هاوڕێ  نەهرۆ

دەتوانم بڵێم لەم قوناغە ئێمە شاهیدی شورشی فەرەهەنگی و تەکنۆلۆژیین و دونیا بوەتە گوندێکی بچکوڵانە لە رووی کومونیکەیشن و ماس میدیاوە، ئەم قوناغە هاوتای گومانی میتافیزیکی یە، گومان لە رابردوو، گومان لە میژوو، گومان لە فەلسەفە،... هومانیستەکانی نەرویج لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن دەبێ بەشێوەیەکی رێژەیی سەیری زانست بکەین.

 

لە نێوان وەهمی ئایدیالیستی و راستی رەهاو گومان دا

هاوڕێ  نەهرۆ

لێرەدا من باس لە سێ قوناغ دەکەم کە لە نێوان وەهمی ئایدیالیستی وراستی رەهاو گوماندا کایەی کردووە، قوناغی یەکەم قوناغی سەرهەڵدانی ئاینەکانە کەبریتی یە لە وەهمی ئایدیالیستی، وەهمێک کە هۆش ئەخاتە پێش ماتریالەوە لەم قوناغە ئینسانەکان روو لەقەدەری نادیار و نەزانراو دەکەن، هەموو گرفتەکانیان چاوەروانی دەستێکی سیحر ئامێز ئەکا بە مەبەستی چارەسەرکردنیان گەرچی ئاینەکان بۆ نموونە ئیسلام لە رێگای زەکات و سەرفترەوە ریفورمی ئابوری داهێناوە، باسی لە چاککردنی ژیانی ئەم دنیا کردووە بەشیوەیەکی ریفورمخوازانە گەرچی ناهەقی تیایە دژ بەمافی ئافرەت و مافی سەردەمیانەی مرۆڤ بەڵام لە پاڵ ئەمەش دا زۆر دەرگا هەیە وەک لەوح مەحفوز نابێ لێ بدرێ بە هۆی ئەوەی سەرنەویشت پێشتر وێنا کراوە، لێرەدا ئینسانەکان بروایان بە قەزاو قەدەرە بروایان بە بەهشت و دوزەخە، تەنانەت لای مەسیحیەکان رۆژێک دا دێ عیسی زیندوو دەبێتەوە دونیا چاک دەکاتەوە لای شیعەکانیش ئیمام مەهدی دەردەکەوێ!

دواتر لەگەڵ ریسانسی ئەوروپا مرۆڤایەتی چووە قوناغێکی دیکەوە ئەویش قوناغی داهێنانی زانستی و هەقیقەتی رەها بوو، لێرەدا دەبێ ئاماژە بە نیوتن و ئینشتاین و داروین و فروید بکەین کە چ شورشێکی مەزنیان پێک هینا لە بواری زانستی فیزیاو سروشت و رەوانشناسی! زیاتر لەوان دەبێ ئاوەر بدەینەوە بۆ فەیلەسوفێک وەک مارکس لە بواری کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی، مارکس پەردەی لەسەر قوناغی سەرمایەداری هەڵماڵی و زیدەبایی نووسی، مارکس تەنها جیهانە سەرمایەداریەکەی کەشف نەکرد بەڵکو رێگای گۆرینی خستە بەردەستی پرولیتاریا، دەشێ بگوتری لەم قوناغە راستیەکان رەها بوون، ماتریالیزمی دیالیکتیکی و میژوویی دوو راستی رەها بوون، لێرەدا گومان لە زانست و فەلسەفە نە ئەکرا تەنانەت مارکس لەبەرگی یەکەمی فەلسەفەکەی روو بەرووی دەسەڵاتی خوداوەند دەبێتەوە کاتێ کە دەڵێ ئەگەر خودا گەورەو مەزنە با دوو کۆی دوو نەکاتە چوار، لەم قوناغە گومان نەبوو شورشی سوسیالیستی شارێگایەک بوو بە هەزارەها روڵەی میللەتان گیانی خۆیان لە پێناو ئامانجەکانیا بەخشی، تەنانەت کەسایەتی وەک تروتسکی و جیفارە پەیدابوون بروایان بە شورشی هەمیشەیی هەبوو نەک تەنیا لە یەک وڵات یان وڵاتی خۆیان بەڵکو لە تێکرای وڵاتان و بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی، ئەم بیرکردنەوەیە دونیای دابەش کرد بەسەر دوو سەربازگا یەکێکیان رەوایەتی و هەقیقەتی رەهای لا بوو ئەوی دیکەیان نارەوا بوو و سەرئەنجام دەبوایە سەرنگوم بکرێ!

لەم قوناغە دونیا دابەش بوو بەسەر دوو رەنگی سەرەکی رەش و سپی وهەقیقەت و ناهەقیقەت، کایەی گومانیان بۆ هیچ بوارێک نەهێشتبووەوە، سەردەم سەردەمی ئاتەئیستی بوو لایەنی کەم لای هەوادارانی سوسیالیستی!

کەواتە لێرەدا دوو قوناغمان بەشێوەیەکی سەرەتایی باس کرد، قوناغی وەهمی ئایدیالیستی ئاینی و قوناغی دووەم ماتریالی و راستی رەها، قوناغی سێیەم کە دەمانەوێ زیاتر لێ بدوێن کە پەیوەستە بەم روژگارەوە، قوناغی گومانی میتافیزیکی یە، ئەم قوناغە دیاری دەستی گڵوبالیزمە تەنانەت یەکیتی شورەوی کە مەڵبەندی ئاتەئیستی بوو، خەڵکەکەی وەرچەرخا بەرەو کلیساو خوا پەرەستی جگە لەوان لەسەر ئاستی جیهان پەیرەوانی مەزهەنی ئەگنوتیستی (نازانم) سەری هەڵدا لەبەر ئەوەی لە یاسای ئەمریکا نابێ خەڵک بڵێ ئاتیستم!

دەتوانم بڵێم لەم قوناغە ئێمە شاهیدی شورشی فەرەهەنگی و تەکنۆلۆژیین و دونیا بوەتە گوندێکی بچکوڵانە لە رووی کومونیکەیشن و ماس میدیاوە، ئەم قوناغە هاوتای گومانی میتافیزیکی یە، گومان لە رابردوو، گومان لە میژوو، گومان لە فەلسەفە، گومان لە داروین، گومان لە فروید، تەنانەت هومانیستەکانی نەرویج لە بەیاننامەکەیان دەڵێن دەبێ بەشێوەیەکی رێژەیی سەیری زانست و زانیاری بکەین، کەواتە هومانیستی و لیبراڵی بەشێکن لە خوڵقێنەری ئەم وەهم و گومانانەی سەردەم بەشێوەیەکی میتافیزیکی، شایانی باسە لە بواری ئەدەب رەواج درا بە نووسینی دوو نووسەری جیهانی  کە ئەوانیش (پاولۆ کویلهو) و (دان براون) بوون  تەنیا لەبەر ئەوەی بەرهەمی ئەم دوو نووسەرە وەک رومان کە دواتر کراوەتە فیلمی جیهانی باس لە لایەنی روحی ئینسان و قەدەری تاک لە کۆمەڵگا بەشیوەیەکی میتافیزیکی و نادیار، ئەم دوو نووسەرە دەیانەوێ بەهای فیکری و کۆمەڵایەتی ئاین بەشێوەیەکی مودرین بگەرێننەوە نێو کۆمەلگا.

کەواتە گڵوباڵیزم کە نوینەری لیبرالیزمی جیهانی و بازاری ئازادە رێگای خوشکرد جارێکی تر گومانی میتافیزیکی لای بەشێکی بەرچاوی روشنبیران و نووسەران سەرهەڵبدا.

ئەم گومانەی گڵوباڵیزم و گەرانەوەی بروای خەڵک بە میتافیزیکا لە لایەک گەرانەوەی ئیعتبارە بۆ ئاینەکان لە لایەکی دیکەوە وەک کایەکی زانستی و پاراسایکۆلۆژی مردم لە ئەوروپا مامەڵەی لەگەڵ دەکا.

داهێنانی ئەم گومانە لای تاک و کۆمەڵگا بۆ ئەوەیە رێگایەکی بن بەست لە پێش تەوژمی رادیکالیزمی شورشگیری بەرجەستە بکەن، شایانی باسە ئەم گومانە هاوشانە لەگەڵ ریفورمی ئابوری و دابین کردنی بیمەی بێکاری تا وەکو ناوەندێکی نارەزایی بێکار دروست نە بێ و ببێتە هێزێکی کۆمەڵایەتی مەترسی دار و هەرەشە لە بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان بکا.

تەنانەت گومان لە دیکارتیش دەکەن کە دەڵێ من بیردەکەمەوە کەواتە من هەم. لە رێگای ئەم گومانەوە دەیانەوێ خەڵکی (مستهلک) دروست بکەن کە تا مردن بە چارەنووسی خۆ رازی بێ.

                                                        

 

                                                          ٨ /  ١٢ / ٢٠١٥

بازدید: 1036