ترسی دەروونی، ترسی دەرەکی

لە دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرییەکاندا "ترس" هۆکارێکی گەوەریە بۆ هێشتنەوە، مانەوە و بەردەوامیی سیستمی دەسەڵات. هەڵبەت ئەم "ترس"ە تەنیا بریتی نیە لە ترسێک کە لە رێگای ئۆرگان و دامەزراوە تۆقێنەر و داپڵۆسێنەرەکانەوە بەرەو خوار، بەرەو پانتایی کۆمەڵگا بڵاودەکرێتەوە (ترسی دەروونی)، بەڵکو ترسێکیشە دەکرێ لە دەرەوەی سنوورەکانەوە بێت و، کەچی هەڵخرێنەرەکەیشی هەرخودی دەسەڵاتی سەرەڕۆ بێت (ترسی دەرەکی).

 

بەڵام ئەم ترسی دووهەمە، واتە ترسی دەرەکی چۆنە؟ زۆر سادە! بریتییە لە چێکردنی هەبوونی دوژمنێکی دەرەکی، بۆ ئەوەی لە هەبوونی ئەو دوژمنەدا، کۆمەڵگا نەوێرێ لە ترسی تێكچوونی ئارامی و خۆشگوزەرانیی خۆی، دەست بە جم و جۆڵی بەرفراوان بکا لە پێناوی ئاڵوگۆڕی دیمۆکراتیانەدا.

کەواتە دەکرێ یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی دیکتاتۆر، هێشتنەوەی دەستکردیانەی دوژمن و دوژمنایەتی بێت.

"هۆبز" فیلسوفی ئینگلیزی، لە تیۆری "پەیمانی کۆمەڵایەتی" خۆیدا پێی وایە خەڵک بۆ دەرچوون لە "دۆخی سروشتی" کە دۆخی بێ یاسایی و بێ دەوڵەتە، پەیمانی کۆمەڵایەتی پێکەوە دەبەستن بۆ ئەوەی لە دۆخی سروشتی کە دۆخی قات و قڕکردنی یەکترە رزگاریان بێت، دۆخێک کە تێیدا هەمووان گورگی هەمووانن. واتە خەڵک لە ئازادیی سروشتیی خۆی دەست دەکێشێتەوە بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسایشیان هەبێ.

دیکتاتۆرەکان لە ترسی هۆبزیانەی خەڵک بۆ لە دەستچوونی ئارامی و ئەمنییەتی کۆمەڵگا کەڵکی فراوان وەردەگرن. دوژمنی دەستکردی دەرەکی یەکێک لە باشترین سەرچاوەکانی ئەم دڵنیاییەی دیکتاتۆرە بۆ هێشتنەوەی خۆی.

سایتی قەڵەم

 

٧ ئۆکتۆبری ٢٠١٥ 

بازدید: 1430