ما 2428 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تیرۆریزم لە سایەی بەجیهانیبووندا

بەجیهانیبوون یان گلۆبالیزاسیۆن وەک دیاردەیەکی نوێی سەردەم لە نەوەدەکانەوە بووە جێگای سەرنج و لێکۆڵینەوە. ئەم دیاردەیە لە هەموو بوارەکانی وەک سیاسەت، ئابووری، کلتور و هتد. خۆی نیشان دەدا و جگە لەوەی دەبێتە هۆی زاڵبوونی هەندێ توخمی تایبەت، دەبێتە هۆی جۆرێک لە پلورالیسمی ناسنامەییش و بەم شێوەیە جیهان لە سنوورە باوەکانی خۆی، خۆی دەردەهاوێ.

 

 

یەکێک لەو دیاردانەی کە دەکرێ لە ژێر سایەی بەجیهانیبووندا سەرنجی بدرێتێ، شەڕە. لە سیستمی جیهانیی نوێدا بە هۆی زاڵبوونی زلهێزەکان بە سەر تەکنۆلۆژیای سەربازیدا، جۆرێکی تر لە هاوسەنگیی سەربازی دێنە ئاراوە کە تێیدا لە "هێزی میلیتاری" وەک فاکتۆرێکی بەهێز بۆ بەرەو پێش بردنی مەبەستەکان کەڵک وەردەگیردرێ. لە وەها دۆخێکدا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەم تەکنۆلۆژیایە، شەڕکردنی روودەرڕوو لە گەڵ زلهێزەکانی تر تا دێ دژوار و دژوارتر دەبێ و بۆیە کەڵک وەرگرتن لە شێواز و یاخود ئامرازەکانی تر بۆ بەرەوپێش بردنی بەرژەوەندییەکان زیاتر لە جاران دێنە ئاراوە. دیاردەیەک کە پێی دەگوترێ "شەڕی نیابەتی" proxy war ئەوەی کە لایەنێک لە جیاتی ئەو، شەڕەکە بەڕێوە دەبا. شەڕی نوێنەرایەتی.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەڕی نیابەتی ئەوەیە تێیدا هیچ یاسا و رێسایەکی شەڕ رەچاو ناکرێ و بگرە لە هەندێ حاڵەتیشدا بەو پەڕی دڵڕەقیی خۆی دەگا، وەها هەمووان دوچاری سەرسوڕمان دەبن لەو قەساوەت و بێ رەحمییەی کە بەڕێوە دەبرێ.

تیرۆریستان و تیرۆریزم یەکێک لە ئامرازەکانی شەڕی نیابەتییە، بە تایبەت کاتێک لە گەڵ ئایدیۆلۆژیای ئایینی تێکەڵ دەکرێ ئیتر شەق لە هەرچی شەرعیەتی زەوینییە دەدا و باوەڕی بە هیچ پێوانەیەی باو نامێنێ.

یەکێک لە لایەنە رەشەکانی بەجیهانیبوون، ترسناکتربوونی شەڕە لە شێوازی تیرۆریزمدا. ئەگەر مرۆڤایەتی چارەیەک بۆ ئەم کێشەیە نەدۆزێتەوە، ئەوا لە داهاتوودا دەبێ چاوەڕوانی رووداوی گەلێک ترسناکتر بین.

سایتی قەڵەم

١٧ نۆڤێمبری ٢٠١٥

 

 

گەڕان بۆ بابەت