ما 7267 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ترۆریزم ترۆپکی ئێکستریمیزم

"بێرتراند راسێل" دەڵێت کێشەی گەورەی دونیای ئێمە ئەوەیە ئینسانە نەزانەکان زۆر دڵنیا و بێگومانن لە شتی خۆیان و کەسانی زاناش پڕن لە دوو دڵی و لە گومان.

 

کە دەڕوانینە دونیای واقێع و کردەوەی توندرەوانەی مرۆڤە نەزانەکان، دەبینین رێک دەمانگەیەنێتە باوەڕ بەو قسەیەی راسل کە توندڕەوەی و ئێکسترێمیزم جگە لە نەزانی و گەوجی شتێکیتر لە پشتیدا نیە. لەبەر ئەوەی کە ئەگەر ئینسان  نەزان نەبێت ناتوانێت قەت ئەوەندە دڵنیا لە بۆچوون و هەڵسەنگاندن و روانگەی خۆی بێت کە هەموو بەرانبەرەکانی و دونیای دەوروبەری بە هەڵە بزانێت و تەنیا خۆی وەها بە راست و بەرحەق هەست بکات کە ئامادە بێت زۆر بە ئاسانی دەست بداتە لەناوبردنیان، یان ئەوەندە بێگومان و دڵنیا بێت لە زانستی خۆی کە ئامادە بێت ژیانێک تەنیا یەکجار پێت دەبەخشرێت بیکەیتە فیدای باوڕێک کە دەتوانێت پاش کورتە ماوەیێک بیرلێکردنەوە بە هەڵە بناسرێت و بەتەواوەتی دژیشی بوەستیت.

لە بابەتێکدا بە زبانی سویدی کە لە ماڵپەرێکدا بە نێوی "تێبیودنینگ" دەوترێ بەراستی ئێکسترێمیزم خاڵێکی باش و بەسودی تێدایە بۆ ئەوانەی کە لە دەرووندا پڕن لە ر‌ق و توڕەیی لە مرۆڤەکان و بەم شێوەیە دەتوانن بەرانبەرەکانیان بە دوژمن بزانن و لەم رێگاوە هەمیشە کەس یان کەسانێک دەبن کە دوژمنی ئەوان بن و ئیتر هەموو خراپە و شەڕ و ناحەزیی دونیا دەدەنە پاڵ دوژمنەکەیان و هۆی شکست و سەرنەکەوتنەکانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی ئەوان و دەڵێن ئەگەر ئەوان نەبونایە ئێمە وەها نەدەبووین. بۆیە هەوڵ دەدەن توڕەیی و غەزەبی خۆیان بەسەر ئەواندا بەو بیانوە بڕێژن. بەم بۆچوون و روانگەیەوە ئەو کەسە دەبێتە مرۆڤێکی توندئاژۆ.

 

نەزانی و توندئاژۆیی لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە هەڵگرتنی چاویلکەی ئایین، دەبێتە داعش و ئەلقاعیدە و جبهە النصرە و...هتد، لە وڵاتانی رۆژائاواشدا دەبێتە راسیزم و رەگەزپەرەستی کە لە هەردووکیاندا دەگەینە ترۆریزم و کوشتن و خۆ تەقاندنەوە. ئەمەیش جگە لە نەزانین هیچیتر ناتوانێت ئەو دڵنیاییەیان تێدا دروست بکات کە هەم خۆیان و هەم کەسانیتر بۆ باوەڕ و روانگەکەیان کە دروستکراوی دەستی سەرکردەکانیانە بکوژن و، خوێنی خۆیان و کەسانیتربرێژن.

 

سایتی قەڵەم

٢٨ ئۆکتۆبری ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت