ما 5828 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نوێنەری ترۆپک

شیعری هێمن، شیعری سەردەمی هومێد و شۆڕش لە بەستێنی ژیانی ناو گوند و سروشت و شاخ لە کاتی ئۆتۆریتەی چەپ لە هەموو جیهان بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە. هێمن بە تێکەڵ کردنی وەستایانەی ئەشقی ژن و نیشتمان و جێگۆڕکێیان لە ناو شیعردا فەزایەکی وەها رۆمانسی و شۆڕشگێڕانە دەخوڵقێنێ کە بە گوێگرتنی تەنیا جوانییە لە دەروونماندا سەررێژ دەکا.

 

بەڵام ئەم سەردەمە ئێمەی تێدا دەژین، تایبەتمەندییەکانی کامانەن؟ لە کاتێکدا کۆمەڵگای کوردستان لە زۆرینەی خۆیدا شارنشین بووە و فەزای ئارامی گوند و سروشت و شاخ جێگەی خۆی بە قەرەباڵغی و خێرایی و دەسەڵاتی پوڵ و سامان و ژیان بەسەربردن لە گەڵ وێنە جیهانییەکان لە رێگای ئینتەرنێت و راگەیەنێرەکانەوە داوە، شێوازی شیعری هێمن ئیدی بەستێنی خۆی لە دەست داوە.

لە وەها دۆخێکدا شیعر بەرەو قۆناغێکی تر چووە. ئیتر تێکەڵ کردنی ئەشقی ژن و نیشتمان نەک تەنیا وەک جاران بزوێنەر نیە، بەڵکو زۆر جاران دەکرێ خودی ئەم ئیشقانە بخرێنە بەر گومانەوە. ئیتر شیعر نەک بۆ سەلماندنی هەندێ ئایدیای هەمیشەیی نیە، بەڵکو بۆ نواندنەوەی دونیا و بەستێنێکە کە تێیدا ئایدیاکان خزۆک و بگۆڕ و زۆر جاران خۆبەدەستەوە نەدەرن.

بۆ ئەوەی لە هێمن تێبگەین (رێک وەک نەوەکانی پێشوو) دەبێ هەوڵ بدەین لە بەستێنە مێژوویەکەی هێمن بگەین، ئەو بەستێنەی گەر بە تەواوی بزر نەبووبێ، بەڵام بووە بە بەشێکی پەراوێز. هەڵبەت ئەمە بە مانای پەراوێزبوونی شیعری هێمن نیە، بەڵکو بە مانای ئەوەیە هێمن دەکرێ یەکێک لە باشترین نوێنەرەکانی سەردەمی خۆی بووبێ. نوێنەرێکی ترۆپک.

 

سایتی قەڵەم

 

٣٠ نۆڤێمبری ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت