ما 2297 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

رەسوڵ سەفەریانی

"خۆشەویستم! بەڕاستی ژیان بە بێ تۆ لەلام وەک دووری و نامۆێی لێدێت و چرکەکان قورس دەبن، بەڵام کە لەلاتم، ئاگام لە سەعات و روژیش نییە. تۆ وەک نیشتمانی، لە ئامێزتا ئارام وئۆقرە دەگرم. بۆنی تۆ مایەی قەرارمە، بۆیە من پێم وایە تۆ نیشتمانی منی. تەنیا لەلای تۆ هەست بە ئاشنایی و ماڵە خۆ دەکەم.

 

 

دەم و چاوێکی ناسراوە، بە تایبەت بۆ ئەوانەی وا بۆ هاتووچۆی رۆژانەیان، قەتاری نێوشار بەکار دێنن. کەم کەس لەم شارەدا هەیە کە بۆ جارێکیش بێت ئەوی نەبینیبێت. ئەو دەم و چاوە لەوانە نەبوو سەرنجت چاوپۆشی  لێبکات و، بەلایدا  تێپەرێت و لانیکەم چەن چرکە لەسەر و قژە ئاڵۆز و چڵکنەکەی و روخسارە نامۆ بە ئاوەکەی رانەمێنێت، هەرچەند بتویستایە بە خێرا و پەلە بەلایدا تێپەڕیت، بەڵام چەند شت لە سەر پەردەی سینەمای مێشکتدا تۆماردەکرا و دەمایەوە. پێش ئەوە ی ئەو شوێنەوارە لەبیرەوەریەکەتدا پاک بێتەوە، دیسان هەمان حاڵەت و سیما لە سەفەری گەڕانەوەتدا، یان لانیکەم لە رۆژی دواتردا دەهاتەوە بەردیدەت. ئەو هەمیشەموسافیرە و مشتەری رۆژانە و شەوانەی قەتارەکانی ئەم شارەیە. شکڵ و جل و حاڵەتەکانیشی وەک سەفەرە هەمیشەییەکانی، بەردەوام یەک جۆرن. شەرواڵێکی رەشی لە پێدایە کە لەیەکەم نیگادا وەک چەرم دێتە بەرچاو، بەڵام کە زۆرتر وردەبیتەوە جۆرێک لە جنسی کابۆی رەشە کە بریقەی چلکنیەکەی وایدەنوێنێت لە پێست بێت. کاپشینەکەیشی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەرما و گەرما، شەو و رۆژ  ئەرکی داپۆشینی بلوزێکی رەشی کاموایی لە ئەستۆیە. وادەنوێنێت کە ئەم ئەرکە و چڵکی قەتماخە بەستو وایکردبێت ئیتر قەت نەکرێت لێکیان جیابکەیتەوە، تەنانەت ئەگەر رۆژێک خودی هەمیشەموسافیریش بیەوێت دایانکەنێت. قژی کە تا سەر شانی شۆڕبووەتەوە، ئاڵۆز و فتێڵە بەستو. سەروچاوی وەک کەسێک دەچێت کە ئیشی فیتەری و میکانیکی دەکات و قەت کاتی شۆردنیانی نەبووبێت، بەڵام ریش و سمێڵی تاشراوە و قەت نایهێڵێتەوە. هەمیشەموسافیر، هەمیشە جانتایێکیی پشتی پێیە و لە قەتارەکەدا دەیخاتە باوشی. کاتێکیش دادەبەزێت بە پەلە دەیکاتە شانی و وا بە خێرایی دەروات، دەڵێی کارێکی گرینگی هەیە و درەنگ کەوتووە و هەر چرکەیەک دەرفەتێکی گەورەیە. کەس تەنانەت یەک وشەیشی لێ نەبیستوە، لانیکەم لەوکاتەوە کە هاتوەتە ئەم شارە پێم وانەبێت لەگەڵ کەس قسەی کردبێت. ئەم تایبەتمەندیانەی هەمیشەموسافیر، سەرنجی هەموانی دەبزواند، بەتایبەت پەنابەران کە هەرکەسە و بۆ خۆی چیرۆکێک و رابردوێیکی هەیە و بۆیە خێراتر دەتوانن لە ‌قووڵایی کارەساتەکان تێبگەن. بەڵام سەرنجراکێشیی هەمیشە موسافیر بۆ پەنابەران ئەوەیە کە لێرە کە وڵاتی ئەمنە و ئیتر کارەساتەکان کەوتونەتە پشتی سەر، بۆچی وەک هەمووی ئەوانیتر خەریکی ژیانی نوێی خۆی نابێت؟ ئەمە وایکرد کە راستەو خۆ و ناراستەوخۆ کەوتمە دەرهێنانی بنجوبناوانی رابردووی هەمیشە موسافیر. لەبەر ئەوەی ئێمەی پەنابەر لە هەندەران پرژ و بڵاوین زۆر ئاسان نییە کە لە کاتی وەهادا کەسی پێویست بدۆزیتەوە.دەماودەم و کەساوکەس پرس و جۆم کرد و هەموو ئەوانەی دەمناسین و دەمزانی ئەویان بینیوە لێیانم پرسی و قسەم لەگەڵ کردن. ئەوەی کە کەسێکی دەناسی کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت داوام لێکردوە کە بمبات بۆ لای تا بەڵکو تیشکێک بخاتە سەر ئەم نهێنییە. زۆر کەس هەوڵیان لەگەڵ دابوو بەڵکو بە زبانێک بیهێننە گۆ، بەڵام ئاکامی تێکۆشانیان تەنیا نیگایێکی ساردی هەمیشە موسافیر بووە و بەس. ئەگەر کەسەکە زۆری بۆ بهێنایەت، لەیەکەم وێستگەی راوەستانی قەتارەکەدا بەپەلە دادەبەزی و رێگای دەگرتە بەر و دەڕۆیشت و لای لێنەدەکردەوە. ئەمە کاری دژوارتر کردبوو. کەس لە شوێنی هاتنی و شێوەی زمان و وڵاتی ئاگادار نەبوو، بەڵام پاش هەوڵێکی زۆر و تێکۆشانی بێوچان و هاوکاری و بەهاناوەهاتنی پەنابەران، وەک شەپۆلێک کە دەدات لە کەنار و دەگەڕێتەوە، وردە وردە زانیاری لەسەر هەمیشە موسافیر هێنایە بەردەمم. لە ئاکامدا سێ سەرچاوە کە جێی متمانە بوون لە نێو هەموو وەڵامە وەرگیراوەکاندا هەڵبژێردرا کە هەرکامە و لە بەشێکی ژیانی هەمیشە موسافیر دەدوێن ئەم سەرچاوانە بە مەرجی نەهێنانی ناویان ئامادە بوون کە زانیارییەکانیان پێشکەش بکەن. بۆ من گرینگ ناوی سەرچاوەکان نەبوو، بەڵکو گرینگ ئەوە بوو ئێستا وەڵامێک هەیە و هەمیشە موسافیر ناسراوە و چیتر بەرۆکی ئەم ئەو ناگرم بۆ وەڵامی پرسیارەکەم.

 

 یەکەم سەرچاوە دەڵێت هەمیشە موسافیر خەڵکی شارۆچکەیێکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. تا پێش ساڵی هێرشی فڕۆکەکان ئەوشارە لە هێمنی و ئارامی دا دەژیا. حاجی لەقلەقی ئەوین و خۆشەویستی لە سەربانەکان هێلانەی دەکرد و هەموو ساڵێک لە زاوزێدا بوون. تەنانەت هەمیشە موسافیریش کە میرمنداڵێک بوو، گەرای عەشق لەوکاتەوە لە دڵیدا  جێگەی گرت. هیوا و ئومێد بە ژیان ئەوەندە فراوان بوو کە هەمیشە موسافیر کە تەنیا هەفدە ساڵی بوو داوای ژنی لە بابی دەکرد. بابی کە لەباری ئابورییەوە دەسڕۆیشتوو بوو، چووە خوازبێنیی خۆشەویستەکەی هەمیشە موسافیر بۆ کوڕەکەی، بەڵام بابی کچە دەڵێت جارێ راوەستن با خوێندنەکانیان تەواو بکەن. هەمیشە موسافیر دڵگەرم بە خۆشەویستیی دڵدارەکەی و پشت بەستو بە وەعدی بابی ملی نایە خوێندن. هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ئەوینی نێوانیان، هەردووکیان لە خوێندن بەردەوام دەبن. بڵێسەی ئەوین وا لە هەمیشە موسافیر دەکات کە رۆژەکان بە سەختیی تێپەڕدەبن. تا رۆژێک بە کچەکە دەڵێت:

 

ـ "خۆشەویستم! بەڕاستی ژیان بە بێ تۆ لەلام وەک دووری و نامۆێی لێدێت و چرکەکان قورس دەبن، بەڵام کە لەلاتم، ئاگام لە سەعات و روژیش نییە. تۆ وەک نیشتمانی، لە ئامێزتا ئارام و قەرار دەگرم. بۆنی تۆ مایەی قەرارمە، بۆیە من پێم وایە تۆ نیشتمانی منی. تەنیا لەلای تۆ هەست بە ئاشنایی و ماڵە خۆ دەکەم. دەبێت کارێکم بۆ بکەی کە ئەوکاتانەی لەلای تۆ نیم  شتێکم پێ بێت کە بۆنی تۆ بدات، تا کۆتری دڵنیایی لە بانی دڵم نەفرێت و هەمیشە ئارام بم."

 

کچەکە، هەورییەکەی سەری خۆی پێشکەشی هەمیشە موسافیر دەکات. لەوکاتەوە هەمیشە موسافیر هەموو شەوێک هەورییەکەی لەلای سەری خۆیەوە دادەنا و بە بۆنی نیشتمانەوە، نامۆیی لەخۆی دەتاران. دواتر وای لێهات کە تەنانەت لە خوێندنگەش هەورییەکەی دەخستە نێو جانتاکەی و لە پشوەکاندا بە دزی هاوڕێکانییەوە دەری دەهێنا و، بۆنی پێوە دەکرد.

 

هەمیشە موسافیر و دڵدارەکەی بەخۆشی یەکتر و هەروەها بە هیوای رۆژانی پێکگەیشتن، بە بێ وچان سەعییان دەکرد و هەموو ساڵێک بە بی موشکلە و مانەوە، پۆلەکانیان یەک لەدوای یەک دەبڕی و هەموو ساڵێکیش پاش دەرچوونیان لە مەکتەب بەیەکیان دەگوت ئەوە ئەمساڵیش رۆیشت، وا ساڵێکمان کەم کردەوە. هەمیشە موسافیر بە تایبەت شەوان تا درەنگان هەر لە نێو جێگەکەیدا خۆی دەسوڕاند و بە خۆی دەگوت کە  تەنیا ئەوەندە شەویتر بە تەنیا دەخەوم و ئیتر دوای ئەوە بە جێگەی هەورییەکەی، بۆنی خۆشی لەشی خەوم لێدەخات.

 

تەنیا دوو مانگی مابوو بۆ کۆتایی دواساڵی خوێندنی وادە پێدراو. هەمیشەموسافیر و دڵدارەکەی خەریکی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ دوا تاقیکردنەوە و کە ئیتر مەرجەکەی بابی نیشتمانیان پڕدەکردەوە، کە لەپڕ ئاسمان پڕ بوو لە فڕۆکەی شەڕکەری بیانی. لەوکاتەوە ئاسمانی وڵات پڕبوو لە دوکەڵ و کۆڵانەکان بۆنی باروتیان گرت و، وێنە هەڵواسراوەکانی سەرۆک لە دیواری میوانخانەی ماڵەکان کەوتەخوارەوە. حاجی لەقلەقەکان دایان لە شەقەی باڵ و گوێسەوانی ماڵەکان و منارەی مزگەوتەکانیان بەجێهێشت و ئیتر قەت نەگەڕانەوە. دڵی هەمیشەموسافیر و دڵدارەکەی لەگەڵ گرمەی هەر بۆمبێکدا دەلەرزی و، خورپەی تێدەکەوت. نیگەرانی، وەک گیایێکی هەرزی نەخوازراو لە خاکی دڵیاندا چەکەرەی کرد. ئیتر نێو ماڵەکان پڕ ببوون لە دڵەڕاوکێ. باوکی نیشتمان توڕە دەینواند و دایمە گوێی لە پەنای رادوێکەی بەردەمیدا بوو. نیشتمان لە دەرفەتێکی کورتدا تێلی بۆ هەمیشەموسافیر کرد و ...

 

ـ "ئەڵێم من زۆر لەم وەزعە دەترسم. قەتم بابم وەها نەبینیبوو، کەس ناوێرێت بیدوێنێت، دەترسم ئەم دۆخە ببێتە بەرد و شوشەی ئەوینمان بشکێنێت."

 

هەرچەند لە دڵەوە هەمیشەموسافیر زۆرتر لە نیشتمان نیگەرانی بارودۆخەکە بوو و ترسێکی نادیار لە ژێرخانی دڵیدا خۆی حەشاردابوو، بەڵام دڵی ئەوی دایەوە ،و وتی:

 

ـ "مەترسە گوڵی من، ئێمە حەقمان بەسەر ئەم ئاڵوگۆڕانەوە نییە. ئێمە سەری خۆمان کزدەگرین و دەس بە کڵاوی خۆمانەوە دەگرین و، تێکەڵی هیچ نابین. ئەوەی بۆ من گرینگە تەنیا تۆیت و بەس. لەلای من گرینگ نییە کە وێنەی کێ قەرارە بەدیوارەکەی ماڵمانەوە هەڵواسرێت. هەر ئەوەندە ئەم دوو مانگە تێپەڕ بکەین و ئەمساڵی خوێندنیشمان تەواو بکەین، ئیتر بیانوی بابت دەبڕین و ئێمە پێک دەگەین، ئیتر چیترمان ناوێت."

 

خولی خوێندن تەواو بوو و مەدرەسەکان داخران. نیشتمان و هەمیشەموسافیر بەڵگەی سەرکەوتنیان هێنایە ماڵەوە. نیشتمان کە دەیدی بابی هێمنایەتی جارانی تێدا نەماوە، نەیدەوێرا زۆر خۆی قەرە بخات، تەنیا بە باوکی راگەیاند کە خوێندنی ئەمساڵیشی بە سەرکەوتوویی بردووەتە سەر و شەهادەی باشی هێناوەتەوە. بابیشی وەک بڵێی لەبیری نەمابێت کە تەواوکردنی ئەم خولی خوێندنە دەبێت بە گوێرەی وادێک کە داویەتی بەمانای خۆئامادەکردنی کچەکەی بێت بۆ دەسپێکی ژیانی هاوبەش، بە ئارامی و خەمساردانە وتی باشە ئافەرەم کچم.

 

ئەم رەفتارەی بابی نیگەرانی و قلەقی نیشتمانی زۆرتر کرد، بۆیە بە خێرایی لە یەکەم هەلی رەخساودا تێلی کرد بۆ دڵدارەکەی و بۆی گێڕاوە. بەڵام هەمیشەموسافیر بە دڵدانەوەی خۆشەویستەکەی هەوڵیدا کە ئارامی بکاتەوە و وزەی پێ ببەخشێت:

 

ـ "خۆشەویستم! خەم مەخۆ، لەوانەیە بابت بە هۆی بارودۆخەکەوە بیری چووبێت. من لەگەڵ بابم قسەدەکەم و هەوڵ دەدەم کە هەرچی زووتر ریورەسمی خوازبێنی جێبەجێ بکەین. بابم پشتمان دەگرێت و بابت رازی دەکات. مەترسە."

 

لەگەڵ تێپەڕ بوونی کات ناسەقامگیری و ئاژاوە زیاتر وڵات دەگرێتە بەر. داهاتوو نادیار و لێڵە و وردەوردە خەلک ترسی ثشێوی لەدڵیان دەنیشێت. هێمنایەتی و ئاسایش جێگەی خۆی دەدات بە دڵەڕاوکێ و دردۆنگی. باوکی نیشتمان کە بەردەوام شوێنی هەواڵەکان هەڵدەگرێت و ئاگای لە گۆڕانکارییەکان هەیە، وەزعەکە بە باش نایێتە بەرچاوی. بە بۆنەی داڕمانی دەسەڵاتی پێشووەوە و گۆڕانی بۆ سیستمی نوێ، ماوەیێکە موچەی موەززەفەکان و کارمەندانی دەوڵەت نەدراوە. ئەویش یەکێک لەو کارمەندانەیە چاوەروانی موچەیە. بۆیە دەترسێت  ئەم دۆخە بەردەوام بێت.

 

هەمیشەموسافیر، شەو، پاش نانخواردن روو دەکاتە بابی و، بە زەردەیەکەوە دەڵێت:

 

ـ "ئەمساڵیش تەواو بوو. ئێستا ئیتر بیانوی بابی ئەویشمان بڕیوە. پێتان وابێت کەی دەتوانن دەست پێبکەن. لەگەڵ ئەویش قسەم کردوە و پێم وتوە بابم پشتمان دەگرێت. ئاخر ئەو بڕێک دەترسێت. دەڵێت بابم بە هۆی ئەم ناسەقامگیرییەی ئیستاوە نیگەران و داگیراوە."

 

گەڕان بۆ بابەت