ما 8189 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاشم عەلی وەیسی 

هەناسە رۆحانییەکانی بابا تاهیر 
رازێکە و بەم دێڕانەوە لە چڕین دەمئاڵێنێ
لەم بێباکییەت دا
سەیمەرەی لەکستانی و 
لەم بوێریەتدا مانیشتی ئیلام و 
چیا سەرکەش و جەستە گڕ تێبەربووەکانی 
زاگرۆسی لوڕستانمی
لۆری لۆری ئەی چریکە دانەمرکاوەکەی ئاگری
 

 

هەناسەی دڕدۆنگی رۆحێکی شەکەت


هاشم عەلی وەیسی 


بۆ: سەی خەلیل عالی نژاد
لێی گەڕێن بەم هەوارەدا رێبوارێک 
بە خەیاڵدانی مەتەرێزی دیرۆکەوە 
لاپەڕەکان بە سرتەی دەم زێی زێوانەوە ئاوس دەکات
دەخورپێنێ بە پێاسەکانی رۆحێکی بوێری دەم رەشەبای 
روناهی ناو ئاگردانە لە گڕ کەوتووەکانی بەردەم چرپەی مێژوودا
زایەڵەیەک دەزریکێنێ لە رووبەری ئاوەدانی دا 
دەبارێ و بە لاوانەوەی شەقامەکانی فرانکفۆرت 
زریکەیەکی رۆژهەڵاتییانە دەزریکێنێ
لە چیمان دەترسێنی ئەی لە خۆت دا داماوی دەم رزیوی نامۆیی
شوومییەک بەم بنارەدا هەڵزنا و ژیاری رووی جڤاکی 
بە دەم مۆڕەی عابا و شوومی ئایەتەکان 
لە پێدەشتی هۆرە و چەمەری و سیاوچەمانە
بە سیاییاماندا رۆ دەچێ و 
سترانی سروشی سیاییمانە
کەی دەگەڕێیتەوە و سەرێک لە رەز و رەزەوان و 
بناری شاخە دامرکاوەکان لە مەستی و سەوداسەری دەدەی
زەردە سوارەکەی سەوداسەری ساز و تەموورەی لە بێر چێندراوی
رەگە گڕداگرتووەکەی گاماسیابی نیشتمان
سەرخۆشانە بە دەم لوورەتەوە لە دڵی شەوگار دەدەم و 
لەم بێدەنگییە دا شەق بوونی شەوگاری زیزێتی بێ وارییمە
هەناسە رۆحانییەکانی بابا تاهیر 
رازێکە و بەم دێڕانەوە لە چڕین دەمئاڵێنێ
لەم بێباکییەت دا
سەیمەرەی لەکستانی و 
لەم بوێریەتدا مانیشتی ئیلام و 
چیا سەرکەش و جەستە گڕ تێبەربووەکانی 
زاگرۆسی لوڕستانمی
لۆری لۆری ئەی چریکە دانەمرکاوەکەی ئاگری 
ئەم مەڵبەندە بە راستینەی سووتان و قەقنەس بوون راهاتووە
جەبار و قەهارەکانی بیابان
پاڵتۆ درێژانی ١٤ سەدە تاریکی 
ساڵگارێکە لە بنەوە مەڵبەندی ساسان و یارسانیان 
داگرتووە و چرپەی ئەم چریکەیە دێت و دێت و ...
لە دوایین زایەڵەدا دەقاسپێنێ بە گوێی بەردەوامی دا
رەش لە رەنگی عابا درێژ و بیابانە ئاونەدیتووەکانیان
نە لە دەنگی مێلۆدی رۆحی تۆ گەیشتن
بە سەمای کوێرانەی سەدەکان و ئایەتەکان 
بەندی بەندایەتی و کوێلە بوونیان بە خۆیانەوە بەند کرد
بگەڕێوە و لەم زنارەدا سەرێک لە یارانی داڵاهۆ 
یاری و مەستی و باوەکان بدەرەوە
هەی باوان.....

 

تێبینی: زەردەسوار مەبەست شاخوەشینە کە لە سەدەی پانسەدی کۆچی دا لە ناوچەکای لەک نشین و لوڕستان ژیاوە و لە پیرانی یارسان بووە و مامۆستای پیرشالیار و باباتاهیر و پیر خزر و ... بووە، ناسناوی زەردە سواریش لە بەر ئەوە بە شاخوەشین دراوە کە ئەسپێکی زردی بووە کە زۆری خۆش ویستووە.

گەڕان بۆ بابەت