ما 2411 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دیموکراسیی نەخۆش

کە باسی دیموکراسی دەکرێت پێش هەموو شتێک هەلبژاردنی ئازاد و ئازادی بەیان و سەربەخۆبوونی دەزگای دادوەری و دەوریان لە دەسەڵات لە مێشکی ئاگاداران و دیموکراسی ناساندا قوت دەبێتەوە. نەبوون یان سست بوونی هەرکام لەمانە نەک هەر دیموکراسی نوقسان دەکات، بەڵکو دەکرێت بڵێین کە مەترسیداریشی دەکات.

 

 

میدیای ئازاد کە لە چوارچیوەی ئازادییەکاندا جێدەگرێت وەک چاوی کۆمەڵگا وایە و بەرپرسە لە چاوەدێری بەسەر دەسەڵاتدا و ئەرکی دەرخستن و بەرزکردنەوەی نوقسانییەکان و گەندەڵییەکانی نێۆ کۆمەڵگایە تا  لەم رێگاوە بەر بە نەخۆشکەوتنی کۆمەڵگا و توشبوونی بە دەست ڤایرۆس و باکتێریای گەندەڵی و پیشێلکاری یاسا و مافی تاک بگرێت. مارتین کیسێل، نووسەر و تۆێژەری ئاڵمانی دەڵێت "ئەگەر رۆژنامەکانی وڵاتێک پڕ بوون لە هەواڵی باش، ئەوا زیندانەکانی ئەو وڵاتە پڕە لە ئینسانی باش." بەڵام ئەم ئەرکە تەنیا کاتێک دەتوانێت بگاتە ئامانج کە مەرجە سەرەکییەکانی تری دیموکراسی لە جێی خۆیاندا بن و، ئەرکی خۆیان بە باشی بەڕێوە ببەن. یەک لەوانە کە بە مەرجی سەرەکیش دەناسرێت، بوونی مەحکەمەی سەربەخۆ و بەتوانایە کە بە بێ بەستنەوەی بە دەسەڵاتەوە بەدواداچون بۆ گەندەڵییەکان و پێشێلکاریەکان بکات بە بێ لەبەرچاوگرتنی پلە و پایە و دەسەڵاتی کەسەکان.

ئەگەر ئەم ئەرکانە و شوێنی یاسایی دەزگاکان جێگۆرکێیان تێدا بکرێت، ئەوا ئیتر میدیاکان بە وتەکەی مارتین یان تەنیا باس لە هەواڵە باشەکان دەکەن و ئینسانە باشەکان لە زینداندان، یان هەرچەندەش بنووسن و باس لە گەندەڵییەکان و پێشێلکارییەکان بکەن، تەنیا دەبێتە قسەی جوان و هیچی تریان لە دەست نایەت. هەر رێک وەک ئێستای کوردستان کە شەو و رۆژ لە میدیاکاندا قسەی باش و درکاندنی گەندەڵی و یاساشکێنی بڵاو دەبێتەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی کە خاوەنی مەحکەمەی سەربەخۆ و بەتوانا نین، تەنیا بە چەن چەپڵەی گوێگران و خوێنەرانی کۆتایی پێ دێت و زۆر جاریش نەتیجەی عەکس دەدات و خاوەن قسەکە و درکێنەری گەندەڵییەکان و ماڵدزراوەکان دەکیشرێنە مەحکەمە و سزا دەدرێن. ئەمەش یانی دیموکراسیی نەخۆش و نوقسان کە مەترسییەکانی زۆرترن لە قازانجەکانی.

سایتی قەڵەم

٧ نوڤامبێری ٢٠١٥

 

 

گەڕان بۆ بابەت