ما 7829 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

هەتا لێدەبنەوە ئەو ئەم قسەی هەر لە دڵدایە کە گڵۆپی شەوخەوی سوور یەکێک لە ئارەزووەکانی ئەو بووە، هەر لە سەردەمی مێرمنداڵییەوە. لەو کاتەوەی بۆ یەکەم جار دڵی دایە کوڕێکی جیرانیان، ئەو کوڕەی وا هەمیشە تی شێرتێکی سووری لەبەر دەکرد. بەڵام قسەکە نادرکێنێ. دەزانێ پیاوە مێژووییەکان حەزیان بە بەدی هاتنی ئاواتەکان نیە، بە تایبەت ئاواتی ئەو، ئاواتی ژنە سۆزانییەکان.  

 

ژنە سۆزانییەکە و مرۆڤە مێژووییەکان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ژنە سۆزانییەکە لە هەر چی پیاوی شار وەڕەز ببوو و حەزی دەکرد لە گەڵ پیاوێکی بەناوبانگی ناو مێژوو سێکسی هەبێ، بەڵام نادڵنیا لەوەی کە داخۆ پارەی دەدەنێ یان نا، لە تەنیایی خۆیدا لێوی خۆی دەکرۆشتەوە و بە چاوە رەشە پڕ لە ناز و غەمزە و دڵەڕاوکێکانیەوە سەیری ئەو پەڵە هەورەیەی دەکرد وا لە نێوان باڵاخانەکانەوە بەو ئاسمانەوە کەس نەیدەزانی لە کوێوە هاتووە و، بەتەمایە بەرەو کوێ بچێ.

لە مێشکی خۆیدا هەوڵیدا هەندێ لە پیاوە مێژووییەکان بەسەربکاتەوە. بیری لە هیتلەر کردەوە. دەیزانی لە گەڵ ئەوەی خۆشەویستی هەبووە و حەزی بە لەباوەشگرتن و راموسانی کردووە، بەڵام موشکیلی دەربڕینی هەبووە. ئەوەی کە هەوڵی دەدا هەمیشە جددی و پیاوانە بێ و ژنەکەی وا تێنەگا کە ئەم پیاوە مێژووییە گەورەیی و مەزنیی خۆی لە ئاست ئەودا دۆڕاندووە. تەنانەت دووا رۆژ کاتێک هێزی سۆڤیەت لە بەرلین نزیک دەکەوێتەوە و هیتلەر نائومێدانە بڕیاری خۆکوژی دەدا، بە روخسارێکی سارد و بە دەنگێکی زبر و نیگایەکی بەتاڵەوە دەمانچەکەی دابووە دەست ژنەکەی. ژنە سۆزانییەکە بیری کردەوە پیاوە گەورە مێژووییەکان چەند سارد و زبر و بەتاڵ دەمرن.

بیری ئێرنست همینگوای ش کەوتەوە. همینگوای ژنی هەبووە، کەچی ئاشق ببوو و دوواتر هەوێنی سەرەکیی ژیانی خۆشەویستیی ئەو، ئەم ئەشقە پڕ لە خەیانەتەی بووە. ئێرنست لە هیتلەر نەدەچوو و بە تەواویی لەم بارەیەوە جیاواز بوو. شێت و شەیدای خۆشەویستەکەی بوو و دەیتوانی شێتانە لە هەر شوێنێکی وا هەستی دەبزاوت، سێکسی لە گەڵدا بکات. نەدەپرینگایەوە لە دەربڕینی هەست و سۆزی خۆی. بەڵام ئەویش،... ئەویش سەرئەنجام رۆژێک بە تفەنگەکەی لە کاتی راو، خۆی کوشت و کۆتایی بە تەمەنی خۆی هێنا. ژنە سۆزانییەکە بیری کردەوە پیاوە مێژووییەکان لە تەنیایی خۆیاندا لە ناو دارستانێکی غەریب بە دەستی ئاسنێکی سارد کۆتایی بە ژیانیان دێ. هەروەها بڕوایش ناکا همینگوای وەک هیتلەر قەت نە دەرفەت و نە حەزی ئەوەیشی هەبووبێ کە پارە بە سۆزانییەکان بدا. پیاوە مێژووییەکان ئەوەندە ژنیان بە دەورەوەیە کە پێویستیان بە لەشفرۆشەکان نەبێ.

ئاهێکی ساردی هەڵکێشا و چاوی لە پەڵە هەورەکە هەڵگرت و لە دەروونی خۆیدا بەزەیی بە پیاوە مێژووییەکاندا هاتەوە.

ـ "ئەوان چەندە گوناحن! وا قەت نەیانتوانی بە دزییەوە، شەوێک لە شەوەکانی ژیان، لە سوچێکی شەقام و کۆڵانە چۆڵەکاندا سۆز لە گەڵ سۆزانییەکان بگۆڕنەوە!"

ئارام جانتا ژنانەکەی کە لە تەنیشتیدا لە سەر زەوی کەوتبوو، هەڵگرتەوە و پەشیمان لەوەی ئەمڕۆ وەک هەمیشە هاتبووە دەرەوە و لە سەر شەقام چاوەڕوانی مشتەری مابووەوە، بەرەو ماڵەوە بەڕێ کەوتەوە. قەت ئەوەندە حەزی لە ماڵەوە نەببوو. بیری سەردەمی منداڵی کەوتەوە، کاتێک پاییزان دایکی چراعەلادینەکەی هەڵدەکرد و کتری و قۆری سەردەخست و بە چواردەوری ژوورەکەیشدا باڵنج و پشتی و رێخەری دادەنا. جاری وابوو کترییەکە وەها دەکوڵی کە  شووشەی پەنجەرەکان دەرەوەیان لێ ون دەبوو.

بەدەم رێگاوە لە پیاوەکانی دەڕوانی. هەر هەموویانی دەناسی. نەک تەنیا ناسینی روخسار، بەڵکوو جەستەیشیان. ئەو شوێنەی وا بۆ زۆر کەس رازێکە و بەس. تەنانەت دەیزانی لە کاتی سێکس دا چلۆن هەڵسوکەوت دەکەن، دەنگیان، هەناسەیان و وشە و رستەکانیان. ئەو رستانەی تەنیا لە کاتی هەڵچونێکی پڕ لە خۆشی و پڕ لە غەریزەدا خۆیان دەردەخەن و بەرگی بوون لەبەردەکەن. سەیری ئەو سیما مۆن و ناوچاو گرژانەی کرد وا لە کاتی دیکەدا لە منداڵ دەستەمۆتر دەبن. بیری کردەوە گەر بیەوێ کتێبێک لەسەر ئەمە بنووسێ، چ کتێبێک دەردەچێ. ئەم بیرە بێ قەراری کرد.

هەر کە گەیشتە ماڵەوە و خۆی گۆڕی و لە تەنیشت زۆپاکەیدا دانیشت، دیسان بیری پیاوە مێژووییەکان کەوتەوە. بە بیری تاوێ لەمەو پێشی خۆی پێکەنینی هاتێ. مێژوو مێژووە و ئەم چلۆن دەتوانێ بیگێڕێتەوە بۆ ئیستا. پیاوە مێژووییەکان بۆ هەمیشە ون بوونە، وەک کات، وەک رووداوە مێژووییەکان و وەک حەزە گەورەکان. "ئیستا"ی وەک خۆی هاتە بەرچاو، وەک ژنێکی سۆزانیی چاوەڕوان لە قەراخ جادەدا بۆ ئاڵوگۆڕی سۆز بۆ لایەک و پارە بۆ لایەکەی تر. ئەگەرچی دەزانێ کە لەشفرۆشەکان هەمیشە هەبوونە و هەمیشەیش دەبن، بەڵام هەست دەکا سۆزانییەکانی سەردەمی پیاوە مێژووییەکان هەم لە ژمارەدا و هەم لە دەرووندا جۆرێکی تر بوونە، جۆرێک بە تەواوی جیاواز لە ئیستا،... جیاواز چونکە ئەو کاتانە پیاوە مێژووییەکانیش هەبوون. کە پیاوە مێژووییەکان دێن، جا لە هەر جۆرێکیان، بە هۆی گەورەیی جەستە و ناویانەوە شەقام و کۆڵانەکان ئەوەندە بچوک دەبنەوە کە تەنیا جێگای ژمارەیەکی کەم لە سۆزانییەکان دەبێتەوە.

ـ "بێگومان گەر لەو سەردەمەدا ژیابام، رەنگە قەت چراعەلادینەکەی دایکمم لێ ون نەدەبوو،... لانیکەم من!"

بە دەم خەیاڵاتەوە خەو بردیەوە. کە خەبەری بووەوە، دونیا تاریک هەڵگەڕابوو. خواردنێکی سوکی سازکرد و پاش خواردنەوەی چایی، رادیۆکەی کردەوە. لە تەلەفزیۆن و کۆمپیوترەکەی وەڕەز بوو، وەک پیاوەکانی شار. دەرەوە، تاریکییەکی تێکەڵ بە سەمای تیشک، لە هەر جۆرێکی. جگەرەیەکی داگیرساند و هەوڵیدا بە دووکەڵەکەی، هەڵمی چراعەلادینەکەی دایکی بە سەر شووشەکاندا دروست بکاتەوە. هەوڵێکی بێسوود. دووکەڵەکە حەزی تەنیا بە سەقف بوو، بەو بەرزاییانە، وەک،... وەک پیاوە مێژووییەکان.

رادیۆکە پاش چەند گۆرانی، کەوتە سەر هەواڵەکان. گوێی راداشت. نازانێ بۆ، بەڵام ئەمجارە بە جوانی گوێی گرت. ئەوسا گوێی لە ناوە گەورەکان بوو. بیری کەوتەوە کە نا لەم سەردەمەیشدا پیاوە گەورەکان دەژین. یەک لە دووای یەک گوێی لەو ناوانە بوو وا وڵاتانیان ئیدارەدەکرد و بەڕێوەیان دەبردن، ئەو ناوانەی وا بە وشە رێگای داهاتوویان دەنەخشاند. بیری کردەوە، ئەو رەنگە ئەم ناوانەیشی بینیبێ، وەک هەموو ئەوانی تر. رۆژێک لە رۆژان لە سوچێکی تاریکی لاکۆڵان یاخود شەقام. کێ چووزانێ. شەوان، دەرەوە ئەوەندە روون نیە بتوانی هەموو رەنگ و شێوازی چرچ و حاڵەتەکان بخوێنیتەوە. بەتایبەت کاتێک ماندووی،... ماندوویی بۆنی دەم و ئارەقەی لەش و جوێنە پیسەکان. کتوپڕ هەست دەکا کە نا هیتلەری لەو کۆڵانەدا بینیوە وا کاتێک هەستایەوە چۆکەکانی گووپشیلە گرتبوونی، همینگوایش لەو کوتاڵفرۆشییەدا وا پارچە و قوماشەکانی بۆنی ناوگەڵی ژنە سۆزانییەکانیان گرتبوو. ئاە کە رقی لە پیاوە مێژووییەکانە! ئەو پیاوانەی کە دەگەنە ژێر پشتێنیان لە هەموو کەس نامێژوویی تر دەبن،... لە هەموو کەس، تەنانەت لە ئەو، لە ئەوی ئاشنای خشت بە خشتی ئەو دیوارانەی وا بەسەریاندا دانەویوەتەوە و دەستی پێوە گرتوون بۆ ئەوەی بتوانێ بەرگەی تەکانە قورس و بێ بەزەییەکان بگرێ.

بۆ سبەی ئێوارە کاتێک دەچێتەوە شوێنی هەمیشەیی خۆی، هەوڵدەدا بە چاوێکی تر لە خەڵکە لە مێژینە ئاشناکەی بڕوانێ. ئیستا دەزانێ کە نا بە راستی نایانناسێ. ئیستا دەزانێ ناسین تەنیا دیتن و گوێگرتن لە قسە بێشەرمانەکانیان نیە. ناسین شتێکە وەک خودی مێژوو، دەبێ روخسارەکان بە مێژوویانەوە بناسێ. ناسین شتێکە وەک رابردوویش، نەک تەنیا وەک ئیستا،... بەڵام چلۆن؟... چلۆن بیانناسێتەوە؟ پێکەنینی بەم بیرەی خۆی دێ. هیتلەر بوو بە مێژوو، چونکە مرد، بەڵام،...بەڵام ئەمانە،... ئەم پیاوانە هێشتا دێن و دەڕۆن،... هێشتا دەژین. تا هەیشن دەتوانن مێژوو دەستکاری بکەن. ئەوەی کە ئەوە نین خەڵکی دەیڵێن. جەستەی سارد سارد دەبێتەوە. چەندە خۆی بێ دەسەڵات دەبینێ. ئەسڵەن ئەو چی و مێژوو چی؟ بۆ خۆی بەمەوە سەرقاڵ کردووە؟ ئەوێک کە تەنیا نوقتەیەک، پنتێک لە شەقامێک داگیردەکا؟ ئەو شەقامەی رەنگە رۆژێک پیاوێکی مێژوویی پیایدا تێپەڕێ، بە بێ ئەوەی باسی ئەو نوقتەیەی تیابکرێ. شەقام وەک شەقام ناوی دەمێنێتەوە، وەک گشتییەتێک، وەک دەروازەیەکی گەورە بۆ پەڕینەوە، نەک وەک خشت بە خشتی.

ئارام سەر بەرزدەکاتەوە و هەوڵ دەدا بیرە ئاڵۆزەکان لە خۆی دووربکاتەوە. جگە لەمە بۆ ئەو چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان پیاوێکی مێژووی و پیاوێکی سادەی ناو ئەم شەقامە. هەموویان لەو کاتەدا وەک یەکن. وەک یەک منداڵ و حەیوان و شێت و پڕ لە جوڵەی سروشتی. کێ دەتوانێ جیایان بکاتەوە؟ کتوپڕ بەزەیی بە ژنی پیاوە مێژووییەکاندا دێتەوە. ئەو بێچارانە نەیاندەزانی کە پیاوەکانیان تەنیا لە کاتی سێکس دا مێژوویی نەبوون و بەس. ئەو ژنانەی تەنیا دڵیان بە ناو خۆش بووە و بەس. ئەو ژنانەی گەر پیاوە مێژووییەکان سێکسیان لە گەڵ نەکردبان، قەت شوویان پێنەدەکردن و نەدەبوونە هاوسەریان.

پیاوێک کە رەنگە یەکێک لە پیاوە مێژووییەکانی سەردەم بێت لێی نزیک دەکەوێتەوە. پیاوەکە هەوڵدەدا خۆی بشارێتەوە. بە دەنگی نەوی قسەدەکا، پێی دەڵێ بۆ نەچن لەو تاریکییەدا مامەڵە بکەن، پێی دەڵێ تاریکی ئەمینترین شوێنی جیهانە. پێی دەڵێ تاریکی یەکێک لە سەرچاوە ئیلهام ئامێزەکانی شاعیرانە. دەڵێ لە تاریکیدا جەستەی ژن لووسترە، عەیبەکانی ون دەبێ. دەڵێ لەخۆوە نیە گڵۆپی شەوخەویان دروست کردووە،... گڵۆپێک بە تیشکێکی سووری کزەوە. سۆزانییەکە چەندە بە دڵ بە قسەی دەکا. دڵنیایە ئەم پیاوە یەکێک لەوانە،.. لە پیاوە مێژووییەکان. بۆنی ئۆتکلۆنە گرانەکەی تا ئەو سەر شەقام دەگا.

هەتا لێدەبنەوە ئەو ئەم قسەی هەر لە دڵدایە کە گڵۆپی شەوخەوی سوور یەکێک لە ئارەزووەکانی ئەو بووە، هەر لە سەردەمی مێرمنداڵییەوە. لەو کاتەوەی بۆ یەکەم جار دڵی دایە کوڕێکی جیرانیان، ئەو کوڕەی وا هەمیشە تی شێرتێکی سووری لەبەر دەکرد. بەڵام قسەکە نادرکێنێ. دەزانێ پیاوە مێژووییەکان حەزیان بە بەدی هاتنی ئاواتەکان نیە، بە تایبەت ئاواتی ئەو، ئاواتی ژنە سۆزانییەکان.  

 

 

گەڕان بۆ بابەت