لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان
به‌ڵام دزه‌کان له قسه‌کانی تێنه‌گه‌یشتن. ئه‌وانیان له‌وێ به‌جێهێشت و ڕوویان له که‌شتییه‌که نا. هه‌ر شتێکیان به‌ر ده‌س که‌وت هێنایانه ده‌ر، ئیتر سه‌رنجیان نه‌دایه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تر که له هه‌مبارێکی گه‌وره‌دا مابوون.
تاڵانچییانی میسری
لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان
له یه‌که‌م زه‌رده‌خه‌نه‌ی به‌یان، کاتێ هه‌تاو له‌سه‌رانیدا ئه‌و پیاوانه‌ی کاریان تاڵان و دزی بوو، ڕایانکرده سه‌ر لووتکه‌ی ته‌پۆڵکه‌یه‌ک که ده‌یڕوانییه ئه‌و شوێنه‌ی چۆمی نیلی لێده‌ڕژایه ده‌ریاوه؛ که پێیده‌گوترا 'هه‌راکلیووت.- Heracleot-
ده‌مێک ڕاوه‌ستان، ڕوانیان بۆ ده‌ریای به‌رده‌میان، ماوه‌یه‌ک دووراودوور سه‌یریان کرد. که شتێکی هیوابه‌خشیان به‌دینه‌کرد، چاویان گێڕا بۆلای که‌ناری نزیکیان. له‌وێ گه‌میه‌یه‌کی پڕ له‌بار به‌بێ مه‌له‌وان له‌نگه‌ری گرتبوو. ئاخۆ چ گومانێک به‌هاسانی هاتبێته مێشکیان، چونکه قورسایی بار، ئاوی ده‌ریاکه‌ی تا هه‌ڵقه‌ی سێهه‌می ده‌وری گه‌میه‌که هێنابوه سه‌رێ.
قه‌راخ ده‌ریاکه هه‌موو شوێنێک پڕبوو له پیاوانی تازه‌کوژراو؛ هه‌ندێکیان مردبوون، هه‌ندێک نیوه‌مردوو، هه‌ندێکیش به هه‌ناسه‌کانی کۆتایی ژیانیان نیشانیانده‌دا که تازه له‌وێ شه‌ڕێک قه‌وماوه. هه‌رچه‌ند نیشانێک یان ئاسه‌وارێک له تێکهه‌ڵپڕژانی جه‌نگی نه‌ده‌بینرا. به‌ڵام پاشماوه‌یه‌کی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ له میوانی و به‌زمێکی چاره‌ڕشانه ده‌بینرا که به‌مجۆره کۆتایی پێهاتبوو.
مێزه‌کان به ده‌وری ناسک و جوان ڕازابوونه‌وه، هه‌ندێک له‌م ده‌ورییانه به ده‌ست ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و شه‌ڕه له‌ناکاوه‌دا کوژرابوون، وه‌ک چه‌ک به‌کار هاتبوون. مێزه‌کانیش له‌وه‌ده‌چوو وه‌ک شوێنی خۆحه‌شاردان که‌ڵکیان لێ وه‌رگیرا بێ و خۆیان خزاندبووە ژێریان. بێجگه له‌مانه فنجانه‌کان، له ده‌س ئه‌وانه‌ی که سه‌رخۆش بوون یان ئه‌وکسانه‌ی وه‌ک به‌رد به‌کاریان هێنابوون، که‌وتبوونه خوار. چونکه ئه‌و شه‌ڕه له‌ناکاوه شێوه‌یه‌کی نوێی به‌خۆوه گرتبوو: له‌باتی چه‌ک، کاسه و که‌وچک و شتی وا تێیدا به‌کار هاتبوون.
له‌وانه‌ی له‌وێ که‌وتبوون یه‌کێک به ته‌ور بریندار ببوو، یه‌کی تر به گوێچکه‌ماسی، چونکه له‌و که‌ناره گوێچکه‌ماسی فره‌ی لێ‌بوو؛ یه‌کێ به گۆپاڵ مێشکی پژا بوو، زۆریشیان به‌ئاگر سووتابوون. ئه‌وانی دیکه به‌شتی جۆراوجۆری تر، به‌ڵام زۆرترینیان به تیر کوژرابوون. به‌کورتی له شوێنێکی وه‌ها چکۆله‌دا خوا دیمه‌نێکی سه‌یری خوڵقاندبوو. تێکه‌ڵاویی خوێن و شه‌راب، شه‌ڕ و ئاهه‌نگی خوان، کوشتن و خواردنه‌وه، دیمه‌نێکی وه‌ها ساز ببوو که دزه‌کان واقیان وڕ مابوو.
ئه‌وانه‌ی له دووره‌وه له‌سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که‌وه ده‌یانڕوانییه ئه‌م دیمه‌نه نه‌یانده‌توانی له مانای ئه‌مه تێبگه‌ن. ئه‌وان ئه‌م کوشتاره‌یان له‌وێ ده‌بینی به‌ڵام براوه‌کانی شه‌ڕیان له هیچکوێ نه‌ده‌هاته به‌رچاو.
سه‌رکه‌وتنێکی ئاشکرا، که‌چی هیچ شتێک به‌تاڵان نه‌برابوو. که‌شتییه‌ک به‌بێ مه‌له‌وان به‌وهه‌موو شتانه‌ی تێیدا بوو ده‌ستیان لێنه‌درابوو. وه‌کوو ئه‌وه‌ی که‌شتی له ڕێی به‌نده‌رێکی ئارام‌دا بێ. ئه‌گه‌رچی دزه‌کان مانای ئه‌مه‌یان بۆ لێکنه‌ده‌دراوه به‌ڵام هێشتاش هه‌ر به هیوای وه‌چنگ خستنی ئه‌و تاڵانه بوون و خۆیان وه‌ک براوه به حیساب ده‌هێنا و به هه‌موو توانایانه‌وه بۆ وه‌ده‌سهێنانی تاڵان به‌ره‌و که‌شتی وه‌ڕێکه‌وتن. له ڕێی نزیکبوونه‌وه به که‌شتییه‌که بوو چاویان به دیمه‌نێکی سه‌یرتر له‌وی پێشوو که‌وت.
کچێکی ئێجگار جوان، ده‌کرا بڵێی خوای جوانییه، بێ ئه‌وه‌ی تۆزێک ده‌ربه‌سی ئه‌و ڕووداوه‌ی به‌رده‌می بێت له‌سه‌ر به‌ردێک دانیشتبوو. تاجێکی گوڵ به‌سه‌ریه‌وه، تیردانێک به پشتییه‌وه، که‌وانێک به شانی چه‌پیه‌وه بوو، قۆڵی چه‌پی به‌ره‌وخوار شۆڕ ببۆوه. هه‌نیشکی ڕاستی له‌سه‌ر ئه‌ژنۆی دانابوو و چه‌ناکه‌ی له‌سه‌ر له‌پی ده‌ستی ڕاگرتبوو، بێئه‌وه‌ی سه‌ری خۆی به‌ملاوئه‌ولادا بگێڕێ.
له‌به‌رده‌میا پیاوێکی گه‌نج به برینێکی گرانه‌وه ده‌بینرا. ئه‌م پیاوه ڕاسببۆوه، وه‌ک ئه‌وه‌ی له خه‌وێکی قورس یان له خه‌وی مه‌رگ هه‌ستابێته‌وه. له‌وحاڵه‌شدا له‌ڕاده به‌ده‌ر جوان بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و خوێنه‌ی به ڕوومه‌تی هه‌ڵپڕژا بوو سپیایی له‌شی زیاتر ده‌ریئه‌خست. خه‌مێکی گران چاوه‌کانی پێ لیکنابوو. ئه‌م دیمه‌نه ، سه‌رنجی دزه‌کانی ڕاکێشا و به‌ناچار ڕووبه‌ڕووی چوون.
کوڕه‌که هه‌ر که هاته‌وه سه‌رخۆ ئاخێکی قووڵی هه‌ڵکێشا و به بێوازییه‌وه ئه‌م قسانه‌ی به سه‌ر زمانا هات: ''ئه‌تۆ به‌ڕاستی ساغی دڵه‌شیرینه‌که‌م؟ یان تۆ به مه‌رگی خۆت ئه‌م کاره‌ساته‌ت زیاد کرد. نه‌تده‌توانی ته‌نانه‌ت دوای مردنیش له من دوور بیت، که ئێستاڕۆحی تۆ هاتوچۆی ئه‌م جێگا سامناکه ده‌کا؟''
کچه‌که وه‌ڵامی دایه‌وه: '' نا، هه‌ست و نیستی من به چاک و خراپیه‌وه به تۆ به‌ستراوه‌ته‌وه'' بۆیه چه‌قۆیه‌کی له ده‌ستیدا نیشاندا و گوتی: ''ئه‌مه تا ئێستا چاوه‌ڕوانه و ته‌نیا به ئه‌گه‌ری چاکبوونه‌وه‌ی تۆ ڕامگرتووه.''
هه‌ر که ئه‌مه‌ی گوت له‌سه‌ر به‌رده‌که بازیدا خواره‌وه. ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که بوون له سه‌رسووڕمانا، هه‌روه‌ها له ترسا، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌وره‌تریشقه‌یان لێدرابێت، ڕایانکرده پشت ئه‌و دار و ده‌وه‌نه‌ی ده‌وروبه‌ری خۆیان.
بۆ ئه‌وان شتێکی پیرۆزتر و ئاسمانی تر ئه‌وه بوو، کاتێ کچه‌که هه‌ستایه سه‌ر پێ و تیره‌کان به بزووتنه‌وه‌ی له ناکاوی ئه‌ندامی ده‌دران به شانه‌کانیدا و جله‌کانی به‌ری وه‌ک زێڕ له‌به‌ر خۆرا ده‌بریسکانه‌وه وقژه‌کانی له ژێر تاجه‌گوڵه‌که‌دا به‌ده‌م باوه ده‌شه‌کانه‌وه و به‌شێکی زۆری پشتی داده‌پۆشی.
دزه‌کان ئێجگار ترسان، ته‌نانه‌ت زیاتر له‌وه‌ش که دیتبوویان؛ بێ ئاگاییان له‌وه‌ی که له پێشدا ڕوویدا بوو ئه‌وانی زیاتر ده‌تۆقاند.
هه‌ندێکیان وتیان له ڕاستیدا ئه‌وه خواوه‌ندی ژن' ئارتمیس' ـ Artemis ـ یان 'ئیسیس' ـ Isis ـ خواوه‌ندی زه‌مینه. ئه‌وانی تر گوتیان ئه‌وه قه‌شه‌ی خواکانه ڕقی هه‌ستاوه و ئه‌و کوشتاره‌ی کردوه که له‌وێ دیاره.
هه‌ر که‌سه‌ی به‌جۆرێ رای خۆی ده‌رده‌بڕی، چونکه هێشتا نه‌یانده‌زانی ڕاستییه‌که‌ی چۆنه.
له‌و کاته‌دا کچه‌که ڕایکرده لای کوڕه‌که و له ئامیزی گرت و دایه پڕمه‌ی گریان. ماچی کرد، خوێنه‌کانی له سه‌روچاو سڕیه‌وه و به‌ده‌م ئه‌م کارانه‌شه‌وه به سۆزه‌وه ده‌یناڵاند. به زه‌حمه‌ت ده‌یتوانی بڕوا بکا ئه‌وی له باوه‌شدایه.
میسرییه‌کان که ئه‌مه‌یان دیت له ڕای خۆیان په‌شیمان بوونه‌وه و گوتیان، "ئه‌م کارانه کاری خواوه‌ندی ژنه؟ خواوه‌ندی ژن ئاوا به سۆزه‌وه پیاوێکی مردوو له باوه‌ش ده‌گرێ و ماچی ده‌کا!؟''
بۆیه له‌گه‌ڵ خۆیان بڕیاریاندا، چی ده‌بێ با ببێ، بچنه پێشه‌وه و ڕاستییه‌که تێ بگه‌ن. کاتێ به‌مجۆره دنه‌ی یه‌کتریان دا، چوونه پێشه‌وه دیتیان کچه خه‌ریکی ده‌رمانی برینەکانی کوڕه‌که‌یه. به دیتنی ئه‌م دیمه‌نه ڕاوه‌ستان؛ نه‌یانوێرا نه قسه‌یه‌ک بکه‌ن و نه کرده‌وه‌یه‌ک بنوێنن.
کچه‌که هه‌ر که ده‌نگه‌ده‌نگی له ده‌وروبه‌ری خۆی هاته گوێ و سێبه‌ری ئه‌وانی به‌دی کرد، سه‌ری خۆی هه‌ڵبڕی و ئاوڕی داوه لایان. به‌ڵام هه‌ر خێرا سه‌ری داخسته‌وه و بێ ئه‌وه‌ی له ڕه‌نگی بێگانه‌ی پێستیان یان له کاری ڕۆژانه‌یان بشڵه‌ژێ به پێچانی برینی کوڕه‌که‌ی به‌رده‌می خۆی خه‌ریک کرده‌وه. ئاوایه هێزی ئه‌وینێکی ڕاستی و یه‌کدڵانه: هیچ ڕووداوێکی ده‌ره‌کی له چاک و خراپ به هیچ دانانێ و ته‌نیا له ڕێی خۆشه‌ویسته‌که‌یدا هه‌موو ره‌نج و کوێره‌وه‌رییه‌ک ده‌کێشێ.
به‌ڵام کاتێ دزه‌کان هاتن و له به‌رده‌میدا ڕاوه‌ستان، وا تێگه‌یی که به ته‌مان کارێکی بکه‌ن. بۆیه هه‌ستایه سه‌ر پێ و ته‌ماشایه‌کی کردن ، ره‌ش و ناحه‌ز، وتی: ''ئه‌گه‌ر ئێوه ڕۆحی ئه‌وانه‌ن وا لێره کوژراون، بێهووده ده‌مانخه‌نه زه‌حمه‌ت و سه‌رئێشه‌وه. چونکه زۆرتری ئه‌وانه به ده‌ستی خۆیان کوژراون. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش که‌سێکمان کوشتوه، به‌ڵێ کوشتوومانه به‌ڵام بۆ به‌رگری له خۆمان. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش زیندوون و دزن، که وادیاره هه‌ن، به وه‌خت هاتوون. داوا ده‌که‌م له‌م به‌دبه‌ختییه ڕزگارمان که‌ن و به کوشتن به‌م کاره‌ساته دوایی بهێنن.'' به‌مجۆره به سۆزه‌وه ده‌ستی کرد به گریان.
به‌ڵام دزه‌کان له قسه‌کانی تێنه‌گه‌یشتن. ئه‌وانیان له‌وێ به‌جێهێشت و ڕوویان له که‌شتییه‌که نا. هه‌ر شتێکیان به‌ر ده‌س که‌وت هێنایانه ده‌ر، ئیتر سه‌رنجیان نه‌دایه هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی تر که له هه‌مبارێکی گه‌وره‌دا مابوون.
هه‌ر که‌س ئه‌وه‌نده‌ی توانی هێنایه ده‌ر: له زێڕ ،له‌زیو، به‌ردی گرانبایی و ئاوریشم. کاتێک که زانیان ئیتر به‌سه و ئه‌وه‌نده‌یان هێناوه که ته‌نانه‌ت چاوبرسییه‌تیی دزیش کوێر ده‌کا، تاڵانییه‌کانیان له به‌ستێنی ده‌ریاکه دانا و که‌وتنه به‌شکردنی، به‌و ئه‌ندازه‌ی که بتوانن ڕایگوێزن نه‌ک به ئه‌ندازه‌ی به‌ها و نرخی شته‌کان. بۆیه خۆیان به یه‌کسانی سه‌نگینی شته‌کان ڕازی کرد.
هه‌ر له‌م کاته‌دا ده‌سته‌یه‌ک دزی تر به سه‌رکرده‌یی دوو ئه‌سپ سوار به‌ره‌وروویان هاتن. پێشووتر له‌وێ چ ڕووداوێکیان دیتبوو که نه‌یانوێرا به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه. هه‌ر خێرا بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێک له‌و تاڵانییه له گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ڵبگرن، هه‌ڵاتن. له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ک ده‌رفه‌ت بده‌ن به دژمن وه‌دوویان که‌وێ. چونکه ئه‌مان به ژماره ده که‌س بوون،به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌ره‌وروویان هاتبوون سێ هێنده‌ی ئه‌مان بوون. به‌مجۆره کچه‌که و هاوڕێکه‌ی ئه‌گه‌رچی تا ئێسته زیندانی نه‌بوون به‌ره‌وڕووی گرتنێکی دیکه بوونه‌وه.
ئه‌م دزانه‌ش هه‌ر بۆ تاڵان هاتبوونه ئه‌وێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یانده‌زانی هۆکاری ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌رده‌میان چی بووه، هه‌ر وه‌ها ده‌شترسان، بۆیه نه‌ختێک ڕاوه‌ستان و بیریان له‌وه کرده‌وه، ڕه‌نگه ئه‌م کوشتاره به ده‌س دزه‌کانی پێشووتر ڕوویدابێ.
به‌ڵام کاتێک چاویان به کچه‌که له‌و جلوبه‌رگه جوانه بێگانه‌یەدا که‌وت ، که‌وتنه ڕامان. کچه‌که بێ ئه‌وه‌ی ده‌ربه‌سی ئه‌و مه‌ترسییه بێ که به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه ده‌گه‌ڕا و ئه‌وانه‌یش که تازه هاتبوون به هیچ دابنێ، تێکڕای هزر و توانای خۆی بۆ ده‌رمان کردنی برینی کوڕه‌که خستبوه کار. دزه‌کانیش نه‌ک ته‌نیا حه‌یرانی جوانیی و به‌رزی وره‌ی کچه‌که بوون، به‌ڵکوو که‌وتنه ژێر کاریگه‌ری جوانچاکی وقه‌ڵافه‌تی پیاوانه‌ی کوڕه‌برینداره‌که‌یش. ئاوه‌ها بوو جوانی سیما و به‌رزی باڵای ئه‌و کوڕه‌ی له‌به‌رده‌میاندا که‌وتبوو. چونکه له‌و کاته‌دا که‌مێک به‌ره‌و چاکبوونه‌وه چووبوو و ڕوخساری گه‌ڕابۆوه جوانیی جارانی.
سه‌رئه‌نجام پاش ماوه‌یه‌کی باش له ڕامان و سه‌رنجدان، ئه‌وه‌ی چووه پێشه‌وه گه‌وره‌ی دزه‌کان بوو. ده‌ستی له سه‌ر شانی کچه‌که دانا و پێی گوت هه‌ڵسێ و دوایان که‌وێ. کچه‌که گه‌رچی تینه‌گه‌یشت چیی پێ وت، به‌ڵام زانی چیی ده‌وێ. کوڕه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرت و پاڵی نا به خۆیه‌وه و به چه‌قۆکه‌ی نیشانه‌ی له سینگی گرت و هه‌ڕه‌شه‌ی کرد که خۆی ده‌کوژێ ئه‌گه‌ر هه‌ر دوویان پێکه‌وه نه‌به‌ن.
سه‌رکرده‌ی دزه‌کان نه‌ک له قسه‌کانی کچه‌که، به‌ڵکوو له ڕه‌فتار و ئاماژه‌کانی تێگه‌یشت مه‌به‌ستی چییه. هه‌ر وه‌ها به هیوای که‌ڵکوه‌رگرتن له کۆمه‌کی ئه‌م پیاوه برینداره له کاروباری گه‌وره‌تر له دوای چاکبوونه‌وه‌یدا له ئه‌سپه‌که‌ی د‌ابه‌زی و فه‌رمانیدا لغاوکێشه‌که‌یشی دابه‌زێ و زیندانییه‌کانی سوار ئه‌سپه‌کان کرد و به‌وانی تری گۆت دوایان که‌ون. خۆیشی وه‌کوو خزمه‌تکار به‌لایانه‌وه ده‌ستی پێیانه‌وه بوو ، نه‌وه‌ک له‌به‌ر نه‌خۆشی و لاوازی بکه‌ونه خوار.
دیاره ئه‌م کاره‌ی بێ شکۆ و شانازی بوو. چونکه ئه‌و سه‌رکرده‌ی ئه‌وانی دیکه بوو که ئێستا ببوه خزمه‌تکار و ڕازی ببوو به خزمه‌تکردنی زیندانییه‌کان. ئاوایه کاریگه‌ریی وه‌فاداریی و جوانچاکی که ده‌توانێ دڕنده‌یی و خوو و خده‌ی کێویانه‌ش بهێنیته ژێر ڕکێف.
Ancient Greece ، Heliodorus هه‌لیۆدۆروس، یۆنان، سه‌ده‌ی سێی دوای زایین