ما 2486 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەقڵ چێدەکرێ!

لە مێژووی قسە و باس، گفتوگۆ و لێکدانەوە لە سەر ئەقڵ، دەبینین هەندێ فیلسووف پێیان وایە لە راستیدا بە یەک رادە ئەقڵ بە سەر مرۆڤەکاندا دابەشکراوە و، هەندێکیش پێیان وایە ئەقڵ دیاردەیەک نیە لە دەروونی هەموو تاکەکاندا هەبێ. کانت لە نموونەی یەکەمە و هابرماس لە نموونەی دووهەم.

 

هابرماس کە سەر بە قوتابخانەی ئەقڵی رەخنەگرانەی مەکتەبی فرانکفۆرتە، پێی وایە ئەقڵ وەک بەرهەمی هاوبەش لە رێگای پەیوەندیی زمانییەوە چێدەکرێ و، ئاکامی دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان مرۆڤەکانە.

رەنگە هەر هەموومان بەو ئاکامە گەیشتبین کاتێک دەکەوینە گفتوگۆ و دیالۆگ لە گەڵ کەس یان کەسانی تر، کتوپڕ هەست دەکەین دەتوانین لە سەر زۆر لایەنی باسەکە قسە بکەین کە لەوە پێش هەر بە زەین و دەروونیشماندا نەدەهات. دەبینین قسەزانتر، وردبینتر و بە گشتی ئاقڵترین، وەها کە جاری وایە سەرمان لە خۆیشمان سوڕدەمێنێ. لێرەدا چێژێک بە دەروونماندا دەگەڕێ، چێژی دیالۆگ و بەڵگە و لێکدانەوە و حوزوری بەگوڕتری ئەقڵ.

دەکرێ هەر کەسێک بە گوێرەی خوێندنەوەکانی یەکێک لەو دوو بۆچوونەی سەرەتا کە باسمان لێوەکرد، وەربگرێ، ئەوەی کە ئەقڵ لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە، یان نیە و چێ دەکرێ.

بەڵام دەکرێ بیر و بڕوایەکی پلۆرالیستیشمان هەبێ، ئەوەی کە باوەڕمان بە هەر دووکی ئەمانە هەبێ، ئەوەی کە دەبێ سەرەتایەک بۆ هەبوونی ئەقڵ هەبێ لە دەروونماندا بۆ ئەوەی بتوانین کەڵکی لێوەربگرین و لە رێگای دیالۆگەوە گەورە و گەورەتری بکەین.

 

 

سایتی قەڵەم

 

٢٤ سێپتامبری ٢٠١٥ 

گەڕان بۆ بابەت