ما 8532 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

کاتی سەفەرێکیتر هات و نیشتمان خەفەت دایگرتەوە. ئەو هەمیشە لەسەفەر و رێگا دەترسا. دەیگوت رێگاکان هۆی جوداییەکانن. کە ملی رێگات گرت ناچار بەشێک لە خۆشەویستی و خۆشەویشتییەکانت جێ دێڵیت. رێگا دووری دێنێت. هەمیشە دەیگوت خۆزگا رێگا قەت نەبووایە. هەمیشەموسافیریش لەم کاتانەدا هەمیشە دەیگوت هەر ئەم رێگانە جارێکیتر دەمانباتەوە لای یەک. 

 

هەمیشەموسافیر (بەشی دووهەم)

رەسوڵ سەفەریانی

هەمیشەموسافیر، شەو، پاش نانخواردن روو دەکاتە بابی و، بە زەردەیەکەوە دەڵێت:

 

ـ "ئەمساڵیش تەواو بوو. ئێستا ئیتر بیانوی بابی ئەویشمان بڕیوە. پێتان وابێت کەی دەتوانن دەست پێبکەن. لەگەڵ ئەویش قسەم کردوە و پێم وتوە بابم پشتمان دەگرێت. ئاخر ئەو بڕێک دەترسێت. دەڵێت بابم بە هۆی ئەم ناسەقامگیرییەی ئیستاوە نیگەران و داگیراوە."

بابی هەمیشەموسافیر دەڵێت:

ـ "پەلە مەکە رۆڵەگیان! هەموو شتێک دروست دەبێت. با یەک دوو پیاو ماقوڵ پەیدابکەم کە قسەیان لای ئەو کابرای بابی بایەخی هەبێت، ئەوکات شەوێک دیاری دەکەین و دەچێن قەرار و بڕییەی لەگەڵ دەکەین."

لەو رۆژەوە ئیتر رۆژەکان بەو خێرایی و ئاسانییە تێنەدەپەڕین. ئیتر هۆ و هیوایێک و سەرقاڵیێک نەمابوو کە هەمیشە موسافیر و خۆشەویستەکەی پێوە خەریک بن. ئێستا ئیتر زۆرتر دەچوونە نێۆ رووداوەکانی رۆژانەوە. هەمیشەموسافیر کە بەڕۆژا دەچوە دوکان و یارمەتی بابی دەدا زۆرتر لە نزیکەوە هەستی بە هەستیاری دۆخە دەکرد و ترسە شاراوەکەی تا دەهات ئاشکراتر دەبوو. دەیدی کە چۆن پێکەنین و قاقاکەی جارانی بازاڕ بێدەنگی هێناوە و جێگەی خۆیان داوە بە گێڕانەوە و باسکردن لە رووداوە چاوەڕواننەکراوەکانی رۆژانە.

باوکی هەمیشەموسافیر شەوێک لە کاتی نانخواردندا روو دەکاتە  ژنەکەی و دەڵێت ئەمڕۆ توانیومە لە گەڵ دوو کەس قسەبکەم کە پێوەندی خۆشیان لەگەڵ باوکی ئەوکچە هەیە. ئەوانیش بە خۆشییەوە ئامادەن کە لەگەڵمان بێن بۆ خوازبێنی. بۆیە باشترە کە بەیانی تێل بکەی بۆ دایکی ئەو کچە و ئاگاداریان بکەیتەوە کە شەوی جومعە دەمانەوێت بێینە خوازبێنی. هەر بەدوای ئەم قسانەیدا روودەکاتە  کوڕەکەی و دەڵێت:

ـ "رۆڵە تۆ دەزانیت کە ئەوان موسڵمان نین، بۆیە ئەگەر کارەکە سەریگرت دەبێت کچەکە ببێتە موسڵمان، تا بتوانین مارەی شەرعی بکەین."

هەمیشە موسافیر پاش ماوەیێک تێفکران و ئاڵۆز بوون روودەکاتە بابی و، بە حاڵەتێکی پڕ لێپاڕانەوە و نارەحەتیەوە دەڵێت:

ـ "بابە گیان ئەمەی بۆ چییە، بۆچی دەبێت ئێمە ئەو مەرجە بۆ ئەوان دابنین، دەتوانین بە فەرمی مارەی بکەین و پێویست ناکات باسی ئایین بێنینە ئاراوە. ئێمە دوور لە هەموو رەگەز و ئایینێک وەک دوو ئینسان یەکمان خۆش دەوێت و دەمانەوێت پێکەوە بژین. جیا لەوە بۆچی ماوەی ئەم چەند ساڵە ئێوە قەت باسی ئەمشتانەتان نەکردوە؟ ئەگەر ئەو ئامادە نەبوو ببێت بە موسڵمان چی؟"

ـ "رۆڵە ئێمە موسڵمانین و دەبێت هەموو شتێکمان بە گوێرەی ئاینی خۆمان بێت. ئەگەر ئەویش نەبێت بە موسڵمان ئەوە مارەی نایێت و تۆش دەبێت فەرامۆشی بکەیت."

ـ "بەڵام ئەگەر وابێت ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە کە بڵێن دەبێت شوکردنی کچەکەیان بە شێوازی خۆیان و بە ئاینی خۆیان بێت."

ـ "بەڵام ئیسلام دووائاینە و هەموو ئاینەکان دەبێت تەسلیمی ببن. ئێمە ناتوانین لەدین دەرچین. ئەوە گوناهی گەورەیە و سزای کوشتنی لەسەرە."

هەمیشەموسافیر بێدەنگ بوو. بە مەسلەحەتی نەزانی کە پتر لەوە لەسەری بڕوات. بە باشی زانی کە جارێک پەلە نەکات و بابی نەئاڵۆزێنێت. بەڵام لە دڵەوە  زۆری پێ نارەحت بوو. ترسە شاراوەکەی تا دەهات ئاشکراتر دەبوو و هەر رۆژێک لە بەرگێکدا هەڕەشەی لەم ئەشقە دەکرد.

ئێوارەی جومعە، هەمیشەموسافیر و بابی لە گەڵ دوو میوانی باسلێکراو و چەپکێ گوڵ و پاکەتێک شیرینی گەڕانەوە بۆ ماڵ. پاش نانخواردن چوون بۆ ماڵی بابی کچەکە. بەگەرمی بەدەمیانەوە هاتن و میواندارێنتیان لێکرا، بەڵام کە باس هاتە سەر خوازبێنی، بابی کچە وتی کاکە من لەم بارو دۆخەدا ناتوانم هەروەها بەبێ دڵنیایی لە داهاتوی کچەکەم، کچ لە ماڵ بنێرمە دەر و بەشوی بدەم. من رێزم هەیە بۆ ئێوە و هیچ باسێکیشم لە سەر کوڕەکە نییە و پێم کوڕی چاکە، بەڵام بەڕاستی ئەو ئێستا بێکارە و هێشتا داودامەزراو نییە. ئەوەی کە لەدوکانی بابی بێ و یارمەتی بدات نابێت بە ئیش و داهات و داهاتو بۆ کەسێک کە دەیهەوێ ببێتە خاوەن خێزان و مناڵ. بۆیە باشترە جارێک دەست راگرین تا کاروباری کوڕەکەتان جێبەجێ دەبێت، بەڵکو دونیاکەش بە بارێکی باشتردا بکەوێت.

هەرچەند بابی کوڕە و هاورێکانی قسەیان لەگەڵ کرد و وەبیریان هێنایەوە کە پێشتر تەنیا داوای ئەوەی کردبوو کە دەبێت خوێندنی ئامادەیی تەواو بکەن. بەڵام کاریگەر نەبوو. ئەودەیگوت پاش هێرشە بیانییەکان هەموو شتەکان گۆڕاوە و ناکرێت هەربەو مەزننە هەڵسەنگاندن بۆ ژیان بکەین. تا ژیان سەقامگیرتر بێت باشترە. بۆیە باشترە کوڕەکەتان پیاوانەتر بڕوانێتە دەوروبەر و داهاتوو.

ترسە شاراوەکە ی دڵی نیشتمان و هەمیشەموسافیر ئیتر ئاشکراتر لەوە بوو کە بە دڵدانەوە و خۆگێلکردن بڕەوێتەوە. وردە وردە جێگەیان بە هیوا و خەیاڵی پێکگەیشتن تەنگتر دەکرد. هەواڵەکانی رۆژانەش کە وەک هەورێکی رەش رۆژ لەگەڵ رۆژ رەشتر و ناخۆشتر دەبوون تەنگیان با ئاسۆ هەڵچنی هەڵچنی بوو. بڵێسەی ئاینی و ئایینخوازی پتر و بەرزتر دەبوو. ئەمەش دڵی هەمیشە موسافیری تەنگ دەکرد. ئەو دەیزانی جیاوازی ئاینی دەتوانێت وێرانکەری بینای خۆشەویستیان بێت. دەیزانی خۆشەویستی و ئەوین کە هات لە رەگەز و ئایین و بڕوا ناپرسێت و بەسەر هەموو سنورەکاندا بازدەدات. بەڵام دەیزانی کە گڕی ئایین دوکەڵێکی لێدروست دەبێت کە کۆتری ئەوین ناتوانێت تێدا بژی. هەمیشەموسافیر هەموو رۆژێک لە دوکانی بابی هەواڵی نوێی دەبیست. دوایین هەواڵ باس لە دروست بوونی گروپێکی ئایینی جل رەش دەکات کە بە ئاڵایێکی رەشەوە خەریکی خۆ تەیارکردنن تا بتوانن وڵات بگرن و یاسای ئاینیی بەسەریدا زاڵ بکەن. بابی کە قەت بەدەربەستی ئایین و مەزهەبەوە نەبوو باسی سوننە و شێعەی دەکرد. باسی کافر و موسڵمانی بۆ دەکرد.

هەمیشەموسافیر بە نیشتمانی وت کە تا هێور بوونەوەی دونیا دەست بدەینە دەرسخوێندن، بەڵکو لە ئاستێکی بەرزتردا بتوانین بگەینە ئیش و پلەیێک لە ژیاندا. بەڵام نیشتمان وتی کە لەبەر ئەوەی بۆ خوێندنی باڵا دەبێت بچینە شارێکیتر پێم وانەبێت بابم لەم بارودۆخەدا ئیزنی من بدات کە بەتەنیا بچم بۆ شارێکتر و لەوێ دەرس بخوێنم. بەڵام تۆ کوڕی و لەم بوارەدا ئازادیت زۆرترە و کەس پێشت پێ ناگرێت ىٶێە باشتر وایە تۆ داوای خوێندنی باڵا بکەیت بەڵکو دواتر بتوانیت بە وەرگرتنی پلە و ئیشی چاک بیانوی بابم ببڕیت.

هەمیشەموسافیر خوێندنی باڵای لە شارێکی تر دەست پێکرد. هەموو توانای خۆی بەکار دەهێنا بۆ ئەوەی بتوانێت لەهەموو تاقیکردنەوەکانیدا سەرکەوتو بێت، بەڵام نیشتمان هەمیشە نیگەران بوو چون دەیزانی کە تەنیا توانای ئەو نەبوو کە لە داهاتوی ئەواندا دەوری هەیە. ئێستا ئیتر هەموو شتێک بە هەواڵەکانی رۆژەوە گرێ دەدرا. نیشتمان بەردەوام گوێی لە هەواڵی تەقینەوەکان و شەڕ و پێکدادانی نێوان گروپە سیاسی و ئاینییەکان بوو. خۆتەقاندنەوەکان کە ئێستا ئیتر ببوون بە بەشێکی ژیانی رۆژانە، وایان کردووە کە وشک و تەڕ پێکەوە دەسوتن. چ دڵت لەلای ئەوینت بێت یان ئاینت، دەکرێت لە خۆتەقاندنەوەی کەسێکدا دڵی پڕ لە ئاواتی تۆش بتەقێتەوە و ئاواتەکانت ببنە تەنیا یادگاری لەدوا بەجێماوت. گوێیان لەوەنییە کە تۆ ئاشقی و دڵدارێک چاوەرێتە یان چەن منداڵی زگبرسی چاوەڕیی هاتنەوەتە، بە دوگمەیێک هەمووی دەبێتە دوکەڵ و خوێنێکی ئاوێتەی خۆڵ.

سەرەڕای ئەم هەموو ئاڵۆزی و نادیار بوونەی داهاتوو، هەموو رۆژێک هەمیشەموسافیر تێلی بۆ نیشتمان دەکرد و پاش گوێ گرتن لە پەرۆشی و نیگەرانییەکانی پیی دەگوت نیگەران مەبە، من هەموو ژیانم دەدەم کە تۆ بپارێزم و داهاتوت بۆ دابین بکەم. ئەگەر سیاسەت و ئایین لێمگەرێن من ماڵێکت لە ئەشق بۆ سازدەکەم هەموو ئەم دڵتەنگییانەت دەڕەوینم نیشتمانەکەم.

 

  یەکێک لە هاوپۆلییەکانی زانکۆی هەمیشەموسافیر کە دووهەم سەرچاوەی چیرۆکی بەسەرهاتەکەیە بەم شێوە باسی ئەو دەکات:

رێک لە گەرمەی سەرهەڵدانی بزوتنەوە ئاینی و رامیارییەکاندا کە هەموو خوێندکارانی گرتبووە خۆی و بەردەوام جەدەل و کێشمەکێش بوو لە نێوان خوێندکاراندا و لە زۆربەی کاتیشدا دەیکێشایە دەنگ بەرزکردنەوە و زۆرجاریش دەبووە قڕە لە نێوانی روانگە جۆراوجۆرەکانی هەڵتۆقیو لە زانکۆدا کە هەر یەکە و نوێنەرایەتی بەشێک لە کۆمەڵگای دەکرد. هەمیشەموسافیر کە خوێندکاری  پۆلی ئەندازیاری بوو بە بێدەنگ و لە شوێنێک بە دوور لە جەماعەت دادەنیشت و خەریکی سەعی و خوێندنی خۆی بوو. قەت بەشداری و لایەنگری  لە هیچ لایەنێک نەدەکرد و خۆی تێکەڵی هیچ باسێک نەدەکرد و بە دوورە پەرێزی خۆی دەپاراست. کە قسەشت لەگەڵ دەکرد ئەو باسی ئەوەی دەکرد کە هەرچی زووتر خوێندنەکەی تەواو بکات ئیش وەربگرێت و خانوێێک بۆ نیشتمان ساز بکات و دەستی بگرێت و بیحەوێنێتەوە. هەمیشە دەیگوت من زۆر لەم هەڵا و هاوارە سیاسی و ئاینییانە دەترسم. دەترسم  ئەم جۆرە روانگە توندانە ببنە ئاگر و ماڵی خۆشەویستیمان بسوتێنێت. من و نیشتمان تەنیا پێویستمان بە خۆشەویستیە و بەس. نە ئایین ماڵی بۆ دەکات و نە سیاسەت، تەنیا خۆشەویستی دەتوانێت ماڵی ئەشقمان ئاوەدان و نیشتمان شاد بکات.

ئەو هاوپۆلەی دەڵێت دواجار کە بینیومە رۆژێک پێش پشوێکی حەوتانە بوو. ئەورۆژە هەموو ئەو خوێندکارانەی کە خەڵکی شارەکانیتر بوون بۆ سەردان چووێنەوە بۆ شارەکانی خۆمان، بەڵام رۆژی دوای ئەوە هەواڵ هات کە ئاڵا رەشەکان شاریی زانکۆکەمانیان گرتوە. پاش ئەو رووداوە ئیتر نە من چومەوە بۆ ئەو شارە و نە خەبەریشم لە ئەو هاوپۆلیەم بوو تا هاتمە ئوروپا و بە رێکەوت بینیم بەڵام وای پیشان نەدا کە بمناسێتەوە.

بە بیستنی هەواڵی گرتنی شاری خوێندنەکەی هەمیشەموسافیر، نیشتمان تێلی بۆ  کرد و باسی هەواڵەکەی بۆ بکات. ئەو کە شەو تا درەنگان خەریکی خوێندن بوو، هێشتا هەڵنەسابوو لەخەو.  بە دەنگی نیشتمان خەو لەسەری فڕی و وریا و خۆشحاڵ بووەوە. بەڵام خۆشحاڵییەکەی زۆری نەخایاند و زۆر زوو بە بیشتنی هەواڵەکە خەمێکی قورس جێگەی بە شادی تەنگ کرد و دڵی هەمیشەموسافیری داگرت. نیشتمان کە زانی هەواڵەکە زۆر لەسەر خۆشەویستەکەی کاریگەر بوو وتی:

ـ "نارەحەت مەبە پێم وانەبێت دەسەڵاتیان زۆر بخایێنێت. هێزە دەوڵەتیەکان وەدەریان دەنێن، جگە لەوەش خۆ زانکۆ داناخەن."

بەڵام هەمیشەموسافیر وتی:

ـ :تۆ ئەو دەعبانە ناناسیت، ئەوانە جگە لەخوێن دژی هەموو شتێکیتری ئینسانن و نایانەوێت پێشکەوتن و سەرکەوتن بە هیچ چەشنێکی بوونی ببێت. ئەوان دەیانەوێت بە خوێن جۆگەیێک ساز بکەن کە ئەمڕۆ وەسڵ بکات بە رۆژگاری موحەمەدەوە. سێبەریان وەک ئاڵایان و دڵیان رەشە و جگە لە مردن چیتر لە سێبەریاندا ناروێت. بۆیە نامەوێت چیتر بیر لە خوێندنی ئەوشارە بکەمەوە. تۆ پێت وابێت بابت رازی بێت بۆمان جارێکیت هەوڵی لەگەڵ بدەین؟"

ـ "نا من بابی خۆم بناسم تا دڵنیا نەبێت لە ژیانی ئابوری تۆ قەت ئامادە نابێت بۆ قبوڵی ئەم هاوسەریەی من و تۆ."

ـ کە وابێت باشترە من بیر لە ئیش و کارێک بکەمەوە خۆ جارێ خوێندن قوڕی پێدا دراوە و زانکۆکان لە زۆربەی شارەکان داخراون. هەوڵ ئەدەم پێوەندی بە یەکێک لە هاورێکانمەوە بکەم کە لە شارێکی گەورەدا دەژین و ئەوێش ئارامترە لە شوێنەکانی تر، بزانم دەتوانێت ئیشێکم بۆ بدۆزێتەوە."

ترس تا دەهات گەورەتر و هیوا  و رووناکی ئاسۆ بچوکتر و تاریکتر دەبوون. ئیتر ترس شاراوە نەبوو نەک  هەر لە لای هەمیشەموسافیر، بەڵکو بابی ئەویش و هەموو دوکاندارەکان و خەڵکی شار بە ئاشکرایی ترسی داهاتوی نادیار دایگرتوون. ئێستا کەس لە کاتی لە ماڵ دەرکەوتندا بە تەمای گەڕاننەوە نییە و هەموو دیدارەکان وەک دوادیدار دێنە ئەژمار. خەندەکان جێگەی خۆیان داوەتە گرژی و توڕەیی. بەڵام ترس و خەفەتی هەمیشە موسافیر دەڵێی لە جنسێکی ترە، رەنگە ترس و ئاستی ترس و خەفەتی ئەم خەستتر بێت. ئەم تەنیا لە شەڕ و کوشتن ناترسێت، بەڵکو چڕی و دەمارگری ئاینی بۆ ئەم مەترسیدارترە. هەرچی دیواری ئایین و ئایینزاکان بەرزتر و ئاشکراتر بکرێنەوە مەترسی نەگەیشتنی ئەو بە نیشتمانەکەی پتر دەبێت. ئێستا هەموو رۆژێ دەیان کەس لە وڵاتدا تەنیا لەبەر ئایین و دین و بڕوایان دەکوژرێن بەبێ ئەوەی تاوانێکیان کردبێت. هەمیشە موسافیر ئاگای لە هەموو ئەم ئاڵۆزیانە هەیە.

 

کاتی سەفەرێکیتر هات و نیشتمان خەفەت دایگرتەوە. ئەو هەمیشە لەسەفەر و رێگا دەترسا. دەیگوت رێگاکان هۆی جوداییەکانن. کە ملی رێگات گرت ناچار بەشێک لە خۆشەویستی و خۆشەویشتییەکانت جێ دێڵیت. رێگا دووری دێنێت. هەمیشە دەیگوت خۆزگا رێگا قەت نەبووایە. هەمیشەموسافیریش لەم کاتانەدا هەمیشە دەیگوت هەر ئەم رێگانە جارێکیتر دەمانباتەوە لای یەک. هەمیشەموسافیر دەیگوت دووری هیچ نییە گرینگ دڵە کە لەلای تۆیە. هەر چەن هەمیشەموسافیر ئەمجارە زۆرتر دلی نیشتمانی دەداوە و دەیگوت لەوانەیە کە ئەمە دوایین سەفەری بێ تۆ بێت، بە زوودی دێمەوە بە کۆڵێ دیاری و هەواڵی نوێ و دڵێکی خۆشەوە  دەیزانی بۆ کاری خێر دەچێت و دەکرێت ئاکامی ئەم سەفەرە  کۆتایی هێنان بە چاوەڕوانی چەندین ساڵەیان بێت بەڵام بەڵام لە قوڵایی دڵیدا لە شوێنێک کە تەنیا هەستی پێدەکرێت و هۆ و دەلیل نایبڕێت جۆرە ترسێک دەیهەژاند کە قەت پێشتر هەستی پێ نەکردبوو.هەراسێک دەیویست باڵ بەسەر هیوادا بکێشێت.    

گەڕان بۆ بابەت