ما 3057 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شەڕ بەهێزتر لە نیشتمان

باوکی ئالان دەستی ژن و منداڵەکەی هەڵدەگرێ و بە تەمای پەنابەری لە یەکێک لە وڵاتانی رۆژئاوا، نیشتمان بەجێدێڵێ و، روو لە رێگا نامۆ و غەریبەکان دەکا. هێشتا ئەوەندەی لە رێگا نەبڕیوە کە شەپۆلەکان بنەماڵەکەی لێدەستێن و جەستەی ئالانی بێناز لە کەنار دەریا دەمەوڕوو دەبێ بە بووکەشووشەی دەستی شەپۆلە بێڕەحم و لاسارەکان. بەم شێوەیە باوکی ئالان بۆ هەمیشە نەک تەنیا بنەماڵەکەی لەدەست دەدا، بەڵکو وێنەیەک لە زەین و دەروونیدا چێدەبێ کە هەتاهەتایە، هەتا لە ژیاندا دەمێنێتەوە، ناسڕێتەوە.

 

 

 

بەڵام باوکی ئالان ئەمە تەنیا چارەنووسی نیە، بەڵکو لە گەڵ تەرمەکان بۆ نیشتمان دەگەڕێتەوە و سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی کانادا وەک پەنابەر قبوڵی دەکا، داواکە رەد دەکاتەوە و دەڵێ دەیەوێ لە نزیک ئازیزەکانی ژیانی بەسەرببات.

ئەم چیرۆکە سامناکە چمان پێدەڵێ؟

ئەم چیرۆکە سەرگوزەشتەی ئەو مرۆڤانەیە وا لە ترسی شەڕ و نەهامەتییەکانی، نیشتمان بەجێدێڵن و ئامادەن قوربانی لە پێناوی ئەم کۆچەدا بدەن و، تەنیا ئەو کات دەگەڕێنەوە کە کۆچ ئەو شتەیان لێ بستێنێ وا شەڕ بەڵێن بوو لێیان بستێنێ. واتە گەڕانەوە تەنیا ئەو کاتەیە وا ژیان تا رادەیەکی زۆر لە ماناکان بەتاڵ دەبێتەوە و ئەو ساڵانەی وا بە بەرەوە ماون دەبن بە ساڵەکانی یەئس و خەم و بیرەوەرییە تاڵەکان، ئەو ساڵانەی کە تەنیا لە تەنیشت گۆڕەکاندا مانا وەردەگرن و، ئیدی بەتاڵن لەو داهاتووەی وا باوکی ئالان بە تەمای بوو.

بە کورتی، ئیستاکە شەڕەکان ئەوەندە بەهێزن کە نیشتمان لە مرۆڤەکان بەتاڵدەکاتەوە و تەنیا ئەو کات نیشتمان مانا وەردەگرێتەوە کە مەرگ و ژیانبەسەربردن لە تەنیشت مەرگ مانا بە نیشتمان دەداتەوە.

باوکی ئالان نموونەیەکی ئەم کارەساتەیە وا بەربینگی مرۆڤی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە، نموونەیەک کە بەرجەستە بووەوەو بە جوانی خۆی دەرخست. بەڵام بڵێی ئەم دەرکەوتەیە هاوسەنگییەکە بگۆڕێ؟ بڵێی قوڵایی کارەساتەکە ببێ بە هۆ سڕینەوەی کارەساتەکە؟

تراژێدیا کە دەگاتە لوتکە، خۆی خۆی دەسڕێتەوە. وەک بڵێی نە مرۆڤ و نە دونیا ئیتر تەحەمول و تاقەتی نامێنێ، وەک بڵێی هەموو شتێک سنوری تا رادەیەکە. داخۆ سنور و تاقەتی تراژێدیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا کوێ و تا کەی بێت؟

سایتی قەڵەم

 

٨ سێپتامبری ٢٠١٥   

گەڕان بۆ بابەت