سەباح ڕەنجدەر

 ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانەی ڕشتی بۆ ئەبەد ڕۆحی تەڕ کردووم و لە ناخی دڵەوە لەگەڵم دەدوێ و ناخی کردووم بە مێزگرد و مێزی گفت و گۆ، بەڵام ھەستی شیعریی من لەسەر ھەستی شیعری ئەو دانەمەزرا، ھەروەھا بەھیچ ڕێبازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش کاریگەر نەبوویمە، بێجگە لە شیعر خۆی نەبێت، شیعری بێگەرد. دوای ئەوەندە ساڵە و بڕینی ھەزار و یەک ڕێگای سەخت، نازانم چۆن دەربڕین لە پایە و بەھای تۆ بکەم و پاداشت بدەمەوە.

 من و کتێب

سەباح ڕەنجدەر

ھەر ڕووداوێک، کە ماوەیەکی بەسەردادەچێت. دەبێتە یادگاری، یادگاریش مرۆڤ بەڕوونی دەبینێت. لە ماڵەکەماندا پەنجەرەیەکی گەورەی داری بە ھێڵەک داپۆشراو ھەبوو، بە تەنیشتییەوە دەلاقەیەکی لاکێشەیی نیمچە گەورە تێدا بوو، بە پەردەیەکی سپی داپۆشرابوو، پەردەکەش بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و کەوی لێ نەخشابوو. ئەم دەلاقەیە تایبەت بوو بە کاکم خالید. تەواو قووڵایی منیشە، بەداخەوە ئەو برایەم لە ٢٥/٨/١٩٨٨دا جەیشی شەعبی، لە ھەولێر شەھید یان کرد.

سەرەتای ڕێگا و بەرکەوتنم لەگەڵ کتێبدا، یان ئەو پەیوەندییەی لە نێوان خوێنەر و کتێبدا دروست دەبێت و دەمێنێتەوە. لەم دەلاقەیەوە ئاراستەی وەرگرت و بوو بە ئەفسوونێکی بەھێز و نەشکاو. کۆمەڵێک کتێب و دوو شووشە مەرەکەبی چینی، یەکێکیان ڕەش و ئەوی دی شین و قەڵەم پارکەرێکی بیست و یەکی ڕەنگ جەرگی تێدابوو، کتێبەکان زۆربەیان عەرەبی بوون. ئێستا نازانم ئەدەبی بوون، یان فەلسەفە، کۆمەڵناسی، سیاسی، مێژوویی، پەروەردەیی، ئایینیٍ ... تاد، لەناو کتێبەکاندا دیوانی (حاجی قادری کۆیی )ھەبوو، ھەمیشە کەڵەگیای بۆنخۆشی لەناو دادەنا، کە گیایەکە وشک دەبوو، دەیگۆڕی و دووبارە دایدەنایەوە. ئەم کتێبە ھی ئامۆزایەکی باوکم بوو، مامۆستای قوتابخانەی گوندەکەمان بوو. لە دامێن و ئەم لا و ئەولا سپییەکانی بۆنە و ڕێکەوتەکانی بنەماڵەکەمانی ھەمووی تێیدا تۆمارکردبوو، وەک: ڕێکەوتی مردن و لە دایک و ژنھێنان ... تاد.

ساڵی ١٩٧٣ جگە لە کتێبەکانی قوتابخانە، یەکەمین کتێب بەر ھەست و پێستی پەنجەکانم کەوت ئەم دیوانە بوو. کاکم بە دەنگ و ڕۆحێکی ئاھەنگسازییەوە دەیخوێندەوە. بە وریایی و ئارامی گوێم سووک ڕادەگرت. بێ ئەوەی ھیچ شتێکی واش لە شیعرەکان حاڵی ببم، بەڵام لەناو چێژ و دەنگ و مۆسیقایەکیدا ون دەبووم و بڕوام بەھەستێکی نادیار دەھێنا و بەدوای گەنجینەی شاراوەی زەینی خۆمدا وێڵ دەبووم، وێڵبوونێک مەگەر ڕێکەوت دەستم بگرێت و بمھێنێتەوە سەرەخۆ، دوایین مانای ژیانم بداتێت، کە مەرگە. مەرگیش یارمەتی تەواوی ئازارەکان دەدات. ئێستا بە گەشە و خۆشحاڵی و چێژی ئەوکاتم لە کتێبخانەکەمدا لە ڕیزی دیوانی شاعیرانی کلاسیکی کوردیدا، دیوانی حاجی قادری کۆییم یەکەمین دیوان ڕیزبەند کردووە و ئەوانی دی بە دوایدا.

لە سەرەتای منداڵیمدا حەزێکی بێ پێوانە و ئەفسووناویم بۆ گۆرانی تێدا ڕسکابوو، ڕادیۆیەکی نیمچە گەورەی قاوەییمان ھەبوو، ئەمیش وەک دەلاقەکە بەرگێکی سپی بۆ کرابوو، بە دەزووی ڕەنگاوڕەنگ وێنەی مانگ و چیا و مامز و کەوی لەسەر نەخش کرابوو، ھەمیشەش گوێم لێی ڕادەگرت و لە شەڕەبەرد و ئاژاوە و ھەڵەپاسی دووری دەکردمەوە، وەک ئەوەی ئەو ئاواز و نەوایەی گوێم نەرمە بارانێک بێت بەسەر خاک و خۆڵی دەوروبەرم دابڕژێت و ھەناوی فێنک و دەموچاویشی نەرم بکاتەوە. زۆر جاران بێ ئاگاداری خۆشک و برایەکانم بەشانی خۆمەوەم دەکرد و دەڕۆیشتم، بەم کردەیەم لێم تووڕە نەدەبوون و سەرزەنیشتیان نەدەکردم، گردێک لەپشت ماڵمان ھەبوو، بەدڵ گردێکی دوڵبەربوو، دەچووم لە تەختایی ئەم گردەدا دادەنیشتم و تەماشای ئەم لا و ئەولا و شینایی دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانم دەکرد و گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواکراو ڕادەگرت، ھەموو ڕۆژێک دەمەوعەسران دووبارە دەبووەوە و لەگەڵیدا نەرمەبایەکی ڕەحمەت بەسەرمدا ھەڵیدەکرد. جیھانێکی بۆ دروست دەکردم، ھەستی خۆمم لەناو دادەمەزراند. بڕواشم بە جیاوازی دەنگەکان دەھێنا، لەم ڕێگایەشدا دەگەڕام، کە پێیدا ھاتبووم. واتە: ناخی خۆم. سەگێکی بەوەفاشمان ھەبوو، کە لەماڵ دەردەچووم لەگەڵم دەھات و پاسەوانی دەکردم. بەھیچ ئا و نایەکیش دوو ھەنگاو لێم دوورنەدەکەوتەوە وەک ئەوەی گەورەیەکم بێت و پێی گوترابێ چاودێریم بکات. نازانم ئەم ئەفسوونە چی بوو، کەوتبوومە ژێر ئەفسوونی دەنگی (سەڵاح داودە)وە. ھەرکاتێک ئەو گۆرانی بگوتبوایە ڕادیۆکەم دادەنا و دوومەترێک لێی دەکشامەوە و تەماشای شکۆیم دەکرد. وەک ئەوەی تەلیسمێک بێت ئەم حاڵ و جەزبە و حاڵەتە پڕ لە خۆشی و شادی و ژیانە و داکشانەوە بەرەوناخەم تەنیا لەگەڵ لەرەی دەنگی گەرمی ئەم گۆرانیبێژەدا بۆ پەیدا ببوو، پاشان لەناو شەپۆلەکانی بادا بۆی دەگەڕام و لە ھەستمدا سۆزی سووتێنەر و پڕ ئومێدم دەدۆزییەوە. ھەر بەھۆی ئەوەی زۆر گوێم لە گۆرانی دەگرت. شارەزاییەکی سەرەتاییم لەسەر چینەکانی دەنگیش پەیدا کرد بوو، دەمتوانی لەسەر شێوازی بەشێک لە گۆرانیبێژان گۆرانی بڵێمەوە. بەھیچ جۆرێکیش حەزم لە گۆرانی زرم و کوت نەبوو، ھەمیشە حەزم لەو گۆرانییانە دەکرد، کە وەک ھێڵێک خەیاڵ درێژ دەکەنەوە. ئەم ئەشقی گۆرانییە لەگەڵمدا ما و گەشەی کردووە و پێکھاتە و بنچینەی خۆی دامەزراند، ئێستاش گۆرانی ھاوسەنگیم دەپارێزێت و لەگەڵ خۆم بەخشندە و شکۆمەند و ئاسوودە و خۆشحاڵم دەکات.                                                                                    

ساڵی ١٩٨٧ لە پۆلی یەکەمی ناوەندیدا مامۆستای وانەی کوردیمان (شێرکۆ ئەحمەد حەوێز) بوو، لە ڕۆژێکی زستانی باراناوی و سارددا لە پۆل داوای لێکردین داڕشتنێک لەبارەی (سروشتی لادێ) بنووسین. بەو پێودانگەی، کە من کوڕەلادێیی بووم لەوانی دی کەمێک زیاتر شارەزای ئەم سروشتەم. بۆ ھەفتەی داھاتوو داڕشتنەکەی ھێنایەوە و بۆ ھەموو قوتابییەکان نمرەی شیاوی خۆی دانابوو، تەنیا ئەوەی منی نمەرە لەسەر دانەنابوو، وەک ئەوەی ھەستی بەکارخراپییەکی من کردبێت، بە تووڕەییەوە گوتی: (سەباح سابیر حەسەن) کێیە و بێتەدەرێ، بێ ئەوەی ھیچ قسەیەک بکات لە تەنیشت تەختەڕەشەکەدا ڕایگرتم. ئەم مامۆستایە دەگمەن و سەیر پەروەردەکار بوو، تا ئەو پەڕیش دڵبەدەرەوە بوو، لەگەڵ وانەی کوردی و دنەدانی قوتابی بۆ خوێندنەوەی ئەدەب و دامەزراندنی گۆڕانکارییەکی ئەدەبی. بەو بیانووەی وانەی کوردی زمانی خۆمانە و پێویستە لەناویدا بکوڵیێن و ساردببینەوە، لەم نێوانەدا بگەین بە دۆخی دۆزینەوە و باش لە پێکھاتە و بنچینەکانی شارەزابین. زمانیش ھەستێکی گەرماوگەرم و خۆڕسک و دەگمەن لە مرۆڤدا دروست بکات. ھەر قوتابییەک لە شەست کەمتری وەربگرتبوایە لێی دەدا و لێ پێچینەوەی لەگەڵدا دەکرد. دوای ئەوەی ئافەرینی بەشێک و لەبەشێکیشی دا. ڕووی لە من کرد و گوتی:  کێ بۆی نووسیوی. منیش لەو ھەستە تۆقینەرەی چەند چرکەیەک پێشتر تێیدا خولم دەخوارد و شپرزەی کردبووم. زۆربە ئارامییەوە گوتم: ئەدی مامۆستا لە پۆلدا نەماننووسی. نەختێک چووەوە ناو زەینی خۆی و تووڕەییەکەی خاوبووەوە. ئینجا نمرەی لەسەر داڕشتنەکەی منیش دانا و گوتی: ئافەرین (سەت). ئای چۆن سەرکەوتنێکی بچووک لەدنیای ژێری دەتباتە دنیای سەروو. ڕۆژی دوایی ھاتەوە کۆشیعری (تاریک و ڕوون)ی ھێمنی بۆ ھێنا بووم. منیش ھێندە شەیدا و دڵبردە و دڵەدووی ئەو ئافەرینە بووم، ھێندە شەیدای شیری دایکم نەببووم. مەگەر ئەو دەمەوعەسران و زەردەی ئێوارانەی لەسەر گردی پشت ماڵمان، یان گردی ئاشناییم گوێم لە بەرنامەی گۆرانی داواکرا و ڕا دەگرت و دەچوومەوە ناو زەینی خۆم.                                                                                                               

سەرەتای ڕێگا و بەرکەوتن و یەکەمین پەیوەندیم لەگەڵ خانمی کتێبدا لەم ڕووداو و خۆشبەختییەوە دەستی پێکرد. ئەم ھەفتەیە بە ھەموو بوونێکمەوە لەناو کۆشیعرەکەدا ژیام، ژیانێک مەگەر بەس متەسەوفەکان لە مانەوەیان لەسەر دووگورد و شەونوێژ و چاوداخستن و وێرد بەرزکردنەوە ھێندە چێژیان وەرگرتبێت و لە بوونی خودا و لەخۆیان نزیک بووبێتنەوە و گەیشتن بە ناخی خۆیان. بۆ ھەفتەی داھاتوو کۆشیعرەکەم بۆ گەڕاندەوە. گوتی: بۆ ئاوا زوو ھێناتەوە. بەدڵت نەبوو، یان لەخوێندنەوەیدا پەلەت کرد. منیش بەبێ باکی و بەخۆھەڵخستنەوە گوتم: مامۆستا زۆرینەم لەبەرە. وەک ئەوەی بڕوام پێنەکات و لەقسەکەم بە گومان و دوودڵبێت گوتی: دەفەرموو ئەگەر دەمت سپییە وەرە بەر تەختەڕەش و ئەوەی لەبەرتە بیڵێ. منیش گوتم کامە شیعر. دیسان ھەڵوەستەیەکی تری کرد و چووەوە ناو زەینی خۆیەوە. وەک ئەوەی بیەوێت لە بڕوا بەخۆبوونەکەم دڵنیابێت. لاپەڕەی ھەڵدایەوە و ناونیشانێکی دەگوت. تەواوی وانەکە، چل چرکە بوو. من شیعرم خوێندەوە. لە گۆکردن کەمێک ھەڵەم دەکرد، بۆی ڕاست دەکردمەوە، لە کۆتایی وانەکەدا پێمی گوت: بەھرەیەکی دەگمەن و کەم وێنەی، ئەو وزەیەی ھەتە باش مشتوماڵی بکە، چالاک نیشانت دەدات. ھەر ھەمان ڕۆژ منی بە کتێبخانەی (تەئمیم) و خاوەنەکانی (جومعە و ئەحمەد)، کە دوو مرۆڤی ھێمن و لەسەرەخۆ و ڕووخۆش بوون. ئاشناکرد و ناوی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان و کاتی دەرچوونیانی بۆ نووسیم.                                 

لەم ڕۆژەوە لەفە و بەدەمچە و کەوکەو و شەڵغەم و لەوزینەگەزۆ خواردن نەما. ڕۆژانەکەم بووە خەرجی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب. لە ناوەڕاستی ھەشتایەکاندا (مەحموود زامدار) نووسینێکی ڕۆژنامەوانی لە ڕۆژنامەی ھاوکاریدا لەبارەی نوێبەخشی شیعری کوردی و گرووپی (پێشڕەو) نووسی. لەو نووسینەیدا دەستەواژەی (کرمی کتێب)ی بۆ من بەکارھێنا بوو.                                                                                                         شیعرەکانی (ھێمن) چێژی زمانی ئەو گوندەی دەدا، کە خۆی تێیدا لەدایک بووە. بەسادەییش وێنەی ژیانی ئەو خەڵکەی کێشاوە، کە ھەستان و دانیشتنی لەگەڵیاندا ھەبوو، واتە: دەرەنجامی ژیان و گوزەرانی خۆیەتی. زمان و زمانڕەوانی شیعرەکان کەمێک لا دێیی بوون. چاو و زەین و ئەقڵییەتی ئەو سای منی بە پڕی ڕادەگرت، تا ئەوپەڕی چێژ، بردمیە وەرگرتنی دۆخی چێژی خودایی. چێژی کتێب لە توانای دایە بیابان بکاتە بەھەشت. ڕەنگە ھەر ئەو سادەیی و بریقە و زمان پاراوییە بووبێت زمانی لا کردمە ئەو بەھەشتەی پەرستن و شەونوێژی بۆ دەکەم بچمە ناوی و بیکەم بە ڕوانگە و گوتاری ناخم و ھەوڵی دۆزینەوەی وشەی گونجاوی تێدا بدەم. وەرەچەرخانێکی تەواوی ئاراستەکانی ژیان بوو، ھەروەھا تاڕادەیەک ئەو ئاراستەیەی دامێ، بزانم ھێز و بێ ھێزی زمان لە کوێی دەقدا دەردەکەوێت و بە ئەدەبی بوونی دەقیش لە چ بەکارھێنانێکدا ئاستەکانی دەردەکەوێت، واتە: ئەوەی بابەتێک دەکاتە بابەتی ئەدەبی، زانیاری و ھێزی زمانە، یان ھێزی زمان و کاریگەری بابەت.                                                شیعر بە تەنیا لە تێڕوانینی زمانەوە ئاستداری دەستنیشان ناکرێت. لە تێڕوانینی بابەتی ھەستیی و بەکارھێنانی ئەدەبییانەی زمانەوە، گەشانەوەی ھەستیی و زمانیی لای خوێنەر گەڵالە و بەرجەستە دەبێت. بە شیعربوونی ھەر ڕستەیەک مانای ئەوەیە زمان لە بەکارھێنانی زمانی ڕۆژانە دەرھاتووە و ھێندراوەتە ناو زمانی ئەدەب.                  

ئەگەرچی (ھێمن: ١٩٢١_١٧/٤/١٩٨٦) وەک تەمەن لە (گۆران: ١٩٠٤_١٨/١١/١٩٦٢) بچووکترە، بەڵام نوێبوونەوەی شیعری کوردی چاوگەکەی لە گۆرانەوە دەست پێ دەکات. ھێمن لە چەمکی شیعری ئاسایی دەرنەچووە، بەو ئاست و ئاراستەیەش دەینووسی. واتە: وەک شێواز کۆنەخواز بوو، بەڵام وەک بیروڕا نوێخوازبوو، دیوانەکەی بە تەواوی دەناسم و ھیچ خاڵێکی گۆڕانکاری فۆرم و نوێبەخشی و توخمی نوێی شێوازی پێشکێش بە دیوانی شیعری کوردی نەکردووە، بەڵام بەشێک لە شیعرەکانی کۆشیعری (ناڵەی جودایی) شیعری مەیدان کورتنین و لە شیعرە ھەرە دەگمەنەکانی ئەدەبی کوردین. بەتایبەتیش (ئێوارەی پایز).                                                                                                              

ئەو ئاوە ڕوون و ڕەوانەی ڕشتی بۆ ئەبەد ڕۆحی تەڕ کردووم و لە ناخی دڵەوە لەگەڵم دەدوێ و ناخی کردووم بە مێزگرد و مێزی گفت و گۆ، بەڵام ھەستی شیعریی من لەسەر ھەستی شیعری ئەو دانەمەزرا، ھەروەھا بەھیچ ڕێبازێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیش کاریگەر نەبوویمە، بێجگە لە شیعر خۆی نەبێت، شیعری بێگەرد. دوای ئەوەندە ساڵە و بڕینی ھەزار و یەک ڕێگای سەخت، نازانم چۆن دەربڕین لە پایە و بەھای تۆ بکەم و پاداشت بدەمەوە. بەکامی دڵ لەباوەشت دەگرم و دەستت ماچ دەکەم و ڕێز لە سیما و چاوی پڕ لە ڕازت دەگرم، ھەروەھا ھەر لەم بۆنەیدا ھەل و بوارێک وەردەگرم و گوناھێک لەسەر شان و ڕۆحم ھەڵگرم و باری گران و بەئازاری شان و ڕۆحم سووک بکەم. گوناھێک، دواتر بۆ نووسەرەکەی بە خێرگەڕایەوە. لە تەمەنم یەکجار کتێبم لە کتێبخانە لە غەفڵەتی خاوەنەکەیدا بردووە، ئەمیش لە ١٤/١٠/١٩٨٥ کۆچیرۆکی (پێکەنیی گەدا)ی حەسەن قزڵجی بوو، نەمدەزانی نە بەشەقامدا دەڕۆم، یان بەناو تونێلێک ئاگر، یان لەڕەوەزە شاخێکی عاسێدا گیربوویمە و ھەڵدێران ھەڕەشەم لێ دەکات. لە نیوەی ڕێگای گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە، یەکڕاست بە ڕەنگی زەرد و ھەڵبزڕکاو و دەروونی ماندوومەوە گەڕامەوە لای (جومعە و ئەحمەد) دانم پێدانا ئەم کارە خراپەم کردووە. ئەمانیش دەستیان لەسەر شانم دانا و دڵیان دامەوە و گوتیان: بۆیە دڵمان بە کتێب و ژیان خۆشە ھێشتان مرۆڤی باوەڕ بەپاکی خۆی وەک تۆی تێداماوە. لێیان بووریم و دیوانی (مەحوی) شیان بەدیاری وەک ڕەفتار و کردەوەیەک پێدام. لەم بارەی لێ بووردنەدا ھەر ئەوەتا لە خۆشیدا گەشکە نەیدەبردمەوە، لەقووڵایی بوونمەوە پاکبوومەوە و بەرەو ئارامیی دەروونی ڕۆیشتم. کتێبەکەم ھەر لەلامایەوە و ھەمیشەش لێی دەسڵەمیمەوە. تا ساڵی ٢٠١٠ پێشنیارم بۆ دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی ئاراس (بەدران ئەحمەد حەبیب) کرد، کە چاپی سێیەمی ئەم کۆچیرۆکە بکەنەوە. ھەردوو دەستی لەسەر چاوی دانا و گوتی: شەیدای زمانی ئەو چیرۆکنووسەم و سوودیشم لە پێکھاتە و بنجینەی زمانە ئێجگار زیندووەکەی وەرگرتووە، توانایەکی سەرسوڕھێنەری ھەیە لە بەکاربردنی وشەی پەیوەست بە ژیانی کۆمەڵگای کوردییەوە و فەرھەنگی وەک خاکی سوارچاکان پاگژە و دەزانێت چۆن بنووسێت. ئەمانیش دوای ھەوڵ و کۆشش و پەیوەندی کردن، شەش چیرۆکی تری چیرۆکنووسیان خستە پاڵ چیرۆکەکانی: چاپی یەکەم: ١٩٦٧_بەغدا، چاپی دووەم: ١٩٨٥_بەغدا، ساڵی ٢٠١٠ چاپی سێیەمیشان خستە کتێبخانەوە.              

ھەر بە ھۆی کتێبەوە لەگەڵ دنیای زەینی زۆرێک لە شاعیر و نووسەران ئاشنا و پێیانەوە پەیوەست بوویمە، کەم و زۆر توانای ئەوان لە گەشە و پەروەردەکردنی خەیاڵی من، گەنجینە و ھێز و پێوانەی ھونەری بوونە.      ھەمیشەش لە ئەزموونی خۆمدا ویستی یەکەم و بێ پێوانەم ئەوە بووە بەرھەمێکی خۆکردی حەڵاڵزادەی خۆم بەرھەم بھێنم. چیشم زانیوە، ئەوەم نووسیوە.

تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ ھەولێر

بازدید: 1609