وەک گزنگ زەرد

وەک پرژەی ئاوو روون

وەک شەماڵ فێنک

ئێواران دەبیت

بە گوڵ هەنارێک

لەگەڵ خۆرنشیندا

دێت بۆ لام

کە شەو داهات دەبیت

بە گەریدەیەکی دوورە وڵات.

٨

ئەگەر هاتی ئێوارەیەک وەرە بۆلام

تا بە پێکێک مەستت بکەم

ئەگەر هاتی نیوەڕۆیەک وەرە بۆلام

تا لەبەر رۆشنایی تیشکی خۆردا

ماچت بکەم

ئەگەر هاتی بەیانییەک وەرە بۆ لام

تا شەونمی سەر روومەتەکانم

تێکەڵاوی لێوت بکەم.

٩

ناوێرم دەست لە روومەتت دەم

چونکە ئەوەندە ناسکە

گوڵی پەنجەکانم برینداری دەکا

ناوێرم بێمە باوەشتەوە

چونکە ئەوەندە گەرمە

خوێنم لە ژێریا قوڵپ ئەدا

لە نێوانی ناسکی رووت و

گەرمی باوەشتا

نازانم عەشق بۆ کوێم دەبا.

١٠

هێندە شیعرم بۆ نووسیوی

خەریکە چاوم هەڵدەوەرێ

بەدەم خەمەکانتەوە هێندە گریاوم

هەموو جەستەم هەڵئەلەرزێ

من دەمەوێ تۆو، شیعر بکەمە ئەستێرە و

لە دەشتی ساماڵدا بڕوێ.

١١

 هەندێ جار

کە تۆ لە وشەم دادەبڕێی

دەبمە کاغەزێکی نەخوێنراوە

خەیاڵت مەستم دەکا و

دەمخاتەوە ناو قوڵایی مێژووتەوە

دیوانەکەم دێنم و

هەموو شیعرەکان دەگەڕێم

تا لەناو ئاوی شیعرێکدا دەتدۆزمەوە.

١٢

چاوەکانت لە چاوی گوڵەبەرۆژە دەچن

هەمیشە بە ئازادیی خۆیان دەنوێنن

دەستەکانت لە دەستی پێشمەرگەیەکی

سەنگەر دەچن

کاتی بۆ چاوی نیشتمان

لەسەنگەردا جێی دەهێڵن

باڵاشت لە چنار دەچێ

تا دێ بەرزدەبێ و

هیچ کاتێ خەم ناوەرێنن.

١٣

رۆژێک دێ زەردەپەڕی

پیریەتی بەرۆکمان دەگرێت و

دەستی مەرگ بۆ لامان ئەهێنێ

ئەو کاتە مۆسیقا ئەبێتە

پەپوولەی پایز و

خەونەکانیش بە تەمی چنارێ

پەنجەی بەفر

بوخچەکان دادەخا

پۆلە ئەستێرەی باڵگرتوو

لە کێوان گەروویان وشک ئەبێ

لە تینوا شایی و شیعر و گوڵ

دەست دەکەن بە نزا.

١٤

نەمزانی دەستەکانت جێم دەهێڵن

کاروانێکی راگوزارن و تێدەپەڕن

سەرنجت رێبوارێکە

هەر رۆژێ بێ روخسارم

بە جێ دێڵێ

من دەمەوێ لە رێووبانی

ئەم ئەوینە سپیەدا

یەک دەست و یەک چاو و یەک دڵ بین

تا لە جیهانی ئەم عەشقەدا

بێ کەس نەبین.

١٥

قژت خەمێکی کورتی شەوی شیعرمە و

منیش چرایەکی داگیرساوی حەزەکانت

نە چرا خەمم لادەبا و

نە خەمیش چرا دەکوژێنێتەوە

کەواتە هەر تۆ بمنوسەوە و

هەر من رووناکت دەکەمەوە.

١٦

ئەو سەرنجەی لە دیدارێکدا

گرتە چاوم

بوون بە دوو چڵە نێرگز

لە بناری چیای سەرەتا رووان

ئەو دەستەی خستە دەستمەوە

بوون بە رێگەی دوو عاشق و

لە ژوانێکا پیا تێپەڕین

ئەو ماچەی لەسەر روومەتت کردم

هەموو شەوێ دەمباتە

دونیای خەوبینین.

١٧

لەناو فەرهەنگی گشت خەمەکانی دنیادا

من خەمی تۆ دەناسمەوە

ریش سپیە و

خوێنی سوور ئەینووسێتەوە

هەگبەیەکی بە کۆڵەوە

پڕیەتی لە شیعری خەمی ئەنفال و

خەمی هەڵەبجە و

 خەمی گشت

کیژە خێر لەخۆنەدیوەکانی تێدایە

بۆیە هەرگیز چۆک دانادا

بۆ دوژمنێ

بێدەنگ نابێت لەبەردەم

ئاهوو ناڵە هیچ کەسێ.

 

 

  تریفەی مانگ و غەمگینیی دڵم

١

ئەو کاتانەی لام دەخەوی

ئاگات لێ نییە دەتخەوینم

دەتخەمە باوەشمەوە

دەتکەم بەگوڵ

ئەتبەم بۆ سەرکەلی شاخی سەرم

ئاگات لێ نییە

باران لێت ئەدا و تەڕ دەبی

بەسەر سەرتا دادەبارێ

بۆ بەیانی لێم دەڕوانی

هەموو جەستەم شوینی ماچە و

تیشک ئەهاوێ.

٢

کە رۆیشتی

ئەو کاتانەى کە تەنیا بوویت

چراکەتم بۆ داگیرسێنە

پەنجەرەى ژوورەکەت بکەوە

تا وەک بایەک بە ژاوەژاوێکەوە

خۆم بکەم بە ماڵەکەتدا

ئەمجارەیان وەک دایک

پڕت بکەم لە سۆزى دایە و

شیعرى لایلایە.

٣

ئەگەر رۆژێک نەتبینم

ئەزمڕ بە دوو چاوی منەوە

سەیرت دەکات

ئەگەر رۆژێ من گوێم

لە دەنگ نەبێ، گەرووی ئەشکەوتێک

گوێچکەی بیستنی منی تێدایە و

گوێت لێ دەگرێ

ئەگەر رۆژێک نەگەمە لات

خەمم هاوبەشی ژیانتە و

بۆنی پەنجە و، بۆنی ماچی

یادگاریی و،

 کزەی هەناسەتی تیایە

شیعری منیش لەو ناوەدا

تریفەی مانگی شەیدایە.

٤

هەمیشە بەرەو لات باڵ دەگرم

لەسەر ڕێگەت دەوەستم و

ماندووێتیت رادەگرم

پێت دەڵێم

تۆ بارانى بەهارى،

یان بەفری کڕێوەی زستانی

یا ئێوارەیەکى غەمگینى،

هەموو ڕۆژێک لەم شوێنەدا

سەدان ماچى

پەڕو باڵکراو سوتاوى

غەریبیم وەردەگرى

پێم دەڵێى ببورە گیانەکەم

تۆ شیعرى چاو رەش و

خەرمانەى تەنیایی عەشقێکت

پێ نییە بۆ منت هێنابێت

لە جیاتى هەموو ئەمانە

چەپکێ خونچەى کوژراوى

دوو چاوم وەردەگری.

٥

کە گوێ لە کۆنسیرتێک دەگرم

شیعرم دەبێ بە شنەبا

کە چیرۆکێک دەخوێنمەوە

دەبم بە شەپۆلی دەریا

کە تابلۆیەکیش دەکێشم

تۆ دێیتە ناو چاوانمەوە

کە باوەشت پێدا دەکەم

چی خەم هەیە و بەجێم دێڵێ

گەش دەبمەوە.

٦

ئەی بەخشندەترین مرۆڤ

ئەو کاتانەی لە گیرفان و

 لە بەرۆکی کوردستانا

بۆم دەگەڕێی

من ئەو کاتە لە ناو گەرووی قەندیلدام و

دەبم بە تیشک و بە باهۆز

ئەو شەوەش تۆ

دێیتە گەرووی قەندیلەوە

بۆم دەگەڕێی

بوومەتە هەور

چوومە چیای بونتەوەو

لەگەڵ باران و هەورەبرووسکە

ئەبم بە تابلۆیەک

لەسەر شانی بابەگوڕگوڕ.

٧

لەم نیشتمانە وێرانەدا

کچێک دەکوژرێ و

لەگەڵ خوێنەکەیدا

عەشق ئەرژێ

کچ ئەبێ بە پەلکەگیایەک

سەوز دەبێ

لە پڕێکا باڵا دەکا و

دەگاتە بەرزایی ئاسمان

شیعری منیش لە نێو ئەو ئازارە زۆرەدا

دەبێت بە سوورە گوڵێ.

٨

گەر ئەمجارە دیاریت بۆ کڕیم

کراسێکی شینم بۆ بکڕە

تا لەگەڵ ئاسمان ببمە هاوڕێ

بۆ دووەم جار

کراسێکی سەوزم بۆ بکڕە

تا سنەوبەر بە گەڵاکانی دامپۆشێ و

باخەکان ببنە دەستگیران

بەڵام هەرگیز نەکەی

کراسێکی رەشم بۆ بکڕی

چونکە من نامەوێ

جەستەم ببێتە شەوێکی گریاوی

بێوەژنێکی نیشتمان.

٩

هەمیشە ویستومە

ئازادی و ژن،

لە شیعرێکدا بنووسمەوە

بەڵام دەستی ناحەز

هاتووە و سەریبڕیوم

ژنە ئەبێ بە کەمانچەیەکی رەشپۆش

ئازادییش بە پەنجەی تاریکیی

شیعریش

لە عەشقێکی چاوەڕوانەکراودا

بۆ باڵای غەمگینی

بەرگی رەش دەپۆشێ.

١٠

ئەی پیاوەکان

بتانەوێ و نەتانەوێ

شەو نیوەی زیاتری موڵکی ژنە

هەتاو و پێکەنین

فرمێسک لە چوار بەش

سێ بەشی موڵکی ژنە

کەچی رۆژێ نییە لەم شارەدا

سەدای دەنگی مێینەیەک

هاوار نەکا

پێوەندەکانی نێرینە

پۆل و باسکی ژنە شۆخێ

پێوەند نەکا.

١١

هەمیشە گریانیک دەمگرێ

بۆ ئەو شیرو شمشێرەی

مامزی شیعری پێ راودەکەن

ئەتگرن و ئەتدەنە

بەر سەری رووت و، بیری رووت و

وشەی رووت

دواتر بۆ نێو ئەو دۆزەخەی

بۆنی رەنگەکانی حەرام و

پەیڤەکانی کفری لێ دێت.

١٢

بیرتە تاڵی قژت بۆ ناردبووم

کردم بە دیاری پەڕینەوەی

رێگای عەشق

لەسەر رێگاکەت نەونەمامی شیعرم چاند و

لە رۆحمەوە خۆرم بۆ برد

تا هەناسەی شیعر

تریفەی گرت

لە ناو خەودا چاوەڕێم کرد

نەمام، نەمام ،ڕوام و

لە دواییدا بووم بە درەخت.

١٣

لەسەر شیعریکی ئازادیی بۆ خاکەکەم

شیعرێکیان دەستگیرکردم و

دەستی وشەکانیان بەستەوە و

چاوی ناوەرۆکەکەیان بەست

بۆ سبەینێ بووم بە سروودی نەورۆز

لەسەر چیایەکی بەرز گڕم گرت.

١٤

من هەمیشە چرایەکی داگیرساوی

ئازادییم بۆت

تۆش سنەوبەرێکی سەوزی باریکەلە

کاتێ کە دێم بەرەو رووت

تێکەڵ دەبین

ئەبین بە جەژنی سەری ساڵ

کاتێ چراش کوژایەوە

ئازادی دەبێ بە تاریکستان

تۆش دەبی بەسنەوبەرێکی رووت.

 

 

    شیعر و نەغمەی بولبولێکی سپی

1

ئەبوو لەنێوانی،چرۆی شیعرو باڵای تۆدا

لەنێو پشکۆی دڵی تۆدا

لەنێو فرمێسکە بەگوڵ چێنراوەکانی

خەرمانەی رووی بەفری سپی تۆدا

من یەکێکیان هەڵبژێرم

تاکوو سحری جوانی رووی تۆ دەرکەوێ

بەڵام هەرچەندم کرد

نەسیمای شیعر بێ تۆژیا،،

نەتۆش بێ شیعر

پێش وەرینی وەرزی گەڵاو

توڕەبوونی شوشەی دڵی پەپولەیەک

شاعیریان کرد بەئاگرو

ئاگریش بوو بەپشکۆیەک لەهەموو ماڵێکدا.

2

لەو رۆژەوەی شیعر دەنوسم

هەزاران جار شەوی چەقۆ

باڵیان بڕیم

هەزاران رۆژ دەستی زۆردار

دەمیان دووریم

لەناو دارەمەیتی رقیانا

بەرەو گۆڕستانیان بردم

بەڵام کاتێ

تۆبووی بەئێوارەو

بووی بەئاسمان

منیش بووم بەشیعرێکی نوێ

بووم بەسرودێ بۆ نیشتمان.

٣

بەتاڵێک قژت دەنوسم

دارستانێک دەخوێنمەوە

بەفرمێسکی چاوت دەنوسم

دڵۆپێ باران دەنوسمەوە

دەنکە گەنمێک باڵامەو

سپێدەیەک لەگیانمایە

من ئێستا شاعیرێکم

کوردستانێک، لەباوەشمایە.

٤

لەمەودوا

قەڵەمەکەم دەدەمە دەست تۆ

تۆ لەبری من، شیعردانێ

تابزانی دڵ تۆش، وەکوو من

ناونیشانی، بەفرو باران و

عەشق و، خۆشەویستی پێ دەزانێ.

٥

لەسەوزایی شیعرێکما

ویستم وێنەی تۆ بنوسمەوە

لەخۆم بچێ

دوور لەخەم و بۆهەمیشە

پێ بکەنێ

شیعر گریاو لێم توڕەبوو

ئەوچۆن دەتوانێ

بێ بەتۆ

تۆ هەمیشە لەگەڵمایت و

ئەوتەنها وەرزی پایزان دێ.

٦

هەندێ جار هێندە تەنیا دەبم

وەک خوێنی شەهیدێکی بێ ناونیشان

هەندێ جار هێندە تەنیا دەبم

وەک گەڵای پایزی بەر گەردەلوولی نیگەران

هەندێک جاریش هێندە پڕ دەبم لە تۆ

وەک ئەو دوو باڵدارەی

لە شەوێکی بەفرانباردا

باڵایان تێکەڵ و ئاوێزان......

٧

لەسەر بەردە نوێژی باڵات

نوێژی شیعر و ،ماچت دەکەم

بۆ قیبلەی تۆ، هەمیشە

گەردنم بەرزەو سەر دادەخەم

من دەزانم گەر خۆشەویستی تۆ نەبێت

رۆژی سەد جار گیانم دەدەم.

٨

من نیشتیمانیکم هەیە جیا

هێندەی شەوانی تەنهاییت

پڕ لەبارانی عەشقەو

هێندەی باڵای لاسە شۆڕێ

باڵا بەرزەو

هێندەی خەمی ژنێتیشم

چڕو پڕ

بۆیە هەردەم تیایدا دەسوتێم و

ناوم ناوە نیشتیمانی گڕ......

٩

تابلۆیەک

لە قژی ڕەش ودوو چاوی مەست

گەردنێکی بە جامانە داپۆشراوو

باڵایەکی بەرز

لەو دوو چاوەدا، هەڵۆی بەرزو

لەو گەردنەدا پەتی سێدارە و

لەو قژەدا سەرێکی بڕاو

لە ئاسمانی جەستەشتدا

هاواری باوکت وزریکەی مێژوو

فرمێسکی چاو.

١١

کە دێی لەسەر کورسیەکە دادەنیشی

کورسیەکە دەبێت بە تەختی پاشایەتی و

لەبەردەمتا شەرم دەکەم

گوڵێک دەدەیت لە بەرۆکم و

لەکەناری ڕۆحما دەیچێنم

بۆ هەمیشە بۆنی دەکەم

کە دەمیش دێنیت ماچم بکەیت

هەڵم دەبڕی تا تینوێتیت بخۆمەوە

بەڵام من فریای هیچ ناکەوم

لە بەردەمتا دەتوێمەوە.

١٢

شیعر لای من

نەغمەی بولبولێکی سپی و

باڵی پەپولەیەکی ڕەنگاو ڕەنگ و

چاوی باران و بەفر و

پرشنگی ئەستێرەیە

لەدەشتی ساماڵی دڵما

دەڕوێ

لە سنگە فراوانەکەیدا

هەموو شتێ هەڵدەگرێ

لەخامۆشی دڵی مندا

هەرچەند هاوار دەکاو، دەنگ هەڵ دەبڕێ

بەرامبەر دەسەڵاتی کوشتن و

دابو نەریتی کۆن

دەسەڵاتی پیاو سالاری

هیچی پێ ناکرێ.

١٣

بە مناڵی دایکم پرچی بۆ دەهۆنیمەوە و

بەیانیەکیش پرچی باران

دایکم فرمێسکەکانی لەسەر سەرم

دەوەرین و

بارانیش جۆگەی شیعری دەنوسیەوە

دایکم جوتێ بازنی دەکرە دەستم و

بارانیش لە جۆلانەی شەپۆلەکانیدا

سەمای بۆ وەنەوشەو درەخت دەکرد

لە دوایدا هەردوکیان

بوونە دوو دڵداری

میوانی دایکم و باران و

خەونی شیعر

 

ئاسمانیان پڕکرد لە میهر.

بازدید: 1181