شێعر و پەخشان

چوار ئێوارە، شکستەکانم دەخۆمەوە.

 

گۆران رەئوف

ئێوارە دێمە دەرێ، دنیا ساردى ساردە،

هەواى پایزان هەمیشە دڵتەنگییەکى لەگەڵدایە

کەمن خۆشمدەوێت!

ئێستاش هەروایە،

بێدەنگییەکى ترسناک لە کوچە و کۆڵانەکاندا هاژەیان دێت.

 

چوار ئێوارە، شکستەکانم دەخۆمەوە.

 

گۆران ڕەئوف

 

1

 

ئێوارە دێمە دەرێ، دنیا ساردى ساردە،

هەواى پایزان هەمیشە دڵتەنگییەکى لەگەڵدایە

کەمن خۆشمدەوێت!

ئێستاش هەروایە،

بێدەنگییەکى ترسناک لە کوچە و کۆڵانەکاندا هاژەیان دێت،

گڤەى بایەکان مۆسیقایەکە وێنانەکراو،

هەمیشە کە بەتەنیا پیاسەدەکەم،

زیاتر لەناو خۆمدام،

ڕۆچونێکى زۆر قوڵ دەبینم لە خەیاڵەکانمدا..

وەک تێکەڵبوونى پایز بە هەنگاوەکانمەوە!

 

پایزان ئاسمان زیاتر لە ئاسمان دەچێت،

منیش زیاتر لەخۆم دەچم!

 

گۆرانییەک لە نێو گوێچکەکانمدا دەنگدەداتەوە،

باسى پایز دەکات..

وەک ئەوەوایە باسى ڕۆحى من بکات!

ڕۆحێکى بریندار،

کە سەردەمانێکى کۆن، زۆر کۆن،

نەیزەکێک دەدات لە قوڵترین جێگاى،

مەبەستم ڕۆحمە!

گۆرانیبێژەکە دەڵێى هاواردەکات..

وەک دڵى من،

هەمیشە دەمەوێت بیسەلمێنم دڵ هاوارى نییە،

بەڵام ئێوارانى پایز خۆم گوێم لە هاوارەکانییەتى!

مەبەستم دڵمە!

 

ئێوارە دێمە دەرەوە، خەیاڵم لای شتێکە!

جۆرێک مەستی هەستپێدەم کە بەری خەیاڵەکانمی گرتووە..

بیرم دەچێت بەلای شەوی یەکەمی تەنیاییەوە!

ئەو شەوەی کە بۆ یەکەمجار

مرۆڤێک ‌هەست دەکات تەنیایە..

بۆنی گوڵی دار پەرتەقاڵ دێت،

تێکەڵ دەبێت لەگەڵ بیرکردنەوە لە شەوی یەکەمی تەنیایی.

 

حەزدەکەم هاوارێک بکەم!

من پێویستیم بە جەنجاڵى نییە،

بەڵام تەنیایشم خۆشناوێت!

 

ماوەیەکە زۆر لەخۆمدەکەم دەخەوم،

زۆر لەخۆمدەکەم لەخەو هەڵدەسم،

هەر بەزۆر دەرۆم بەرێدا، نانخواردن سەخترین شتە..

 

دەمەوێت هاوارێک بکەم!

من حەزم لە ژیان نییە، بەڵام مردنیشم خۆشناوێت!

 

 

2

 

کە بەتەنیشت ئێوارەدا دادەنیشم،

گوێ ڕادەدێرم بۆ کەوتنەخوارەوەى شیلەى شکستەکانم..

تک،

تک،

دەکەونە خوارەوە!

دڵۆپ،

دڵۆپ،

وەک ڕژانى ئابڕوى بیرەوەرییەکانم.

 

بیر لە گەرماى هاوین دەکەمەوە؟!

تێدەگەم مرۆڤ بەبێ شکستیش هەر نیگەرانە.

 

تا ئێستا دو جار لە مردنەوە،

خۆم هەڵداوە بۆ گرتنەوەى شکستەکانم!

تا وەک پاڵتۆیەکى درێژ و گەرم

جەستەى بەستومى پێداپۆشم.

 

چاو لە شەڕەکان دەکەم

وەک داڕمانى چیا سەهۆڵییەکان دێن بەرەو دڵمان،

بیر لەو شەڕوانە ماندووە دەکەمەوە،

کە خوێن لە برینەکانى دەتکێ و

دەڕوا، دەڕوا..

ئەو شەڕوانەى گوللـە و شمشێرى

ترسە ئەبەدییەکانى لە شەڕ، بەدوایەوەن.

دەمەوێت هەردو دەستم بە چواردەورى دەممدا بگرم و

هاواربکەم و بڵێم:

هاوڕێ ئیتر بەسە،

ئەها لە خوێندا ونبویت!؟

دەنگى بەجێهێشتنى شکستەکانم ناهێڵێت

گوێى لە دەنگم بێت!

 

تێدەگەم مرۆڤ بەبێ شکستەکانیشى، هەر گوناهە!

 

ئێوارەیەک، ئێوارە بە تەنیشتمدا تێدەپەڕێت،

بۆنى خاکى تەڕبوى ڕێگا، دور دور دەمبات..

بۆنى تەربونى خاک یانى چى؟!

 

بیرم دەچێت بەلاى ژیانەکەى جارانەوە،

بە بۆنى تەڕبوى خاک دەڵێم:

دەمەوێت ببم بەژیر ژیانە‌کە‌ى جارانە‌وە‌..

دەمەوێت ژیانە‌کە‌ى جاران، بە‌سە‌ر سە‌رمدا تیپە‌ڕیت...

دەمەوێت ژیانە‌کە‌ى جاران وە‌ک ماشینیک،

فە‌رتە‌ناش لە‌سە‌ر سە‌رم بکات!

دەمەوێت ژیانە‌کە‌ى جاران،

خوین لە‌ سە‌ر دڵم فیچقە‌ پێبکات!

دەمەوێت ژیانە‌کە‌ى جاران وە‌ک بە‌ستە‌ڵە‌کە‌کان،

خە‌یاڵە‌کانم ببە‌ستیت!

دەمەوێت کۆیلە‌ى ژیانە‌کە‌ى جاران بم..

دەمەوێت وە‌ک بە‌ندکراویک،

لە‌ تاریکاییە‌کانى ژیانە‌کە‌ى جاراندابم..

 

من ڕقم لە‌ ئازادى دە‌رە‌وە‌ى ژیانە‌کە‌ى جارانە‌،

من دەمەوێت لە‌ ژیانە‌کە‌ى جارانە‌وە‌ دوبارە‌ بژییە‌مە‌وە‌،

من دەمەوێت لە‌ پە‌نجە‌رە‌یە‌کى ژیانە‌کە‌ى جارانە‌وە‌، ژیان ببینم،

من دەمەوێت کۆیلە‌ى ژیانە‌کە‌ى جاران بم.

 

بۆنى تەربونى خاک یانى چى؟!

 

تێدەگەم مرۆڤ بەردەوام لە ژیان هەڵدێت!