ما 1687 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

نەژاد عزیز سورمێ

نیشتمان ئەوە نەبوو / لە چیرۆکێکی کورتمان نووسییەوە  /بە داخەوە، /جارێکی دیش بەداخەوە /نیشتمان خاچێکی ئاسنین دەرچوو / لە شەڕ، لە مەرگمان زیاتر لێ نەدی  /بەداخەوە، سەت هەزار جار بەداخەوە /نیشتمان  /(سەیرانگای بەهاران) نەبوو.

 

کەویە بەفرەکانی دۆزەخ

 

نەژاد عزیز سورمێ

 

 

من هەمیشە خەون بەوە دەبینم

باڵم هەبن، لەگەڵ تۆدا بە ئاسماندا بفڕم

بەڵام تۆ هەردەم بیر لەوە دەکەیەوە

جێم بهێڵی و بە تەنێ خۆت هەڵدەیە دۆزەخ

                                بۆچی؟

وی هیوی

لە ڕۆمانی - شەنگهای بیبی- دا

 

(1)

شەرەنگیان

لە پیاڵەیەکی زێڕ پێ نۆشیم.

چاوە مەستەکان دەسخەڵەتیان دام.

چاوە مەستەکان کەمەندیان

لە مل نا، لە دڵ کردم.

چاوە مەستەکان کوشتمیان.

(2)

سیماکان ون بوون،

کەس نازانێ کەوتوونە کوێ...

ئەوەی هەیە ماسکە.

ئەوەی دیارە ماسکە.

دەتەوێ ماسکە،

ناتەوێ ماسک.س

(3)

بەسەر ئەژنۆدا کەوتبوو،

یەکەم جارە

ژنان ببینم

لەباتی فرمێسک

مرواری ببارێنن.

(4)

کلیلی دەرگا داخراوەکان

لای بووکی زەریایان نییە.

بە بەهاری خەواڵوو و

هاوینی پێخواسیش نییە.

کلیلی دەرگاکان

کلیلی ئەفسانە و داستانان

بە ئافرەت و منداڵانی شنگالە

کە سەتان ساڵە ڕادەکەن.

(5)

ئەوە وەختێک بوو

مەسیحیان لە خاچ دەدا

ئێستا منداڵان مەسیحن..

(6)

وڵاتێکم

لە خەوندا دی

بە سەدای دەف

خۆری لێ هەڵدەهات

بە سەمای ژنان لێی ئاوا دەبوو

وڵاتێکی خۆش و ئاوەدان بوو

بەڵام خەون بوو.

(7)

ئەو خوداوەندانەی

هەمیشە بێدەنگیان کردووین

نزا و هاواریان پێ کپ کردووین،

ئێستا لە شەقامی

پایتەختە بە ژاوە ژاوەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا

سواڵ دەکەن.

(8)

پاسارییەک بەخشکەیی

لێم نزیک دەبووەوە

پاساری مەرگ بوو

پێڕانەگەیشتم بزانم بۆچی هاتووە.

(9)

مۆسیقای سپێدە لە کوێ بێنم

کە زەردە لە سەرانەو

من هێشتا نەنووستووم؟

(10)

بە ڕێیەکدا دەڕۆیشتم

لە تابلۆیەکی ئەبستراکت دەچوو،

ئەندێشە

تاوگیری

ڕەهایەتی

ژیان سەیرە!

سەیرە ژیان

بە ڕێیەکدا بڕۆی

لە تابلۆیەکی ئەبستراکت بچێ.

(11)

سەمای سەحەر

کە لە نیوەی پیاڵەیەکی پڕ،

لە تارای بووکی نوور دەچێ،

ژیان

بە گەردی بەیانییەوە دەخەمڵێنێ

هیوا نزیک دەکاتەوە.

(12)

ئەو عەترەی لەخۆت داوە

بۆنی ناکەم، دەیبینم..

(13)

پەڵەیەک بە دامێنی چیاوەیە

هەیە دەڵێ

تۆ تەماشا شاخیش

ڕوومەتی تاوگەز دەبێ.

هەیە بە برینێکی قەتماخگرتووی

دەچوێنێ!

بەڵام پەڵە،

نە گۆنای تاوگەزە

نە برینی قەتماخگرتوو

دەوەنێکە

لە شایی سەرچاوەکانی لووتکەوە

هەوری ڕاخستووە و

بارانی بەخۆیدا داوە.

(14)

کە وەژوور کەوت

چایخانە مۆر بوو

باڵایەک، نەخشی خوا

کارتی دەبەشییەوە..

دوای ڕۆیشتنی

تا چەند ڕۆژێ

سێبەری باڵای

بەسەر کورسی و دیواری چایخانەدا مابووەوە..

چایخانە هەر مۆر دەچووەوە.

(15)

ئەی شازادەی

نیشتمانی ئاییندەمان،

نیشتیمانی

بێداربوونەوەی گوڵە شین و سپییەکان..!

تکایە شتێک بکە!

هەستە موچڕکپۆشە، سڕمەززەبە، نازانمگەراکان

لە بەهاربەندی ویژداندا دەرنەچن.

(16)

گوێی ئەو دوورگانە چەند سافن

دەڵێی سەدای خەرەندانن

ڕۆشنایی دەبینن

ڕەنگ لە یەکدی دەکەنەوە

ڕەنگ بەیەکتر دەدەنەوە!!

(17)

یاری بە جەستە

لە چاو ترووکانێکدا دەردەکەوێ.

یاری بە هەست،

سەدەیەکی پێ دەچێ.

(18)

ئێستا تێگەیشتم

پەیبردن

بۆچی نیشانەی بەدبەختییە

تێگەیشتم ئێوارەی تەمەن

بۆ لاڵە

دڵت بەرد ئاسا

کانگەی سۆز و نەرمییە

ئێستا تێگەیشتم.

(19)

تۆ بیر لە ژەهری جەستە

لە لێوارە بەلەنجەکانی لەزەت،

دەکەیەوە..

تۆ بیر لە من ناکەیەوە.

(20)

ڕۆژگاری وەرزە داراکان،

ئەو وەرزانەی

بە زەردەخەنەیەک دەژیان

ڕۆیشتن...

ناگەڕێنەوە...

(21)

بەختەوەرە

ئەو نەوەیە، بەختەوەرە

لە نهێنی جەستەو

باری گرانی ڕۆژگار دەگا.

ئەو نەوەیە

بەختەوەرە

هەر کات بیەوێ

جێژوانی دەست دەکەوێ.

(22)

نیوە مردوو بووم

لە بەینی چاڵ و ماڵاندا مابوومەوە،

گوێم لێ بوو

ئاوازێک

لە ناوەڕاستی دارستانێکی چڕدا

لە غەفڵەتی پاسەواندا

بە دیواری سینەمدا هەڵدەگەڕا

دەخزایە دەمارە ماندووەکانم.

(23)

منیش ئەگەر

هەڵەشەیی و ڕەنگکوێری و هەڵپەییم

لەدەستدا بووایە

سنوورێکم بۆ هێرشی چۆلپەرستان دادەنا

ئەگەر دڵم

بەڕاستی لە سنگمدا بووایە

نەمدەهێشت ژنان یاری پێ بکەن.

(24)

نیشتمان ئەوە نەبوو

لە چیرۆکێکی کورتمان نووسییەوە.

بە داخەوە،

جارێکی دیش بەداخەوە

نیشتمان خاچێکی ئاسنین دەرچوو

لە شەڕ، لە مەرگمان زیاتر لێ نەدی..

بەداخەوە، سەت هەزار جار بەداخەوە

نیشتمان

(سەیرانگای بەهاران..) نەبوو.

(25)

ئەوەی خوێندمەوە هەڵوەری.

ئەوەی بینیم،

بەداوای لێبوردنەوە درۆ دەرچوو

ئێستا قەڵەمیش

ئیلهام لە بادەی شەراب و

چاوغایەنی و شەوبەکێویدا هەڵدێنجێ..

دونیا هەمووی

بووە بە شانۆییەکی وەڕسکەر.

(26)

باران نییە

تاوێکی لەو ڕەنگە گەرمیش نییە..

من ئەو چەترەم بۆ هەڵگرتووە?

بەخێر بێی سەرەتای شێتیەتی!

(27)

وریابە!

ئەوەندە ڕوومەدە با

باران شەوانی گۆشەگیریت

ڕووناک دەکاتەوە.

زۆرمان بۆ با کرد

لە ڕەشکردنەوەی بەفرو

بەلاداهێنانی دەرختان

چی دیکەی بۆ نەکردین.

(28)

خەم نیشانەی نییە

هەیبووایە

نامەردان

ئەویشیان

بە پڕۆژە کورتهێنەرەکانیان

دادەپۆشی..

نەیاندەهێشت دەربکەوێ..

ئەوە ڕاست نییە

مرۆڤ تا هەتایێ نامێنێ!

وابووایە

ئەو ماوە کورتەی ژیانمان

ئاسوودە بەڕێ دەکرد.

(29)

قەسیدەیەک

وەک کۆڵسترۆڵی بەد

لە دەمارەکانمدا گیر بووە

نازانم کەی دەمکوژێ.

(30)

هەرچی ڕەنگی دونیا هەیە

بە پەتێکەوە هەڵدراونەتە ئاسمان

ئێستا زانیم

ئاسمان بۆچی

جوانی جارانی نەماوە.

(31)

لە باوەش گرتنی بەدەر

ئێمە،

چ دەتوانین

لەگەڵ پەیکانی شکانەوە بکەین?

(32)

ئەو هەناسانەی

لەم تابلۆیەدا نمایش کراون

بەڕادەیەک تەنگن

ئێستاش نەبێ

تاوێکی دی لە چوارچێوە دێنە دەرێ.

(33)

کە سەرپشکیان کردی

دیاریەک وەربگری;

گیای بناران

کەفی شەپۆلان

نەمامی کەنار..

(34)

ترس دەچێتە دڵی واڵاوە

ئەوەی بیەوێ،

ئازاد بژی

نابێ دڵی بۆ ترس بکاتەوە.

(35)

ساوی دیوارە بەردینەکان

ژوانی نهال و پەنا و پەسیوان

نۆستالیژیای برینانە.

 

(36)

ئەو خانمە سپیپۆشەم

وەک چرای زەمانێ دێتە بەرچاو

کە ئێستا ڕوەتی بۆ گەڕاوەتەوە..

خانەی خەفەت و

شیبای بەهەڕمێنی

سەردەمی کارخانەچییانە.

(37)

کۆتر فڕی ئیتر...

دەست لە چۆک وەرێنان

چ سوود?

(38)

پێک هەڵدان دەبێ

پێش،

تێکشکانی خۆشەویستی بێ.

(39)

لە پەنجەرەڕا

مانگ

خاڵێکی سپییە

بە تەوێڵی زەوییەکی دی ڕەشی

خاڵ خاڵەوە..

(40)

لە ژوانێکی ئافرێنەر

کە پێک دەگەین و

خۆمان بە بەختیارییەوە

پیس دەکەین

ترسی گومانکاران

دەبێتە هەوری هاوینان.

(41)

من کۆلاژ دروست دەکەم

کۆلاژ، هونەری پاڵاوتەو

سوختەی دیدارئاخر بوون..

حیکایەتە لەناو چوو و

هێشتا نەهاتووەکان دەگێڕمەوە..

ئەوە خەونی منە;

درەخت بۆنیان هەبێ

وەرزەکان پێبکەنن،

باران ئاهەنگ لە شکارتان بگێڕێ..

ئەوە خەونی منە،

خەمتان لێ نەخۆم..

خەمتان نەدەمێ..

خەونێکی چۆنە??

(42)

کە زەنگی تەلەفۆنەکەم لێ دەدا،

دڵم دادەخورپێ..

ئەوە چ کسپەیەکە،

چ بەڵایەکە خودایە

بۆ عەبدی خۆتت ناردووە?

(43)

ڕەشەبای

لەقژی تۆوە هەڵدەکا،

بە هێمنییەکی نەدیتراوەوە دامدەپۆشێ.

من ئادەمییەکی بە سەبرم

دەنا ڕەشەبا و

هێمنییان گوتووە?

(44)

موچڕکی جەستەت،

لە موچڕکی کاتی

شیعر نووسین دەچێ.

(45)

کوێریش بین

چیمان پێ نەکرێ

ئەوە دەتوانین

هەرچی تاریکی دونیا هەیە

بەناوی خۆمان بکەین.

با چاو ساغەکانیش

بە ڕووناکی کوێر بن.

(46)

کە منداڵ بووین

بەوە دارا بووین

دوو دارمان لێ دیار بوو.

ئێستا لە تافی ئازادیدا

لە مۆڵ و

دیواری شووشەبەند و

وایەری تێکچڕژاوی

موەلیدان زیاتر نابینین.

(47)

ویستم قەسیدەیەک

لە بارەی تینیوویەتییەوە بنووسم

سەیرە

هەموو شتێکم بەبیردا هات

ئاو نەبێ!

(48)

خەونم دی

لە دارستانێکی نزیک (وایت هاوس)

لە پاڵ ئافرەتێکی ئەمریکاییدا بووم،

هەموو پرسیارەکانمان وەڵام دایەوە..

لەگەڵ ئەوەشدا

چەندی کردم،

نەیویست بمناسێ!!

(49)

ژنێک

بیر لە پیاوێکی

پرچ زەردی چاوشین دەکاتەوە.

پیاوێک

بیر لە

ژنێکی قژ ڕەشی ئەسمەر!!

(50)

من بە دێڕێک پێت دەڵێم:

لێوەکانت ژیان و مەرگم لەبیر دەبەنەوە.

(51)

ئاگرێکی چوار گۆشەمان بۆ پێ کراوە

لە پاژنەی ژنێک دەچێ..

وێنەی ئەو شارانەی

شەو و ڕۆژیان تێدا نییە

ئەو بە وی دی هەڵدەکا

شەقام دەیداتە دەست شەقام.

(52)

شارستانییەت،

واتە ئاشتی.

لە منداڵی

ئەوەیان

بە بەرەواژی تێگەیاندین.

(53)

ئێمە دەنگی

ئاهەنگ و شاییمان

دەگاتە ئاسمانان...

لێ کۆترمان

لە بنمیچان دەگمێنێ!

(54)

ئێوارەیەکی نائاسایی بوو

پیاسەم بە جەستەدا دەکرد;

بە گەردندا شۆڕبوومەوە...

تا ئەو کاتە نەمزانیبوو

گەردن خەرەندێکی ئەوەندە تووشە

بەرەو باخچەی هەناران

خلۆرم دەکاتەوە

بە دۆڵی هات و نەهاتم دادەدا.

(55)

تا چاو ماندوو دەبێ،

لە مەستیت دەڕوانم..

مەستی لە پۆلی مەرگە

سنووری هەیە..

شیعر سنووری نییە.

(56)

لە قوربانگەڕا

شکۆفە سەربڕاوەکان

بەسەر چڵی درەختەکانی بەر پەرستگاوە

دەبینم..

تێیان ناگەم..

نازانم چین..

نازانم بۆ?

نازانم سەربڕ

لە قشلاخەوە هاتوون،

یا ئێلاخ?

لێ دەزانم نیشانەیەکی سپی نییە..

من نەموتووە ژیان خۆش نییە

بەڵام کوا?

(57)

با ئەوە بە نهێنی بمێنێتەوە

چۆن و لە چ کاتێکدا دەنووسم

ئەوەندە دەڵێم،

هەمیشە ئەو مێرگانەی

بە پێخواسی

پێیاندا ڕۆیشتووم

بۆنی بەهەشتیان لێ هاتووە.

(58)

جەستەی ماندووم

وێنەی گەڵای پاییزان

بە پشە بایەک هەڵدەوەرێ..!

ئێوە بیرتان لەوە کردووەتەوە

جەستە بە با هەڵبوەرێ?

(59)

کە مناڵ بووم

گوێم لە مۆسیقا نەدەبوو..

دەنگی ئەو گوللانەی

شەڕ لەسەریان چاندبووم

نەیاندەهێشت..

ئەوسا

ئەگەر گوللەیش نەبا

لەبەر نەوای کچی سروشت

کەس مۆسیقای لە یاد نەبوو.

(60)

سروشتخوازان نووستوون

بە پاکی بمێنەوە ئەی خاک!

ئەی دوا ئومێد!

سروشتخوازان

بەزمگەیان پێ بەرنادرێ

بە پاکی بمێنەوە

ئەی خاک!

(61)

پێی لە دڵم ناوە...

لەبەر هەوای خۆی

ئاگای لێ نییە.

(62)

مەرگ، لە زستانێکی تووشدا

بە کۆنە پاڵتۆیەکەوە هاتبوو

تەنیا یەک قۆپچەی پێوە مابوو..

ئەی (مەرگ)ی ڕووتەڵە، مەرگی هەژار

ئێمە ڕۆژانە

سەتانی وەک تۆ

بە تەواوی ئەناقەت و

پاڵتۆی نوێی ئوتووکراوەوە

سەردانمان دەکەن.

(63)

دوێنێ شەو

کێ بوو

گوڵاوپژێنی کردم؟

دوێنێ شەو، کە مردبووم

کێ لە خەوی ئەبەدی

بێداری کردمەوە و

دڵی بە من خۆش کرد؟

(64)

لە سەفەری هات و نەهاتەوە

گەڕابووەوە..

ماندوو... شەکەت

لێ ئومێد ون نا

تاجە ئەسترییەکیان لەسەرنا!

ئای لە وەفای مرۆڤ

لە دونیای غەددار.

(65)

بەسەر هەوری شینەوە

نامۆ، غەریب

ژیانی بەڕێ کرد..

لەبەر سێبەران

بەیانی بە ئێوارە و

ئێوارەی بە شەو سپارد..

حسابی بۆ سەراب

بۆ باران نەکرد کە شانی دەکوتا

لەگەڵ ئەوەشا

با بەزەیی بەدرەختان نەهاتەوە.

(66)

ئەمشەو

تابلۆیەکی (حەمید جەمال)م هەڵواسی

کە هەر ئەو شەوە پێشکێشی کردبووم

لەو تابلۆیەدا بۆم دەرکەوت;

ڕەنگە زۆرجار

شەفەق و بوولێڵ

گوڵ و خوێن

ڕەنگ لە تابلۆیان وەربگرن.

(67)

دڵم لە دارستانە چڕەکاندا ون کرد،

کە نەمدیون..

دڵم لە شارە گەورەکاندا لێ دزرا

کە سەردانیانم نەکردوون.

دڵم لە ئاگرە دامرکاوەکان

لە بەفرە هەڵایساوەکان

لە باخچە بەردراوەکان و بانیژە لەرزۆکەکان

لە بن باڵی زەرنەقووتە بێ دەسەڵاتەکان

لە چاوی بێ سەری خوێنەران

بوژایەوە..

(68)

دڵێک لەدەستەی شووشە..

شەوقێکی تاریک..

تارماییەکی ڕەش;

وەنەوزێک لەسەر سنگی تۆ بردمییەوە

شەوق وەک خۆی لێ هاتەوە

تارمایی، ئێستاش نازانم

چۆن ون بوون.

(69)

ناپرسم

ئەو شینایەتییە غەریبە،

کە نە لە هەور دەچێ،

نە دەریا.. چییە?

دەزانم

گریانی بەکوڵی باو

ڕامانی دەروێشانەی عارفانە

ئادگاری ڕۆحم پێ دەناسێنن.

(70)

چرا بە فرمێسک کوژابوونەوە

ئاپۆرایەک،

دەوری جەنازەیەکیان داوە

مێژوو و جوغرافیای

لە قومارخانەیەک دۆڕاندووە

 

(71)

چۆلەکەیەک هێللانەی

لەسەر زرێپۆشێکی شکاودا چێ کردبوو

بێچووەکانی

لە باتی پەڕ

تیخیان دابوو.

(72)

وێنەی بارانێکی نەرم

بە پرچیدا هاتمە خوار

ئەو چاوە پڕ لە بوغز و ئێرەییانە

بۆچی لێم ورد بوونەتەوە؟

من ڕەهێڵە نەبووم، باران بووم

ئەو شەپۆلە شێتانە

بۆ بەو هەشتاوییە بەرەو من دێن؟

(73)

تەنێ مانگ مابوو

لە پەنجەرەوە شادی

پێ دەبەخشیم

ئەفسووس

ئەویش

ئەویش هەر شەوێک بوو

چیدی نەهاتەوە.

(74)

دواجار

ئەوەشم بینی

دڕک لە ترسان

خۆیان لەناو گوڵاندا بشارنەوە!

(75)

بتوانم

بە هەموو تینم

خەنجەرێک لە تەکنەلۆژیا دەوەشێنم

کە ناهێڵێ تاوێ

نان و ئاوێکی ئاسوودە بخۆین..

(76)

بۆ کوێ دەچی؟

بۆ کوێ دەچی خانەگەردان؟

تۆ چڵێکی،

نە ڕەگت ماون نە ڕیشە

بۆ کوێ دەچی

بەردکێشی زەمانی دەقنەنووس؟

(77)

سەمای ناو بەردەڵان

لە مۆسیقای دۆزەخ دەچێ،

کە ئاهەنگی خلۆربوونەوە و وێککەوتنیان

نەخشەی دوا بوومەلەرزەی فەنابوون

لە ئاسماناندا دەکێشێ.

(78)

ئەوەی بە هونەر ناسراوە.. نایناسین

ئەوەی شیعرە نایناسین

ئەوەی بە شێتایەتی ناو دەبرێ و

نەمان دیوە

هیچی دی نموودی نییە

شتەکان هەمووی لە درۆدا هەڵکێشراون.

(79)

کێ دەڵێ بەردی ئەو ڕەوەزە

بەدەیان قەسیدەی لەبن نییە؟

بە چ دەلیلێک

ئەو ڕێگایە دەگاتە جێ؟

(80)

چ مەرگێکی جوان بوو

مەرگی ئالان;

ئەو منداڵەی

بە هیوای پایسکلێک

دەریای تەی کرد..

پاشان

ڕێکەوت وابوو

لە باوەشی فریشتاندا

خەوی لێ کەوت

هەر لە باوەشی فریشتانیشدا

زۆری نەبرد

ئالانی بچکۆلانە پیر بوو

ئیتر پایسکلی لەبیر چووەوە

چ مەرگێکی جوان بوو

مەرگی ئالانی پیر بە منداڵی

مەرگی ئالانی منداڵ بەپیری

چ خەوێکی جوان بوو

خەوی ئالان

جوان پڕ بە باڵای قەسیدەیەک

کە هێشتا نەنووسراوەو

قەتیش نانووسرێ.

جوان بە قەد، کرێتی و درێژدادڕی

کۆبوونەوە بێزارکەرەکانی (سازان)

جوان بەقەد،

ناشیرینی هێزی ئەمەریکای بەدبەخت!

(81)

نازانم

بۆچی شەو

بەخۆی و

خەنجەری هەڵکێشراوی

لە کۆڵم نابێتەوە؟

کەسێ نییە پێی بڵێ؟

کەس نییە بەشەو بڵێ

بۆ واز لەو پیاوە ناهێنی؟

تۆ خۆت بە چی دەزانی!

ئێستا زەمەنی

زۆر لەتۆ

تاریکتر و دوورتر و ئەستوورتر

پەیدابوون.

(82)

پێکەوە بووین

پێکەوە ئاگرمان لە خوداوەند دزی..

شەتاوی کوێستانانمان

پێکەوە خواردەوە..

چی بوو؟

چی ڕووی دا؟

شنەی درەوشانەوە

شەبەنگی ناوەختی تاریکی؟

(83)

شنگال ئاسمانێکە

لەسەر چیاوە،

ئەستێرەی ڕەنگاو ڕەنگ بەسەر دونیادا بەردەداتەوە

لە نەخشی مافوور دەچن..

شنگال بزەی بۆ خەرمانمان گەڕاندەوە.

شنگال

نیشتمانی

بەبێ نیشتیمانان بەخشی.

(84)

کۆبانێ

ڕووبارێکی شێتە

بەخوڕ

بەناو قەدی چیاکانمانەوە تێدەپەڕێ..

کۆبانێ ڕووبارێکی شێتە

هەوری هەموو دونیای لەکۆڵە

ترسی هەموو دونیای،

لە کەناری سەوزیدا هەڵگرتووە.

ڕۆژانە

بە شەباقەی سنگی کچانی چاوگەشی

کە لە گوڵی سەرەتای بەهار دەچن،

دۆزەخ پێشانی

مەرگهێنەران دەدەن

کۆبانێ

پەلکەزێڕینەی ناوەختی نیشتمانم

گەردێکە لە خۆری مەحاڵ..

چرپەیەکە لە قووڵایی دەریادا.. کۆبانێ.

(85)

لەژێر کەڤڕێکدا بوو

لە چەند پەڵەخوێنێکم زیاتر

لێ دیار نەبوو

وێنەی چیم بگرتبووایە؟

(86)

کە ڕۆیشتین

چەشنی مینایەکی شکاو دەڕۆین

پاشان;

پاکەوانێک

بێدەنگ

بێ باس

بێ هەواڵ

کۆمان دەکاتەوە..

(87)

بەرەو کوێ؟

دیسان بەرەو مەنفا؟

ئەی مێشکی ماندوو

سەری بە ئێش!

لە تاریکییەوە بۆ تاریکی

چ برینێک سارێژ ئەبێ؟

ئای نیشتمان;

چەندت غەدر لێ کردین

چەندمان غەدر لێ کردی.

نێوان

 

2014 و2015

گەڕان بۆ بابەت