ما 3509 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

چیرۆک و مانا

چیرۆک، تەنیا گێڕانەوە نیە، تەنیا بەسەرکردنەوەی رووداوەکان نیە، بەڵکو مانادانە یاخود پەیداکردنەوەی ماناکانە لە کاتی بەسەرکردنەوەی رووداوەکان و لە کاتی گێڕانەوەیاندا.

 

 

ژیان پڕە لە بەسەرهات و لەو رووداوە گچکە و گەورانەی کە بە پڕتاو دێن و دەڕۆن. جاری وایە وەک چۆمێکی ئارام و جاری وایە وەک دەریایەکی خرۆشان. ئەوان وەها مرۆڤ لە ناو خۆیاندا نوقم دەکەن و وەها بە خۆیانەوە سەرقاڵی دەکەن کە مرۆڤ لە بیری دەکا خەریکی ژیان بەسەربردن لە ناو ئەواندایە. بەڵام سەرئەنجام رۆژێک دێ مرۆڤ لە رێگای چیرۆکەوە هەوڵ دەدا لە ناو رووداوەکاندا راوەستێ و بەم راوەستانە، ئەو مانایانە بدۆزێتەوە یاخود پێیان ببەخشێتەوە کە کاتی خۆی دەرفەتی بیرکردنەوەی نەبووە لە سەریان.

کەواتە چیرۆک مانایە. رێک وەک زانست و فەلسەفە. مانایەک لە رێگای گێڕانەوەوە و لە رێگای هەڵوێستەکردنێکی دوواتر لە سەر ئەوەی لەوەپێش روویداوە. راوەستانە لە شوێنێک لە داهاتوودا بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێ بۆ لاکردنەوە و تێڕوانین لە رابردوو.

بەڵام جاری وایە ئەم هاوکێشەیە پێچەوانە دەبێتەوە. واتە چیرۆک دەبێ بە دیتنی رووداوەکانی داهاتوو لە رێگای گێڕانەوەوە. گێڕانەوەیەکی فەنتازیانە کە رەنگە تەنیا لە ماناکاندا هاوبەش بێت لە گەڵ داهاتوو، نەک لە خودی وردەکارییەکانی رووداوەکاندا.

چیرۆک، پەلکێشانی مرۆڤە لە هەنووکەدا بەرەو رابردوو و بەرەو داهاتوو بۆ دۆزینەوەی مانا. مانایەکی ئەدەبی. مانایەک کە پەیوەندێکی نزیکیشی هەیە لە گەڵ هەستەکان. وەها لە گەڵ ماناکان، مرۆڤ دەتوانێ بگری دەتوانێ پێبکەنێ و دەتوانێ سارد و سڕ بێت وەک کاتی رووبەڕوو بوونەوەی لە گەڵ مانای زانستی.

سایتی قەڵەم

 

٣٠ ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ 

گەڕان بۆ بابەت