خەبات رەسووڵی

دێم بڵێـم دەی بڵێم چی... نایڵێم و هێواش بەهار لە باوەش دەکەم و دەیبەمە ژووری نووستنەکەمان و لە سەر تەختەکەی دادەنێم. سەبر تلویزیۆنەکە و لامپی ژوورەکەشم کوژاندەوە و چوومە ئاشپەزخانە و کترییەکەم وەسەر نا. پەنجەرەکەم کردەوە ویستم سیگارێک داگیرسێنم، دیتم سارا لە گۆشەیەک راوەستاوە و شانی بە دیوارەوە ناوە و چاوم لێدەکا. دەڵێم ئەوە دوا سیگارە.

 

سوور سوور دایناسۆر

 خەبات رەسووڵی

 کە زڕەی مۆبایلەکەم بێ دەنگ کرد، دیتم سارا لە سەر تەختەکە دانیشتووە و بەرەو ڕووم پێدەکەنێ.

 -ئاخری هەستای

 ـ درەنگە؟

 بە پەلە پەتووەکەم لادا و هەستامە سەر پێ. بەهار دەموچاوی وا لە باڵنجەکە چەقاندبوو، بەزەحمەت هەناسەی دەکێشا. سارا دەڵێ:

ـ دیتووتە ئەم کچەی ئێمە چۆن دەخەوێ؟

 هێواش وەرمسووڕاندە سەر پشت و لە ژووری نووستنەکەمان چوومە دەرێ. کترییەکەم لە سەر گازەکە دانا و تا کترییەکە کوڵی دەموچاوم شووشت و سفرەم ڕاخست و، قووتوویەکی بەلالیشم بۆ بەهار دانا بکوڵێ. سارا دەڵێ:

ـ لە بەلال دا بیکوڵێنن تێر ناخوات.

 تا بەهار هەستا و نانمان خوارد و سواری ماشێن بووین ئیدی تەواو درەنگ ببوو. لە نزیک فەلەکەی فەرمانداری چاوێكم لە بەهار کرد و کوتم ببوورە فریاش نەکەوتم مانتۆکەت بۆ ئوتوو بکەم. چاوی خومار کرد و سەری خوار کردەوە و کوتی قەیناکە دەتبەخشم. دەڵێم:

ـ لوتفت هەیە خانم.

 قاقا پێکەنی. لە ئاوێنەکەوە چاوم لە سەندەڵی پشتەوە کرد دیتم ساراش بزەیەکی کرد. هەستی کرد چاوی لێدەکەم رووی کردە خیابان و خۆی لە نیگام شاردەوە. تا بەهارم لە قوتابخانە دانا و گەیشتمە قوتابخانەی خۆم دە دەقە لە کاتی دەوام تێپەڕ ببوو. منداڵەکانیان ناردبووە حەوشەی قوتابخانە و هەر کەسەی بە لایەکدا ڕۆیشتبوو. یەکیانم بانگ کرد و کوتم بچۆ بیانهێنەوە ژوورێ. زەنگی دووەم لە ژووری مامۆستایان مودیر هات و کردی بە گوڕە گوڕ... مامۆستا هەیە بە کەیفی خۆی دێ. گرفتاری گرفتاری... (یەکێک لە مامۆستاکان سرتەیەکی لە گەڵ دەکات... تەسادف...) بە من چی؟... ئەو خەڵکە هەموو کێشەی خۆیان هەیە کاکە... هەستام و هاتمە دەرێ. بایەکی ساردی پاییزی لە نێو حەساری قوتابخانەدا گیری کردبوو و خۆی بە دارودیوار دادەدا. زیپی باڵتەکەم داخستوو و تا مودیر دەنگی تەواو نەبوو نەچوومەوە ژوورێ. سارا بە ددان لێوی خۆی دەگەست و پێدەکەنی. نیوەڕۆ دیسان درەنگ گەیشتمە لای بەهار. بە تەنیا لە بەر دەرکەی قوتابخانە هەڵترووشکا بوو. هۆڕنێکم بۆ لێدا. بە هەڵاتن هات و سوار بوو. تا ماڵێ لە بن گوێم هەر قسەی کرد.

ـ  خانم ئاهەنگەری ئەوڕۆ کوتی... خوداداد ئەورۆ... ئاراستە ئەورۆ... شیرین ئەورۆ..

کە ماشێنەکەم لە حەوشە ڕاگرت سەرم دینگە دینگی لێوە دەهات. بە پەلە قوتووییەکی قۆرمە سەبزیم کوڵاند و کەتەیەکم بۆ ساز کرد. گەسکێکم لە ماڵێدا، جلەکانی بەهارم ئوتوو کرد. بڕێکمان ئینگلیزی خوێند و چاییشمان خواردەو. بۆ شەوێش یارەماسیم کوڵاند و سەوزیشم بۆ چاک کرد، لە گەڵ دۆیەکی ترش. پاش شام برێک لە نێو فەیسبووک دا خولامەوە و لایک و کامێنت بازیم کرد و برێک بە هەواڵەکان حاڵم گیرا... هەر ئەوەندە.

سارا دەڵێ:

ـ بەهار خەوی لێکەوتووە نایبەیە سەر تەختەکەی؟

دەڵێ:

ـ  ئەوە کەنگێ خەوت؟

دەڵێ:

ـ تۆ هەر سەرت لە نێو ئەم مۆبایلەت دایە. ئەو فەقیرە هێندەی چاو لە کارتۆن کرد لە جێی خۆی خەوی لێ کەوت.

دێم بڵێـم دەی بڵێم چی... نایڵێم و هێواش بەهار لە باوەش دەکەم و دەیبەمە ژووری نووستنەکەمان و لە سەر تەختەکەی دادەنێم. سەبر تلویزیۆنەکە و لامپی ژوورەکەشم کوژاندەوە و چوومە ئاشپەزخانە و کترییەکەم وەسەر نا. پەنجەرەکەم کردەوە ویستم سیگارێک داگیرسێنم، دیتم سارا لە گۆشەیەک راوەستاوە و شانی بە دیوارەوە ناوە و چاوم لێدەکا. دەڵێم:

ـ ئەوە دوا سیگارە.

 دەڵی:

ـ دەزانم دوا سیگارت نییە ، بەڵام تکایە لە بەر ئەو کچەش بێ لە باڵکۆنەکە بیکێشە.

 دەڵێم:

ـ باشە بابە تۆش سیگارێکم پێ ڕەوا نابینی.

 دەڵێ:

ـ وای لێ هات.

 بزەیەک دەمگرێ. دەڵێم:

ـ نا بە چاوان ئەوە ئااا رۆیشتم.

دەچمە ژوورێ و دەست دەدەمە پەتوویەکی سەفەری و دەچمە سەر باڵکۆنەکە و سیگارەکەم دادەگیرسێنم. دەڵێ:

 ـ گازەکەت کوژاندبایەوە.

 دەڵێم:

ـ زۆر ڕاناوەستم ساردە ئێستا دەچمەوە ژوورێ.

 چاوی لە سەر دوکەڵی سیگارەکەم قفڵ بووە. دەڵێم:

ـ سەرمات نییە؟

 

 پەتووەکە بە شانم دادەدەم و دەڵێم وەرە ئەو بنە با سەرمات نەبێ. دێ و بە پێکەنینەوە جێی خۆی دەکاتەوە. هەر دووکمان چاومان لە رەشایی شەو بڕیوە. دەڵێ سەختە؟ بزەیەکی تاڵ دێتە سەر لێوم. دڵم نایە بڵێم بێ تۆ زۆر .

بازدید: 1311