ما 5629 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بوونێکی پارادوکساڵ

شۆڕشگێڕی وڵاتانی جیهانی سێهەم بە گشتی بوونەوەرەکانی نێوان دوو جەمسەری یەکجار دوور لەیەک و جاری وایە دژبەیەکن: یەکەم، جەمسەری خۆشویستنی بێ پایان و بێ سنوری ئەوەی باوەڕیان پێیەتی و دووهەم جەمسەری رقی بێ پایان و ئەستوور لەوەی لەمپەر و دژیانە، تەنانەت لەوەیش وا رەقیبیانە.

 

 

شۆڕشگێڕی جیهانی سێهەم حەزی لە توندوتیژییە، ئەگەرچی بەردەوام دەڵێ کە بەسەریدا سەپێندراوە، بەڵام بۆ ئەوەی ناڕاستیی ئەم گوتەیە دەرکەوێ، تەنیا پێویستە لە شێوازی گوتار و هەست و هەڵچوونەکانی لە کاتی دوواندا بنواڕی! یاخود لەو کاتەدا بەرامبەر نەک دوژمن، بەڵکو رەقیبی خۆی دەبێتەوە. هەروەها، ئەو کاتەی کە بەڵێنە وەک جاران دەسەڵاتی نەمێنێ و جێگرێکی بۆ پەیدا بووبێ. ئەو لەم کاتانەیشدا رێک لە دەروونناسیی سەردەمی شەڕی خۆی لە دژی دوژمنەکەی کەڵک وەردەگرێ!

شۆڕشگێڕی جیهانی سێهەم، هەموو پرینسیپەکانی وەک ئازادیی رادەربڕین، دیمۆکراسی، مافی مرۆڤ و هتد، وەک ئامراز دەبینێ، نەک وەک ئامانج. ئەمانە ئامرازی بەدەسەڵات گەیشتنی ئەون و بەس. لەمە بەدەر، خەترن و جێگای بەدگومانی.

بێ هۆ نیە وڵاتانی جیهانی سێهەم بە گشتی لە بازنەیەکی بەتاڵی دووپاتبوونەوەدا دێن و دەچن و سوڕدەخۆن. هەر کامەیشیان بە ناوێکەوە دێت، بە بێ ئەوەی ناوەکە زۆر لە ناوەڕۆکیان بگۆڕێ. شۆڕشگێڕی جیهانی سێهەم پێش ئەوەی کێشەی دوژمنی هەبێ، کێشەی کلتوریی هەیە، کێشەی راوەستانی بڕوای شۆڕشگێڕی لە سەر رۆح و کلتوری پاوانخوازانە و کۆنسێرفاتیڤ.   

سایتی قەڵەم

 

٢١ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت