جورئەتی تیۆریزەکردن
مەکیاڤیلی، نووسەر و بیرمەندی ئیتالی کە لە سەدەی پازدە و شازدەی زاییندا ژیا، خاوەنی دوو کتێبی "میر" و "دیسکۆرس" یان گفتوگۆیە. ئەم بیرمەندە کە لەسەردمێکی پڕ لە ئاژاوە و نائارامی دا ژیاوە، خەونی بە دەسەڵاتێکەوە دەبینی، بتوانێ ئارامی و یاسا بۆ وڵات بگێڕێتەوە.
تایبەتمەندیەکانی بیری مەکیاڤیلی بەم شێوازە بوون:
ـ ناسراو وەک بیرمەندێکی دژی ئەخلاق و موڕال،
ـ باوکی سیاسەتی مودێڕن و رئالیزمی سیاسی،
ـ پێی وایە مرۆڤ مەیلێکی روونی بەرەو خۆخوازی و خراپە هەیە. بۆیە کاری دەسەڵات ئەوەیە ئەم رووە ناشیرینەی مرۆڤ کۆنتڕۆل بکا و، تەنانەت ئەگەر توانی لە قازانجی دەسەڵات بەکاری بێنێ،
ـ لە کتێبی میردا وەک کەسێکی بێڕەحم و دژەموڕاڵ دەردەکەوێ و، لە کتێبی دیسکۆرسدا بە پێچەوانەوە. لە دیسکۆرسدا پێی وایە ئەو خەڵکەی لە ئازادی دەگەن و پێگەیشتوون، شیاوی سیستمی کۆمارین و، بەپێچەوانەوە شیاوی سیستمی پاشایەتی،
ـ هێزی دەسەڵات و دەوڵەت پێش موڕال دەخا،
ـ مەکیاڤیلی شێوازی بیرکردنەوەی سەدەکانی ناوەڕاست دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە پێیان وابوو ئەخلاق لە سیاسەت جودا نیە.
بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا سەرەڕای هەبوونی بیری لێکئاڵانی سیاسەت و موڕال، قەت ئەم دوو رەگەزە یەکیان نەگرتەوە. بەڵام ئەوەی مەکیاڤیلی دەیکا ئەوەیە کە راستیی جودایی سیاسەت و ئەخلاق بە جورئەتەوە تیۆریزەدەکا و، دەیکا بە پەند و قسەی نەستەق بۆ دەسەڵاتداران. واتە بە پێچەوانەی بیری باوی سەدەکانی ناوەڕاست، دەلێ کە ئەخلاق مەبەستی سیاسەت نیە و قەت نابێ ببێ! جورئەتێکی سەیر!
سایتی قەڵەم
٢٠ سێپتامبری ٢٠١٥