فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

پەیامەکە تەواو ناکا، رادەوەستێ. هەڵەیەک لە ئارادایە. بیردەکاتەوە ئەم وێنانە هی ئەون، تەنیا هی ئەو. ئەو مافی ئەوەی نییە لە گەڵ کەسی تر دابەشیان کا. کەسی تر،... نا نا! راوەستە! ئەم،... ئەم وێنانە تەنانەت هی ئەویش نین، ئەوان تەنیا هی خۆیانن و بەس، ئەو ناتوانێ لە گەڵ خۆیشی دابەشیان کا. بە یەک کلیک هەموو رستەکە دەشواتەوە.

 

 

کۆڵانی تێلێگرام

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵانی ساڵە نە بینیویەتی و نە دواندوویەتی. تەنیا لەم و لەو لێی بیستبوو. دایکی بۆی باس کردبوو ئەم کاتێک رۆیشتبوو هاتبوو بۆ سەردان. پاش کەمێک دانیشتن بە کڕ و ماتی، هەستابوو و رۆیشتبوو. پاشان رێک لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا لە نێوان دەرگای سەر شەقام و دەرگای ژوورەوەدا، راوەستابوو و دابوویە پڕمەی گریان. دایکی گێڕابوویەوە کە چۆلەکەکانی ناو باغەکە هەر هەموویان دەوریان دابوو و هەوڵیان دابوو ژیری بکەنەوە. واشە هەمیشەییەکەیش بڕیاری دابوو تا ژیربوونەوەی ئەو، کاری بە سەر چۆلەکە پاسارییەکانەوە نەبێ و لەو دووانیوەڕۆ گەرمەی هاویندا جارێکە لە بن میچی بانی دووکانەکانی ئەو بەری جادەکەدا بحەسێتەوە و چاوەڕوانی گەڕانەوەی دووبارەی ژیان بێ بۆ درێژەدان بە راوەکانی. هەڵبەت دەبێ ئەوەیش بڵێین لەو رۆژەوە گریانی چۆلەکەکان هەر بەردەوامە و واشەکەیش بەردەوام چاوەڕوان.

بەڵام ئەمشەو دەرفەت رەخسابوو،... لە دووای ساڵانی ساڵ کتوپڕ لە سەر موبایلەکەی پەیامێک هاتبوو کە کردبووی بە هاوڕێی مەجازیی هاوڕێ کۆنەکەی! پەنجەی لە خۆشیانا و لە هەژمەتی تێزانی خوێنی زۆر لە روخساری، لە سەر سەفحەی تەلەفۆنەکە دەلەرزی. ئەوەندەی پێ نەچوو یەکەم پەیام لە سەر تێلێگرام پەیدا بوو و هات. سڵاوێکی وەک جاران. شتێک قورگی گرت،... گوشی.

ـ "سڵاو گیانە، چۆنی چۆن بە قوربان؟"

ئەم دەستی ئەگەرچی لە سەر پیتەکانە، بەڵام لێی وندەبن. خەیاڵی لە شوێنێکی ترە، شوێنێک وەک دۆزینەوەی جوانترین وشە و رستەکان،... پەنجەکان دەخشێن و دەخشێن. دواتر تەنیا ئەمانە لە دایک دەبن:

ـ "سڵاو... گیان، تۆ چۆنی؟"

رقی لە پەنجەکانی خۆیەتی،... رقی لە پەرتەوازەیی خەیاڵ و بیرەکانیەتی. لە مێژە پێی وایە هەر ئەم پەرتەوازەییە بوو گەیاندییە ئێرە. رستەکان و وشەکان دێن و دەچن. لە گەڵ خۆیان وەها رابردوو دێننەوە، کە دەڵێی هەر ئێستاکە لە ناویدا دانیشتووە. هەموو شتێک وەک ئەو ساڵانە. بۆنەکان وەها بەهێزن کە حەز دەکا چاو بقونجێنێ بۆ ئەوەی دەورووبەری لێی نەشێوێنن. رابردوو خەریکە کتومت وەک خۆی، وەک جاران قەد و باڵا دەکا و هەموو دونیای هەنووکەیی ئەو دەگرێتەوە.

چەند بەم حاڵە دەگوزەرێ، نازانێ. چەند خولەکێک، چەند سەعاتێک،.... نازانێ. ئەوسا نۆرەی وێنەکان دێ. وێنەکانی ئیستای ئەوێ. وێنەی روخساری هاوڕێکەی بە ردێنە سپییەکەیەوە. دڵی دەگوشرێ. چاو دەقونجێنێ و دەیەوێ روخسارەکە وەک جاران بێنێتە بەرچاوی خۆی، بە مووە رەشەکانەوە. ئاه، رەنگی سپی چەند مەوداکان فراوانتر دەکاتەوە لەوەی کە هەیە. ئەمیش چەند وێنەیەک دەنێرێ، بەڵام زۆر نا. ئێرە بۆ هاوڕێکەی شتێکی ئەوتۆی پێ نیە، ئێرە بۆ ئەویش غەریبە، بەڵام وێنەی ئەوێ شتێکی ترە. رستەیەکی تر لە هاوڕێکەیەوە دێتەوە:

ـ  "دەمزانی کاتێکی خۆی خەریکی شتێ بووی، دەمزانی.هههه!"

ئەوسا وێنەی پێکەنینێکی دەستکرد.

ئەم بیری شتەکە دەکاتەوە. باشە خەریکی چی بوو؟ ئەها، هاتەوە بیری. بزەیەکی دێ. جاری وابوو ئەویشی خستبووە ناوەوە بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێ. نازانێ ئیستاکە رقی لە خۆی بێ یان نا، چۆن ئیزنی بە خۆی دابوو بە بێ ئەوەی پێی بڵێ خستبوویە ناو گەمەی ئاگرەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا دڵی بۆ ئەو کاتانە ئەوەندەی تر تەنگتر دەبێ. لە وەڵامدا بۆی دەنووسێ:   

ـ "قوربانی پێزانینەکەت بم!..."

بیری لە ویژدان کردەوە. ویژدانی ئەو کاتی خۆی، وەک کوڕێکی گەنجی پڕ لە هیوا دەهاتە بەرچاو کە جەهەننەم لە ژێر قاچەکانیدا خەریکی گیاندان بوو و بەهەشت کەمێک لەولاترەوە بە دەمییەوە پێدەکەنی، رێک وەک کچێکی شۆخ و شەنگی دڵ تەڕ و ئاشق.

کتوپڕ وێنەی کچێکی جوانی چەکدار کە لە سەر بەردێک راوەستابوو و ئاسمانی شین بە سەر سەریەوە شەبەقی دەدایەوە، لە سەر سەفحەی موبایلەکەی دەردەکەوێ. بە بینینی وێنەکە واقی وڕدەمێنێ. بیر دەکاتەوە بۆ تفەنگ؟ ئیستا کەی کاتی ئەوەیە. بە پەلە پەنجەکانی دەکەونەوە گەڕ.

ـ  "تکایە وێنەی چەکدارم بۆ مەنێرە، وێنەی کۆڵان،.... کۆڵانەکە!"

ـ  "مەبەستم چەکەکەی نەبوو!"

سەیری کچەکە دەکا. یەکجار جوان و شۆخ و شەنگە. دەڵێی تیشکی هەتاو بە شەپۆلی گەورە و خرۆشانەوە بە دەوریدا لەسەمادایە."

ـ  "ئا، وێنەیەک رێک لەو هەتاوە، بەڵام لە شوێنێکی تر."

تا ماوەیەک چاتکردن رادەوەستێ. ئەم چاوەڕوان دەمێنێتەوە. کتوپڕ پەیامێکی تر دێت:

ـ  "دەبێ ببوری ئیستا نیمە، بەڵام،... بەڵام بۆت دەگرم، شەرت بێ بۆتی بگرم،... هەڵبەت گەر لێرە بایتایە و تەنیا جارێک بەو کۆڵانەدا تێپەڕایتایە، وەها نەدەما،.... ههههه!"

ـ  "کۆڵانی قەدیم، کۆڵانی هاوڕێیەتی."

ـ  "وەک وتم دیارە مەبەستم چەک نەبوو، مەبەستم...."

ـ  "کۆڵانی جاران، کۆڵانی مرۆڤەکانی جاران، بۆنە قەدیمییەکان."

ـ  "ئیستا لام نییە، بەڵام بە چاوان!"

ـ  "کۆڵانی پاکی و یەکبوون و سادەیی و سەرەتاکان،... من..."

ـ دەزانی خانووەکەی ئێمە، ئەو خانووەی بەر براگەورەکەم کەوت، ئیستا ئەو پارەیە ناکات. خانووەکە کوڵنگییە، بێ تان و پۆیەکی پتەوە،... هی چل ساڵ لەمەوبەرە، هههه!"

ـ  "کۆڵانی دایکت و باوکت کاتێک بە ئیشقەوە لەم سەر تا ئەو سەر، لێیەوە لە دونیایان دەڕوانی."

ـ  "خەڵک گەر بیانەوێ بیکڕن تەنیا پارە بە زەمینەکەی دەدەن، نەک بە خانووەکە، خودی خانووەکە هیچ ناکا،... هیچ هیچ!"

ـ  "کۆڵانی منداڵی و وێنەکانی ناوی بەفری حەوشەکەی پشتەوە."

ـ  "لە کۆتاییدا من قازانجم کرد، ئیستا گەڕەکەکەی من خۆشتر و پڕ رەونقترە. ئەوێ هی خانووە قەدیمییەکە باشە چونکە لە ناو شار نزیکە، ئەگینا هیچ نیە هیچ، هههه!"

ـ  "کۆڵانی عەتری جەستەی دایکم، کاتێک پێیدا تێدەپەڕی بۆ ماڵی باوکی."

ـ  "دوێ شەو لە باخەکەی رەحیمە کۆڵ بووین، وێنەکانت بۆ دەنێرم دوواتر، تا بەیانی خواردمانەوە و گۆرانیمان وت. ئەو هەتیوە رەحیم هەر زۆر خۆشە،... زۆر، هههه!"

ـ  "کۆڵانی زەردەواڵەکانی پێوەدان و راکردنی منداڵان لە گەرمای هاویندا."

ـ  "وێنەکەم نارد. ئەوەی ناوەڕاست خۆمم،... چۆنم ها؟ ئیستا ویدیویەکیشت بۆ دەنێرم،.... راوەستە!"

ـ  "کۆڵانی بۆنی میزی بەر گەرمای هەتاوی هاوین، کۆڵانی دانیشتنی شەوانەی بەر دەرگا."

ـ  "ویدیۆکەیشم نارد، بزانە دەنگم خۆشە. کوڕە ئەوەندەم خواردبووەوە کە بۆ خۆیشم نەمدەزانی چی دەخوێنم و چی دەڵێم، هههه!"

سەیری وێنەکە دەکا. دووانەکەی تریش کەمکەم دەناسێتەوە. دڵی ئەوەندەی تر دەگوشرێ.

ـ "باخی هەیە باخ، ئەم وێنەیە لەوێ کێشراوە. دەزانی باخەکەی لە کوێیە؟ رێک لەو شوێنەی کاتی خۆی هلیکۆپترەکە تەقەی لێکردن، ئەها هەڵەهاتین بۆ دێهات لە ترسی شەڕی ناو شار؟... خوار ئەوێیشەوە گۆمەکەیە، گۆمە تەنوران، ئەها هەمیشە مەلەمان تیادەکرد؟ کوڕە ئەوەندە دەوڵەمەند بووە ئەو هەتیوە هەر مەپرسە!"

ئەم کە هوروژمی وێنەکان بە توش سەرگێژەوەی کردوون، لێدانی دڵی وەها ئارام و کز هەڵدەگەڕێ کە هەست دەکا دەبێ هەستێ و بچێ پەنجەرەکە بکاتەوە. بەو سەرمایە تایەکی پەنجەرەکە دەکاتەوە و چەند هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەمژێ. سییەکانی دەکرێنەوە. زستان دەڵێی بەرەو ژیان پاڵی پێوە دەنێتەوە. ماوەیەک لە تاریکایی دەرەوە رادەمێنێ و پاشان دەچێ دادەنیشێتەوە. ئارامترە. پەنجەکانی لە سەر سەفحەکە دێن و دەچنەوە بێ ئەوەی شتێک بنووسنەوە. حەزدەکا دیسان بنووسێتەوە کۆڵان،... کۆڵانەکە، بەڵام پەشیمان دەبێتەوە. کتوپڕ خۆی زۆر گەوج و منداڵ دێتە بەرچاو. مرۆڤێک کە بە ئاسانی هەڵدەچێ و هەستەکانی لە گەڵ خۆی دەیبەن. مەگەر ئەو بیست ساڵ لەمەوبەر، لە دووای تێپەڕینی دوو ساڵ بە سەر سەفەرەکەیدا وەعد و بەڵێنی بە خۆی نەدابوو کە لەم بارەیەوە سارد و دڵ رەق بێت و ئیتر خۆی نەداتە دەست هەڵچوونەکانی.

ـ "ویدیوکەت کردەوە؟... گوێت لێگرت؟... دەنگم خۆشە؟ هههه!"

بیر لە کۆڵانەکە دەکاتەوە، بیر لە هاوڕێی ناو تێلێگرامەکەی.

ـ "چ دەبوو تەنیا بیرەوەریی ئێمە لە یەکتر تەنیا لە ناو کۆڵانەکانی تێلێگرام بایە!... کۆڵانێکی بێ بۆن، بێ سەرەتا و بێ کۆتایی، بێ هەتاو و بێ عەتری دایک، بێ ...،"

تا ماوەیەکی چاک پەیام نایەت. ئەزموونی چاتکردن پێی دەڵێ راوەستێ. پاوسەکان جاری وایە نەخوازراوانەن. رادەوستێ. سەرئەنجام نووسینێک دێ. پەیامەکە، وێنەیەکی رەش و سپیی کۆنی دایک و باوکی هاوڕێکەیەتی لە بەر دەرگای خۆیاندا لە هەمان کۆڵاندا. کتوپڕ وەها دەروونی پڕدەبێتەوە لە کۆڵان، کە هەناسەی سواردەبێتەوە و چاوەکانی تەڕ هەڵدەگەڕێن. ئەمجارە بە بێ ئەوەی هەستێتە سەرپێ، دەنووسێ:

ـ  "کٶلانی ژیان،... کۆڵانی پاسکیل سوارییەکانی سەرەتای زستان و کۆڵانی ئێوارەی دووا رۆژ،... دووا رۆژ،... بۆ هەمیشە!...

پەیامەکە تەواو ناکا، رادەوەستێ. هەڵەیەک لە ئارادایە. بیردەکاتەوە ئەم وێنانە هی ئەون، تەنیا هی ئەو. ئەو مافی ئەوەی نییە لە گەڵ کەسی تر دابەشیان کا. کەسی تر،... نا نا! راوەستە! ئەم،... ئەم وێنانە تەنانەت هی ئەویش نین، ئەوان تەنیا هی خۆیانن و بەس، ئەو ناتوانێ لە گەڵ خۆیشی دابەشیان کا.

بە یەک کلیک هەموو رستەکە دەشواتەوە.

 

 

 

 

 

 

بازدید: 1181