ما 2746 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ساڵی نوێ، بیانوویەک بۆ پێداچوونەوە

مرۆڤ پێویستی بەوەیە جار و بار بە رابردووی خۆیدا بچێتەوە. رەنگە باشترین بیانوویش بۆ ئەم پێداچوونەوەیە، بیانووی تازەبوونەوەی ساڵەکان بێت. لەبەرئەوەی ساڵەکان دێن و دەڕۆن و هیچ شتێک بە قەدەر ئەوان نوێنەری ژینی ئێمە و مژدەدەری ئەو چرکەساتانە نین وا ئەم ژیانە بەرەو کۆتاییەکان دەبەن.

 

 

هەر ساڵێک یەکێک لەو چەندین دە هەنگاوەیە وا تەمەنی هەر مرۆڤێک هەڵی دێنێتەوە. ئەو هەنگاوانەی دونیایەک مانایان لەخۆیاندا بۆ ئێمە هەڵگرتووە. بۆیە سنووری نێوانیان باشترین بیانوویە بۆ ئەوەی ئێمە ئاوڕێک بدەینەوە لەو ساڵەی تێپەڕی، ئەوەی چمان کرد و چۆنمان بیرکردەوە و ئەو پلانانەی وا هەمانبوون چەندە سەریان گرت و چەندە لە گەڵ دۆخەکان دەهاتنەوە.

بەڵام ئەم پێداچوونەوەیە لە راستیدا زۆر ئاسان نیە. چونکە ساڵەکان تەنیا پلان و ئەندێشە و رووداو نین، بەڵکو شتێکن زیاتر لەمانە. ساڵەکان خۆیشیانن. کاتن. کات، کە هێشتاکە یەکێک لە رازەکانی ژیانە و، لە خۆیدا وەک زەرفێکی گشتی هەموو شتەکانی لە خۆیدا راگرتووە. شتێک گەورەترو شمولی تر و واوەتر لە هەموو ئەو شتانەی وا لەودا جێیان دەبێتەوە.

بۆیە کاتێک دەمانەوێ دابنیشین و بە ناو ساڵی تێپەڕبوودا شۆڕبینەوە، کات وەک ئەو فۆڕمە گشتییە لە گەڵ خۆی دەمانبا و وەها سەرنجمان رادەکێشێ کە بەتاڵ دەبینەوە لە پلان و ئەندێشە و رووداوەکان. کات، داگیرمان دەکا. وەک فۆڕمێکی گشتی لە خۆمان دەگرێ و، هەوڵ دەدا ئێمەیش بکا بە فۆڕمێکی گشتی.

بەڵام سەرەڕای ئەم حاڵەتە فەلسەفییە، دیسان ئەو دەرفەتە هەیە بە ساڵی رابردوودا بچینەوە. ئەمەیش نەک تەنیا لەبەر خۆمان، بەڵکو لەبەر کەسانی تر، لەبەر ئەو مرۆڤانەی بە دەورمانەوە دەژین و ئەوانیش بەشێکی گرینگن لە بوون و لە ژیانی ئێمە، جا چ راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ.

ئەوەی ئێمە لە ساڵی رابردوودا چۆن پەیوەندیی خۆمان لە گەڵ ئەوان پێناسە کرد و وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی هەستمان بە چ ئەرک و پێناسەیەک کرد لە خۆماندا سەبارەت بەوان.

گەر هەموومان بەشێک لە چرکە ساتەکانی نێوان ساڵی کۆن و نوێ بکەینە کوانوویەک بۆ هەڵگیرساندنی ئەم بیرە، رەنگە سەرەتایەکی باش بێت بۆ ئەوەی پێکەوە بەرەو کۆمەڵگا و ژیانێکی باشتر هەنگاو هەڵبێنین.

 

سایتی قەڵەم      

 

١ یانواری ٢٠١٦  

گەڕان بۆ بابەت