ئیرادە وەک بەشێک لە راستی

ئۆگۆستین، فیلسووفی مەسیحی لە بنەماڵەیەکی مەسیحی دا لە دایک بوو، دوواتر لە چەند بیروڕاگۆڕیندا سەرەتا بوو بە مانەوی، پاشان پلاتۆنیزمی نوێ و لە دووا قۆناخدا دیسان بووەوە بە مەسیحی، بەڵام ئەمجارە بە تێڕوانین و ئەزموونێکی ترەوە.

 

 

ئۆگۆستین زۆر بە شوێن دۆزینەوەی راستییەوە بوو و هەر بۆیە کاتێک دەستی دایە چێکردنی فەلسەفەکەی خۆی کە تێکەڵ بە تیۆلۆگی بوو، هەوڵی دا بەرپەرچی سکێپتیستەکان واتە بەگومانەکان (شکاکیون) بداتەوە.

یەکێک لەو ئارگیومێنتانەی کەڵکی لێوەرگرت ئەوە بوو کە دەیگوت لای بەگومانەکان بە پێچەوانەی ئەوەی دەڵێن مرۆڤ ناتوانێ راستی بدۆزێتەوە، خودی گومان لایان راستە! کەواتە ئەمە ئەوە دەسەلمێنێ راستی دەکرێ هەبێ و مرۆڤ پێی بگا. بەڵام هاوکات ئۆگۆستین دەیگوت بۆ ئەوەی بە راستی بگەی دەبێ هەوڵێکی زۆر بدرێ، وە هەروەها ئیرادە هەبێ لە بڕوابوون بەو شتەی وەک راستی پەیدای دەکەین.

کەواتە لەم روانگەیەوە، بڕوا بە راستی تەنیا لە خودی راستییەوە نایەت، بەڵکو لە ئیرادەیشەوە دێت. واتە بۆ ئەوەی راستی، راستی بنوێنێ، دەبێ باوەڕمان هەبێ کە دیاردەکە راستە!

بەم شێوەیە بەشێک لە پرۆژەی دۆزینەوەی راستی لای ئۆگۆستین دەبێ بە ئیرادە. هەڵبەت ئەمەیش لە فەلسەفەی ئەودا ئاساییە. چونکە زەینی ئۆگۆستین گیرۆدەی سەلماندنی راستیی ئایینی مەسیحیەت بوو. واتە ئەو لە بڕوا بە شتێکەوە دەستی بە جوڵە کرد بۆ ئەوەی راستیی بڕواکەی بسەلمێنێ.

سایتی قەڵەم

 

٧ یانواری ٢٠١٦  

بازدید: 1597