ما 2215 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

گۆڕانی دیمۆگرافی

ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنیا بە هۆی لێکترازانە سیاسی و جوغرافییەکانەوە، بەڵکو بە هۆی پرۆژەی جینوسایدە گەورە و بچوکەکانەوە و هەروەها بە هۆی کۆچی میلیۆنیی دانیشتووانی، لە بەردەم ئاڵوگۆڕێکی دێموگرافیشدایە. کۆچی مەسیحییەکان بەرەو دەرەوەی سنوری ئەم جوغرافیایە، کۆچی میلیۆنی سونییەکان و شیعەکان لە ناوچەیەکەوە بەرەو ناوچەیەکی تر و بە تایبەت بۆ کوردستان، سەرئەنجام کۆچی میلیۆنیی بەرەو وڵاتانی تر لە نمونەکانی ئەم گۆڕانە دیمۆگرافیەن، گۆڕانێک کە دەتوانێ ئاسەواری گرینگ و درێژخایەن لە هەموو بوارەکاندا لە دووای خۆی بەجێ بێڵێ.

 

لەم گۆڕانەدا سێ دیمەنی سەرەکی بە روونی هەموو رۆژێ خۆیان لە سەر سەفحەی تەلەفزیۆنەکان پیشان دەدەن:

ـ ئەو حەشیمەتە گەورەیەی کە لە گەڕەکە پەرت و دوور و قەراخ نشینەکانی دەورووبەری شارەکان لە هەر شوێنێک بۆیان دەست دەدا نیشتەجێ بوون،

ـ کەمپ و ئۆردوگا گەورەو پان و بەرینەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بیابانەکانی وڵاتانی دەورووبەر،

ـ سەرئەنجام ئەو حەشیمەتە گەورەیەی کە پارەیەک شک دەبا و هەر بۆیە جانتا و منداڵ بە کۆڵەوە لەم سنورەوە خەریکی پەڕینەوە بەرەو ئەو سنوری ترە بەرەو ئەورووپا.

بە بۆنەی نادیاری و درێژخایەن بوونی شەڕ کۆچبەران ناچارن لەو شوێنانەی تێدا دەژین بمێننەوە و ئەمەش جیا لە گۆڕانی دیموگرافی ناوچەکە دەتوانێت ببێتە هۆی دروست بوون و سەرهەڵدانی دەیان گەڕەک و تەنانەت گوند لە ناوچەکەدا.

ئەمە یەکێک لە دیاردەکانی سیستمی دیکتاتۆری و دەست تێوەردانەکانی وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ناوچەکەیە لە هەندێ وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە تا ئیستاکەیش بەردەوامە و، پێ ناچێ بەم زووانەیش بە شوێنی گونجاو بگا.

هەڵبەت دونیا ئیتر لەوە گچکەترە کە ئەم قەیرانانە تەنیا لە سنورەکانی ئەم وڵاتە نەگبەتانەدا بمێننەوە. گۆڕانی دیمۆگرافی وەک یەکێک لە دیاردە و دەرئەنجامەکانی ئەم حاڵەتە پەلی کێشاوەتە زۆر شوێنی دیکە. گۆڕانی دیمۆگرافی بووە بە هەڕەشە. وا پێدەچێ دونیا لە بەردەم دەروازەی کارێکی خێرادا راوەستاوە بۆ کۆتایی هێنانی هەرچی خێراتر بەم کارەساتانە. بەڵام ئەکتەرەکان ئەوەندە زۆرن کە دەروازەکە جێگای هەموویان ناکاتەوە! کارەسات وادیارە درێژەی دەبێ!

سایتی قەڵەم

 

٣ سێپتامبری ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت