ما 11154 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

سەباح ڕەنجدەر

زەوى لەبەر لاوازى هەموو پەراسووى دەژمێردرێن / ئاڵاى شەکاوە نە بەرە نە سێبەرە / کراس گومانى مارە / ساڵى جارێک هەموو گومانەکانى فڕێ دەدات / گومان فڕێدان / نانێکى گەرم و بۆنخۆشە / تەنوورى ناخ / گوێى لە ئاواز و ئازارى دار ڕاگرتووە و برژاندوویەتى / ڕاهاتووم سەرنجم لەو شەقامانەدا ورد بکەمەوە / ڕوخسارە بێ گومانەکان پێیدا تێدەپەڕن / لەسەر نووکى پەنجەکانت دێیت / لەپشتەوە چاوم دەگریت و مژدەیەکى لەپڕیت / تێناپەڕیت و لەگەڵمدا دەمێنیتەوە و دەبینە سڵاوى خودا

 

 

وا خەریکە دڵم دەکوژم

سەباح ڕەنجدەر

1

خۆر کە ئاوا دەبێت دوا تیشکى لەناو لەپى شاعیرە نامرادەکە هەڵدەگرێت

کە دەشسووڕێتەوە یەکەم تیشکى لەناو لەپى دادەنێتەوە

پەریی حەوت ئاسمان لەناو لەپى دێنە دەرێ

دەکەونە گەڕان و کۆچ  و سۆراخى دوا شوێن

خاڵخاڵۆکە کاتێک بەپشتدا وەردەگەڕێت

برینى زەوى تەماشا کردووە و دەست لە برینى ئاسمان دەدات

وەک ئاگرێکى نەرم و ئاوازى گۆرانیی خاوى مەیخۆران

بە تەنیشتى تێدەپەڕم و دەیخەمەوە سەر دەست و پێ

ئەم بەخشندەیییە لە بەختیاریی مۆمێک زیاترە

لەسەر مێزى سەرى ساڵ و بەخشندەیى

یەکەمین خواردنەوە و

یەکەمین پیرۆزبایى و

یەکەمین ئاواتخواستن و

یەکەمین مەیخۆشبوون

دڵ هەرشتێک ببینێت

ئەوى لێ دەدرەوشێتەوە و دەڕژێ

ئاسمان خۆى نازداوە بۆ درەوشانەوە

دڵۆپ دڵۆپ دڵمى لێ دەڕژێ

فرمێسک بەسەر دڵم ماوەتەوە و نەهاتووەتە خوارەوە

چاوتان داخەن و بڕۆنە ناو زەردەخەنەى بادە و ئاوى خدرەوە

دڵم دەکەوێتە لەپى دەستتانەوە

شەو خۆى نازداوە لەناو لەپى دەستتان

ژیان دەلاوێنێتەوە و سەرنجى منداڵێک دەدا

سەرگەرمى یارییە بە گەرمایى ناوچەوانى کارمامزێکى سەمازانەوە

پیتەکانى ژیان لەناو لەپى دەستتان

عەوداڵى گەرمایى سەمان

دارماڵم لە شەوق و تاسەى سەما

زەردەخەنەى بادە و ئاوى خدر

دەتخەنەوە سەرتەختى ئەوەل تەمەنەوە

خودایە ئەوە چییە ڕوودەدات

            2 

شاعیرە نامرادەکە مقەس لە چاوى مۆم دەدات و ماڵى خۆى گەرم دەکاتەوە

کە بەرەو گیرۆدەیى دڵ دێم

هەنگاو ڕێگا خەبەر دەکاتەوە و نیوەگیان دەبم

زاڵم بووم لەگەڵ ژان و برکێکى بێئاماندا بەرەو لات هاتم

دەبوایە لەگەڵ هەستە دەستەمۆکانى بادا دەستەومل بم

یان لەگەڵ ئاگرى بەتین و کاتى ناسکى هێلکە ترووکاندا پێشبڕکێ بکەم

سێبەر خاڵ و پیتى مرۆڤى چاو و دڵڕوونە

بە دوایدا دێت و لەبەر خۆى چرا دەدۆزێتەوە

ئەوەى چرا لە ژیان بدۆزێتەوە

لە مردنیش دەیدۆزێتەوە

زەردەخەنە لە ڕوخسارى چاو و دڵڕوون تیشک دەهاوێت

لە ڕێگاى ژیان و مردن سەرگەردان نەماومەتەوە

پێم خستووەتە سەر ڕێگاى بێداریی تەواو

لە ژیان ناسووتێم

لە مردنیش

لە هەردوو جیهاندا شادمانم و مەبەستى خۆم و تیشکى دوا چرام ناسیوە

هەردووکیان هەر ئەشقن

ئەشقى بە حەفت شار و حەفت ئاسماندا گەڕاو

خۆ یەکتر نابینن و بەرانبەر یەکیش هەڵترووشکاون و ئامادەى ئامبازن

بۆ هەر شوێنێک چاوم ڕابهێنم

ئارام دەچم و باڵندەى خۆشباڵ هەڵدەدەمە ناو باى نەرم و نیانى سەرپەڵە 

باڵندە زەردەخەنەى زەوییە

سەرپەڵەش کچێنى زەوى دەڕوێتەوە

لە ئارامیى گوێ لە خۆگرتن و گەرمایى دڵ بەر و سێبەرم

بە تانە و تۆمەت و سەرزەنشت و ستایش

ناکەومە ڕنینى میوەى پێنەگەیشتووى هەڵە و لیتەى مێژووەوە

شادمانم بە هیواکانم و پشوودانى مانگ لە ئاوى بن کووپەدا

            3

زەوى لەبەر لاوازى هەموو پەراسووى دەژمێردرێن                    

ئاڵاى شەکاوە نە بەرە نە سێبەرە

کراس گومانى مارە

ساڵى جارێک هەموو گومانەکانى فڕێ دەدات

گومان فڕێدان

نانێکى گەرم و بۆنخۆشە

تەنوورى ناخ

گوێى لە ئاواز و ئازارى دار ڕاگرتووە و برژاندوویەتى

ڕاهاتووم سەرنجم لەو شەقامانەدا ورد بکەمەوە

ڕوخسارە بێ گومانەکان پێیدا تێدەپەڕن

لەسەر نووکى پەنجەکانت دێیت

لەپشتەوە چاوم دەگریت و مژدەیەکى لەپڕیت

تێناپەڕیت و لەگەڵمدا دەمێنیتەوە و دەبینە سڵاوى خودا

ئەو بەختیارییە بە گومان ڕادەگەیەنین

ژیانمان بردەوە

ژیان وشەیەکى شەڕانى بوو

ئێمە هێمنمان کردەوە و تێر سەرنجمان دا

لە ورەى میوەى مەیی و بای پێش پەڵە نیشتەجێ بوو

وا خەریکە ئەزەل لە شوێنێکى چاوەڕواننەکراودا دەردەکەوێت

              4

شەرابێکم خواردووەتەوە دەستکردى دەستى خودامە

نازانم لە ترسى خودا و خۆشەویستى کێوە بچم

هەر لە بەند و داوم و بەڕێگادا ماومەتەوە

              5   

سوپاس بۆ ئەو متمانەیەى بێ دەنگى بە منى داوە ڕێگاکانم تێدا بژى

تا مەستى ئەشق و توانەوە و جام پڕبوون

هەست بە خەیاڵم دەکات و پێم دەڵێت

تۆ لە چارەنووست دەگەڕێیت و جوامێرى پەریى حەوت ئاسمانى وچانێک بدە

بێ ڕەنگ و دەنگ دەبم

تا لە بیرم بچێتەوە لە چ ڕۆژێکدام

بێ دەنگى بەهەشتى سێبوورى و کتێبخانەیەکە هەر بەتامى سروود دەمێنێتەوە

من بەڕێوەم بەبیرکردنەوەیدا ڕەت ببم و بچمە ناوى

باڵندە لە شوێن پێیەکانم هێلکە دادەنێن

بەگەرمى گەڕانەوەم هێلکەکانیان دەترووکێن

ئاخ مەوداى چوون و گەڕانەوەم چەند کورت بوو

چاوانى پڕ نەکردم لە خەونى خۆش و زەردەخەنەى پەرییانەوە

یەکەمین هاتن و دوا ڕۆیشتن

دیوارى ماڵم بەهەناسەى جوانەمەرگان و ئەسپەشێى سندمشکێن گەرم بوو

سڵاوى خودا بووە میوانم

لەبەر هەتاوێکى نیمچە گەرمیش وەنەوز دەدەم

فریشتە لە ژوور سەرم باڵەفڕێیانە و خۆشحاڵم بە هاوڕێیانم و خوازیارى بینینیانم

             6

شاعیرە نامرادەکە بێ ئەوەى هیچ پرسیار و وەڵامێک

لە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێ بزانیت

ژیانى خۆت بە نەوا و گەشەى دەنگ بڵێ

بەڵێن ناسینەوە و

دیارى یاران و

دابەستنى نوێژ و

گرشەگرشى بەردەباز

بەسەر یەکەم تیشک و دوا تیشک دابەشمان دەکەن

لەوپەڕى ئاسوودەییشدا ئاگرى چێشت خۆش دەکەن

شاعیرە نامرادەکە بە ڕێگایەکى دوور دەگەڕێیتەوە بۆ ژیان

ژیان تەواوى ڕێگاکان بە تۆ دەدات و دەیکەیتە هیوا و دەگەیتە ئەوپەڕى

دەستنوێژێک بگرە و مەچۆ بۆ هیچ شوێنێک

پیاڵەى شکۆ و شانازى ئەشق بەرزکەرەوە و مەزانە دەمرى

لەشکرى کوللە بەردە پیرۆزە و شاخى کەڵەکێوى ناوچەوانى خانووەکانمانیان

بەتاڵان برد و هێرشیان پەرت بوو

نانى تاڵیشیان خوارد

ئاگر لە شاخە گەورەکانەوە چاوى دەترووکێت

خۆى لە ڕەنگى مەی هەڵدەکێشێت

پیتى نەمرى دەکەوێتە دەفتەرى بیرەوەری و ڕیشاڵى درەختى شێتێک

زەوى بە ئاواتەوەیە نەمر ئاگرى لەسەر بکاتەوە

ئاگر بکەرەوە با زەوى دەوڵەمەند بێت و چارەنووسى بووژانەوەى بنووسێتەوە

چارەنووس نووسینەوە

جریوە و جووکەى باڵندەى خرۆشاوى بەرهەتاوە

لە مەیدانى جەنگدا تووشى چارەنووسى خۆى هاتووە

              7  

گوێ لە ورتە و دروود دەگرم

ئەرێ پرسیار لە کوێ بکەم

ئایە بەمە دەزانیت

بەهەشت و دۆزەخ ڕکەبەرایەتى زۆرى یەکدى دەکەن

شەپۆلیش کە خۆى بە تاشەبەرددا دەدات هەڵەى گێلانەى نییە

گوێى لە گۆرانی دڵتوندیى سروشت بووە

لەگەڵ گۆرانیدا پیاسەیەک دەکات و خێرا بەلاماندا تێدەپەڕێت

دواى جێپێ خۆشبوون و هەناسە وەرگرتنێک

کڵۆ بەفرێک لە ئاسمان دەپشکووێت

دڵى سووتاوى سروشت فێنک دەکاتەوە

سروشت بەو هەموو بارەیەوە

دڵى لەگەڵ خۆیدا دەگێڕێت

تا دڵگەرمى بگەیەنێت

چوومە ماڵى خودا بە بەهەشت و دۆزەخەوە

بۆ ئەوەى بگەڕێمەوە ناخى خۆم

پەلەم نەکرد بە ئارامى لە دواى کارواندا ڕۆیشتم

گەڕامەوە ئەشق و ژیان و مردن و ناخى خۆم وەک ناولەپم ناسى

ناسین بۆ ئەوەیە لەناو ئەلبوومدا وێنەت هەبێت

شاعیرە نامرادەکەش دەبێتە چیا و تاهەتایە دەژى

سێبەر و هەتاوى دەبێت

ئێمە لەناو سێبەر و هەتاوى خۆى دەژێنێ و دڵخۆش دەبێت

            8

بە درێژایى ژیانم ئاوى بن کووپەیەکم خواردەوە

مەیلى زۆرم دایە ڕوونیى ئاوەکە

بەرگەم نەگرت و هەردوو چاوم لەدەست دا

ڕووناکى داواى لێبووردنى نەکرد

ئاى چاو لە ڕووناکیدا لە ئاوى ڕژاوى سەرجامى پڕ دەچیت

چەندیش بیر لەو دەزووە دەکەمەوە خوێنى ناوکمیان پێ ڕاگرت

مردوو ئاوى ڕوونى بن کووپە دەخواتەوە و چاوەڕوانى ناشتن دەکات

مۆنالیزاش بزەیەکى بەند کردووە و ئازادى ناکات

دەکات و ناکات هەردوو چاوە لە دەست دراوەکەمە

نیشانەیەک لە کووپە و مۆنالیزا دەرکەوت

کەوتووەتە گەڕان و کۆچ و سۆراخى چاوم

چاو لە دڵدا سکاڵا و ڕووناکى دەچێنێت

ژیان لەگەڵ چێندراوەکاندا بەسەر دەبەم و ڕاسپاردەیان لە بیرناکەم

لە بیرنەکردن ڕەنگى دڵە

شاعیرە نامرادەکە دوو باڵى خەمگینى هەبوو

ئاسمان باشى نەبینى

خامۆشانە بەرەو زەوى بووەوە

ویستى باوەش بە نیگا کەوتووەکانى بکات

نیگاکانى تاسەى شادى نەمریى دەدەن بە سەرەتاى ئەشق و خۆشحاڵى تەواو

ئەستێرەکانى بەهەشت دەبن بە کیژ و کوڕى

دەست لەسەر ناوچەوانى دادەنێن

لە شادى نەمریى حاڵى دەبێ و ئارامى ڕووتەختى پارێزراو ناشێوێنێت

              9   

هەموومان بەڕێگاکاندا دەڕۆین

بگەین یان نەگەین چ ڕوودەدات و شیر لەسەر چ جامێک دەڕژێت

جامى پڕ هەر ئەوەیە کە هەیە

شاعیرە نامرادەکە بە دیار گەرمایى دڵى دەمێنێتەوە

فاڵگرەوەکە بە هەردوو دەستى ڕانەگەیشت

تەنیا دەستێکى خوێندەوە

تاسە و خولیاى چوونەوە سەر ڕێگا ڕایچڵەکاند

سێوى ئەفسانە بوو بە دوو کەرت

ئاى خانەکانى گەدە چەند زوو دەگۆڕێن

پەنجەمۆریان هەریەک دوو ڕۆژ دەمێننەوە

شاعیرێکى نامراد لە قۆزاخە هاتە دەرێ

ئاوریشمى سەر لکى درەختەکانى حەوشەى کۆکردەوە

هەڵیدایە ناو هەتاوێکى هەڵنەهاتوو

پەرییە لە خەوماوەکان لەگەڵ ئەو پەپوولانەى

هێشتان تووشى مۆمى جەللاد نەهاتوون

دێن لە کەپرى ناو بێستانەکانمان دەمێننەوە

بیر لە شێوە سەرەتایییەکان دەکەنەوە  

             10

شەوقى ئەوپەڕى شکۆ لەو ڕێگایەدا نیشتووە

دەمگەیەنێتە فریشتەى خۆم لەسەر زەوى و چێژى پێگەیشتنى سێوى حەوا

ڕەنجێکیش لە ڕوخسارم نهێنییە و پێچ بە ڕۆحم دەدات

تەواو دڵنیام شاعیرە نامرادەکە دواى سڵاوى خودا لە ڕێگاکان دەگەڕێتەوە

دەچێتە ناو نیگا ئالوودەکانى 

چێژى بووژانەوە و

ڕۆشنایى نزا و

گەرمایى بێباکى و

مشتومڕى گفتوگۆیەکى گوماناوییەوە

لەسەر کێلى ئەو شاعیرانەى بە دڵ دەیانناسێت

ئاگرێک دەکاتەوە و پێشکەکانى دەوروبەر دەکوژێت

ڕاسپاردەیەکى لە دەمى باپیرى وەرگرتووە

ئەوینى تاریک یان ژیانى زۆردار فەرمانى ڕاگەیاندووە

تا چنینى مافوورم تەواو نەبێت

بۆت نییە بمریت

ئاى ئاگرى هەناو

چەند خوێنى پڕ شکۆ لە ددانى دیکتاتۆر بووەتە ڕووبەرى تابلۆیەک کە ڕەنگ تێیدا دڵتەنگە

واى ئاگرى هەناو

چەند خوێنى پڕ شکۆش لە دڵى شاعیرە نامرادەکە پل دەدات

هەر وا بمێنەرەوە و ڕازت مەدرکێنە

ئێمە ئاوا دڵ و چاومان خۆشبین دەبێت و خۆشمان دەوێیت

لە پێشوازیی خۆشەویستى خۆمان

بە بوتڵێک مەیەوە کە لە بەهەشت خۆش کراوە وەستاوین

تا ئەفسانە سەرسووڕهێنەرەکەى دەماندۆزێتەوە

 

هەر یەک کەس ئاگرى دۆزییەوە و هەمیشەش لە کاتى پێویستیدا دەردەکەوێت

گەڕان بۆ بابەت