زوڵم لە بەرهەم

زوڵم لە بەرهەم

لە مێژووی ئەدەب و زانستدا کەم نەبوونە ئەو مرۆڤە ئەدیب و زانایانەی کارەکانیان سەرەتا بە هەند وەرنەگیراوە و، بەڵام دوواتر، بە تێپەڕینی ساڵەکان، یاخود لە لایەن دام و دەزگاکانی ترەوە لە شوێنانی تر بەهەند وەرگیراون و ئەوکات نەک تەنیا گرینگیی کارەکەیان دەرکەوتووە، بەڵکو بوونەتە سەرچاوەی شۆڕش لە بواری خۆیاندا.

 

بۆ وێنە مارسل پرۆست کاتێک دەیەوێ رۆمانە بەناوبانگەکەی "لەشوێن کاتی لەدەستچوودا" چاپ بکات، نووسەرێکی بەناوبانگی ئەوکاتی فەڕانسە گرینگیی بە کارەکەی نادا و رەدی دەکاتەوە. یاخود کاتێک میشل فۆکۆ لە ساڵی ١٩٦٠ پایاننامەی دۆکتۆراکەی تەسلیمی زانکۆیەکی سویدی لە شاری ئۆپسالا دەکا، ئاکامێکی لێوەرناگرێ و روودەکاتەوە پاریس.

هۆکاری ئەمە چییە؟

پێش هەموو شتێک وەک "کوهێن" ی فیلسووف، لە تیۆری خۆی سەبارەت بە "پارادایم" باسی دەکا، بریتییە لە زاڵبوونی جۆرێکی تایبەت لە ئەندێشە و خەسڵەت بە سەر ئەدەب یاخود زانست لە سەردەمێکدا. ئەمە کارێک دەکا ئەوانەی وا لە چوارچێوەی نۆڕمە باوەکاندا دەژین، نەتوانن لە گەڵ کارە نوێیەکان تەماس بگرن و لێی تێبگەن.

کەواتە بۆ ئەوەی بتوانین لە گرینگیی بەرهەمە نوێیەکان بگەین، زۆر گرینگە کەمێک ئازا بین لە جێهێشتنی نۆڕمە باوەکان و بیرکردنەوە بە شێوازێکی تر. هەر لەم شێوازەیشدایە تەنانەت دەتوانین ئەو بەرهەمە نوێیانەیش بدۆزینەوە وا لە بواری خۆیاندا شۆڕشگێڕ نین.

 

سایتی قەڵەم

 

١٤ سێپتامبری ٢٠١٥